کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


تاڵه‌بانی به‌ ڕشتنی دوو دڵۆپ فرمێسک بۆ بارزانی، شه‌راکه‌تی پێکهێنانی حکوومه‌تی مسۆگه‌ر کرد

Thursday, 20/08/2009, 12:00


جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ درێژه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وستدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه،‌ که‌ له‌ ساڵه‌کانی پنجا و حه‌وتدا وه‌کوو کوردێکی ئه‌ندام شانه‌ی قوتابیان، چووه‌ بۆ مۆسکۆ و له‌وێ چاوی به‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی که‌وتووه و‌ له‌ خۆشییدا، بووراوه‌ته‌وه.
ئه‌م گێرانه‌وانه‌ی تاڵه‌بانی جارێکیتر مێژووی پرله‌ ئێش و ئازار و له ‌هه‌مانکاتدا خوێناوی ئه‌م گه‌له‌ سته‌مدیده‌یه‌ی، ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کانی  به‌بیر هێناینه‌وه.. ئه‌و مێژووه‌ خۆێناوییه‌ی که‌ له‌ ئه‌نجامی ڕاپه‌ڕینی میله‌ته‌که‌مان دژ به‌ داگیرکه‌رانی کوردستان و بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانی، هه‌ڵیانگیرساند و چاره‌نووسه‌که‌ی درایه‌ ده‌ستی چه‌ند که‌سێکی به‌رژه‌وه‌ندی خوازیی وه‌کوو جه‌لال تاڵه‌بانی.. ئه‌وانیش وه‌کوو مه‌ڕ له‌ به‌زمی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و بنه‌ماڵه‌کانیان، کردیان به‌ قوربانی.
‌جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ شه‌سته‌کانه‌وه‌ ره‌دووکه‌وتووه‌ و ناوبانگی شه‌ست وشه‌شی وه‌رگرتووه، له‌ دوای ئه‌وه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام یاری به‌ چاره‌نووسی کورده‌وه‌ کردووه و باشترین و به‌ئه‌مه‌کترین سه‌رکرده‌ و فه‌رمانده‌ ئازاکانی ئه‌م شۆڕشه‌ و رۆڵه‌کانی کوردی له‌ شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌که‌ی براکووژیدا و دژ به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و لایه‌نه‌کانی تر به‌کووشتداوه‌ و هه‌تاوه‌کوو ئێستاش نه‌ که‌س ناویان ده‌‌هێنێ نه‌ که‌سیش ده‌زانێ، کووڵکۆ و گۆڕیی زۆربه‌یان له‌ کوێیه و ئه‌م  گه‌له‌ی وه‌کوو پردێک به‌کار هێناوه،‌ بۆ پێدا په‌ڕینه‌وه‌ و گه‌ێشتن به‌ ئامانجه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی.


سه‌رکردایه‌تی کورد بۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی شۆڕش و ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریکی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی براکووژی بوون، نیو هێنده‌ شه‌ڕی دووژمنیان نه‌کردوه.. بۆ ئه‌و مبه‌سته‌ش هه‌تاوه‌کوو ئێستا هیچ لایه‌نه‌ک نییه‌ له‌ کوردستاندا، ته‌نانه‌ت له‌ پارچه‌کانی دیکه،‌ گوورزی خیانه‌تی بنه‌ماڵه‌کان و به‌تایبه‌تی تاڵه‌بانییان به‌رنه‌که‌وتبێ. ئه‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ سووریاوه و‌ به‌ناوی هێنانی چه‌که‌وه، کاره‌ساتی داستانی هه‌کاریان خوولقاند و له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌دان له‌ ئازاترین و به‌وه‌فاترین رۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له‌ و سه‌رکرده‌کانیان به‌ کووشتدا. وه‌کوو ده‌گێرنه‌وه، چوونی ئه‌و هێزانه‌ به‌ فرمانی تاڵه‌بانی بووه‌ و وتوویه‌تی ده‌بێت بچیین و چوونیشیان بۆ چه‌ک نه‌بووه،‌ به‌ڵکوو بۆ له‌ ناوبردنی قیاده‌ مه‌وه‌قه‌ته‌ بوو و له‌ژێریشه‌وه تاڵه‌بانی نامه‌ی ناردبوو بۆ قیاده‌ مه‌وه‌قته‌ و داوای هاوکاری له‌‌ کردوون و خۆی ڕه‌تڵه‌که‌ی له‌ نیوه‌ی رێگه‌دا گه‌ڕاونه‌ته‌وه..؟ بێجگه‌ له‌وه‌ش سه‌رکرده‌کانی زیندان به‌ نامه‌ی کێ ناسرانه‌وه‌ و له‌ سێداره‌ دران..؟ دوای ئه‌وان چه‌ند که‌سیان له‌ نێو یه‌کێتی نیشتمانیدا ماون و درێژه‌ به‌ ڕێبازیی هاوڕێکانیان ده‌ده‌ن..؟ کاک ئارام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌ تاڵه‌بانی قه‌بووڵ نه‌ده‌کرد و سه‌رکردایه‌تی ئه‌وی به‌دڵ نه‌بوو، چوو بۆ به‌ری قه‌ڕاخ و له‌وێ به‌ پیلان شه‌هید کرا.. چه‌ند له‌ سه‌رکرده‌کانی شاری سلێمانی هه‌تاوه‌کوو ئێستا له‌ ناو یه‌كێتی نیشتمانییدا ماون و درێژه‌ به‌ خه‌بات ده‌ده‌ن..؟
له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌ مێژووییه‌که‌ی نه‌وه‌د و یه‌که‌وه‌ و هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی براکووژی له‌ گه‌ڵ ئسلامیه‌کاندا، ئه‌و پێشمه‌رگه‌ ئازا و نه‌به‌زانه‌ی که‌ له‌ ده‌یان شه‌ڕی دژ به‌ به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕ هیچیان لێنه‌هاتبوو،له‌ شه‌ڕی ئیسلامیه‌کاندا شه‌هید بوون و تاڵه‌بانی له‌ کردنه‌وه‌ی مقه‌ڕه‌که‌یان، گووتی ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ گه‌ڵ برایانی ئیسلامیدا ته‌مسیلیه‌ک بوو و ته‌واو بوو..! ‌
جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ درووشمی (ئاژاوه‌ بنێره‌وه‌ و حوکم بکه)ی، کردووه‌ به‌ کاری ڕۆژانه‌ی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و بۆ مانه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، سڵیی له‌ هیچ شتێک نه‌کردووه‌ته‌وه ته‌نانه‌ت چه‌ند کۆتله‌ی‌ جۆربه‌جۆری دژ به‌ که‌سه‌ پاکه‌کانی‌ نێو پارته‌که‌ی خۆی درووستکردووه‌ و گه‌لی کورد و به‌تایبه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌کار هێناوه.
ئه‌ی له‌ دوای شه‌ڕی براکووژییه‌وه‌ بۆچی زیاتر له‌ هه‌شتا دانیشتن له‌ سنووری پارتی و یه‌كێتی له‌ کۆیه‌ و(دێگه‌له) دا کرا، وه‌کوو ئه‌وه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی کۆریای باکوور و باشووور بێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌ده‌گێشتنه‌ ڕێکه‌وتن، به‌ڵام که لێشاوی دۆلار و دابه‌شکردنی پۆسته‌کان هاته‌ ئاراوه، که‌وتنه‌ پیلاندانان رێکه‌وتنی به‌ ناو ستراتیجی ومنه‌ت کردن به‌سه‌ر خه‌ڵکی ڕه‌شورووتدا و هه‌ر ئه‌وه‌ مابوو‌ یه‌کێتی بکاته‌وه‌ به‌ناو پارتییدا..

جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ دوای رژیمی‌ دیکتاتۆری به‌عسه‌وه،‌ زانی ئیتر به‌م شیوه‌یه‌ ده‌رقه‌ت ناێه‌ت و ده‌ور گوڕدراوه‌ و ئه‌و سه‌روه‌ته له‌ئاژمار نه‌هاتووه‌ی، که‌ له‌ سه‌رچاوه‌ ژێر زه‌ووییه‌کانه‌وه‌ پیدا ده‌بی و ده‌درێ به‌ کورد، له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له‌ کێسی ده‌چێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش نه‌ک له‌ به‌ر چاوی جوانی کورد، به‌ڵکوو له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌که‌ی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی، که‌وته‌ خۆ و ئه‌ڵقه‌ی زاواجێکی سیاسی له‌ گه‌ڵ ئه‌و کۆنه‌ یاره‌یدا، گۆڕییه‌وه که‌ پێشتر بۆی ده‌بوورایه‌وه..

ئێستاش تاڵه‌بانی ده‌زانێ ‌هیچ قورساییه‌کی له‌ نێو یه‌کێتی نیشتمانی و لایه‌نگرانیدا نه‌ماوه، به‌ تایبه‌تی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاردا بۆیه‌ به‌ گێرانه‌وه‌ی ڕابردوو زۆر مه‌کربازانه، ئه‌شکی تیمساح ده‌رێژێ و ده‌یه‌وێ مێژووی پڕ له خیانه‌تی خۆی به‌ چه‌ند وشه‌یه‌کی عاتفی و چه‌ند دڵۆپه‌ فرمێسکێک له‌ چوارچێوه‌ی که‌سایه‌تی مه‌لا مسته‌فادا، پیشانی بنه‌مه‌ڵه‌ی بارزانی و خه‌ڵک بدات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ حکوومه‌ته‌که‌ی ئه‌مجاردا پارتی بیانووی پێ نه‌گرێ و له‌وه‌ زیاتر ڕسوا نه‌بێت.. تاڵه‌بانی ده‌زانێ ته‌مه‌نی کورته‌ و زۆر ناژی، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خێزانی و کوڕه‌کانی بپارێزێ..! ‌

له‌به‌ر ئه‌وه‌‌ بوونی جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌کوو سه‌رکرده، سووکایه‌تییه‌ به‌ وڵات و مێژوو و کلتووری هه‌زارساڵه‌مان..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە