وەڵامدانەوەكەی یەكێتی و پارتی جێگەی دەستخۆشییە
Sunday, 10/04/2011, 12:00
پاش ئەوەی ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیەنراوی خۆی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا خستەڕوو كە زادەی تازەترین كۆبوونەوەی هەر سێ(سەرۆكی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی) بوو, یەكێتی و پارتی لە وەڵامێكیاندا پڕۆژەكەی ئۆپۆزسیۆنیان ڕەدكردەوە و بە زمانێكی سروشتی خۆیان وەڵامی داواكاری ئۆپۆزسیۆنیان بۆ هەڵوەشانەوەی حكومەت و پێكهێنانی حكومەتی ئینتیقالی ڕەد كردەوە.
هەر پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وەڵامەی یەكێتی و پارتیش لە میدیاكانەوە كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، زۆرینەی ڕایەكانیش ڕەدكردنەوەی ئەو وەڵامەی دەسەڵاتە.
وای نابینم جیاوازییەكی ئەوتۆش لە نێوان سەرنجەكەی من و هەموو ئەو هاوڕایانەمدا هەبێت كە دەربارەی وەڵامەكەی یەكێتی و پارتی هەمانە، تەنیا شتێك كە پێموایە جیاوازییەكانمان دەخاتەڕوو سیغەی تانەلێدانی ئەو وەڵامەیە.
هاوڕایان بە گشتی پێیانوایە، ئەو وەڵامە بە نەفەسی شەڕی ناوخۆ, زەین كوێری, پەلەپەل, بێئومێدی, زبر و توندوتیژ و ... تاد نوسراوە، منیش پێم وایە بە نەفەسی لەسەر خۆی یەكێتی و پارتی و بە سروشتی ئەو دوو پارتە و عەقڵ و مەنتیق و فیكری دەسەڵات نوسراوە. ئەگەر وای دابنێین كە یەكێتی و پارتی وەڵامی ئیجابی ئەم پڕۆژەیەی ئۆپۆزسیۆنیان دابایەتەوە! كەواتە ئەوەی هەوڵی بۆ ئەدەین هەڵەیە!.
ئێمە پاش 20 ساڵ گەشتووینەتە یەقین یەكێـتی و پارتی هیچ هەر هیچیان پێناكرێ، پاش 52 ڕۆژ خۆپیشاندان زۆ دڵنیابوین كە ئەم دوو پارتە نایانەوێهیچ هەنگاوێكی چاكسازی (لەسەر داوای بێجگە لە خۆیان!) بنێن، دوو جومگەكەی دەسەڵات ناتوانن واز لەو سیستمە بێنن و پەكی بخەن كە خۆیانیان لەسەر بونیاد ناوە، ئیتر بۆ ئەبێنیگەران بین لە وەڵامەكەیان بەرامبەر بە سەقفی داواكارییەكانمان كە هەڵوەشانەوەی حكومەتە؟.
كەواتە بە هەموو پێودانێگ ئەم وەڵامەی یەكێتی و پارتی جێگای نرخاندنە, من هیچ نیگەران نیم پێی و بە شتێكی سروشتی دەزانم، چونكە وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد ئەگەر بەمشێوەیە نەبوایە كەواتە نە پێویستمان بە خۆپیشاندان دەبوو, نە ئۆپۆزسیۆن گرنگییەكی دەبووو نە مەیدانی ئازادیش كۆی دەكردینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست