بۆ ئهوانهی لە گەورەى ئینسان تێناگهن ، با لە باڵەكایەتیەوە فێر بن!
Thursday, 09/02/2012, 12:00
جارێ بەر لە هەموو شتێك ئەوە دەڵێم ئەوانەى خۆپیشاندانەكەى باڵەكایەتى بە نایاساى دادەنێن، غەرقى گەمژیەكى كوشندە بوونە، ئەوانە بێ ئاگان لە هەموو شتێك و بەردەى گەورە فرێ دەدەنە گۆم و سەر ئەنجامیش ئاوێكى لێڵ (شێلو) دەرێژن، دواتریش چاوەكانیان نابینن، لەوانە كەسانى وەك كاك گۆران محەمەد كە گوتارێكى بەناوى" كۆمارى باڵەكایەتى" لە روداو نوسیوە، یان ئەوانەى وەك قائیمەقامى چۆمان، كە لە كەناڵى ئێن ئارتى خەڵكى باڵەكایەتى بە رێگر دانا....! یان ئەوانەى دیكە لە دەزگاى زارى كرمانجى و كەمێكى دیكەش لەوبابەتانە.
چەند پرسیارێك لە قائیمەقامى چۆمان دەكەم كە نزیكەى (10)ساڵە بە نایاساى قائیمەقامیەتى قەزاى چۆمان دەكات، ئایا بەرێزم لە ماوەى ئەو دەساڵەدا چەند كەس لە سنورى قەزاكەت بەتاوانى دزى و رێگرى گیراون و بەپێى یاسا سزات داون، ئایا بینیوتە رۆژێك كەسێكى باڵەكایەتى رێگاى بەیەك كەس گرتبێت لەوانەى كە بازرگانى دەكەن؟ لەوانەش گەرێ سنورى قەزاكەت چەند چەقۆكیش و تلیاكى ....هتد تێدایە؟ ئەوانەى گومانیان لەسەر خەڵكى باڵەكایەتى و ئاستى وشیارى خەڵكە هەیە باشترە بڕون سەیرى پەراوەكانى پۆلیس و دادگا بكەن، بۆ وەڵامى ئەوانەیش زۆر زۆر سەربەرزین بە خەڵكەى خۆمان.... شانازیش دەكەین، بەرێزیشتان ناسراون و پێویست ناكات من باستان بكەم..!
كاك گۆران تۆ وەك نوسەرى ستونێك هەقە چاوى خۆت بكەیەوە، ئەو باڵەكایەتیەى كە تۆ پێتوایە عەقلێكى عەشائیرى ئاراستەى دەكات ئەوە نیە. كاكە تۆ گەر لەشتێك نازانی بۆ خۆتى لیًَ هەڵ ئەقورتێنى ئەو باڵەكایەتیەى كە تۆ باسى دەكەی لە نیوەى دووەمى سەدەى ڕابردوو تاكو (1991) شۆرشەكانى كورد بەخێو دەكات و بۆخۆت بڕۆ لە شێركۆ بێكەس و ئەوانەى باڵەكایەتى ئەناسن پرسیار بكە بڕۆ لای سەرۆكى هەرێم بڕۆ لاى ئەوانەى كە دەربەدەر بوون و باڵەكایەتى وەك دایكێكى بەسۆز لەباشەوەى گرتن.
سەبارەت بەو قسانەشت گوایە خەڵك رێگایان لە بازرگانى تۆ گرتووە، یان بازرگانى ئاغاكانت ! باشترە بەوردى لە هۆكارەكانى ئەم خۆپیشاندانە وردبیەوە، لەبڕگەیكیش باسى ئەلمانیاتان فرمووە، ئەو جۆرە شەكر شكاندنانەتان لە میدیایەكى سێبەر هەر بەشى ئەوە دەكات كە پێتان بڵین ئێوە ئەگەر بتان توانیبایە گڵ بكەنە چاوى خەڵك دەبوو تا ئێستا دەنگە ئازادەكان كەمتر بوو بانەوە، كەس نەدەما رەخنە لە حكومەت و دیاردە ناشیرینەكان بگرێت، باشترین شت ئەوەیە ئەوانە ى پارەى كاش لەشەرى دۆڕاوى میدیاى سێبەر بەفیرۆ دەدەن، بیدەنە پرۆژەیەكى دی بۆ خۆیان، چونكە ئەو شەرەتان شەرێكى دۆڕاوە دژ بە ئازادى بیركردنەوەى ئینسانى كورد، كە خۆشبەختانە هەر لەسەرتاوە شكستى خوارد.
سەبارەت بەو بەرێزانەشی كە لە زارى كرمانجى بە دوو ستون شتێكیان نوسیوە، سەیر لەوە دایە یەكێكیان باسی یاساى جەنگەڵ دەكات، ئەوەى دوەمیشیان پێیوایە ئەوەى لە خەڵكى باڵەكایەتى نە ئەوەشاندەوە! ئەزیزەكانم ئەگەر ئێوە ئەوەندە ئەزمون دیدەبان و تۆسقاڵێك هەستى مرۆڤ بوون بیجوڵاندبان، هەرگیز نەتان ئەتوانى بەو شیوەیە هەوڵى چەواشەكردنى خەلك بدەن!! چونكە كاتێك مرۆڤێك ئەكوژرێت و مەترسیى لەسەر ژیانى ئەوانى دیكەش دێتە گۆرێ و یاساش نەك هەر جێبەجێ ناكرێت بەڵكو بە لارێ دا ئەبرێت.!
تێناگەم لە لاى ئێوە چى لە كوشتنى مرۆڤ گەورەترە، ئەگەر ئێوە خوین و كەرامەتى ئینسان بەشتێكى كەم سەیر دەكەن، ئێمە هیچ قسەیەك ناكەین تەنیا پیتان ئەڵێین فەرموون بۆ دەڤەرى باڵەكایەتى فێرتان بكەین ئینسان بوون چیە.؟
لە كۆتایشدا بە هەموو كەسێك ئەڵێم باڵەكایەتى ئەوەى تەنانەت بۆ گرینگترین ناوەندەكانى بڕیارى هەرێمیش سەلماند كە كێشەى نەبوونى قانون پڕ مەترسی ترە لە هەر مەترسیەكى دەرەكى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست