کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ده‌رباره‌ی عیشق و مه‌عشوق و دڵ

Thursday, 25/09/2014, 12:00




راپۆرتێكی نمونه‌یی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌
.
ره‌نگه‌ باسكردنی‌ بابه‌تێكی‌ وا گه‌وره‌و هه‌ستیار له‌لایه‌ن منێك كه‌ ره‌نگه‌ سه‌ره‌تا ئه‌لف و بێی ئه‌ده‌بیم بێت شتێكی‌ گونجاو نه‌بێت به‌ڵام فزوڵی‌ من له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌ست بۆ زۆر شت ده‌به‌م زۆرجار پاروی‌ قه‌به‌تر له‌ ده‌مم قوت ده‌ده‌م ئیدی‌ نازانم ئه‌وه‌یان خێری‌ تێدایه‌ یان نا به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ لای‌ من گرینگه‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ندێ سه‌ركێشی‌ یه‌.
ده‌مه‌وێ له‌و قسه‌یه‌ی‌ مه‌ولانای‌ رۆمی‌ (له‌گه‌ڵ بوونی‌ تیبینی‌ و سه‌رنجی‌ زۆرم له‌سه‌ر فكری‌)ه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌م كاتێك لێی‌ ده‌پرسن عیشق چی‌ یه‌ له‌وهڵامدا ده‌ڵێت (عیشق پێناسه‌ ناكرێت به‌ڵكو تاقی ده‌كرێته‌وه‌) ره‌نكه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی‌ رۆمی‌ جوانترین پێناسه‌ بێت بۆ عیشق, هه‌روه‌ها هه‌موو شاعیرانی‌ كلاسیكی‌ كوردی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ عاشق بوون ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ به‌ته‌واوی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ دونیا بێت سه‌یركه‌ن ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ به‌م شێوه‌یه‌ بێت تۆ بڵێیت هه‌نگاوه‌كانی‌ ناوه‌راست و كۆتایی چی‌ بێت ئا ئه‌مه‌یه‌ عیشق, , ده‌وترێت عشق به‌واتای‌ علاقه‌ شدید قلب دێت واتا په‌یوه‌ندی‌ به‌هێزی‌ دڵ, سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌موو سۆز و عاتیفه‌یه‌ك دڵه‌ بۆیه‌ عیشق به‌و واتایه‌ دێت , هه‌روه‌ها عیشق هه‌مه‌ جۆره‌ په‌یوه‌ست نی‌ یه‌ ته‌نها به‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان مرۆڤ و مرۆڤه‌وه‌ به‌ ڵكو زۆرجار عیشق له‌نێوان مرۆڤ و نیشتماندا یان مرۆڤ و خاك مرۆڤ و بونه‌وه‌رێكی‌ تر بوونی‌ هه‌یه‌ هه‌روه‌كو مامۆستا هێمنی‌ شاعیر ئه‌وه‌نده‌ عاشق و شه‌یدای‌ خاك و نیشتمانه‌ به‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ ده‌ڵێت تۆ له‌ هه‌موو شتێك خۆشه‌ویستری‌ لام ته‌نها له‌ نیشتمان نه‌بێت هه‌روه‌ها هه‌ژاری‌ شاعیریش به‌هامشێوه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو گیانی‌ به‌ قوربانی‌ بستێكی‌ و كوردستان بكات و له‌م پێناوه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ شیعری‌ وتووه‌و ئه‌وه‌نده‌ جه‌نگاوه‌ ئه‌سته‌مه‌ بتوانین ته‌نانه‌ت ناویشی‌ بهێنین.
زۆر كه‌س هه‌یه‌ ره‌نگه‌ زیاتر له‌ دوازده‌ به‌هاری‌ نه‌بینیبێت كه‌چی‌ له‌رێگه‌ی‌ فه‌یسبووك و تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی‌ تره‌وه‌ ئیدعای عاشق بوون و فیراق و دوری‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كات, تۆ پێویسته‌ جارێ پێناسه‌ و مانای‌ عیشق بزانی‌ ئینجا ئیدعایه‌ی‌ شتێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بكه‌یت . له‌ عیشقدا هه‌میشه‌ ده‌رده‌سه‌ری‌ و دابران و ناخۆشی‌ و فیراق هه‌یه‌ عیشق قه‌ت ناگاته‌ به‌ مه‌قسه‌دی‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ هه‌موو چیرۆكه‌ عیشقیه‌كان بكه‌یت ئه‌وه‌ زۆر به‌روونی‌ به‌دیار ده‌كه‌وێت تاكو كۆتایی به‌دوای‌ یه‌كه‌وه‌ن و به‌یه‌ك ناگه‌ن ده‌بینین دواتر به‌ رووداوێكی‌ تراژیدی‌ یان مه‌رگ كۆتایی پێ دێت ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ چیرۆك و داستانه كوردیه‌كانیش بكه‌ین به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ وه‌كو داستانه‌كانی خه‌ج و سیامه‌ند و شیرین و فه‌رهاد و مه‌م و زین و .......هتد
یه‌كێكی‌ تر له‌ مه‌رجه‌كانی‌ عاشق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت عه‌قڵ غایب بێت یان باشتره‌ بڵێم گوێ به‌ عه‌قڵ نه‌دات چونكه‌ ئه‌گه‌ر عه‌قڵ پێوه‌ر بێت ده‌بێ هه‌ر له‌سه‌رتادا هه‌موو عاشقه‌كان ده‌ستبه‌رداری‌ عیشقه‌كه‌یان بن چونكه‌ بنه‌ماو بنچینه‌ی‌ عیشق له‌سه‌ر عاتیفه‌ داده‌نرێ نه‌وه‌ك عه‌قڵ به‌هه‌مان شێوه‌ن ده‌بینین كاتێك فه‌رهاد ده‌چێته‌ خوازبێنی‌ شیرین, باوكی‌ شیرین مه‌رجی ئه‌وه‌ی‌ بۆ داده‌نێ كه‌ ده‌بێت ئه‌و شاخه‌ی پشت ماڵیان كون بكات واتا تونێلێك لێ بدات ئه‌وكات شیرینی‌ پێ ده‌دات ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نێكی‌ هه‌زار ساڵیشی‌ هه‌بێت نه‌توانێ كارێكی‌ ئاوا بكات به‌ڵام فه‌رهاد به‌بێ دوودڵی‌ رازی‌ ده‌بێت هه‌موو رۆژێك ده‌چێت شاخه‌كه‌ بتاشێت تاكو هه‌موو ته‌مه‌نی‌ به‌و خه‌ونه‌وه‌ به‌سه‌رده‌بات و ده‌مرێت و به‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ ناگات
کاتێک باوکی مەجنون دەچێتە خوازبێنی لەیلا بۆ (مەجنونی) کوری دەڵێ:
تۆ گەوهەر فرۆش و من گەوهـــەر کڕم
تـــۆ بـــابــی کـچ و مـن باوکــی کورم
ئــــــەگەر تـۆ دەڵێــی من گوڵم هەیە
مـــن بـــۆ ئـــەو گـوڵە بولبولم هــەیە.....!!!
مه‌حوی‌ مه‌زن و مامۆستا و فه‌یله‌سوفی‌ كورد ده‌ڵێ
به‌جێ نایه‌ ده‌بێ روو بكه‌ینه‌ سارا
حه‌قی‌ ئادابی‌ مه‌جنونی‌ له‌ شارا
واتا كه‌سێك ئه‌گه‌ر بیه‌وێت عاشق بێت ده‌بێت روو بكاته‌ سه‌حراو بیابان چونكه‌ عیشق له‌ شارو دێهاتی‌ خۆتدا به‌جێ نایه‌ ، هه‌روه‌ها له‌ شیعرێكی‌ تریدا ده‌ڵێت ده‌بێ عاشق یا روبكاته‌ سه‌حراو بیابان یان شاخ و كێوه‌كان چونكه‌ له‌و دووانه‌ به‌ده‌ر ئادابی‌ عیشق به‌جێ نایه‌ت.
له‌هه‌ر جێیه‌ك هه‌ڵێ خورشیدی‌ عیشقی‌ گوڵ روخان(مه‌حوی‌)
ئه‌گه‌ر عه‌قڵی‌ ببێ له‌و جێگه‌ ئاونگی‌ عه‌قڵ چ بكا
هه‌روه‌كو چۆن كه‌ رۆژ هه‌ڵات ئاونگ و شه‌ونم به‌سه‌ر گژو گیاوه‌ نامێنێ كه‌ عیشقیش هات عه‌قڵ ده‌روات ,ئه‌م دێره‌ شیعره‌ی‌ مه‌حویش دیسانه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ عیشق به‌یوه‌ندی‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌ نی‌ یه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌ هه‌بوایه‌ ئه‌وا فه‌رهاد هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ مه‌رجه‌كه‌ی‌ باوكی‌ شیرین رازی‌ نه‌ده‌بوو وه‌كو وتمان ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی‌ فه‌رهاد هه‌زار ساڵیش بوایه‌ هه‌رگیز نه‌یده‌توانی‌ ئه‌و شاخه‌ كون بكات بۆیه‌ ده‌بوایه‌ راسته‌وخۆ ئه‌و مه‌رجه‌ی‌ باوكی‌ شیرینی‌ ره‌ت كردبایه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ری‌ سه‌ركه‌وتنی‌ وه‌ها مه‌رجێك هه‌رگیز نی‌ یه‌ و نابێت , هه‌روه‌ها به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ خه‌ج و سیامه‌ند كاتێك سیامه‌ند ده‌چێت بۆ راو و ئاسكێك بریندار ده‌كات دواتر ده‌چێت ئاسكه‌كه‌ بكوژێته‌وه‌ به‌ڵام كاتێك ده‌چێت ئاسكه‌كه‌ قۆچێك ده‌دات له‌ سیامه‌ند به‌م شێوه‌یه‌ سیامه‌ند له‌ شاخێكی‌ وا به‌رزه‌وه‌ فرێیده‌داته‌ خواره‌وه‌ و به‌مه‌ش سیامه‌ند زۆر به‌ سه‌ختی‌ بریندار ده‌بێت و هه‌موو گیانی‌ ده‌شكێت كاتێك خه‌ج ئه‌مه‌ ده‌بیستێت بریارده‌دات سه‌ردانی‌ ئه‌و شوێنه‌ بكات ده‌بینێت ته‌رمی‌ سیامه‌ند له‌ خواره‌وه‌ی‌ شاخه‌كه‌یه‌و شوێنه‌كه‌ش زۆر سه‌خته‌ ته‌نانه‌ت خه‌ج ی‌ مه‌عشوقی‌ ناتوانێت له‌كاتی‌ سه‌ره‌مه‌رگیشدا سیامه‌ند ببینێته‌وه‌ بۆیه‌ بریارده‌دات ئه‌ویش له‌هه‌مان شوێنی‌ سیامه‌ند خۆی‌ له‌ شاخه‌كه‌وه‌ فرێبداته‌ لای‌ سیامه‌ند به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ردوكیان له‌تك یه‌ك و له‌ بن شاخه‌كه‌ گیان ده‌سپێرن, سه‌یركه‌ ئه‌گه‌ر له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا عه‌قڵ پێوه‌ر بوایه‌ نه‌وه‌ك عاتیفه‌ ئه‌وا هه‌رگیز خه‌ج خۆی‌ له‌و شاخه‌ به‌رزه‌وه‌ فرێنه‌ده‌دا چونكه‌ ده‌یزانی‌ كه‌ مردن و له‌ناوچوون ئه‌كامی‌ كۆتاییه‌تی‌ به‌ڵام سه‌یركه‌ن عیشق چ كاریگه‌ریه‌كی‌ هه‌بوو !!!!
حافزی‌ شیرازی‌ گه‌وره‌ بیرمه‌ندی‌ و فه‌یله‌سوفی‌ فارس ده‌رباره‌ی‌ عیشق و چیرۆكی‌ عاشق بونی‌ خێزانی‌ عه‌زیزی‌ میسر به‌ یوسفی‌ په‌یامبه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێت
هه‌موو که‌س هه‌میشه‌ سه‌یری جله‌ دراوه‌کانی یوسفیان ئه‌کرد به‌ڵام کێ دڵی برینداری زوله‌یخای ئه‌بینی....؟
"د.عه‌لی شه‌ریعەتی"ده‌فه‌رمووێ
ئه‌گه‌ر عه‌شق نه‌بێت چی ئاگرێك ژیان گه‌رم بكات ؟
عیشق لای‌ شاعیرانی‌ كلاسیك
هه‌روه‌كو لای‌ هه‌موومان ئاشكرایه‌و زۆر به‌رونی‌ دیاره‌ سه‌رده‌می‌ زێرینی‌ شیعری‌ كوردی‌ سه‌رده‌می‌ شاعیرانی‌ كلاسیكه‌ چونكه‌ ئه‌وكات شیعر له‌ پایه‌كی‌ زۆر به‌رزی‌ ئه‌ده‌بدا بوو وه‌ك ئێستا نه‌بوو هه‌ر كه‌سه‌و ده‌ست بداته‌ نوسین و ریزكردنی‌ وشه‌و ناوی‌ دیوانی‌ شیعری‌ لێبنێت ئاخر ئه‌و سه‌رده‌مدا شیعر وه‌زن و قافیه‌و به‌حر و ....هتد هه‌بوو شاعیر ده‌بوایه‌ كوردی‌ و فارسی و عه‌ره‌بی‌ و توركی‌ به‌ ره‌وانی‌ بزانیایه‌ ئه‌وكات شیعری‌ ده‌نوسی شیعری‌ ئه‌وكات له‌به‌رامبه‌ر ته‌كنه‌لۆژیاو ئێستا به‌نرخ بوو (هه‌رچه‌نده‌ ره‌نگه‌ به‌راوردی‌ نێوان ته‌كنه‌لۆژیاو شیعر گونجاو نه‌بێت چونكه‌ شیعر په‌یوه‌ندی‌ به‌ ده‌روون و روحه‌وه‌ هه‌یه‌) له‌ناو هه‌موو شاعیرانیش مسته‌واو پله‌ی‌ جۆراوجۆر هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ بروای‌ من هه‌موو شیعری‌ شاعیرانی‌ كلاسیكی‌ كوردی‌ له‌ دیوانی‌ مه‌حوی‌ و نالی دا كۆده‌كرێنه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ هه‌ر دیوانێكی‌ شاعیرانی‌ كلاسیك بكه‌یت ره‌نگه‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ وشه‌و ده‌سته‌واژه‌كانی‌ مه‌حوی‌ و نالی یان به‌كارهێنابێت هه‌رچه‌نده‌ نابێت له‌ بایه‌خی‌ شاعیرانی‌ تری كورد كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان وه‌كو وتم پله‌و مه‌قامی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌.
عیشق لای‌ مه‌حوی‌
مه‌حوی‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ عیشقدا زۆرجار په‌ی‌ به‌ نهێنی‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ بردووه‌ و له‌م بواره‌دا زۆر جوان توانیویه‌تی‌ ئه‌سپی‌ خۆی‌ تاوبدات و وشه‌كانی‌ وا ماكیاژكردووه‌ هه‌ر حه‌ز ده‌كه‌یت بیخوێنیته‌وه‌و كۆتایی نه‌یه‌ت هه‌رچه‌ند زیاتر بیخوێنیته‌وه‌ زیاتر شتی‌ نوێ و ده‌گمه‌نی‌ لێوه‌ ده‌بینیت زۆر جار هه‌یه‌ ئه‌ودیوانه‌ی‌ مه‌حوی‌ ئارامكه‌ره‌وه‌ی‌ ده‌رونی‌ شڵه‌ژاو و تێكچووی‌ خۆمانه‌ ئاخر له‌م وڵاته‌ پرفتنه‌و له‌و خه‌ڵكه‌ پر له‌رك و كینه‌ی‌ خۆمان ده‌بێ شتێ بكه‌ین ئارام به‌ رۆح و جه‌سته‌مان بدات زۆر جار شیعر ئه‌و فه‌راغه‌مان بۆ پر ده‌كاته‌وه‌.
تا نه‌بوری‌ تۆ له‌سه‌ر , رێ ناخه‌یه‌ مه‌یدانی‌ عیشق
سه‌ر له‌پێشی‌ پێ ده‌بێ له‌م رێگه‌ دانێی‌ (أولا)
ده‌بێ كه‌سێك كه‌ رێگای‌ عیشق بگرێته‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێك سه‌ره‌تا ده‌ستبه‌رداری‌ سه‌ری‌ خۆی‌ بێت به‌واتای‌ ئه‌وه‌ نابێ رۆحی‌ خۆی‌ هیچ لا گرینگ بێت ئه‌وكات سه‌ره‌تای‌ رێگه‌ی‌ عیشقی‌ گرتۆته‌ به‌ر چونكه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌و رێگه‌یه‌دا ده‌بێ سه‌ر(رۆح) له‌ پێشی‌ پێ (هه‌نگاو) بێت
دەبێ دڵ ویسعەتێکی وەک فەلەک زیاتر وەکەف بێنێ
شەو رۆژ فیراق و وەسڵی دولبەر تـــا بگــــــــونجێنـــــــێ
واتە:دڵ دەبێ فراوانییەکەی لە ئاسمان گەورەتر وەدەست بخا تاجێی شەوی دووری و رۆژی وەسڵی یار،لەناو خۆیدا بکاتەوە..
توركی‌ من كوشتارخانه‌ی‌ عاشقانی‌ دی‌,وتی‌ :
من "برنجی‌ بر یزید ",ئێره‌ "ایكنجی‌ كربلاْ"
كه‌ یار كوشتارگه‌ی‌ عاشقانی‌ بینی‌ وتی‌ من یه‌زیدی‌ یه‌كه‌مم و ئێره‌ش كه‌ربه‌لایه‌
وه‌سیه‌تی‌ مه‌جنونه‌ :هه‌ركه‌س ده‌ردی‌ دنیا عاره‌ بۆی‌
خۆی‌ بكا به‌ده‌ردی‌ عیشقی‌ یارێ موبته‌لا
مه‌جنون كه‌ سه‌رده‌سته‌ی‌ عاشقانه‌ وه‌سیه‌تی‌ كردووه‌ هه‌ركه‌س ده‌ردی‌ دونیاره‌ باره‌ لێی‌ و ژیانی‌ شێواندووه‌ ئه‌وه‌ باوه‌كو من خۆی‌ به‌ به‌ده‌ردی‌ یاره‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ چونكه‌ ئیتر ئه‌ویش موبته‌لا بونه‌ به‌ ده‌ردێكی‌ تره‌وه‌ به‌ڵام جیا له‌ ده‌ردی‌ دونیا
خونچه‌ باسی‌ له‌ باسی‌ ده‌می‌ تۆوه‌دا , سه‌با
مستێكی‌ دا له‌ده‌می‌ ,ده‌م قسه‌ی‌ زلی‌ شكا
ده‌ڵێ خونچه‌ ویستی‌ وه‌كو تۆ بێت و باسی‌ جوانی‌ و سوری‌ و بۆن خۆشی‌ ده‌می‌ خۆی‌(خونچه‌) ده‌كرد له‌ناكاو بای‌ به‌یان(سه‌با) مشتێكی‌ دا له‌ ده‌می‌ واتا بای‌ به‌یان هه‌ڵیكردو دای‌ له‌رووی‌ خونچه‌كه‌ به‌مه‌ش خونچه‌ پشكوت و ئه‌و جوانیه‌ی‌ جارانی‌ نه‌ما به‌ڵكو ده‌می‌ ئیتر ئه‌و قسه‌ زللانه‌ی‌ نه‌وته‌وه‌ .
یه‌عقوب وه‌ش كه‌ (مه‌حوی) یه‌ , چاوێشه‌داری‌ هیجر
چاوی‌ به‌گه‌ردی‌ راهی‌ به‌شیرت گڵی‌ شكا
حه‌مه‌ی‌ مه‌لا كه‌ریم له‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و شیعره‌دا ده‌ڵێت : مه‌حوی‌ له‌تاو ده‌ردی‌ دوری‌ تۆ توشی‌ چاو ئێشه‌ بووه‌, وه‌ك یه‌عقوب كه‌ له‌تاو دوری‌ یوسفی‌ كوری‌ كوێر بووبوو.به‌ڵام به‌تۆزی‌ رێگات كه‌ موژده‌ی‌ هاتنی‌ بۆ هێناگلی‌ چاوی‌ شكا,وه‌ك چۆن یه‌عقوب كه‌ كراسه‌كه‌ی‌ یوسفیان بۆ هێنا و موژده‌ی‌ سه‌لامه‌تی‌ ئه‌ویان پێ گه‌یاند چاوی‌ چاك بووه‌وه‌.
دا عه‌كسی‌ جیلوه‌ ده‌رنه‌كه‌وێ, نه‌ك له‌ چاكییه‌
ئه‌و شۆخه‌ چاكی‌ سینه‌یی مه‌حوی‌ رفوو ده‌كا
ئه‌و شۆخه‌ كه‌ سینگی‌ مه‌حوی‌ ده‌دورێته‌وه‌ و پینه‌ی‌ ده‌كات له‌ چاكی‌ خۆیه‌وه‌ نی‌ یه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ دڵ ره‌قه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌تی‌ كه‌ وێنه‌ی‌ خۆی‌ ده‌رنه‌كه‌وێ و خه‌ڵك نه‌زانێ كه‌ مه‌حوی‌ چه‌ند هۆگری‌ ئه‌وه‌ و چونكه‌ كه‌ زیاتر سینگی‌ بشكێت و به‌دیار بكه‌وێت ئه‌وكات ته‌واوی‌ وێنه‌ی‌ ئه‌و ده‌رده‌كه‌وێ!
ئیتر شیعری‌ جوان و ناسكی‌ مه‌حوی‌ كۆتای نایه‌ت مه‌گه‌ر هه‌موو دیوانه‌كه‌ بنوسم با ئیتر مه‌حوی‌ به‌س بێت
عیشق لای‌ نالی‌
نالیش وه‌كو مه‌حوی‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌و بواره‌دا مه‌زن و گه‌وره‌یه‌ من هه‌رگیز ناتوانم دڵۆپێك له‌ ئۆقیانوسه‌كه‌ی‌ ئه‌و باس بكه‌م به‌ڵام ویستم هه‌ر چۆنێك بێت كه‌مێك له‌ ئۆقیانوسه‌ مه‌عریفی‌ یه‌كه‌ی‌ نالیش باس بكه‌م نالیش له‌مه‌سه‌له‌ی‌ عیشقدا شتی‌ وای‌ وتووه‌ ره‌نگه‌ هه‌رگیز نه‌وترابێَت و كه‌س به‌ خه‌یالیشی‌ دا نه‌هاتووه‌ وه‌كو ئاشكرایه‌ مه‌عشوقه‌كه‌ی‌ نالیش ناوی‌ حه‌بیبه‌یه‌ و هه‌رچه‌نده‌ بیرورای‌ زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حه‌بیبه‌و نالیی‌ به‌یه‌ك گه‌یشتبن به‌ڵام هه‌موویان له‌وه‌دا هاوران كه‌ نالی بێ وه‌چه‌و منداڵ‌ بووه‌ و ناوی‌ حه‌بیبه‌ش ناوێكی‌ خوازراو بووه‌ چونكه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ناوهێنانی‌ كچێك به‌و شێوه‌یه‌ی‌ نالی‌ زۆر سه‌خت بووه‌ چ جای‌ ئه‌وه‌ی‌ مامۆستایه‌كی‌ وا به‌ناوبانگ و زیره‌كیش بیت , نالی‌ ده‌یه‌وێ باسی‌ ئه‌وه‌ بكات عیشق ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی‌ به‌جوانیشه‌وه‌ نی‌ یه‌و ده‌ڵێت :
پێم ده‌ڵێن مه‌حبوبه‌ خێل و قیچه‌ , مه‌یلی‌ شه‌ر ده‌كا
خێل و قیچه‌ , یا ته‌رازووی‌ نازی‌ نه‌ختی‌ سه‌ر ده‌كا
وه‌كو ئاشكرایه‌ حه‌بیبه‌ی‌ مه‌عشوقه‌كه‌ی‌ نالی‌ خێل بووه‌و نالیش كه‌مێك زمانی‌ گرتووه‌ له‌كاتی‌ قسه‌كردندا به‌ڵام چ عیشقێك له‌نێوان ئه‌م دووانه‌دا بووه‌ كه‌ هه‌ر پێشبینی‌ ناكرێت نالی‌ ده‌ڵیت خه‌ڵكی‌ پێم ده‌ڵین مه‌عشوقه‌كه‌ت خێله‌ و قیچه‌ و هه‌میشه‌ مه‌یلی‌ شه‌ر ده‌كات به‌ڵام له‌ راستیدا ته‌رازووی‌ نازی‌ كه‌مێك سه‌رده‌كات به‌سه‌ر لایه‌كدا نازی‌ زۆرتر ده‌كات ئه‌مه‌ش وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌خێل دیار بكه‌وێت نالی‌ ده‌یه‌وێ بڵێت هه‌رچی‌ له‌ مه‌حبوبه‌دا هه‌یه‌ جوانه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و شتانه‌ی‌ لای‌ خه‌ڵك نامۆن و جوان نین ئه‌گه‌ر له‌ مه‌عشوقه‌كه‌ی‌ مندا هه‌بێت نه‌وه‌ك هه‌ر جوان نی‌ یه‌ به‌ڵكو جوانترینه‌.
له‌ وه‌سڵی‌ تۆ زیاتر خه‌وفناكم، نه‌ك له‌ هیجرانت
به‌ میسلی‌ شه‌مع و په‌روانه‌ ، به‌ڵێ عاشق ده‌بێ وابێ
وه‌ك ئاشكرایه‌ عاشقان هه‌میشه‌ گله‌ییان له‌ باسی‌ دووری‌ و دابران و كۆچه‌ هه‌میشه‌ و هه‌موو كات چاوه‌روانی‌ ویساڵی‌ (به‌یه‌كگه‌یشتن)ی‌ مه‌عشوقه‌كه‌یانن كه‌چی‌ نالی‌ مه‌زن له‌م شیعره‌دا باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌ڵێت من زیاتر له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنت ده‌ترسم تا له‌ دوریت رێك وه‌ك په‌پوله‌ و مۆم چونكه‌ په‌پوله‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ هۆگری‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی‌ روناكی‌ مۆمه‌ كه‌ له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنیاندا ماندوو نابێت به‌راده‌یه‌ك ئه‌وه‌نده‌ ده‌وری‌ ده‌دات تاكو ده‌سوتێت و دواجار خۆی‌ له‌ناوده‌بات به‌هۆی‌ سۆز و گه‌رمی‌ و خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی‌ بۆ روناكی‌ و ئاگر , بۆیه‌ نالی‌ ده‌یه‌وێ بڵێت تۆ مه‌یه‌ و مه‌مسوتێنه‌ و تۆ هه‌ر له‌ دوره‌وه‌ بمێنه‌وه‌ من به‌رگه‌ی‌ ئه‌و گه‌رمیه‌ ناگرم و ناتوانم بۆیه‌ مه‌یه‌ هه‌میشه‌ دابرانت بۆمن باشتره‌ له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنت هه‌رچه‌نده‌ عیشقی‌ راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆی‌ بكاته‌ قوربانی‌ بۆ مه‌عشوقه‌كه‌ی‌ نالیش ده‌ڵێ ئه‌سڵی‌ عاشق بوون ئاوایه‌ واته‌ وه‌كو په‌یوه‌ندی‌ و خۆشه‌ویستی‌ مۆم و روناكی‌ یه‌.
رووم ئه‌وا زه‌رد بوو وه‌كوو پاییز له‌ هیجران (نالیا)
عه‌شق ئێَستاكه‌ش له‌ من سه‌یلی‌ به‌هارانی‌ ده‌وێ
عه‌شق سوڵتانێكه‌ هه‌ر گا روو له‌ وێرانێ بكات
ئاهی‌ سه‌رد و , ئه‌شكی‌ گه‌رم و , قه‌لبی‌ بوریانی‌ ده‌وێ
ئاو له‌ چاوانم به‌خور دێ، ئاگری‌ دڵ ناكوژێته‌وه‌
وه‌ك جه‌هه‌ننه‌م ئه‌م ته‌نوره‌ ئاوی‌ تۆفانی‌ ده‌وێ
ئاسمانی‌ حوسنی‌ مه‌حبوبه‌م له‌ ئه‌برۆ و زوڵف و روو
دوو هیلال و دوو شه‌و و دوو ماهی‌ تابانی‌ هه‌یه‌
كاتبی‌ خێر و شه‌ڕی‌ عوششاقه‌ , بۆ وه‌سڵ و فیراق,
لوتف و قه‌هری‌ هه‌ر به‌جارێ سه‌یری‌ دوو ده‌فته‌ر ده‌كا
عیشق لای‌ هه‌ندێ شاعیری‌ تری‌ كلاسیك
دوو دیده‌یی مه‌خموری نیگاهم به‌ شه‌باهه‌ت
وه‌ك ئاهوو وه‌هایه‌ که‌ له‌خه‌و بێ له‌ سه‌حه‌ردا
احمد موختار جاف
گوتم من ڕوحی خۆم قوربانی ڕوی تۆ كرد ده‌سا ڕه‌حمێ‌
گــوتــی نازانــی تــــۆ ، پــه‌روانــه‌ بــۆ ده‌وری چـــرا چــاكه‌
احمد موحتار جاف
مه‌كه‌ن مه‌نعم كه‌ وه‌ك مه‌جنوون خه‌ریكی هات و چۆی كێوم
په‌شـــــــــــــــێوی له‌یلی كوردم تاكو روحم دێته‌ سه‌ر لێوم
احمد موختار جاف
عیشق لای‌ حاجی‌ قادری‌ كۆیی
حاجی‌ قادری‌ كۆیی
عاده‌تی‌ گرتووه‌ عوششاقی‌ نه‌بێ هه‌ڵناكا
وه‌رنه‌ بۆ كوشتنیان نیمه‌ نیگاهێكی‌ به‌سه‌
له‌ دنیا هه‌ر كه‌سێ مه‌قسودی‌ عیشقه‌
بكا وه‌ك من به‌ كوللی‌ ته‌ركی‌ دنیا
نانی‌ خۆی‌ تاكوو به‌ ته‌ندووری‌ گه‌رم پێوه‌نه‌دا
ناروا حاجی‌ ئه‌گه‌ر چاوی‌ ده‌رێنن به‌ بزوت
ده‌نگی‌ مورغی‌ دڵ ده‌یێ هه‌رده‌م له‌ داوی زوڵفی‌ ئه‌و
وه‌ك له‌ تاری‌ عه‌نكه‌بووتا زیره‌یی باڵی‌ مه‌گه‌س
ئه‌گه‌ر لێدانه‌ مه‌قسودت بفه‌رموو
وه‌گه‌ر قه‌تڵه‌ مه‌رامت ها! ده‌سا زوو
هێمن
به‌خێوم كردی‌ رۆڵه‌ وه‌ك به‌ران
تا بۆ نیشتمان بتكه‌مه‌ قوربان
شێخی‌ سه‌نعان بۆ كچی‌ گاور له‌ ئیسلام وه‌رگه‌را
من خه‌ریكم بۆ كچه‌ شێخێ په‌ژیوان ببمه‌وه‌
من په‌روه‌رده‌ی‌ بن سێبه‌ری‌ ئه‌شكه‌وتم
گه‌لێك جاران له‌ چاڵاوی‌ ره‌ش كه‌وتم
هاتمه‌ ده‌رێ هه‌دام نه‌دا نه‌سره‌وتم
ده‌رۆم به‌ره‌و ئاسۆ به‌ره‌و ئاسۆی‌ روون
ده‌رۆم ده‌رۆم تا ترۆپكی‌ رزگاربوون
نابێ قه‌ت ناڵه‌ی‌ جودایی بێ ئه‌سه‌ر
جا چ نه‌ی‌ بیكا چ پیاوی‌ ده‌ربه‌ده‌ر
بۆیه‌ ناڵه‌م تێكه‌ڵی‌ نه‌ی‌ كردووه‌
شیوه‌نێكم پێ یه‌ نه‌ی نه‌یكردووه‌
گه‌رچی‌ توشی‌ ره‌نجه‌رۆیی‌ و حه‌سره‌ت و ده‌ردم ئه‌من
قه‌ت له‌ ده‌ست ئه‌م چه‌رخه‌ شپڵه‌ نابه‌زم مه‌ردم ئه‌من
ئاشقی‌ چاوی‌ كه‌ژاڵ و گه‌ردنی‌ پر خاڵ نیم
ئاشقی‌ كێو و تی‌لان و به‌نده‌ن و به‌ندم ئه‌من
ئه‌م بابه‌ته‌ كۆتایی نی یه‌ به‌ڵكو ته‌نها خاڵی سه‌ره‌تای باسه‌كه‌م داناوه‌ چونكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ زیاتر له‌ كتێبێك له‌خۆ ده‌گرێت نازانم چۆن كۆتایی پێبێنم چونكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌وێ نابرێته‌وه‌ كۆتایی نایه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی شیعری كلاسیك هه‌یه‌ له‌و بواره‌دا باس ناكرێت بۆیه‌ هه‌موو دیوانه‌كانم داخسته‌وه‌ ئه‌گه‌رنا دیوانم زۆر مابوون
ئاماده‌كردن و نوسینی : لقمان حمد
www.facebook.com/luqman4it


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە