کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ده‌رباره‌ی عیشق و مه‌ولانا

Tuesday, 03/03/2015, 12:00


مه‌ولانا ئه‌و پیاوه‌ بوو كه‌ توانی هه‌موو دونیا به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریك بكات ئه‌و خۆه‌ بوو كاتێك هه‌ڵهات كه‌ هه‌مووان له‌ تاریكستانی بێ عه‌شقی ون بوبوین و پێویستمان به‌ كه‌سێك بوو چرایه‌كمان بۆ هه‌ڵبكات و ئه‌و رێگه‌یه‌مان بۆ رووناك بكاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و به‌ چرایه‌ك نه‌وه‌ستا خۆرێكی بۆ داگیرساندین توانی ئه‌و سه‌رو ئه‌م سه‌ری گه‌ردون روناك بكاته‌وه‌ مه‌ولانا له‌وه‌ ده‌رچووه‌ ته‌نها موڵكی فارس بێت ئێستا مه‌ولانا موڵكی هه‌موو گه‌ردوونه‌ چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌ توانی له‌مه‌سه‌له‌ی عیشق دا سوارچاكێكی ئه‌وه‌نده‌ باش بێت كه‌س نه‌توانێ به‌ شوێن پێ یه‌كانی دا هه‌نگاو بنێت كه‌س نه‌توانێت له‌به‌رامبه‌ر حیكمه‌ته‌كانیدا بوه‌ستێت.
مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی له‌ ساڵی 604 ی كۆچیدا له‌شاری (به‌لخ) ی ناوچه‌ی خوراسان هاتۆته‌ دونیاوه‌ به‌ مه‌ولانا یان جه‌لاله‌دینی به‌ڵخی یان مه‌وله‌وی به‌ڵخی ناسراوه‌ باوكی ناوی محمدی كوری خه‌تیبی به‌كری یه‌ به‌ (به‌هادین وه‌له‌د) به‌ شای زانایان ناسراوه‌، باوكی مه‌ولانا پیاوێكی زۆر لێهاتوو و به‌ ویقار و زانایه‌كی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می خۆی بووه‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ داوای فه‌توایان لێكردووه‌ ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پاشای وڵات (خواره‌زه‌م شا) له‌ وڵات ده‌ریبكات و به‌مه‌ش به‌ زۆر ناوچه‌دا تێ په‌ریوه‌ له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌ك كه‌وتبێته‌ سه‌ر رێگای ماوه‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه‌و ده‌ستی به‌ بانگه‌واز و وانه‌ وتنه‌وه‌ كردووه‌ تاوه‌كو به‌ ته‌واوه‌تی له‌ (قۆنیه‌)ی توركیا ماوه‌ته‌وه‌و به‌یعه‌تی به‌ستوه‌ له‌گه‌ڵ سوڵتانی رۆم و زۆر به‌جوانی پێشوازی لێكردووه‌، باوكی مه‌ولانا ره‌خنه‌یه‌كی زۆر ده‌گرێت له زانایانی سه‌رده‌می خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ زانسته‌ ئه‌قلی یه‌كانه‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌و هه‌وڵێكی زۆر ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فێری بن و دوره‌په‌رێزن له‌ قورئان و حه‌دیپ تاكو له‌ 628ی كۆچی شێخ به‌هادین وه‌فات ده‌كات و كوره‌ گه‌وره‌كه‌ی خۆی به‌ناوی مه‌ولانا جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌.
جیهانی ئیسلامی ئه‌وكات پێویستی به‌ پیاوێك بوو كه‌ به‌دڵێكی پر سۆزو خرۆشه‌وه‌ به‌و عاتیفه‌ به‌هێزه‌وه‌ گیانێكی نوێ به‌به‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا بكات كه‌ عه‌قڵ زاڵ بووبوو له‌سه‌ر حسابی عاتیفه‌ ، مه‌ولانا ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ راستی فه‌لسه‌فه‌ ئه‌وه‌ نی یه‌ كه‌ خه‌ڵگ تێی گه‌یشتووه‌ و باوه‌ری پێ یه‌تی به‌ڵكو مه‌ولانا ئاشكرا ده‌یوت فه‌لسه‌فه‌ سه‌رابێكه‌ نه‌زان به‌ئاوی تێده‌گات ، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ شۆرشێكی زۆر گه‌وره‌ بوو كه‌سێك بتوانێ به‌گژ كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاوادا بچێته‌وه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ و قسه‌زانین ئه‌وه‌نده‌ بڵاو بوو سنورێكی نه‌هێشتبوه‌وه‌ ئیتر ئه‌وكات مه‌ولانا به‌رێگه‌ی دیوانه‌ شیعریه‌كه‌ی كه‌ به‌ (مه‌سنه‌وی) ناسراوه و له‌ 26 هه‌زار دێر پێكهاتووه‌ ‌ توانی شۆرشێك بكات به‌سه‌ر قسه‌ زانیدا و ره‌خنه‌یه‌كی زۆریشی گرت له‌ فه‌لسه‌فه‌ له‌رووی به‌رنامه‌و راره‌وه‌وه‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی له‌ سنوری خۆی لایدابوو وه‌ زیاده‌ره‌وی زۆری كردبوو له‌ ملكه‌چی بۆ هه‌سته‌كان ، مه‌ولوی زۆر دژی ئه‌و بیرورایه‌ ده‌وه‌ستایه‌وه‌ كه‌ پێی وابوو ئه‌وه‌ی به‌رێگه‌ی هه‌سته‌كان نه‌بینرێت نی یه‌
ده‌ڵێن نوێكه‌ره‌وه‌كانی هه‌موو چه‌رخه‌كانی دین هه‌ر وه‌كو یه‌كن و جیاوازیان نی یه‌ ته‌نها له‌ چۆنیه‌تی به‌خشینی ده‌رمان نه‌بێت هه‌روه‌كو سعیدی نورسی گه‌وره‌ بیرمه‌ند و زانای كورد ده‌ڵێ (ئه‌گه‌ر من له‌ چه‌رخی رۆمی دا بژیامایه‌ مه‌سنه‌ویم ده‌نوسی و ئه‌گه‌ر رۆمیش له‌چه‌رخی من بژیایه‌ په‌یامه‌كانی نوری ده‌نوسی).

مه‌ولانا ده‌ڵێت ئه‌قڵ گه‌رایی سه‌رچاوه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی مرۆڤه‌ و ئه‌شقیش سه‌رچاوه‌ی حه‌وانه‌وه‌ی مرۆڤه‌ . ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ولانا له‌مه‌سه‌له‌ی عیشق و هه‌ست و سۆزدا ببێته‌ رابه‌رێكی رۆحی هه‌روه‌كو جارێك پرسیارێكی لێ ده‌كه‌ن ده‌ڵێن عیشق چی یه‌ ئه‌ویش ده‌ڵێت عیشق پێناسه‌ ناكرێت تاقی ده‌كرێته‌وه‌ !!!؟،هه‌روه‌ها مه‌ولانا ده‌فه‌رموێت هه‌ركه‌سێ له‌هێزی سه‌ما تێبگا له‌مه‌رگ ناترسێت چونكه‌ ئه‌و سه‌مازانه‌ ده‌زانێت چۆن عه‌شق مه‌رگ ده‌كوژێت ، مه‌ولانا جارێكیان به‌ كۆڵانه‌یه‌كا ده‌روات ده‌بینێ سه‌گێك خه‌وتووه‌ مه‌ولاناش ده‌مێكی زۆر ده‌وه‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌گه‌كه‌ خه‌به‌ری نه‌بێته‌وه‌و له‌خه‌وی نه‌كات تاكو دواجار پیاوێك به‌ گه‌ره‌كه‌كه‌دا دێت و سه‌گه‌كه‌ش خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه‌ مه‌ولانا ئیتر له‌وه‌ دڵی ده‌شكێ كه‌ ئه‌م پیاوه‌ چۆن ده‌بێت ده‌توانێ بونه‌وه‌رێك له‌خه‌و بكات و ئازاری بدات ، هه‌روه‌ها مەولانا لە مەسنەویەکەیدا دەفەرمێ:
کابرایەک{ نەحو} {قەواعید}دەزانێ،سواری کەشتیەک دەبێ،بە کابرای کەشتیوانی نەخوێندەوار دەڵێ{نەحو}دەزانیت ئەویش دەڵێ نەوەڵا!کابرای {نەحو}زانیش دەڵێ دەی نیوەی تەمەنت بەهەدەر ڕۆشتوە
شەپۆل دێت و کەشتیەکەیان وەردەگەڕێت،کابرای کەشتیوان ڕودەکاتە کابرای {نەحو}پێی دەڵێ ئەرێ..تۆ مەلە دەزانی؟
دەڵێ نەوەڵا!کابرای کەشتیوانیش دەڵێ:دەی هەموو تەمەنت بەهەدەرچوو!
هه‌روه‌ها
مه‌ولانا داستانی عاشقێکمان بۆ باس ده‌کات که‌ به‌ دووی مه‌عشوقه‌که‌یدا ده‌روات وله‌ده‌رگای ماڵی مه‌عشوقه‌که‌ی ده‌دات

مه‌عشوقیش له‌پشت ده‌رگاوه‌ پرسیاری لێ ده‌کات که‌ کێ یه‌ له‌ ده‌رگا ده‌دات؟
عاشق وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت:(من).
مه‌عشوق به‌ نائومێدیه‌وه‌ ده‌ڵێت:(دوور بکه‌وه‌ره‌وه‌ ،هێشتا کاتی گونجاو نه‌هاتووه‌ ،لێره‌ جێگه‌یه‌ک بۆ که‌سێکی کاڵ و پێ نه‌گه‌یشتوو نیه‌).
پاش ساڵانێک له‌ دووری و فیراق ،عاشیق ده‌گه‌رێته‌وه‌و به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ له‌ده‌رگا ده‌دات.
مه‌عشوق ئه‌م جاره‌ پرسیار ده‌کات:
کێیه‌ له‌ ده‌رگا ده‌دات؟
ئه‌م جاره‌ عاشیق ده‌ڵێت:تۆ!!!!!
له‌به‌رده‌رگاش تۆی ئه‌ی دڵستان
ئیدی لێره‌دایه‌ که‌ مه‌عشوق ده‌رگا ده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێت:
دوو(من)له‌م سه‌رایه‌دا ناگونجێت،ئێسته‌ که‌ تۆ بوویت به‌ (من)و له‌ (من و تۆ)شتێک نه‌ماوه‌ته‌وه‌ ،ده‌توانیت بێیت.

مه‌ولانا جلال الدینی ڕۆمی ، خواناس و عارف و شاعیری گه‌وره‌ ، باس له‌ عه‌شقی له‌یلا و مه‌جنون ده‌كات و ده‌لێت خه‌لیفه‌ بانگی له‌یلا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌و كچه‌ كێیه‌ و خاوه‌ن چ جوانیێكه‌ كه‌ مه‌جنون ئه‌وه‌نده‌ بۆی شێت و شه‌یدا بووه‌ ، به‌لام كه‌ له‌یلا دێت ده‌بینێت ئه‌وه‌نده‌ش جوان نیه‌ و پێی ده‌لێت ئه‌وه‌ تۆی كه‌ مه‌جنونت شێت و شه‌یدا كردووه‌ ، تۆ كه‌ جوانتر نی له‌ جوانه‌كانیتر ، له‌یلا به‌ خه‌لیفه‌ ده‌لێت بێده‌نگ به‌ خۆ تۆ مه‌جنون نیت، گه‌ر چاوی مه‌جنونت بوایه‌ مه‌ترسی هه‌ردو جیهانت نه‌ ده‌بو ، و پێی ده‌لێت تۆ خۆتی به‌لام مه‌جنون خۆی نیه‌ ،
له‌ روانگه‌ی مه‌ولانا گه‌ر كه‌سێك ئه‌ڤیدار بێت به‌ چاوی ئه‌و كه‌س له‌ ئه‌ڤینه‌كه‌ی جوانتر نیه‌ و عاشق له‌ به‌ر پاكی خۆی مه‌ترسی له‌م دونیایه‌و له‌ دونیایتر نیه‌ ،هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی مه‌ولانا له‌وه‌ی كه‌ مه‌جنون خۆی نیه‌ توانه‌وه‌ی مه‌جنونه‌ له‌عه‌شق و ئاوێته‌ بونیه‌تی له‌ گه‌ل له‌یلا .
له‌ عه‌شقدا كه‌ بالاترین ئاستی خۆشه‌ویستییه‌، عاشق هیچ كات بیر له‌ خۆی ناكاته‌وه‌و لای ئه‌و ته‌نیا مه‌عشوقه‌ و به‌س . بالاترین عه‌شقیش، عه‌شقی خوایه‌ ،له‌و كات بۆ به‌نده‌ ته‌نیا رازی بونی خوا ده‌بێته‌ مه‌به‌ست ، رازی بونی خواش له‌ كاری چاكه‌و خۆشه‌ویستی خه‌لك و خۆشه‌ویستی نیشتماندایه‌ چو نكه‌ خۆشه‌ویستی نیشتمان له باوه‌رداری به‌ خوا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت .
زۆربه‌ی زۆری مه‌سنه‌ویه‌كه‌ی له‌ فیراقی هاورێ و خۆشه‌وستانیدا نوسیویه‌تی واتا كاتی وا هه‌بووه‌ دوای ئه‌وه‌ی هاورێیه‌كی خۆشه‌ویستی مه‌ولانا ناچار كراوه‌ شاره‌كه‌ی جێ بهێڵێ مه‌ولانا ئه‌وه‌نده خه‌فه‌تبار و خه‌مگین بووه‌ ئارامی لێ براوه‌و جای وا هه‌بووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك تێكچووه‌ ته‌نانه‌ت وانه‌كانیشی نه‌وتونه‌وه‌ ئیتر ئه‌و كاتانه‌ مه‌سنه‌وی نوسیوه‌ دوای كۆچی ئاخیره‌تی هاورێیه‌كی (هاورێی زانست و بیری راستره‌ بڵێین زانا و بیرمه‌نده‌كانی هاورێی) ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری هه‌بووه‌ ئیتر مه‌سنه‌وی نه‌نوسیوه‌ته‌وه‌ و كۆتای پێهێناوه‌
مه‌ولانا ئه‌وه‌نده‌ عاشق بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ هۆگری به‌یه‌كگه‌یشتنی یاره‌كه‌ی بووه‌ كاتێك نه‌خۆش ده‌كه‌وێت هاورێكانی دوعای چاك بوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن مه‌ولاناش به‌و په‌ری هه‌ست به‌رزی و ره‌وشته‌وه‌ ده‌یه‌وێ پێیان بڵێ ئه‌وه‌ كه‌ی دوعایه‌ بۆمنی ده‌كه‌ن من به‌م دوعایه‌ دڵخۆش نیم چ خێرێك له‌وه‌دایه‌ په‌رده‌ی نێوان خۆم و یاره‌كه‌م لانه‌چێت ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ ئه‌و پیاوه‌ زۆر هۆگری گه‌رانه‌وه‌ بووه‌ بۆلای په‌روه‌ردگاری ، زۆربه‌ی جار عارفه‌كان ئه‌مه‌ سیفه‌تیانه‌ واته‌ خه‌م بۆ مردن ناخۆن چونكه‌ ئه‌وان ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ده‌زانی دوای مه‌رگ لیقا و به‌یه‌كگه‌یشتن هه‌یه‌ ئه‌وان هۆگری ئه‌و به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌ن و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و پێش مردنیش ته‌واوی هه‌وڵی خۆیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی وشیار بكه‌نه‌وه‌و راستی و دروستی ئه‌م ژیانه‌یان بۆ ده‌ربكه‌وێت چونكه‌ كاتێك مرۆڤ تێگه‌یی ئیتر ئه‌وكاته‌ پێگه‌یشتنسشی نزیك ده‌بێته‌وه‌ واتا تێگه‌یشتنی راست بۆ شته‌كان سه‌ره‌تای پێگه‌یشتنی كه‌سه‌كه‌یه‌ .
مه‌ولانا زۆر به‌روونی بانگه‌وازی خۆشه‌ویستی ده‌كات و ده‌ڵێت خۆشه‌ویستی تاڵی ده‌گۆرێت به‌ شیرنی و خۆڵ ده‌كات به‌زیو ئازار به‌ شیفا و به‌ندیخانه‌ به‌ باخچه‌ و هه‌ر خۆشه‌ویستی یه‌ ئاسن نه‌رم ده‌كات و به‌رد ده‌توێنێته‌وه‌و مردوو زیندو ده‌كاته‌وه‌و كۆیله‌ ده‌كات به‌ ئاغا ،ئه‌م جۆره‌ خۆشه‌ویستی یه‌ ئه‌و باڵه‌یه‌ مرۆڤی ماددی قورس له‌ هه‌وادا پێ ده‌فرێت له‌ نزمایدا ده‌یبات به‌ره‌و به‌رزی و له‌ سه‌ر زه‌وی یه‌وه‌ ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئاسمان مه‌ولانا ده‌ڵێت:
ئه‌گه‌ر ته‌زوی خۆشه‌ویستی به‌ناو كێوه‌ زه‌به‌لاحه‌كاندا تێ بپه‌رێت راده‌چله‌كێنێ و ده‌كه‌ونه‌ سه‌ماكردن ده‌ڵێت خۆشه‌ویستی ده‌وڵه‌مه‌نده‌و گوێ نادات به‌ماڵ و سامان و موڵك و سوڵتان وده‌ڵێت خۆشه‌ویستی راست ئه‌وه‌یه‌ نه‌فی هه‌موو شتێك بكه‌یت له‌ پێناو خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت خۆشه‌ویستی په‌یوه‌ندی به‌ غه‌ریزه‌وه‌ نی یه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت هه‌موو نه‌خۆشێك ئاواته‌ خوازه‌ نه‌جاتی بێت له‌و نه‌خۆشیه‌ی كه‌ تیایدایه‌ ته‌نها نه‌خۆشی یه‌كانی ئه‌وین نه‌بێت ئه‌وان به‌رده‌وام داوای زیادبوونی نه‌خۆشیه‌كه‌یان ده‌كه‌ن پێیان خۆشه‌ كه‌ سۆز و ئازاریان زیاد بێت هه‌روه‌كو مه‌ولانا ده‌فه‌رموێت هیچ شه‌رابێكم نه‌دیوه‌ شیرنتر بێت له‌و ژه‌هره‌ وه‌ ته‌ندروتی یه‌كم به‌دی نه‌كردووه‌ كه‌ باشتر بێت له‌م نه‌خۆشی یه‌.
هیچ شاعیرێكی كلاسیكی ئێمه‌ نی یه‌ سودی له‌ده‌ریای بیر و عه‌شقی مه‌ولانا نه‌كردبێت و شیعری ئه‌وی نه‌خستبێته‌ ناو دێره‌كانیه‌وه‌ .
چیرۆكێكی زۆر سه‌رنجڕاكێش له‌ (مه‌سنه‌وی) ی "مه‌ولانا" ی مه‌زنه‌وه‌ كه‌ به‌رزان محمد كردویه‌ به‌كوردی ده‌فه‌رموێت
لاوێك له‌ كه‌ناری ئاوی ڕووبارێكدا دانیشتبوو و غه‌مبار و په‌رێشان له‌ ڕووپه‌ڕی ئاوه‌كه‌وه‌ ڕامابوو. پیرێكی دانا له‌وێوه‌ تێده‌په‌ڕی. ئه‌وی دی و هه‌ستی به‌ حاڵی په‌رێشانی كرد و له‌ ته‌نیشتی دانیشت.
گه‌نجۆ‌ كاتێ پیره‌كه‌ی دی بێ ئیختیار وتی: زۆر په‌رێشانم و هه‌موو شتێكی ژیانم تێكچووه‌ به‌سه‌ر یه‌كدا. زۆر پێویستم به‌ ئارامییه‌ و نازانم ئه‌م ئارامییه‌ له‌ كوێ بدۆزمه‌وه‌؟
پیره‌كه‌ گه‌ڵایه‌كی له‌ لقه‌ دارێكی كه‌وتووی سه‌ر عه‌رده‌كه‌ خسته‌ نێو ڕووباره‌كه‌وه‌ و وتی: سه‌یری ئه‌م گه‌ڵایه‌ بكه‌ كاتێ ده‌كه‌وێته‌ نێو ئاوه‌كه‌وه‌ خۆی به‌ ڕه‌وتی ئاوه‌كه‌ ده‌سپێرێ و له‌گه‌ڵیدا ده‌ڕوات. پاشان‌ به‌ردێكی گه‌وره‌ی له‌ ڕۆخی ئاوه‌كه‌ هه‌ڵگرت و خستیه‌ نێو ڕووباره‌كه‌وه. به‌رده‌كه‌ به‌هۆی قورساییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌نێو ڕووباره‌كه‌دا ڕۆچوو و له‌ قووڵاییه‌كه‌یدا نیشت.
پیره‌كه‌ وتی: ئه‌و به‌رده‌شت بینی. له‌به‌ر قورسیه‌كه‌ی توانیی به‌سه‌ر هێزی ڕه‌وتی ئاوه‌كه‌دا زاڵ بێت و له‌ قووڵایی ڕووباره‌كه‌دا جێ بگرێت. ئێستا تۆ پێمبڵێ ئایا ئارامیی به‌رده‌كه‌ت ده‌وێ یان هی گه‌ڵاكه‌؟
لاوه‌كه‌ مات و واق وڕماو ته‌ماشای پیره‌كه‌ی كرد و وتی: به‌ڵام خۆ گه‌ڵاكه‌ ئارام نییه. له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵكشان و داكشانێكی ئاوی ڕووباره‌كه‌دا به‌رز و نزم ده‌بێته‌وه‌ و هه‌نووكه‌ دیار نییه‌ له‌ كوێیه‌، هیچ نه‌بێ شوێنی به‌رده‌كه‌ دیاره‌ و هه‌رچه‌نده‌ ئاوه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ و ئه‌ملاو لایه‌وه‌‌ گوژم و پاڵه‌په‌ستۆی هه‌یه‌ به‌ڵام مه‌حكه‌م وه‌ستاوه‌ و جووڵه‌ ناكات. من ئارامیی به‌رده‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرم.
پیره‌ی دانا زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كرد و وتی: كه‌واته‌ بۆچی به‌ده‌ست‌ ڕووداوه‌ جۆراو جۆر و سه‌خته‌كانی ژیانته‌وه‌ ده‌ناڵێنی؟
ئه‌گه‌ر ئارامیی به‌رده‌كه‌ت هه‌ڵبژاردووه‌ كه‌واته‌ با ته‌حه‌مولی ناڕه‌حه‌تییه‌كانیشت هه‌بێت و به‌هێزبه‌ و له‌ هه‌ر شوێنێ كه‌ هه‌یت ئارامی و پشوودرێژیی خۆت له‌ ده‌ست مه‌ده‌.
پیره‌ی دانا ئه‌وه‌ی وت و هه‌ستا تاكو بڕوا. لاوه‌كه‌ كه‌ ئارام ببۆوه‌ هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵكێشا و هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ و مه‌ودایه‌ك له‌گه‌ڵ داناكه‌دا وه‌ ڕێ كه‌وت.
دوای چه‌ند خوله‌كێ كاتی خواحافیزی لاوه‌كه‌ له‌ پیره‌ی دانای پرسی: ئه‌گه‌ر تۆ له‌ جێی من بویتایه ئارامیی به‌رده‌كه‌ت هه‌ڵده‌بژارد یان هی گه‌ڵاكه‌؟
داناكه‌ بزه‌یه‌كی گرت و وتی: من هه‌موو ژیانمم به‌وپه‌ڕی‌ دڵنیاییه‌وه‌ سپاردووه به‌ خالقی ڕووباری وجود و ڕه‌وتی ژیان، و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانم كه‌ له‌ ئامێزی ڕووبارێكدام كه‌ هه‌موو گه‌ردیله‌یه‌كی نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ حچوری یار (خودا) به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ڵكشان و داكشانه‌كانی ناترسم، هه‌ر بۆیه‌ من ئارامیی گه‌ڵاكه‌ هه‌ڵده‌بژێرم و په‌سه‌ندی ده‌كه‌م.
له‌ چیرۆكێكی تردا مه‌ولانا ده‌فه‌رموێ
ڕاوچییه‌ك، باڵنده‌یه‌كی ڕاو كرد. باڵنده‌كه‌ وتی: ئه‌ی پایه‌به‌رز! تۆ به‌درێژایی ژیانت گۆشتی مه‌ڕ و گات زۆر خواردووه‌ و قه‌تیش تێر نه‌بووی. به‌ خواردنی گۆشتی منی چكۆله‌ و ڕێزه‌ڵه‌ش تێر ناخۆیت. ئه‌گه‌ر ئازادم بكه‌ی، سێ ئامۆژگاریی به‌نرخت ده‌كه‌م تا به‌ كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری بگه‌ی.
ئامۆژگاریی یه‌كه‌مت له‌نێو ده‌سته‌كانتدا پێده‌ڵێم. ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌ڵام بكه‌ی، ئامۆژگاریی دووه‌مت كاتێ پێده‌ڵێم كه‌ له‌ بان سه‌ربانه‌كه‌ت بنیشمه‌وه‌. ئامۆژگاریی سێیه‌میش كاتێ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دره‌خته‌ هه‌ڵنیشم. كابرا قه‌بووڵی كرد. باڵنده‌كه‌ وتی:
ئامۆژگاریی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌: باوه‌ڕ به‌ قسه‌ی مه‌حاڵی هیچ كه‌سێك مه‌كه.
پیاوه‌كه‌ ده‌م و ده‌ست ئازادی كرد. باڵنده‌كه‌ له‌ بان سه‌ربانه‌كه‌ نیشته‌وه...
وتی ئامۆژگاریی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه‌: هه‌رگیز غه‌می ڕابردوو مه‌خۆ. خه‌فه‌ت بۆ شتێ مه‌خۆ كه‌ له‌ ده‌ستت داوه.
باڵنده‌كه‌ هه‌ڵفڕی بۆ سه‌ر لقی دره‌خته‌كه‌ و وتی: ئه‌ی پایه‌به‌رز! مروارییه‌كی گرانبه‌ها له‌نێو زگمدا هه‌یه‌ به‌ كێشی ده‌ درهه‌م. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌بووه‌ نسیب و ڕۆزیی تۆ و مناڵه‌كانت. ئه‌گینا پێی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌خته‌وه‌ر ده‌بووی.
كابرای ڕاوچی به‌ بیستنی ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو و ده‌ستی به‌ بانگ و سه‌ڵا (شین و زاری) كرد. باڵنده‌كه‌ به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ پێی وت: مه‌گه‌ر ئامۆژگاریم نه‌كردی كه‌ خه‌م بۆ ڕابردوو نه‌خۆی؟ له‌ ئامۆژگارییه‌كه‌م نه‌گه‌شتی یان كه‌ڕی؟ ئامۆژگاریی دووه‌م ئه‌وه‌ بوو كه‌ باوه‌ڕ به‌ قسه‌ی مه‌حاڵ نه‌كه‌ی هه‌ی ساویلكه‌ی گه‌مژه‌. كێشی من له‌ سێ درهه‌م زیاتر نییه، چۆن ده‌كرێ كه‌ مروارییه‌كی ده‌ درهه‌می له‌نێو زگمدا بێت؟
پیاوه‌كه‌ هاته‌وه‌ سه‌ر خۆی و وتی ئه‌ی باڵنده‌ی ژیر، ئامۆژگارییه‌كانت زۆر به‌قیمه‌تن. ئامۆژگاریی سێیه‌مم پێ بڵێ.
باڵنده‌كه‌ وتی: مه‌گه‌ر ئه‌و دوو ئامۆژگارییه‌كه‌ت له‌ گوێ گرت تا هی سێیه‌میشت پێ بڵێم؟
ئامۆژگاری كردنی بنیاده‌می نه‌فامی خه‌واڵوو وه‌كو تۆم وه‌شاندن وایه‌ له‌ زه‌وییه‌كی شۆره‌كاتدا...!
به‌شێك له‌و شیعرانه‌ی له‌ دیوانه‌كه‌ی مه‌ولانا كراوه‌ به‌ كوردی
دەمەوێت خێرا تر لەباڵندە بۆلای تۆ بفڕم
.
من دۆستەکانم نە بەدڵ خۆش ئەوێ نە بەعەقڵ
ئاخر ئەگونجێ دڵ بوەستێ ، عه‌قڵ لەبیری بکا
من دۆستانم بەڕۆ‌ح خۆش دەوێ
ئەو نەدەوەستێ ، نە لەبیر دەکا ...
.
لەوەسفی پيغمه مبه ر محمد سل الله عليه وسلم
ئه‌گه‌ر پێیه‌ک به‌سه‌ر خاکا بنێی و بڕوات، له‌ شوێن پێی ئه‌و
هه‌تا ڕۆژی حه‌شر له‌و خاکه‌ بۆنی خۆشی گولزار دێت.
.
لەژیـانێکـدا کـە وەک هـەناسەیـەک کـورتــە
پــلان بـۆ هـیچ شـتـێـک دامـەنـێ جگە لە عـــیشـــق!
.
وتم ، کەتۆم ناسی ئـەو كاتە دەڕۆم و ده‌مرم
وتی ، کەمنت ناسی ئیتر مردن بوونی نامێنێت
.
داخی تۆ جگه‌ له‌ ناو ئه‌م دڵه‌ جێگه‌یه‌کی تری نییه‌ !
.
هه‌زار ساڵ دوای مردنم شیعره‌کانم ده‌بنه‌ وته‌ی سه‌رزاران
هه‌روه‌کو جوانی یوسف
کاتێک ده‌مرم بۆ گۆڕه‌کام مه‌گه‌ڕێن له‌سه‌ر زه‌وی
ته‌نها و ته‌نها له‌ ناو دڵه‌کاندا بۆم بگه‌ڕێن
.
خۆش به‌حاڵی ئه‌وه‌ى نه‌فسى كرد به‌ئه‌سير
به‌دبه‌ حاڵى ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌فسى كرد به‌ئه‌مير
.
ببه‌ با خاک
با گوڵی ره‌نگاڵه‌ت له‌سه‌ر بڕوێ
.
خاك به‌ ،هه‌تا گوڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌سه‌رت بڕوێت !
.
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو جیهان گه‌ڕاوییت مادام بۆ ئه‌و نه‌گه‌ڕاوییت بۆتۆ پێویسته‌ جارێکی دیکه‌ ده‌ست بکه‌یته‌وه‌ به‌گه‌ڕان
.
گەر تۆ یاری من نەبیت دەی ئەم دوونیایە هیچ مانایەکی نیە بۆ من
.
ئـەی یــار...!!!
هــەمــوو شــەوێک خـانـەی وێـرانــەم
بـەنـاو هـێنـانـی تـۆ رونــاک و ئـاوەدان ئــەکــەمــەوە.
.
وەکــو ئـادەم وەرە جەنـنــەت بکـە تـۆبـە
بەر و مـندالی گـشت ئادەم رەهاکـە
لە شــەوقی عەشـقـی یـۆسـف گەر بڕیت دەسـت
شـەوق بــگرە و خـەمـی مەلهـەم ڕەهــاکە
خەمـۆش لــەوچەشــنە گــوفـتـار و قـسـانـە
قــسـە وێـژی خــودا ئەعـلەم ڕەهـاکــە
کەدەرکەو شـەوقی شەمسـەددینـی تەورێز
جـەهــانـی تەنـگ و تـار ڕەهــا کــە
.
پێویستە فێری هونەری تینوێتی بیە
نەوەک هونەری ئاو خواردنەوە
.
ده نـێـوئــالقـه دا بــه ڕواڵــه ت تــۆ ده واری مــنی...
بـه لا م كـه بــڕوانــم بـــاش مــن ده واری تــــۆم..!
.
ئاوی ده سـت نویژمـه فرمیـسـك گـرو ئاگریـنه نویـژم
ده ری مـزگـه وتـئ ده سـوتئ كـه بگـا ده نـگی ئـه زانـیـك
تـۆ بلیـی كـه ئاخـۆ مه سـتان راسـته ئه ونویــژەی كـه ئه یـكـه ن؟
كـه چ نازانـن زه مانـیـك كه چ ناناســن مـه كـا نـیك

.
خۆشـترین جێگە ئەو جێگەیەیـەکە مەعـشـوقی لێــیە
ئەگەر چالێـکی قوڵیــش بێــت
.
لەژیـانێکـدا کـەوەک هـەناسەیـەک کـورتــە
پــلان بـۆ هـیچ شـتـێـک دامـەنـێ جگە لە عـــیشـــق
.
ئەو کـــــەلە چــــاوی مندایە دەی من سەیری کوێ بکەم
ئەو کە شاری دڵمی گرتووە دەی من بۆ کوێ سەفەر بکەم
.
لەھەر ساتَیکا عاشقان مردنَیکیان ھەیە
مردنی عاشقان یەک جۆر نییە

ئه‌سته‌م ترین شت له‌لام نوسینه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تی یه‌ مه‌زنانه‌ به‌ڵام چی بكه‌م ئه‌م پێنوسه‌ی من زۆر ناوه‌ستێت ،نوسین له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه‌ نه‌ كۆتایی دێت نه‌ باسیشی ده‌كرێت با ئیتر ئه‌وه‌نده‌ كۆتایی بێت
سه‌رچاوه‌كان
1- كتێبی مه‌ولاتای رۆمی كوردی
2- كۆمه‌ڵێك سایتی فارسی
3- كۆمه‌ڵێك سایت و نوسینی كوردی
4- تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ كوردی و فارسی یه‌كان
5- ویكیپیدیا

نوسین و ئاماده‌كردنی : لقمان حمد
www.fb.com/luqman4it



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە