کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆیندنەوەیەكی بێ بەزیییانە بۆ تیرۆركردنی قەزافی

Wednesday, 26/10/2011, 12:00


قەزافی نە شەیتانێكی شاخدار بوو. نە فریشتەیەكی خاوەن دووباڵی سپی بێگەرد.
مرۆڤێكی ئاسایی، لە هەمانکاتیشدا نائاسایی بوو. ئاسایی بوو، چونكە جەستەیەكی پێکهاتبوو لە گۆشت، سروشت ناوی لێنابوو مرۆڤ. نا ئاساییش، چونكە سەرۆكی ووڵاتێك بوو، وەك گشت ووڵاتانی جیهانی پڕیمتیفی ئیسلامی. لە كۆمەڵێک یاسا و ریسای سیاسیی سەردەمی خۆی ڕاچڵەکاند و سیاسییەكی ڕادیكاڵی بێ تاكتیكی سیاسیی بوو. ڕادیكاڵ بوو لە پێناو بڕوای سیاسیی خۆیدا. هەڵەی قەزافی بەزمانێک ڕاڤەی لە سەرسیاسەت دەكرد، دوور لە ئاخفتنی سیاسیی، ئاخافتنی ئەو ئاخافتنی وەک پێاویكی رۆحی (خێڵەكی) كەلتوری عەرەبی بوو. لە سیاسەتدا تاكتیك ڕۆڵێكی زۆر گرنگ دەبینێت (ئەوروپییەكان لەم بوارەدا زۆر لێهاتوون) نێوان قەزافی گەنج و قەزافی پیر، دوو كەسایەتی جودان لە یەکتر. سەردەمی دەركەوتنی قەزافی سەردەمی شەری سارد بوو. سەردەمی شۆرشی گەرمی جیهانی سیهەمی چەوساوەكان بوو.
ئەو سیستەمی پاشایەتی ڕمان، دەرفەت و بۆاری زۆر ڕەخسان. ڕاستگۆبوو كە دەیویست هەموو گەل و نەتەوەیەك خاوەنی بڕیاری خۆی بێ. دەویست ئیمپریالیزمی جیهانی بە ئارەزووی خۆی گەمە بە چارەنووسی گەلانی عەرەبی و میللەتانی جیهانی سیهەم نەكات. ئەوەی ئیستا دەخوێنرێتەوە هی سەردەمی پیرێتیەتی نەك سەردەمی لاوی. هەڵەی قەزافی بڕوای بە پیربوونی هزر نەبوو، ئەو پێی وابوو بەئاوزانی ساڵانی گەرمی شەری سارد زۆران لە تەك جیهانی سیاسیی سەردەم دەگیرێت، ئەو بەگەنجیتی سیستەمی پاشایەتی نەهێشت، لێ بە پیریتی خەوی بەپاشایەتی گشت كیشوەری ئەفریقاوە دەبینی. هەڵەی ئەو لەگەڵ گشت پاشا وسەرۆكەكانی دونیای پریمتیفی ئیسلامی، کە گۆێ لەدەروەی بەرژەوەندی خیزانەكەیان ناگرن.
تیرۆركردنی سیاسیی بەشەیكە لەمیژووی سیاسیی كۆمەڵەكانی جیهان. خویندنەوەی تیرۆری سیاسیی بەدوو شیوە دەكرێت:
1. خویندنەوەی خاوەن بەرژەوەندیی پرۆژەی تیرۆر.
2. خویندنەوەی چاودیری دەرەوەی پرۆژەی تیرۆر.
ئەوی ئیستا لە میدیاكانی جیهاندا بەتایبەتی میدیای بازاڕی سەرمایەداریی (ناتۆ) دەنووسرێت و دەخوێندرێتەوە، دوورە لە راستی چیرۆكی مرۆڤە درندەكانە، كە لەپیناوی گەیشتن بەئامانەجاكانیان شەیتان دەكەن بەفریشتە و فریشتەش بە شەیتان دەکەن. ئەمە سیستەمی ئەو كەلتورە سیاسییەیە، كە ئیمپریالیزمی دروستكرد، ئەوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئامادەن هەموو پێشێلکارییەك بەرمابەر بە مرۆڤایەتیی بكەن. میدیای عەرەبیش كە گۆرەپانی رووداوی بەهاری عەرەبین، وەك پێوست لۆژیكانە و جەربەزانە راڤە لەسەر رووداوەكان ناكەن، تەنیا گۆیزانەوەی وێنە و هەواڵە، بڵاوی دەکەنەوە. قەزافی وهاوشێوەكانی پێش قەزافییش ئەوانەی دوای قەزافیش دێن، یەك بنەمایان هەیە. ئەویش قوربانییدانە لە پیناوی بەرژەوەندی زلهیزەكاندا. ناشیرترین ولاوازترین میدیا ئەو میدیایەیە، كە تەنیا لە دەمی میدیاكانی ترەوە هەواڵەكان بڵاوبكاتەوە و بڕوای بە پروپاگەندەی میدیا و خاوەن بەرژەوەندییەكان هەبێت. ئەوەی بەم شیوەیە كاربكات با لە كیشوەری خاوەن بەرژەوەنیەكانیشەوە دووربێت، ئەمانیش خزمەت بە ئیستراتجی خاوەن بەرژەوەندكان دەكات. ئەوەی بڕوای وابێ (ساركۆزین) لەپیناوی ئاشتی و دیموكراتی لیبیادا ئەم كارەی كرد، باشتر وایە ڕاڤە لەمەڕ سیاسەت نەكات. ئەگەر هۆی بەكارهینانی هیزی (ناتۆ) لەپیناوی رووخاندنی رژێمێكدا بێت، كە مرۆڤەكانی نێوسنوری ئەو نیشتمانە لە دیكتاتۆر و چەوسانەوە رزگار بكەن. ئەی بۆ ووڵاتانی ناتۆی ئاوڕێك لە (نەگبەتی كوردی باكوور) نادەنەوە، بە توركیای هاوپەیمانیان ناڵێن تۆ لە وەک ئێمە خاوەن كەلتوری دیموكراتی و ئازادیی مرۆڤ نیت. توركیای ناتۆ، كورد وەكو ئاژەڵ دەبینێت، لەسەردانی (نجم الدین ئەربەكان) سەرۆك وەزیرانی كۆچكردوی توركیا بۆ لیبیا.قەزافی پێی وت: (ئێوە یەكەم دەوڵەتی ئیسلامین كە بڕواتان بە ئیسرائیل هێنا، كەچی كورد نەتەوەیەكی موسلمانە وخزمەتی دینی ئیسلامی زۆركردووە مافی قسەكردنتان بە كوردی لێ قەدەغەكردون). قەزافی یەكەم سەرۆكی ووڵاتیكی بوو لەمەڕ گرتنەكەی ئۆجەلان هاتە قسە.


تاوانەكانی توركیا ئەندامی ناتۆ

من شەرمەزار نییم، بۆ ئەو هەڵوێستە جوانەی قەزافی، کە نامەیەكی سوپاسئامێزم بۆ نووسی. راستە سەرۆكانی عەرەب گشتیان پاشكۆی زلهیزەكان و دیكتاتوری ووڵاتی خۆیانن، لێ زەمینەخۆشكردن بۆ كۆلۆنیالیكردنی ووڵات لە لایەن هاووڵاتیانەوە خیانەتێكی گەورەیە.
خیانەتی گەورەی كورد لە 2003 بوون بەملیشای بەرژەوەندی ئەمەریكا و بەریتانیا. تا 2003 كەركوك وسلیمانی دانیان بەدەستوری عیراقدا نەنابوو، دوای 2003 هەموو باشور بە چاوشۆڕییەوە دەنگیان بە كۆلۆنیالیكردنی باشوری كوردستاندا نا، ئەمەریكا نەهات عیراقیەكان لە (یەك) دكتاتۆر کە(سەدام)بوو، ئازاد بكات. ئەو هات سامانی چەند ووڵاتێك بە تاڵانی مسۆگەر بكات. ئەنجامی پرۆژەی ئەمەریكی نەك (یەك) دكتاتۆربوو، ئیستا لە باشوری كوردستاندا، جگە جەلال و مەسعود هەزارەها سەرۆك خیڵ دروستبووە (سەرۆك خیڵ) دكتاتۆری خیڵە. خێڵیش بەشیكە لە پیكهاتەی گەلیك. ئەگەر جاران تەنیا بەعسییەكان دز و دیكتاتۆر بوون، ئیستا هەموو ریكخراوە سیاسیی و مەزهەبیەكان دز و ناپاک و دكتاتۆرن.
لە نیوان عیراقی 2003 و لیبیای 2011 لێكچوونێكی پتەوە هەیە. پیكهاتەی كۆمەڵایەتی هەردوو ووڵات لە یەكەوە نزیكن كۆمەڵگای نیمچە فودیال و خیڵەكین. هەردوو ووڵات سامانی پیترۆلی خوینی جەستەیانە, هەردوو ووڵات لەلایەن دوو خیزان و دوو سەركردەی سەركیشی عەرەبیەوە بەڕێوە دەبرا. ئۆپۆزیسوینی هەردوو ووڵات لە قوتابخانەی سیخوری بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكاندا لەدایك بوون. چۆن عیراقی دوای سەدام داماو بوو. لیبیای دوای قەزافیش بەهەمان شێوەیە داماو دەبێ، كۆمەڵگای لیبی لە ئیستا زیاتر و خراپتر هەڵدەوشێت. بەداخەوە كەمترین تۆژینەوە لە مەر هێرشی (ناتۆ) بۆ لیبیا كراووە.هۆكەشی پسپۆرانی بۆاری سیاسیی یان دەبەنگن یان گەرەكیان نییە راستییەكان ئاشكرا بكەن.جیاوازییەكی زۆر لەنیوان (راپەرینی تونس و میسر) لە تەك لیبیادا هەیە.

ئەزیزم چاوەڕێی ڕەشەبا مەكە نامەیەكی ئارامت بۆ بهێنێ *2
ساڵی 1953 ئیران..1954 گۆاتیمالا..1964 بەرازیلیا...1973 شیلی
ئەم حكومەتانە بەشێوەیەكی دیموكراتی لەلایەن هاوووڵاتیانەوە هەڵبژێدران.ئەمەریكا گشتیانی لەناوبرد.
ئەو یاسا و بەرژەوندی و فاكتەری عومەر موختاری هەڵواسی.هەمان هێز و فاكتەرە، كە قەزافی تیرۆر كرد.عومەر موختار شانازی خەباتی سەختی لیبیاكانە، كاتی خوی لە میدیای ئیتالیادا بە تاوانبار و چەتە و مرۆڤكوژ ناودەبرا.
(برلسكونی) سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا سەردانێكی لیبیای كرد. لەو كۆشكەی كە سزای مەرگیان بە سەرعومەر موختاردا دا بەنیازی لیبوردن میوانداری كوڕەكەی عومەر مختاری كرد.


كوڕەكەی عومەر مختار

. ئەم بەریزەی کە وێنەکەی دەبینیت، ئامادە نەوبوو (برلسوكنی) ببینی.
عومەر موختار تەمەنی 72 ساڵ بوو ساڵی 1913شۆرشیی كرد ,لە16-09-1931 هەڵیانواسی.ئەو مرۆڤە مەزنە لە میدیای ئیتالیا ناوی وەک چەتە و مرۆڤكوژ دەهات.


عومەر موختار زیندانی دەستی كۆلۆنیالیستی ئیتالیا



قەزافی 20-10-2011 كوژراوی دەستی فەڕەنسا


ژیان لە كۆتای میژوویەكی كۆنەوە دەستپیدەكات
عیراق 1958
(عبدالكریم قاسم) پاكترین سەرۆكی عیراق بووە. بۆ ناشیرنكردنی چەندەها نازناویان لێنا. لەترسی ئەوەی قاسم گێڕیی سیاسی بەرەو مۆسكۆ نەجوڵینی ئەمەریكا هەوڵیدا بەهوی زەهراویكردنی (دەستەسڕەكەیەوە بەمادەی برۆسیلۆز) تیرۆری بكات. 1963 بەریتانیا بەهوی چەند ئەفسەرێكەوە كودەتایەكیان بەسەردا كرد و كوشتیان. قاسم دكتاتۆرێكی شاخداربوو.دوای 48 ساڵ میژووی دەخوێنرێتەوە . ئەو سەرۆك كۆمارە ژوورێكی نەبوو تێیدا بخەوێت لە (بیرۆكەکەی خۆی) نووستوە. لە كەبابخانەیەكی ئاسایی ژەمی خواردنەكانی بۆهاتووە. دوای قاسم دكتاتۆرێك و فاشیەكی وەك سەدام دروستبوو. دوای سەدامیش هەزارەها دكتاتۆر لە كوردستان پەیدا بوون و سامان وئایندەی چەند نەوەیەكیان تاڵانكرد.


عبدالكریم قاسم لە شوێنی کارەکەی نووستوە

ئیران 19-08-1953 ئۆپڕاسیون(Ajax)
(محمد موسەدەق) یەكیك بوو لەپاكترین نیشتمانپەروەرانی ئێران. ئەمەریكا لە رێگەی ژەنەرالێكی ئەمەریكی (شفارتس كۆڤ)+ بەهێزی پارە و پرۆپاگەندە توانی شەقام و بازاڕی تاران دژی (موحەمەد موسەدەق) هاندا و 60000 كەس دژی موسەدەق هاتنە سەر شەقام 300 كەس لە هەوادارانی موسەدەق كوژران.2000 كەس زیندانی كران.

شیلی 1973
(سلفادۆرئەلیندە) سەرۆكی پارتی سوسیالیستی شیلی ساڵی 1971 لە رێگەی دەنگدان و هابژاردنێكی بێ غەش وەك سەرۆكی شیلی هەڵبژدرا، لێ چونكە بەرنامەیەكی سوسالیستی پێبوو. سەرۆكی ئەمەریكی (ریشارد نیكسۆن) سەرۆكی كۆمپانیا (پیپسی كۆلا) (دۆنالدكەنداڵ) بەهێزی پارە و پروپاگەندە لە11 - سیپتیمبەر1973 كوشتیان.دەسەڵاتێكی پیس جیگەی گرتەوە. دوای 25 ساڵ بەسەر ئەم كودەتایەدا سەرۆكی ئەمەریكی كیلنتۆن دۆسیەی ئەو كودەتای ئازادكرد. *3
قەزافی دیكتاتۆری عەرەب دەڵێت: (پیویستە كورد دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت).
تاڵەبانی دیكتاتۆری كورد جێگری سكرتێرێ سوسیال دیموكراتی جیهان. سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی و سەرۆكی عیراق دەڵێت: (دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانەیە).
ئیستا جیاوازی لەنیوان قەزافی دیكتاتۆر و تاڵەبانی ئیفلیج سوسیال دیموكرات لە بازاری پیتروڵدا (تاڵەبانی فریشتەیەكی هێندە ناسك و گەنجە هیشتا دانی شیری نەكەوتووە) تاڵەبانی و بارزانی بۆ دزەكانی جیهان دوو فریشتەن. وەك چاوی خۆیان دەیپارێزن. ئەم دوانە بۆ كوردیش دوو جانەوەری خۆینمژن.
باشترە كوردستانپۆست خۆی لەو كەناڵانە جیابکاتەوە، كە لە رووداوەکەی لیبیادا پروپاگەندە بۆ داگیركردنی نیشتمانیك بەناوی ئازادییەوە دەكەن، کوردستانپۆست هەمیشە دەبێت دەنگی لە دەنگی میدیا ناڕەسەنەكان جوودا بکاتەوە.خویندنەوەی تایبەتی بۆ بكات. ئەندامانی (دیوەخانی كاتی) لیبیا هەریەكەیان تاوانبارن بە خیانەتكردن بە نیشتمانەکەیان. پاش چەند ساڵێك ئەو راستییە دەزانرێ، کە چ هێزێک لە پشت هێرشی ناتۆوە بوو بۆ سەر لیبیا.

کۆتایی ئەم نووسینەم بەو چەند دێڕە دەهێنم، کە لە رۆمانی (کچم خوا گەورەیە) نووسیومە:
(خەڵكی وەك كڵۆبەفر لە دەوری ڕووناكییەكی كزیی سیاسیی سەما دەكەن نازانن كە ترازانە سەر زەوی لۆژیك، لە ئاژاوەی سیاسیی كۆمەڵگایەكی بێ پڕێنسیب چیان بە سەردێ؟ ئەنجام وەك دڵۆپە ئاو لە سەرمای چاوەڕوانیی كار و برسێتیدا دەبنە  بەرگێكی سەهۆڵاویی و سنگی كۆمەڵ دادەپۆشن. كە ڕۆژی دیكتاتۆر و گەندەڵی هەڵدێت، هیواكان دەتوێنەوە. دڵۆپ .. دڵۆپ بەناخی زەوییەكی تاریكدا دەچن و ڕووناكی نابیننن).

1* بەهاری عەرەبی. پایزی كوردی و ئیمپرێالیزمی مۆدیڕن.توژینەوەیەكی سیاسیە تایبەت بە كوردستانپۆست.

2* پڕۆژەی حەزە وردییلەییەكان

3* - Der Krieg im Dunkeln----Die wahre Macht der GeheimdiensteUdo Ulfkotte

4* شفارتس كۆڤ باوكی ژەنەڕاڵ نۆڕمان شفارتس كۆڤ كە لەساڵی 1991 سوپاسالاری ئەمەریكی بۆ هیرشی سەر عیراق و دەركردیان لەكۆێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە