نەنگی و شەرمەزاری بۆ هەڵمەتی هەوایی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر کوردستان
Sunday, 28/08/2011, 12:00
فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لەم ڕۆژانەدا بەردەوام خەریکی بۆردومانکردنی سنورەکانی کوردستانی عێراق-تورکیان، بە تایبەت ناوچەکانی دەوروبەری چیای قەندیل، بە بیانوی لێدان لە بنەکە چەکدارەکانی "پ.ك.ك PKK". لەم بۆردومانانەدا گوند نشینانی ئەو ناوچانە جگە لەوەی کە زەروزیانێکی زۆری ماڵیان پێگەیشتوە و ئاوارە بوون، چەندین کەسیش بوونەتە قوربانی. ئەم هەڵمەتە هەواییەی ڕژێمی تورکیا بەدوای تۆپبارانی ئەو ناوچانە لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامیەوە دێت، کە ئەویش لە چەند مانگی ڕابردودا بەردەوام ئەو ناوچانەی داوەتە بەر تۆپباران بە بیانوی لێدان لە چەکدارەکانی "پژاك PJK"، و بە هەمان شێوە جگە لە زەروزیانی ماڵی و ژینگەیی، گوند نیشنانیش ئاوارەبوون و چەندیش کەسیش بونەتە قوربانی.
ئەم دەستدرێژیانەی هەردوو ڕژێمی جمهوری ئیسلامی و تورکیا لەژێر بیانوی دژایەتی کردن و بنەبڕکردنی ترۆردایە. بەڵام بەجیا لەوەی کە خودی ئەو هەڵمەتە سەربازیانەی ئەوان ترۆری دەوڵەتیە کە لە لایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەچێت، هۆکاری ئەسڵی سەرهەڵدان و بەردەوامی توندوتوژی و تیرۆر لەناوچەکەدا، ناسیونالیسزمی عەزەمەت تەڵەبی ئێرانی و ناسیونالیزمی فاشیستی تورکیایە. هەردوو ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژێمی "ئـ.ك.پ AKP"ی ئیسلامی لیبڕاڵ لە تورکیا میراتگر و ئامڕازی جێبەجێکەری ناسیونالیزمێکی فاشیستی و عەزەمەت تەڵەبن لە پەیوەند بە چارەسەری کێشەی کوردەوە لەو دوو وڵاتەدا. گرتنەبەری ڕێگەی سەرکوتی سەربازیانە و ئەمنی لەلایەن ئەو دوو ڕژێمەوە بۆ دامرکاندنەوەی هەر ناڕەزایەتیەك و خواستێکی دیموکراتیکی نەتەوەیی و فەرهەنگی لە هەرێمە کورد نشینەکانی "هەرێمی کوردستانی" ئەو دوو وڵاتەدا، سەرچاوەی توندوتیژی و ترۆر و نائارامی ناوچەکەیە.
حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی کوردستانیش کە بێ بەزەییانە کەوتنە سەرکوتی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی بەهاری ئەمساڵ، لەبەرامبەر تۆپباران و هەڵمەتی هەوایی، لەبەرامبەر ئاوارەیی و کوژرانی هاووڵاتیانی کوردستانی عێراقدا، هەڵوێستێکی شەرمنانە و دوو ڕوویان ڕاگەیاندوە، و شانی خۆیان لەژێر بەرپرسیارەتی بەرگری لە سنورەکان و لە ماڵ و گیانی هاوڵاتیان کێشاوەتەدەرەوە.
هاوڕای تۆپبارانی ڕژێمی ئێران و هەڵمەتی هەوایی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر ناوچە سەرسنوریەکان، هاووڵاتیانی گەرەکە کوردنیشینەکانی شاروشارۆچکەکانی جەلەولا و سەعدیە و دەوروبەریان لەترسی هەڕەشە و پەلاماری شۆفێنیستانی ناسیونالیستی عەرەب ئاوارە و دەربەدەر دەبن. تەواوی ئەم دیاردانە دەرخەری مەسەلەیەکی جەوهەریە کە دابینبوونی ئاشتی و ئاسایش لەم گۆشەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا لەلایەنێکیدا بەستراوەتەوە بە چارەسەرێکی دیموکراتیانەی کێشەی کورد لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا، دور لە دەستبردن بۆ زەبروزەنگ و سەرکوت. بەڵام ئەوە چاوەڕوانیەك نیە لە ڕژێمەکانی داردەستی ناسیونالیزمی عەزەمەت تەڵەبی ئێرانی، فاشیستی تورکیا و شۆفێنیەتی ناسیونالیستی عەرەب بکرێت. هەروەها چاوەڕوانیەك نیە نە لە ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی ناسیونالیستی کورد وە نە لە سەوداو مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق لەگەڵ ئەو ڕژێمانە. ئەم چاوەڕوانی و ڕێگەچارەیە ئاکامی پەرەسەندن و هێزگرتنی بزوتنەوەی ئازادیخوازانە و سۆشیالیستانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و بەستنەوەیەتی بە بزوتنەوەی سۆشیالیستی و ئازادیخوازانەی کرێکارانی سەراسەری ئەو وڵاتانەوە.
ئێمە وێڕای سەرکۆنەکردن و تاوانبارکردنی ئەو دەستدرێژیانە؛ لە تۆپباران و هەڵمەتی هەوایی، لە لێکەوتنی زەرەروزیانی ماڵی و ژینگەیی، کوشتن و دەربەدەری دانیشتوانی ئەو ناوچانانە، کە ئەم ڕژێمانە بەرپرسن لە قەرەبووکردنەوەی هەموو زەرەروزیانێکی مادی و ڕوحی خەڵکی ئەو دەڤەرانە، ڕاشیدەگەێنین کە ئەرکی حکومەتی هەرێمە دەستبەجێ ئیمکاناتی پێویست بۆ ئەو ناوچانە دابین بکات. جەماوەری ئازادیخواز چ لە تاروگە و وڵاتانی دەرەوە، وە چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا مافی خۆیانە پەنابەرنە بەر سەرشەقامەکان و خۆپێشاندان بکەن بۆ ڕیسواکردنی هەڵوێستی دوو ڕووانە و نابەرپرسانەی دەسەڵاتداران و حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کونسولخانە و سەفارەتەکانی هەردوو ڕژێمی تورکیا و ئێران، وە خوازیاری داخستنی ئەو بنکە و مەڵبەندانەی سەربەو دوو دەوڵەتە بن لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا.
www.rewend.info
کۆتایی ئابی 2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست