کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تێکۆشان بۆ کێ و لە پێناوی چیدا؟

Friday, 02/01/2015, 12:00


ئەمە پرسیارێکە وەک گەڕیدەیەکی ونبوو لە نێو جەنگەڵستانی لۆژیک و لێکدانەوەی هزری کۆمەڵگای کوردی هەمیشە لە مێشکی مندا دەخولێتەوە! پاش چارەکە سەدەیک تەمەن لە تێڕامان، لێکدانەوە، شیکارو بەدواداچوون هەتا ئێستا بێ ئەوەی بگەمە ئاکام و دەرەنجامێکی یەکلاکەرەوە، ڕۆشناییەک تەنها ئەوەندەی لە ئاستی توانا و لێوەشاوەیی خۆم ڕاببینم کە ئایا شایستەی ئەو ئەرکەم یان بڤەیە خۆمی لە قەرە بدەم، ڕانەگەیشتووم؛ دەزانم من دیموکراسیانە ماف دەدەم بە ڕای تۆ، بەڵام تۆ دیکتاتۆرانە بڕیار بەسەر مندا دەدەیت؛ ئەو دیکتاتۆریەتەی تۆ لە بڕیارداندا هەتە بەتەنها تاوانی خۆت نیە، دەبێت بڵێین کۆمەڵگا وای فێرکردووین، ئێمە لە ناو میللەت و نەتەوەیکدا ژیاین و پەروەردە بووین زۆربەی شتەکان عەیبە و شورەیی بوو، زۆربەی ئەو شتانەی مافی گشتین و موڵکی کەسانێکی دیاریکراو نین تەنها مافی کەمینەیەک بوون خۆیانی لێوە هەڵقورتێنن و ئەسپی تیادا تاو بدەن، هەربۆیە شتەکان ئەگەرچی ناهەستیاریش بن لەتوانای زۆربەی خەڵکیدا هەبن، بوونەتە ناسنامەی کۆمەڵە کەسێک لە ئەوان بترازێت بۆ ئەمانی تر هێڵی سوورەو قەدەغەیە نابێت دەستی لێ بدرێت، هەر ئەم رووحیەتە دیکتاتۆریەیە چەقی بەستووە و گۆڕینی بە تاوان دەزانین!
ڕووحیەتی تاکخوازیی خۆپەرستی دەگونجێت لە کۆمەڵگایەکی یەکگرتوودا بوونی هەبێت لە بەرامبەر کۆمەڵگایەکی بێگانەدا، ئەوەی ئەستەمە بۆ گەیشتن بە ئامانج، بوونی ئەو ڕووحیەتەیە لە ناو تاکەکانی هەمان کۆمەڵگا دژ بە یەکتری، زۆرجار بەرگوێمان کەوتووە فڵان نەتەوە خۆپەرستن، فیسارەکان شۆڤێنین، زۆر دەگمەنە بیبیستیت فڵانە نەتەوەی خۆپەرست لەناو خۆشیاندا لەگەڵ یەکتری بە هەمان شێوەن؛ لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەی دەیبینیت پێچەوانەی ئەو شیکاریانەن لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هەزاران ساڵەی نەتەوەکانی تردا بۆ ئێستا و داهاتوو بەدیهاتوون؛ ئەنجامەکان دەیسەلمێنن کۆمەڵگای کوردی لە پرەنسیپی بە میللەت بووندا نامۆیە، یاخود لەو ڕێڕەوە سەرەکیەی دەبێت تیایدا پاڵاوتە بکرێت تا دەگاتە قۆناغەکانی بەر لە میللەت بوون، لایداوە؛ هۆکاری لادانەکە رەنگە بە نەبوونی هەل پاساوبدرێت یاخود نەبوونی چانسی گەیشتن بە دوا قۆناخ، نەبوونی هەل یا هۆکاری لەدەستدانی چانس بە لایانی سۆزداری و هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە (ویژدان) لە نێو سنگی ڕۆڵەکانیدا بە بیانوو دەهێنرێتەوە.
ویژدان چ کات و لەگەڵ کێ؟ ئەمە گرنگترین خاڵە ئەوکاتەی مرۆڤ ویستی وەک پرسیار ڕووبەڕوی خۆی بکاتەوە تا پاشتر دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ وەڵامەکەیدا بکات، ڕوونکردنەوەی تەواوی مەبەستەکە ڕەنگە وا ئاسان لە نووسینی پەڕەیەکدا دەرنەخرێت، تەنها ویستم بپرسم تێکۆشان بۆ کێ ؟ ناپرسم بۆچی! دەپرسم لە پێناوی چی دا ؟ ناپرسم چۆن!،...
نەتەوەیەک هێشتا لە قۆناغی بە پیرۆز کردنی بتەکاندا پەنگی خواردبێتەوە، وا بزانێت تەنها بە لات و مەنات و عوزا دەوترا بت، وا بزانێت هیچ شتێک بێجگە لەو بتانە شایستەی سوژدە بۆ بردن نیە و ئەگەر ئەوان نەبن لە برسا دەمرن و گورگەکانی دەوروبەر دەیانخۆن، نەتەوەیەک هێندە خۆیان بەگێل و بێدەسەڵات بزانن و پێیان وابێت جێگرو بەدیلی باشتر لەو بتانە نیە کە خۆیان دروستیان کردوون، نەتەوەیەک ئەوەندە بڕوای بە چارەنووس و قەدەر هەبێت و لێی بترسێت، بتێکی بێدەسەڵات و لە بەرد درووستبوو بە سیاسەتمەدارو لە هەمانکاتتدا سەرلەشکری سەربازیش بزانێت، بتەکان لە ماڵەوە دابنیشن و مرۆڤەکان خۆیان لە بەرەکانی جەنگدا بە کوشت بدەن لە پێناوی ڕزگاری جەستەی بێ هەستی بت و خاک و نیشتیماندا، پاشتر کە گەڕانەوە سوژدە بۆ بتەکانیان ببەن و پێیان وابێت ئەوان پاراستونیانن، نەتەوەیەک هەموو سەروەری و دەستکەوتەکانی خۆی لە چاوی بتەکانی بناسێت، نەتەوەیەک ... هتد، ئەوا من پێتان دەڵێم ئەو دەسەڵاتە کوردیەتان پێشکەش بێت بۆ هەمیشەو هەرکاتێ تووشی ئازار و مەترسی بوون تەنها هانا بۆ ئەوان ببەن، بەڕاستی ئێوە میللەتێکن شایستەی ئەو بتانەن ئەوانیش بتی چاکن، هەتا لەسەر ئەو لۆژیکە وەستابن پێویستتان بە تێکۆشانی ئێمەو مانان نیە.


سامی جەلال
١/١/٢٠١٤
ئەڵمانیا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە