کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت ناوی سەردەشت عوسمان بزڕێنن دەست لەم کردەوە نائینسانیەتان هەڵگرن!

Sunday, 06/01/2013, 12:00


کۆمه‌ڵه‌ دوێنێ شەممە ڕێکەوتی ٥-١-٢٠١٣ بۆ جاری چەندەمین خێزانی سەردەشت عوسمان ئاگادارکراونەتەوە کە پێویستە بەشداری شانۆگەری دادگاییکردنی کەسێک بکەن، کە گوایە لەگەڵ سەردەشت عوسمان سەر بە یەک گروپی تیرۆریستی بوون و پاش هەڵگەڕانەوەی سەردەشت ئەوی کوشتووە. ئەمە بۆ جاری چەندەمینە دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەوپەڕی بێ دەربەستی و بە دوور لە هەر چەشنە ڕێزێک بۆ شعور و هەستی خێزانی سەردەشت و تەواوی خەڵکی کوردستان، پێ لەسەر بەڕێوەبردنی نمایشێکی پوچ و بێ ناوەرۆک دادەگرێت. ئەم دەسەڵاتە بە بەکارهێنانی یاسا دەیەوێت ناڕاستیەکی ئاشکرا دەرخواردی عەقڵی کۆمەڵگا بدات، و سەردەشت لە قوربانیەکی سەرکوتەوە، لە قەڵەمێکی بوێر و ئازادیخوازەوە بکات بە تیرۆریست.
ئەوانەی لە پشت ئەم جۆرە کردەوانەوەن، بە مەبەستەوە دەیانەوێت تاوانێکی دڕندانە کە ئەنجامدراوە، پەردەپۆش بکەن. لەوەش زیاتر دەیانەوێت بە ئازادیخوازانی کوردستان بڵێن، ئەگەر مل نەوی نەکەن و ئەو نایەکسانی و ستەم و بێ مافیەی لە کوردستان هەیە قەبوڵ نەکەن، ئەگەر لە ئاست ژێرپێنانی کەرامەت و ئینسانیەتی خۆیاندا بێ دەنگ نەبن و بیربکەنەوە ڕێگای سەردەشت و سەردەشتەکان درێژە پێ بدەن، ئەوا نەک بە تەنها بە ڕۆژی ڕوناک دەیانڕفێنن، بێ سەروشوێنیان دەکەن، ئەشکەنجەیان دەدەن، گولـلە بە ناودەمیانەوە دەنێن و لاشەیان لەسەرە ڕیگا بە بێ نازی فڕێ دەدەن، بەڵکو لەپاش مەرگیشیان دەستبەرداری ناو و مێژویان نابن و سومعەیان لەکەدار دەکەن، خێزانەکانیشیان بە دڵی پڕ لە ژانەوە بۆ شانۆگەری لەکەدارکردنی ناوی کوڕەکەیان بانگ دەکەن. هیچ ستەمێک بە ئەندازەی ئەو ستەمە پڕ ئازار نیە کە ستەمکار بە قوربانی خۆی پێ دەکەنێت. دەسەڵات لە کوردستان کەی واز لە قاقای پێکەنین بە قوربانیەکانی دەهێنێت؟
ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە کە لە خوارەوە ناوی ڕێکخراو و کۆمەڵە و ناوەندەکانمان هاتووە، لە کاتێکدا کە بە هەموو توانامانەوە پشتگیری لە خێزانی سەردەشت دەکەین و لەم ڕۆژگارەدا کە بە دەستی ئەنقەست ئازار دەدرێن لە کەناریان دەوەستین، ئەم نمایشە ناشرینەی دەسەڵاتی هەولێر مەحکوم دەکەین. دەسەڵات بە درێژەدانی ئەم گاڵتەجاڕیە نەک هێندەی تر مەشروعیەتی خۆی دەباتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو دەزگای قەزایی کوردستانیش زیاتر و زیاتر دەکاتە دەزگایەکی ئیفلیج و بێ میسداقیەت.
کەیسی سەردەشت بە خۆڵ لەچاوکردن کۆتایی پێ نایەت. بە چاوبەست و چیرۆکی خەیاڵی و بێ بنەما ناپێچرێتەوە. تەنها ڕێگا بۆ بەدیهێنانی عەدالەت لەم کەیسەدا ناساندن و تەسلیمکردنی بکوژانی ڕاستەقینەی سەردەشت بە دادگایە. بۆ ئەمەش پێویستە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن بە بەشداری ڕیکخراوە مرۆڤدۆستە جیهانیەکان پێک بهێنرێت، کە لە لیژنەیەکی وادا ئامادەیی نوێنەری خێزانی سەردەشت عوسمانیش مانای دەبێت.
ئێمە بانگەوازی هەموو حزبەکانی کوردستان، هەموو ڕێکخراوەو ناوەندە داکۆکیکارەکان لە مافی مرۆڤ و ئازادی، سەرجەم ڕۆژنامەوانان، میدیاکاران، نوسەران و ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین کە لە ئاست ئەم کردەوە نائینسانیەی لەکەدارکردنی ناوی گیانبازی ڕێگای ئازادی، سەردەشت عوسمان بێ دەنگ نەبن.
سەردەشت ئەستێرەی ئاسمانی خەباتی ڕەوای ستەمکێشان و بێبەشانی کوردستانە و تا هەتایە دەدرەوشێتەوە. کەیسی سەردەشت عوسمان کەیسی هەموو ئازادیخوازانی کوردستانە و ئێمە دەستبەرداری نابین.

ناوی ڕێکخراو و ناوەندەکان:
1. گروپی ١٧ی شوبات لە ستۆکهۆڵم
2. ده‌سته‌ی پشتیوانی له‌ رۆژئاوای کوردستان - هه‌ولێر
3. تۆڕی بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی خەڵک سلێمانی
4. ناڤه‌ندا تێكوشان - دهوك
5. گۆڤاری باشور - دهۆک
6. ريكخراوى كه‌له‌بورى كوردى - به‌لجيكى به‌لجيكا
7. کۆمیتەی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی یۆتۆبۆری سوید
8. کۆمەڵەی ئەکادیمیەکانی کوردستان یۆتۆبۆری سوید
9. رێكخراوی سه‌وز - نه‌رویج
10. ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی هاوپشتی
11. كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ری هۆبه
12. كۆمه‌ڵه‌ی لاوانی كورد له‌ یۆتۆبۆری
13. ڕێكخراوی مه‌دوسا
14. شورای په‌نابه‌رانی عیراقی له‌ یۆتۆبۆری
15. ڕێكخراوی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ داكۆكی له‌ ئازادی
16. کەمپینی ئازادی بۆ کارزان کەریم
17. کۆمەڵەی گەرمیان یۆتۆبۆری سوید
18. کۆمەڵەی هونەرەجوانەکان یۆتۆبۆری سوید
19. کۆمەڵەی مەتین یۆتۆبۆری سوید
20. دەزگای ناسنامە
21. خانەی ئازادی هۆڵەندا -
22. ماڵپەڕی ئاگا پرێس
23. کۆمیتەی پشتگیری لە داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان یۆتۆبۆری سوید
24. کۆمەڵەی سکۆنە کورد مالمۆ
25. کۆمەڵەی کلتوری کوردستان یۆتۆبۆری سوید
26. ڕێکخراوی کاری شەفافیەت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی- کوردستان
27. کۆمەڵەی ژنانی کورد سوید

بۆ پەیوەندی
[email protected]
0046737038612

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە