ڕخنەگرتن لهزهکهریائاسانه، بەڵام بهخۆداچونهوهی نووسهرهکان گرانه...
Thursday, 30/04/2009, 12:00
زۆر جار گەر منداڵێك دەست بە نوزە نوز و لاساری بکات لای خۆمان دەڵێن گوێی پێ مەدە و ئیھمالی بکە تا خۆی ناچارە بێدەنگ دەبێ، ئەگینا لە خۆی دەردەچێ. بەڵام زۆر جار بە تایبەت لەم ڕۆژگارەی ئێستامان مرۆڤ نازانێ بێ دەنگی ھەڵبژێرێ یان نا!
مەبەستی من لەم نووسینە ئەوەیە کە چەند ڕۆژی ڕابردوو بابەتی جیا جیام خوێندەوە کە بوون بە مایەی سەرنج دانم و وایان لێ کردم کە منیش پێنووس بگرمە دەستم و بۆ چەند چرکەیەک وەک نووسەر ھەست بکەم.. ھەرچەند ئەو توانایەشم نیە من ھیچ کاتێک خۆم بە نووسەر بزانم و ڕێزی تایبەتم بۆ تەنانەت ووشەی "نووسەر" یش ھەیە.. بەڵام زۆر بە داخەوە کە ھەر کەسێک لە شوێنی خۆی ھەڵدەستێ و چەند دڵۆپە حوبرێك دەخاتە سەر کاغەزەوە و ناو لە خۆی دەنێ نووسەر. بەڵام گەر سەرنجی پێ بدەی لە ناوەرۆکی خۆی و ئەم بابەتەی کە بڵاوی دەکاتەوە هیچ شتێک نابینرێ لە قسە و ڕەخنەی پڕو پوچ و تەپڵ لێدان زیاتر !
لەم ماوە دەنگۆی جیا جیا و رەخنە و هەڕەشە لەسەر هونەرمەند زەکەریا بڵاو بۆوە بە تایبەت لەم چەند رۆژەی رابردوو.
جا بە هەر شێوەیەك بێ.. گوایە زەکەریا وازی لەکاری هونەری هێناوە، دوور کەوتۆتەوە، لەبەر بازرگانی و پڕۆژەکانی ئاگای لە هیچ نەماوە، نیوەی شاری کڕیوە و بە ناوی خۆی کردووە، ئەی هەواڵی ژن هێنان و جیا بونەوەکەی؟؟؟ نا.. شتێك ماوە! ئەویش گوایە درۆ دەکات و پەیوەندییەکی وا بەهێزی نیە لەگەڵ دایکی و ماڵەوەیان وەك چۆن خۆی لە چاوپێکەوتنەکانا باسی دەکات. خۆ کێ ناڵێ نەفرەتیشی لێ نەکراوە فەقیرەی؟ لە هەمووی خۆشتر کە گوایە زەکەریا وتوویەتی حەز دەکەم خاوەن فڕۆکەی خۆم بم..!
بەخوا عەیبە.. زۆر زۆر شەرمە بۆ ئەو (نووسەر)انەی کە حوبری پێنوسەکانیان بەم بابەتە پڕو پوچ و بێ مانایانە خەسار دەکەن. بەڕاستی بەزەییم بە ئێوە و بیر و بۆچوونەکانتان دێتەوە. کاتێک سەیری ھونەرمەندانی ووڵاتانی جیھان دەکەم زۆر بە سەر سوڕمانەوە لە خۆمان و بیر و بۆچونی ھەندێکمان دەڕوانم! لە وڵاتانی دەرەوەی کوردستان ھونەرمەند بۆی ھەیە بە ئارەزووی خۆی لە چاوپێکەوتنەکاندا باسی ھەموو شتی تایبەتی خۆی بکات، تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ کێ و چەند کەس ھەبووە تا ئێستا و بە ئاشکرایانە لەسەر زۆر بابەت دەدوێ کە بە ھیچ شێوەیەك جێگای باسکردن نیە و کەسیش ڕەخنە ناگرێ. بەڵام تێناگەم بۆ گەر ھونەرمەند زەکەریا چاو پێکەوتن نەکات ڕەخنەیە و خۆ بە گەورە زانینە، گەر دەشیکات ھەر ڕەخنەیە...
ئێ باشە چارە؟؟؟
تێناگەم بۆ لای ئێمە ڕەخنە لە سادەترین شت دەگیرێ؟
بۆ زەکەریاش بۆی نەبێ وەك ھەر تاکە کەسێک لە ئێمە خاوەن ئاوات و خەونی تایبەتی خۆی بێت و بژی وەك خۆی حەز دەکات؟ ئەی بۆ کەس باسی ئەوە ناکات کە تا ئێستا ھونەرمەند دەستی لە چەندین پیڕۆژەی پێشڤەچوون و ئاوەدان و جوانکاری ووڵات و شار ھەبووە؟ تێناگەم بۆ زەکەریا بۆتە گرێ لەسەر دڵی چەند کەسێک کە ژیانیان لێ تاڵ بووە. ڕەخنە لە ئاوازی زەکەریا دەگیرێ کاتێ کەسانی تر بە زمانی بیانی گۆرانی دەڵێن و ڕێچکەی ئەوانیان گرتۆتە بەر و ھونەرمەندانی بیانی وەك (شاکیرا و بیۆنسی) دەکەن بە نمونەی خۆیان.
خۆ ھیچ نەما باسی دایکی زەکەریاشیان کرد! من نازانم ئەم خەڵکە بێ کارە یا نەزانە کە مێشك و کاتی خۆی بەم جۆرە شتانە بە فیڕۆ دەبا! ئێ باشە زەکەریا پەیوەندی لەگەڵ دایکی ھەر چۆن بێ من بۆ ڕەخنە بگرم؟ چۆن بتوانم ڕەخنە بگرم و باسی بابەتێک بیکەم کە دڵی دایکێی پێ بڕەنجێنیم؟ خۆ نەك لەبەر دایکی زەکەریا بەڵام ھەر لەبەر سۆزی ووشەی دایك چۆن دەستم دەگرێ پێنووس لەدەست بگرم و بنووسم؟ گەر یەکێك لە خۆی ڕانەبینێت و ھەستێکی قوڵی لە دڵدا نەبێت بەرامبەر دایك، تۆ بڵێی بتوانێ بەم ھەست و سۆزە تایبەتە " دایە گیان دایەی شیرینیم.. ئەی دایەی سۆز و ئەوینم " بڵێت کە فرمێسك بخاتە چاوی ھەموو دایکێک و ئەو کەسانەی کە زەڕەیەک ھەست و سۆزییان لە دڵدا ھەیە. بیرم دێ ئەو کات مناڵ بووم، بۆ یەکەم جار گوێبیستی ئەم گۆرانیە بووم فرمێسکەکانی خۆم حەشار دا و بە دەست و پەنجە بچووکەکانم ھەوڵم دا فرمێسکەکانی دایکم بسڕمەوە..
ئاخر زۆر شەرمە بۆ یەکێ باسی فەقیری و دەوڵەمەندی بکات، چ نەفسییەتێکە؟ گوایە زەکەریا لە خێزانێکی دەستکورتەوە ھاتووە و چۆن گەیشتۆتە ئەمڕۆی کە بیەوێ ببێتە خاوەن فڕۆکەی خۆی کاتێك گەنجەکانمان نەتوانن پایسکیلێك بکڕن..؟ پێش چەند مانگێک لە بەرنامەی (سوپەر تالێنت) ی ئەڵمانی کابرایەکی کەمئەندام کە یەکێك بوو لەو کەسانەی پارەی دەستکورتان (وەك خێر پێ کردن) ی لە وڵات وەردەگرت و نانی نەبو بخوا، پلەی یەکەمی بە دەست ھێنا و ئێستا لە ھەرە بەناوبانگەکانی ئەو ووڵاتەیە و بە چاوێکی پڕ لە ڕێزەوە سەیر دەکرێ و شانازی پێوە دەکەن کە بەم ھەموو نەھامەتییەی بینیویەتی بەو ئەنجامە گەیشتووە. بەڵام نا، لای ئێمە دەستکورتی دەبێ بە لەکەیەکی مۆر و بە ناوچەوانی ئەو کەسەوە دەنوسێ و دەبێ گۆشەگیر بێ.. باسی گەنجانی ووڵاتمان ڕەنگە بە چەند ڕستەیەك باس نەکرێ و بابەتێکی قوڵ بێ.. بەڵام دڵنیام گەر یەکێ خۆی ماندوو بکات و ئارەقەی نەوچەوانی بڕێژێ دەگات بە ئەنجام و نەك فڕۆکە و پایسکیل، بەڵکو دەبێت بە خاوەنی کارگەی فڕۆکەی تایبەتیش!
چەند کەسانێک ڕایان وایە گوێ لە تورکی و فارسی بگیرێ باشترە لە زەکەریا، چونکە ھەمان ئاوازە. یا زەکەریا ڕێی بۆ ھونەرمەندانی تر خۆش کردوە بڕۆن بۆ دەرەوەی ووڵات و کارەکانیان لەوێ بەڕێوە ببەن. باشە خانمی (شەونم عەلی شارباژێڕی)، ئەی نازانی بۆ ھەموو شتێک یەکەم جار ھەیە؟
ئاخر خۆ لە کاتی زوو کچ ڕێگای نەبوو و شەرم بوو بۆی لە کۆلیژی پزیشکی بخوێنێ چونکە ئەوە تەنھا کاری پیاو بوو کاتێک خانمە ئیتاڵی (ماریا مۆنتێسۆری) وەك یەکەم کچ لە جیھان ئەم ڕێچکەی شکاند و لە دژی قسەی ئەم لاو ئەم لا بەرەنگاری ھەموو شتێک بۆوە و بەردەوام بوو لە خوێندنەکەی. لە کاتێکدا کە بۆی نەبوو لە زۆر بابەت بەشدار بێ لە کۆلیژ، بەڵام ئەو شەو بە تەنیا و نھێنی دەچوو بەردەوامی لە کارەکانی دەکرد. ڕەنگە لەو سەردەمە بە چاوێکی خراپ سەیریان کردبێ، بەڵام ئەو خانمە بوو مێژووی گۆڕی و ئێستاش بە یەکێك لە زانا بەناوبانگەکانی بواری پەروەردە و کۆمەڵایەتی دەژمێردرێ و یەکەم کەس بوو رێچکەی کۆنی شکاند.
مەبەستی من لەم باسە ئەوەیە با ئێمەش دڵمان گەورە بێ و بە چاوێکی تر سەیری دونیا بکەین. با ئێمەش ڕێگا بدەین کەسێکی وەك زەکەریا کاتێك کارێك دەکات یشتگیری بکەین و ھەر کەسێك بێت ڕێی بۆ ڕوون کەین وەك کوردێك مێژوومان بۆ بگۆڕێ. ڕەخنە ھەیە مرۆڤ بەرەو پێش دەبات، بەڵام نەك ئەم جۆرە ڕەخنانەی کە لە زەکەریا گیراوە چونکە تەعەدایە لە ھونەرمەند!!!
خۆ ئێمە دەمانەوێ ببین بە خاوەن دەوڵەتی کوردی، بەڵام بەو شێوە ببینە خاوەن دەوڵەت؟؟؟ بەم جۆرە بیر و بۆچونەی ئێستا ھەمانە زۆر مەحاڵە ئاواتی گەورەمان سەر بگرێ. با ھونەرمەندانی ئێمەش بڕۆن بۆ دەرەوەی ووڵات و پەرە بە کارەکانیان بدەن و شتی تازەمان بۆ بێننەوە ووڵات. مرۆڤ چەند بگەڕێ ئەوەندە لێزانتر و شارەزاتر دەبێ. مەرج نییە لە چوار چێوەی خۆمان بیمێنینەوە، گرنگ ئەوەیە سنوور بناسین
.
من خۆم لە نزیکەوە زەکەریام نەبینیوە، بەڵام یەکێکیم لە ئاشقان بە دەنگە بەسۆزەکەی ئەو ھونەرمەندە و لەگەڵ ووشە و ئاوازە شیرینەکان بە دەنگی ئەو، سۆز و گەرمی ووڵاتم بیر دێتەوە و بۆ ماوەیەکی کورت غوربەتم بیر دەچێتەوە. ھەر بە دەنگی ئەویش سۆز و ھەست و خەمی دڵم بۆ کەسانی ئازیز دەردەبڕم و بۆنی خونچە و سوورە گوڵم بیر دێتەوە... وە دڵنیاشم گەر زەکەریا خاوەنی ئەو کەسایەتییە بەھێزە نەبووایە و لە سنووری خۆی دەرچووبا، منیش ئەو کەسە نەدەبووم کە شەیدا و سەرسامی دەنگی ئەو ھونەرمەندە بومایە.
بۆیە لێرەوە بە ھونەرمەند دەڵێم کاکە زەکەریا دەستت خۆش و بەردەوام بە لە کارە جوانەکانت و ھیچ کاتێك بێ ھیوا مەبە و ورە بەرمەدە بەم قسە ھەڵبەستراوانەی کە دەکرێ.. چونکە چۆن لە کوردی خۆمان دەڵێن ("سەگ بە ئاسمان ڕەوینە") ... تۆش دڵنیا بە گەر کەسێك یەك تۆز سۆزی لە دڵ دا ھەبێت، ئەوا ھەست بەو دەنگ و پەیامە دەکات کە لە ناخی تۆوە هەڵدەقوڵێت و گومان ناکا
.
وە لێرەوەش بەو کەسانە دەڵێم باشترە پێنووسەکانتان بۆ بابەتی جووانتر بەکار بێنن و خۆتان بەرەو پێش ببەن لەوەی کاتتان بەو جۆرە قسە و نوسینە پڕ و پوچانە بەسەر ببەن
. با بزانین ئێوە چۆن ووڵات و کارەکانتان پێش دەخەن و دەگەن بە چی ئەو بە "نووسەر" ناو نراوە نەناسراوانە!
لەگەڵ ڕێزی زین
٢٨.٠٤.٢٠٠٩
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست