د.بەرهەم ساڵح نیگەرانە گۆڕان دژایەتی کابینەکەی نێچیرڤان ناکات

Monday, 21/05/2012, 12:00






شاراوە نییە کە لەگەڵ دروستبوونی کابینەکەی د.بەرهەم (کابینەی شەش) بەهۆی ئەوەی گەرمەی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن و کرانەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بوو ، هەر لەسەرەتادا بزووتنەوەی گۆڕان درێغی نەکرد لە دەرخستنی کەموکوڕی و ناعەدالەتی و گەندەڵیەکانی ئەو کابینەیە و زۆر نهێنی درکان سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی سەرۆک و حکومەتی پێشوو .
ماوەی چەند مانگێکە کە کابینەی حەوت ، کابینەی نچێرڤان بارزانی کەوتۆتە کار بەهۆی ئەوەی بارودۆخەکەی ئەمجارە تەواو جیایە لەوەی پێشوو ، هەستئەکرێت شاڵاوی راگەیاندنیش لە کوردستان دژ بە یەکتر کەمبۆتەوە و ڕەنگە بە هۆی لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناهەمواری ئێستای عیراق بێت یان ئەم کابینەی ئێستا وەک ئەوەی پێشوو بودجەی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی نەبڕێت بۆیە ئەم شاڵاوی راگەیاندنەش لە ئارادا نەبێت .
هێمنی بارودۆخی کوردستان کە لە ڕێگەی هێمنی راگەیاندنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بەرقەرارەبێ ئاواتی هەموو خەڵکی کوردستانە و هیچ کوردێکی دڵسۆز نایەوێ شەڕ و دووبەرەکی جا لە ڕێگەی راگەیاندنەوە بێت یان لە هەر ڕێگەیەکی ترەوە لە نێوان پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتا هەڵگیرسێت .
ئەوەی مایەی سەرنجی ئێمەیە ئەوەیە سایتە رەسمیەکەی د.بەرهەم ساڵح (سایتی خەندان) لە بەرواری (21)ی ئایار گرنگترین هەواڵی ئەوەبوو کە نێچیرڤان بارزانی (سەرۆکی ئێستای حکوومەت) پیلانێکی هەبووە بۆ بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە خۆی . راپۆرتەکە لە بنەڕەتا راپۆرتی گۆڤاری لڤینە بەڵام ئەم سایتە کردوویەتی بە هەواڵی سەرەکی و بە شێوازێک داڕشتنەوەی بۆ کردووە کە بۆنی رەخنە و گلەیی و بێتاقەتی سایتەکە و هەروەها جەنابی سەرۆکی پێشووی حکومەتی لێوە دێت .
لە بڵاوکردنەوە و بایەخدان بەم راپۆرتە جارێکی تر لە لایەن ئەم سایتەوە ، د.بەرهەم ساڵح ویستی دوو پەیام بگەیەنێت ، سەرەتا ویستی بڵێ شاڵاوی راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن لەسەردەمی کابینەکەی ئەو بە ناهەقی کراوە وو بە پیلان بووە و زۆربەی ئەو قسانەی ئەو سەردەمە لەسەر خەوش و کەموکوڕییەکانی ئەو دەکران نا ڕاست و دروستکراو بوون ، لەسەرێکیشەوە ویستی ئەوە بگەیەنێت کە کابینەی نێچیرڤان بارزانی (هەرچەند خزمی نزیکی یەکن) لە کابینەکەی ئەو باشتر نیە و نابێت بەڵام بە شێوازێک لە شێوازەکان دەمی ئۆپۆزسیۆنی داخستووە کە ڕەنگە ئەستۆی کڕیبن یان بەڵێنی شتی تری پێدابن .
جیا لەمانەش ئەم بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە وەکو هاندەرێکە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن هانبدرێت بەرامبەر ئەم کابینەیەش بێدەنگ نەبن و هەروەها شوورەیییە تا ئێستا هیچ شاڵاوێکیان دژی نێچیر و کابینەکەی نەکردووە . د.بەرهەم بەم بابەتە ناوەستێت و کاری زیاتر ئەکا بۆ دژایەتی کردن و شکاندنی کابینەی نوێ تا لەوەی خۆی باشتر دەرنەکەوێت بۆیە شانە نووستووەکانی خۆی لە ناو میدیا ئەهلیەکاندا بە تایبەت لە نالیا ، لڤیبن ، هاوڵاتی و هەندێ رۆژنامەنوسی نزیک خۆی ئەجووڵێنیت و ئەیانخاتەگەڕ بۆ ئەوەی دەستکراوە بن بەرامبەر کابینەی حەوت و بۆ ئەم مەبەستەشی تا ئێستاش کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنی گەندەڵی وەزارەتەکانی پارتی داوە بە خەندان و لە ڕێگەی سەرۆکی خەندانیشەوە دزەی پێکردووە بۆ هەندێ لەو کەناڵانەی کە لە خۆیەوە نزیکن بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستا کە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵگیرسا دەستبکەن بە شاڵاوی راگەیاندن لە دژی نێچیرڤان .
نێچیرڤان بارزانی و د.بەرهەم ساڵح لە دوو بازرگانی گەورەی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر نین کە ئەمیان لە هەولێر و دهۆک و ئەویشیان لە سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک چەندین پاڵاوگەی قاچاخی نەوتیان داناوە و دەیان باڵەخەیان بەزرکردۆتەوە ، ئەڵبەت هیچیان بۆ خەڵک فەرق ناکەن و دوو ڕووی یەک دراون و پارە و سامانی میلەت ئەدزن ، ئۆپۆزسیۆن و خەڵکیش ئەم ڕاستیانە باش تێگەیشتوون بۆیە هیچیان لای بزووتنەوەی گۆڕان جیاوازیەکیان نیە.




 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە