لەشووقەكانی (زەكەریا) چی بە (Zmn) و (رزگار كۆچەر) كرا؟!!
Monday, 21/06/2010, 12:00
دوێنی نیوەرۆ دوای ئەوەی شوقەكانی (ناز ستی) كە بەشوقەكانی (زەكەریا عەبدوڵڵا)ـی گۆرانیبێژ ناسراوە، بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو ئاگری گرت و مەترسیەكی یەكجار زۆری خستە دڵی ئەو ماڵانەی كە لەو شوقانە ژیان بەسەر دەبەن، ئەگەر تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە نەبوایە چەندان كەس لەژن و منداڵ توشی كارەساتێكی گەورە دەبوون.
من یەكێك بووم لەو شایەت حاڵانەی لەوێ ئامادەبووم و رووداوەكەم بەچاوی خۆم بینی، لەناكاو بینیم كامێرای كەناڵی ئاسمانی كوردستانtv لەوێ ئامادەبوو، بە شێوەیەكی ئاسایی دەستیان كرد بەوێنەگرتنی رووداوەكە، كەچی لەناكاو كوێكی باڵابەرزی قەڵەوی چوارشانە بەرەو كامێرای كوردستان tvی و (رزگار كۆچەری) ئامادەكار و پێش كەشكاری بەرنامەی (zmn) زووم ئین و هات و بەشێوەیەك چۆن كەسێك رووبەرووی دوژمنەكەی دەبێتەوە ئاوا كاردانەوەیەكی زۆرناشرینی ئەنجامدا و چەند جنێوێكی بە (رزگار) و كامێرەمانەكەدا، لەپاشان بەوەش نەوستاو بانگی چەند پاسەوانێكی كرد و لەبەرچاوی ئەو خەڵكە كامێراكەی كوردستانtv یان شكاندو كاسێتی كامێراكەش لەلایەن ئەو كورە قەڵەو چوارشانەی رێبەرایەتی ئەوانی دەكرد بردرا، ئیتر بەدەنگێكی بەرز بە رزگار كۆچەری دەگوت بڕۆ لە كوێ شكایەت دەكەی بیكە، دەچیە لای كام مەسئول منەتی بە قۆندەرەكانم، ئیتر خوێنەرە بەڕێزەكان دوور لەرووی ئێوە دەستی بۆ قۆندەرەكانی درێژ دەكرد و هاوار هاورێكی بوو نەبێتەوە!!!
منیش پرسیم ئەوە كێە ئاوا بەو شێوەیە ئەو جۆرە تەسروفاتە دەكات ؟! بۆچی كەسێك نیە پێی بڵێ بۆ وا دەكەی و رێگای پێنەدا ؟! یەكێك لەخاوەنی ئەو ماڵانەی لەوێ نیشتەجێیە لە شوقەكانی (زەكەریا) پێی گوت ئەوە بەرێوەبەری كارەكانی (زەكەریا عەبدوڵڵا)یە و هەروەها بەرپرسی پاسەوانەكانی (زەكەریا)یە!!
ئیتر من زۆرم پێ سەیر بوو باشە بەڕێوەبەری كاری (زەكەریا)یە ئاساییە بەڵام بۆ بەو شێوەیە رەفتار دەكات لەگەڵ رۆژنامەنووسان وێنەگران؟؟!
گوتی كاكە ئەوە بەهەموو شێوەیەك لەلایەن خودی (زەكەریا)وە سەبەست كراوە و چەندیین تەسروفاتی دیكەشی كردووە لێرە، راستەوخۆ بە (زەكەریا عەبدوڵڵا)مان گوتووە، بەڵام سوودی نەبووە، ئیتر منیش گوتم باشە زەكەریا ئەو هەموو پاسەوانەی هەیە بۆچیەتی ؟!
ئەویش گوتی بروابكە مەگەر تەنها ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی سەركردایەتی ئەو هەموو پاسەوانەی هەبێت، ئیتر منیش لەلای خۆمەوە زۆر بێتاقەت بووم، گوتم سەیركە ئەم وڵاتە چی لێهاتووە، ئاخر گۆرانیبێژێكی وەك (زەكەریا) ئەگەر بە پێ لەناو ئەو شارە بسورێتەوە كەسێك هەیە یەخەی بگرێت؟! ئاخر زەكەریا چی لەو خەڵكە زیاترە ئەوەتا من هونەرمەندێكی وەك (عومەر دزەیی، مەزهەری خاڵقی، مامۆستا كەریم كابان، ئەحمەد سالار) سەدان هونەرمەندی دیكەم لەو بازارەی هەولێر و سلێمانی بەچاوی خۆم بینیومە وەڵاهی ئێواران سەیری چایخانەی مەچكۆ لەهەولێر و شەعب لە سلێمانی بكە، سەدان كەڵە هونەرمەندی ئەو دووشارە زۆر بەسادەیی دانیشتووە و چا دەخواتەوە و رۆژنامە دەخوێنێتەوە، ئەرێ پێم ناڵی (زەكەریا) لەكام لەو هەموو هونەرمەندانە خۆی بەگەورە تر دەزانێت!!!
ئاخر ئەو (بەخیتارە) دوێنێ ئەوەی من بەچاوی خۆم بینیم چی كرد، ئەگەر ئێوە بتان بینیبوایە بروابكەن هەموو شتێكیتان لەبەرچاو دەكەوت، ئیتر نازانم بۆ دەبێ رۆژنامەنووسانی ئەم وڵاتە هەر لەژێر دەستی دەسەڵاتی خەڵكانی وەك (بەخیتار و زەكەریا) بناڵێنن، ئاخر ئەو رزگارە من لەرێگەی زووم ئینەوە زانیوومە ناوی رزگارە ئەگەرنا بەژیانم نەم ناسیووە، بەڵام بروابكەن ئەو سوكایەتیەی دوێنێ بەرزگار و كامێرەمان و خودی كوردستانtv كرا، هیچی كەمتر نیە لەو سوكایەتیانەی كە چەندیین ساڵە بە رۆژنامە نووسانەوە دەكرێت، ئیتر نازانم خودی كوردستان tv كە راستەوخۆ سەربە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئایا دەتوانن بەرگری لە كارمەندانی ئەو تەلفزیۆنە بكەن، كە بەخیتار بەدەنگێكی زۆر بەرزەوە بەبەرچاوی خەڵك دەیگوت بڕۆ لەكوێ شكایەت دەكەی بیكە، ئایا سەندیكای رۆژنامەنووسان دەتوانێ هەوڵێستێك بەرامبەر ئەو كردەوەیە وەربگرن یاخوود دەبێ بێدەنگ بین نەبادا (زەكەریا عەبدوڵڵا) دڵی گەر بگرێ و ئێمەش لەكۆتایی دا دەبێ داوای لێبوردن لە كاك بەختیاری سەرۆكی بۆدی گارد بكەین ؟؟؟!!!!!!!!!!!!!!!!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست