داننان به سنوره فه‌رمی و سیاسیه‌کانی کوردستان دژایه‌تیکردنی گه‌لی کورد یان سه‌لماندنی ڕاستیه‌کانه؟
Sunday, 04/04/2010, 12:00
داننان به سنوره فه‌رمی و سیاسیه‌کانی کوردستان دژایه‌تیکردنی گه‌لی کورد یان سه‌لماندنی ڕاستیه‌کانه؟
ئێستا نزیکه‌ی ٥٠٠ ساڵ به سه‌ر شه‌ڕی چاڵدران و یه‌که‌م دابه‌شبوونی کوردستان دا تێده‌په‌ڕێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ماوه دوور و درێژه هێشتا له نێو کورد دا بیروڕای جیاواز و ناته‌با له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌یه. له کاتێکدا که زۆر که‌س و لایه‌ن له چوارچێوه‌ی سنووره کێشراوه سیاسییه‌کاندا خه‌بات ده‌که‌ن و کار ده‌که‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه سیاسی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کورد له چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا، که‌سان و لایه‌نگه‌لێکی ئه‌وتۆیش هه‌ن که هه‌ر جۆره دانپیانانێک به سنووره فه‌رمیه‌کان به خیانه‌ت به کورد وکوردستان ده‌ژمێرن. له‌م بابه‌ته‌دا هه‌وڵ ده‌درێت بۆ ده سنیشانکردنی ئامانجه ڕه‌واو یاساییه‌کانی بزووتنه‌وه‌کانی کورد له ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا به‌کورتی و ئاوڕێک له جوڵانه‌وه‌کانی کورد له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بدرێته‌وه. پاشان چاوێک به هه‌ڵچوون و داچوونه‌کانی ڕه‌وتی خه‌باتی کورد له کوردستانی باشور دا ده‌خشێنرێت. دوای ئه‌وه پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به مێژووی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کانی کورد له کوردستانی باکوردا ده‌کرێت. له کۆتاییدا ئاکامگیریی باسه‌که ده‌کرێت و بۆچوونی نووسه‌ر ده‌خرێته ڕوو.
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به خاڵی یه‌که‌می ئه‌م بابه‌ته کورته هه‌ڵوێسته‌یه‌ک و چاوخشاندنێک به مێژوودا پێویسته. ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی خه‌باتی ڕزگایخوازی کورد بدرێته‌وه ده‌بینرێ که زۆربه‌ی زۆری بزوتنه‌وه‌کان هه‌ر له‌ڕاپه‌ڕینه‌کانی شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و سمکۆوه بگره تا ده‌گاته کۆماری کوردستان عه‌شیره‌تی و بنه‌ماڵه‌یی بونه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌یه‌کی به‌رته‌سک و سنوردار دا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌و تایبه‌ت بوونه به ناوچه‌یه‌کی کوردستان، ده‌توانرێ بزوتنه‌وه‌ی یان سه‌رهه‌ڵدان و پێکهێنانی کۆماری کوردستان به یه‌که‌مین بزوتنه‌وه‌ی مۆدێرن؛ سیاسی و غه‌یری عه‌شیره‌تی و بنه‌ماڵه‌یی ده‌سنیشان بکرێت که هه‌وڵی داوه بۆ لێک‌نزیک کردنه‌وه‌ی چینه جۆراوجۆره‌کانی خه‌ڵکی کوردستان. به‌ڵام به پێی به‌ڵگه‌کان کۆماری کوردستان له هه‌وڵی ئه‌وه دابووه که په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی هه‌بێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی و له‌و نێوه‌دا چه‌ند جارێک نوێنه‌رانی کۆماری کوردستان و خودی سه‌رۆک کۆماری کوردستانیش سه‌ردانی تارانیان کردووه بۆ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی. له‌لایه‌کی تره‌وه هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی مه‌لموس له‌به‌ر ده‌ستدا نیه هه‌تا بیسه‌لمێنێ که کۆماری کوردستان داوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی چوار پارچه‌ی کوردستانی کردبێت. له شۆڕشی ٥٧ ی ئێران و کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتیشدا خودموختاری داخوازی سه‌ره‌کی گه‌لی کورد بووه له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێمۆکراتیک دا، گفتوگۆی نێوان کورد و ڕێژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی کۆماری ئیسلامی به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گره له‌سه‌ر پێداگری میلله‌تی کورد بۆ مانه‌وه له چوارچێوه‌ی ئێران و پێکه‌وه ژیان له‌م ووڵاته‌دا.
ئاوڕدانه‌وه له بزووتنه‌وه‌کانی کورد له کوردستانی باشوور خاڵێکی گرنگی دیکه‌یه که له‌م وتاره‌دا باسی لێوه ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنجێک بدرێته شۆڕشی شێخ مه‌حمود ده‌بینرێ که لە کوردستانی باشور‌و لەوێشدا لە چوارچێوەی ناوچەیەکی بەرتەسکدا خەباتی کردووە، مەلیک مەحمود ده‌وڵه‌تی کوردستانی جنوبی دامەزراندو ئاڵایەکی جیاواز لە ئاڵای ئەمڕۆی کوردستانیشی بەرزکردەوە، ئەم دەوڵەتەش هەر لە چوارچێوەی سنوری جوگرافی ئێڕاقدا بوو نەک سەربەخۆ. هەروەها شۆڕشی ئەیلول بەڕێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی بە شێوەی پراکتیکی خەباتی کردووە بۆ پێکه‌وه ژیان له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێڕاقێکی دێمۆکرات و کوردستانێکی خودموختار دا. ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار بە گەورەترین دەسکەوتی ئەم شۆڕشە دەژمێردرێ کە بریتی بوو لە مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێڕاقدا و مافی یەکسان بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێڕاق بەبێ جیاوازی. هه‌روه‌ک ئاشکرایه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و زۆربه‌ی ڕێکخراوه سیاسیه‌کانی به‌شدار له‌م حکومه‌ته‌شدا به کرده‌وه پێیان هه‌ڵێناوه‌ته‌وه بۆ پێکه‌وه‌ژیان له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێڕاقی فیدراڵ و به‌رده‌وامیش ته‌ئکید له‌م پێکه‌وه ژیانه ده‌که‌نه‌وه
به شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانرێ بگوترێ که شۆڕشه‌کانی کورد له کوردستانی باشوردا به شێوه‌ی پراکتیکی هه‌نگاویان نه‌ناوه بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی چوار پارچه‌ی کوردستان و له هه‌موو گوتار‌و نوسراوه‌کاندا ڕاشکاوانه هه‌وڵیان داوه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی کورده‌کان له کوردستانی باشور‌و دروشمه‌کانیشیان هه‌ر له چوارچێوه‌ی کوردستانی باشور‌و ئێڕاقدا بووه.
دوا خاڵی ئه‌م باسه هه‌وڵده‌دات گرنگی بدات به ڕوداوه‌کانی کوردستانی باکوور‌و شیکردنه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌یان. بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی له کوردستانی باکوور هه‌ر له سه‌رده‌می شێخ عوبه‌یدوڵای نەهریەوه تا دەگاتە به‌درخانه‌کان و شێخ سه‌عید و سه‌ید ڕه‌زای ده‌رسیم و ئیحسان نووری پاشا بێجگە لەوەی بنەماڵەیی و لە ناوچەیەکی دیاریکراوی پارچەیەکی کوردستاندا سەریان هەڵداوە؛ هه‌رچه‌نده له‌هه‌ندێک بڕگه‌دا باسی یه‌کپارچه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان هیناوه‌ته گۆڕێ به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌کییان بریتییه بووه له به‌ده‌ستهێنانی مافی هاوڵاتیبوون و به‌شداریی بێ هه‌ڵاواردن و جیاوازی بووه له ژیانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی له چوارچێوه‌ی تورکیه‌دا. چه‌ند ده‌یه دوای سه‌رکوتکرانی یه‌کجاره‌کیی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان و دامرکاندنی بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازییه‌کانی؛ و له به‌ره‌به‌ری داڕووخانی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵاتدا جوڵانه‌وه‌یه‌کی چه‌پ به بیروباوه‌ڕێکی توندی نه‌ته‌وه‌خوازی لە کوردستانی باکوور سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌م بزاڤه سه‌ره‌تا زۆر تونداژۆیانه هاته مه‌یدانه‌وه؛ به‌ڵام تێپه‌ڕینی زه‌مان و له‌مپه‌ره‌کانی سه‌ر ڕێگای تێکۆشان کاریگه‌ری زۆریان خسته سه‌ر به عه‌مه‌لیکردنی ئه‌م بیروباوه‌ڕه، بۆیه ورده ورده ده‌ستی کرد به گۆڕانکاری له به‌رنامه‌کانیدا، ئاگربڕی یه‌کلایه‌نه‌ی چه‌ند جار له دوای یه‌کی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌کاندا به سه‌ره‌تای نه‌رماژۆبوونی بزوتنه‌وه‌که ده‌ژمێردرێ. دوای گرتن و ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی به‌ڕێز ئۆجه‌لانیش گۆڕانکاری زیاتری به‌سه‌رداهات و چوارچێوه‌ی خه‌باتی به‌کرده‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ی به‌ره‌و داننان به سنوری جوگرافی و سیاسی کوردستان دا برد. هه‌رچه‌نده ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه توانی ده‌ورێکی کاریگه‌ر ببینێ له زیندووکردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا، به‌ڵام له حاڵی حازردا به کرده‌وه هیچ هه‌نگاوێکی بۆ هه‌ڵناهێنێته‌وه و چاره‌نووسی خۆی داوه‌ته ده‌ست گه‌مه‌ی ریفۆرمی تورکه‌کان.
کۆئه‌نجامی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه مرۆڤی واقیعبین دێنێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که کارکردن بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی یه‌کگرتوو سه‌ربه‌خۆی کوردستان نه‌ک هه‌ر زه‌حمه‌ت؛ به‌ڵکوو هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی به‌رپرس ناتوانێ به کرده‌وه شانی وه‌به‌ر هه‌ڵدات، وه‌ک ئاکامی بزوتنه‌وه‌کان ده‌ریان خستووه شوێنی جیۆپۆلیتیکیی کوردستان کاریگه‌ریی خۆی بووە له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی بزوتنه‌وه‌و ڕاپه‌ڕینه ڕزگاریخوازیه‌کانی گه‌لی کورد له هه‌ر کام له پارچه‌کانی کوردستان و ئاسته‌نگی له ڕێگای سیاسه‌ته‌کانیان دا داناوه. گومانی تێدا نیه که شۆڕشه‌کانی کورد‌و سه‌رکرده‌کانیش به تایبه‌تی له هه‌ر فرسه‌تێکدا که بۆیان لوابێ قسه‌ی ناخی دڵی خۆیان درکاندووه‌و ڕازی جیا نه‌کردنه‌وه‌ی کوردستانیان بۆ گه‌له‌که‌یان باس کردووه، به‌ڵام به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگه‌کانی سه‌ر ڕێگای ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ئه‌وه‌نده زۆر و ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ن که لادانیان کارێکی زه‌حمه‌ت و لە تاقەتی هیچکام لە هێزە سیاسیەکان دا نیە.
ئه‌مه ئه‌و واقعیه‌ته‌یه که هه‌ندێک جار مرۆڤی کورد نایهه‌وێت باوه‌ڕی پێ‌بکات و هه‌ندێ جاریش له‌به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ری لایه‌نگه‌لێک که پێیان وایه داننان به‌م ڕاستیه دوژمنایه‌تیکردنی گه‌لی کورده خۆی لێده‌بوێرن و باسی ناکه‌ن. ئه‌مه له کاتێکدایه که چوارچێوه‌ی خه‌باتی سیاسی و نیزامی بزوتنه‌وه ڕزگاریخوازه‌کانی کوردستان پێ له‌سه‌ر پێکه‌وە ژیان له هه‌ر کام له پارچه‌کانی کوردستاندا له‌گه‌ڵ فارس، تورک و عه‌ره‌ب داده‌گرن و باسێکی جیدی له سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کپارچه‌خوازی ناکرێت. پێداگری له‌سه‌ر پێکه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌کانی تری ئێران‌دا خواستی زۆربه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی کورده له‌م به‌شه‌ی وڵات دا، هه‌روه‌ک له پێشدا باسکرا شۆڕشه‌کانی کوردی باشور‌و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش خوازیاری یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێڕاقی فیدراڵ و مانه‌وه‌ی کوردستانی باشورن له سنوری سیاسی ئه‌م وڵاته‌دا. جێگای باسه که بزوتنه‌وه‌ی کوردی کوردستانی باکور بێجگه له لێدوانه په‌یتا په‌یتاکانی به‌ڕێز ئۆجه‌لان له‌مه‌ڕ پێکه‌وه ژیان له چوار چێوه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیه و به‌رده‌وامی ئاگربڕی یه‌کلایه‌نه‌ی ئه‌م بزاڤه؛ ناردنه‌وه‌ی گروپه‌کانی ئاشتی به‌شێک بوون له ده‌رخستنی نیازپاکی ئه‌م ڕه‌وته بۆ پێکه‌وه ژیان له بازنه‌ی سنوری سیاسی ده‌وڵه‌تی تورکیه‌دا. به گوێره‌ی ئه‌م باس و لێکدانه‌وانه مرۆڤ دێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کپارچه‌یی کوردستان له تیئۆری تێپه‌ڕناکات و پراکتیزه‌کردنیشی نه‌گونجاوو له ده‌سه‌ڵاتی هیچکام له حیزب و ڕێکخراوه به‌رپرسه‌کان دا نییه. که‌واته نه تاوان و نه گوناهه ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی کوردیش له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات هاوشێوه‌ی بزوتنه‌وه کوردیه‌کان له پارچه‌کانی تر خه‌باتی خۆیان په‌ره‌پێبده‌ن بۆ گه‌یشتن به ئامانجی گه‌له‌که‌یان له چوارچێوه‌ی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات دا؛ به بێ ترس وله‌رزی سیاسی له‌وه‌ی که پێیان بڵێن ئێرانچی.
[email protected] سه‌رچاوه‌کان:
ماڵپەڕی حدک نۆروێژ- ژیاننامەی شەهید پێشەوا قازی ٣١.٣.٢٠١٠ سەیرکراوە
http://www.kdpmedia.no/modules.php?name=News&file=article&sid=2 ماڵپەڕی وێنەیەک. کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی کۆماری کوردستان-سەفەری پێشەوا بۆ تاران- ٣١.٣.٢٠١٠ سەریرکراوە
http://weneykk.blogspot.com/2008/04/1325_02.html ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان-یادی شۆڕشی ئەیلول- مەسعود بارزانی ٣١.٣.٢٠١٠ سەیرکراوە
http://www.krg.org/articles/detail.asp?rnr=80&lngnr=13&anr=5928&smap=01010300
ماڵپەڕی مێدیا- دیداری هەفتانەی ئۆجەلان- ٣١.٣.٢٠١٠ سەیرکراوە
http://www.mediya.net/docs/ocelan-didar.htm ماڵپەری پچدک کۆمەڵە لێدوانی ع ئۆجەلان- ٣١.٣.٢٠١٠ سەیرکراوە
http://www.pcdk.org/kurdi/depart.php?topicid=50 ماڵپەری دیمانە- چاوپێکەوتنی پەروین ئەکرەم جەمیل پاسا ٣١.٣.٢٠١٠ سەیرکراوە
http://www.dimane.com/index.php?misc=search&subaction=showfull&id=1112894044&archive=1116533675&cnshow=news&start_from=&
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست