پێگه‌ی ئافره‌ت له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا
Monday, 26/04/2010, 12:00
کاتێک باس له جێگه و پێگه‌ی ئافره‌ت له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا ده‌کرێت، ده‌کارکردنی چه‌مک و زاراوه‌گه‌لی ناسه‌رده‌میانه، سوواو، کۆن، توندوتیژ، و نابه‌جێ بۆ به ئاکام گه‌یاندنی وتاره‌که ناشێت به نائاسایی وه‌ربگیرێت. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه نییه که کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری به شێوه‌یه‌کی هێنده دڵڕه‌قانه و ناسه‌رده‌میانه له‌گه‌ڵ پرسی ئافره‌ت هه‌ڵسوکه‌ت ده‌کات؛ به‌ڵکوو ئه‌مه دیارده‌یه‌کی جیهانییه و نایه‌کسانی نێوان ژن و پیاو یا نێرینه و مێینه له کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا هه‌رچه‌ند پێشکه‌وتنێکی زۆریشی به خۆیه‌وه دیتووه به‌ڵام هێشتا به خڕوپڕی چاره‌سه‌ر نه‌کراوه. سته‌م و هه‌ڕه‌شه و سووکایه‌تی به ئافره‌ت، ته‌نانه‌ت له وڵاتانی جیهانی یه‌که‌میشدا زۆر جار له شێواز و بیچمی جیاواز دا دیارده‌یه‌کی به‌رچاوه. کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریش به‌شێکی گرنگه له کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی و هه‌ر ئه‌و توندوتیژی ونابه‌رابه‌ری و نایه‌کسانییه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا له به‌رانبه‌ر ئافره‌تان دا کراوه یا ده‌کرێت، له کۆمه‌ڵگه‌کانی تریشدا بووه یا بۆی هه‌یه ببێت. چونکه کێشه‌ی ئافره‌ت و پێگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه به ئه‌و ئایین و فه‌رهه‌نگ و نه‌ریت و ده‌سه‌ڵاته‌وه که له کۆمه‌ڵگاکه‌دا باڵاده‌سته. له‌م نووسراوه‌یه‌دا سه‌ره‌تا هه‌وڵده‌درێت به‌رچاوڕوونییه‌ک له باره‌ی ئافره‌تی کورد و ڕۆڵی ئه‌و له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا بخرێته ڕوو. پاشان باسێک له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کاریگه‌رییه‌کانی ئیسلام له‌مه‌ڕ پێگه‌ی ئافره‌ت له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا ده‌کرێت. ئینجا ڕۆڵی فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کوردی له‌م بوواره‌دا ده‌خرێته به‌رباس و لێوردبوونه‌وه. پاشان، کاریگه‌رییه‌کانی فه‌رهه‌نگی زاڵ و باڵاده‌ستی هه‌رێمی و جیهانی به سه‌ر کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا شرۆڤه ده‌کرێت. له کۆتاییدا کۆئه‌نجامی ئه‌م وتاره له چه‌ند دێرێکدا کورت و پوخت ده‌کرێته‌وه و ئه‌گه‌ر پێویست بێت ڕامان و بۆچوونی نووسه‌ر ئاراسته ده‌کرێت.
خاڵی یه‌که‌می نوسراوه‌که گرنگی ده‌دات به ڕۆڵی ئافره‌تی کورد له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا. ئه‌گه‌ر هه‌ندێک بگه‌ڕێینه‌وه دواوه‌و چاوێک به مێژووی ڕۆڵی ژنی کورد له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا بخشێنین و به‌راوردێک بکه‌ین له نێوان ژنی کورد و مێینه‌ی نه‌ته‌وه غه‌یره کورده‌کان به‌گشتی و ده‌وروبه‌رمان به‌تایبه‌تی، ده‌بینین که ئافره‌تی کورد ڕۆڵی زۆر گرنگی له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، زانستی و سیاسی دا گێڕاوه به به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆر له ژنانی نه‌ته‌وه‌کانی تر. مێینه له ناو کورد دا له هه‌موو کات و ساتێکدا هاوشانی پیاوان له به‌ڕێوه‌بردنی کار‌و بار دا له ده‌ر و ژور ڕۆڵی دیاری بووه‌و جێ په‌نجه‌ی دیاره. ژنی کورد له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا گه‌وره‌ترین پشتیوانی پیاو بووه له په‌یداکردنی بژێوی ژیان و بارهێنانی نه‌وه‌ی دواڕۆژ دا، سه‌نگه‌ری خه‌باتی ڕزگاریخوازیش شاهیدی بۆ ڕۆڵی ئافره‌تی کورد ده‌ده‌ن له پشتیوانیکردن و هاندان و هاوکاریکردنی پیاوان له‌م بواره‌دا. گومان ناکرێ که زانست و زانیاریش توانیبێتیان ژنی کوردیان جێهێشتبێت و له ژێر به‌رداشی نه‌زانی و خورافاتدا هاڕدرابێت. نوسین و خوێندن به‌شێکی گرنگی تر بووه له هه‌وڵه‌کانی ئافره‌تی کورد بۆ به‌ره‌وپێشچون و دوانه‌که‌وتن له کاروانی پێشکه‌وتنخوازیدا.
له خاڵی دووه‌م دا هه‌وڵ ده‌درێ شیکردنه‌وه‌یه‌کی کورت له‌سه‌ر کاریگه‌رییه‌کانی دینی ئیسلام له‌مه‌ڕ پێگه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا بکرێت.
له سه‌رجه‌م ئاینه‌کان و دینی ئیسلامیش دا ده‌کرێ لایه‌نی باش و خراپی لێههڵهنجێنی به‌رانبه‌ر به که‌سایه‌تی ژن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای خۆیه‌تی که بگوترێ ئه‌وه‌یه که ئه‌وه‌نده‌ی دین کاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤی بووه له‌سه‌ر پرسی مێینه، پیاوانیش بۆ چه‌وساندنه‌وه‌و به کۆیله کردنی زیاتری ژن زۆر زیاتر‌و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی بێبنهماو دوور له ڕاستیان ناوه‌ته سه‌ر یه‌ک و کردویانه به زنجیری ده‌ست و پێی ئافره‌تان له کۆمه‌ڵگادا. به شێوه‌یه‌کی گشتی دین کاریگه‌ری زۆری بووه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له گه‌ردوون دا، ئافره‌تیش وه‌ک نیوه‌ی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی بێبه‌ش نه‌بووه له‌و کاریگهریانهو ژنانی کوردیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه که‌وتوونه‌ته نێو ئاڵوگۆڕه مه‌زهه‌بیه‌کانه‌وه. وه‌ک ئاشکرایه له‌گه‌ڵ هاتنی ئاینی ئیسلام ئاڵوگۆڕێکی به‌رفراوان که‌وته نێو کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی و ئافره‌تان؛ له نێو هه‌ندێ له کۆمه‌ڵگاکاندا زۆر بێبه‌زه‌ییانه که‌وتنه به‌ر شاڵاوی به کۆیله‌کردن و زیندانیکردنیان له نێو چواردیواری ماڵ دا، دونیای پیاوسالاری به که‌ڵک وه‌رگرتن له دین و به خراپ به‌کارهێنانی دژ به ئافره‌تان؛ مێینه‌ی زیاتر خسته ژێر ده‌ستی خۆی و کردی به مرۆڤی ده‌ره‌جه دوو له کۆمه‌ڵگا دا. به‌زۆر به شوو دان و ڕه‌زایه‌تی وه‌رگرتنی به‌زۆری له ئافره‌ت له لایه‌ن باوک و براوه؛ به‌شێکه له به خراپ به‌کار هێنانی دین له کۆمه‌ڵگای ئیسلامی دا. به هه‌ڵه به‌کارهێنانی ووشه‌ی چوار ژن حه‌ڵاڵه بۆ پیاوێک به‌شێکی تره له زوڵم و زۆری پیاو دژ به مێینه. به‌ڵام جێگای خۆیه‌تی بگوترێ که وێڕای ئه‌وه‌ی کورد باوه‌ڕێکی قوڵی به دین هه‌یه، که‌چی به پێچه‌وانه‌ی گه‌لێ له نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌رو جیهان له زۆر بواردا مه‌سه‌له نهتهوایهتییهکانی به گرنگتر له دین زانیوه‌و به پێچه‌وانه‌ی دین ره‌فتاری کردووه، سه‌رپه‌رشتیکردنی هۆز، فه‌رمانده‌ریی کردنی له‌شکری شه‌ڕ، جێگره‌وه‌ی پیاو له دوای مردن و به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ و منداڵ، کاری کشتوکاڵی و دروێنه‌کردن، ڕه‌شبه‌ڵه‌ک و ڕاوێژکردنی پیاوی کورد به ئافره‌ت به‌شێکی که‌من له دابونه‌ریتی کورده‌واری که له‌گه‌ڵ دینی ئیسلامدا ناگونجێن؛ به‌ڵام له کوردستاندا به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو و هه‌ر له کۆنه‌وه کاری پێکراوه.
خاڵی سێیه‌می بابه‌ته‌که باس له کاریگه‌ریی دابونه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کورده‌واری ده‌کات له‌مه‌ڕ ئافره‌ت و به هێند گرتنی مه‌سه‌له ڕه‌واکه‌ی له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا. ئه‌گه‌ر به قوڵی له پێگه‌ی ئافره‌ت له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا بکۆڵدرێته‌وه، ده‌بینرێ که میلله‌تی کورد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕێکی زۆری به دینی ئیسلام هه‌یه، که‌چی له زۆر ڕووه‌وه به پێچه‌وانه‌ی ڕێبازی ئیسلام ئازادی زیاتری داوه به ئافره‌تان. ڕاو ڕاوێژی پیاوی کورد به مێینه له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرینگه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، زانستی، فه‌رهه‌نگی و سیاسییه‌کان به‌شێکی به‌رچاون له ڕێز‌و به‌ها دانان بۆ ئافره‌ت و که‌سایه‌تییه‌که‌ی، هاوبه‌شی پێکردنی ژن له بواره جیاوازه‌کانی زانستی، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و فه‌رهه‌نگی به‌شێکی به‌رچاوه له یارمه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کانی پیاوی کورد به ژنان بۆ به‌ره‌وپێشچون و نرخ دانان بۆ ئافره‌ت. ناکرێ که ڕۆڵی ئافره‌تیش له‌م بواره‌دا نابینا بگیرێت و باسی لێوهنهکرێت، ئافره‌تی کورد به‌رده‌وام له خه‌بات بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زیاتری مافه‌کانی له جموجۆڵدا بووه‌و له هه‌ر هه‌ل و ده‌رفه‌تێک که‌ڵکی وه‌رگرتووه. چالاکی له بواره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی، زانستی، فه‌رهه‌نگی، سیاسی و ته‌نانه‌ت چه‌کداریش دا به‌شێک بووه له هه‌وڵه‌کانی ژنی کورد بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌ی به‌گشتی و داخوازییه‌کانی مێینه به تایبه‌تی. قه‌ره فاتم، عادیله خانم، مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان، حه‌پسه‌خانی نه‌قیب، خانزادی سۆران، میناخانم و ده‌یان ئافره‌تی چالاک له بواره جۆراوجۆرهکانیتر نمونه‌ی هه‌ڵوێستی ژیرانه‌و بوێرانه‌ی ژنی کوردن له تێکۆشان له پێناو وه‌ده‌ستهێنانی زیاتری مافه‌کانیان دا.
خاڵی چواره‌می باسه‌که تیشک ده‌خاته سه‌ر کاریگه‌رییه‌کانی فه‌رهه‌نگی باڵاده‌ستی هه‌رێمی و جیهانی زاڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا. کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌سته‌و ماف زه‌وتکراو له خاکی خۆیدا له زۆر بواره‌وه زوڵمی لێده‌کرێت و مافی پێشێل ده‌کرێت، ئافره‌تانی کوردیش له‌م ڕووه‌وه زوڵمێکی زۆریان لێکراوه‌و ماف و ئازادییه‌کانیان پێشێلکراوه. عه‌ره‌ب، فارس و تورک به پشتیوانی و هاوکاری ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆی ده‌وڵه‌ته هه‌رێمی و جیهانییه‌کان به‌رده‌وام له هه‌وڵی تواندنه‌وه‌و له‌ناوبردنی گه‌لی کورد دا بوونه‌و له هیچ کاروکرده‌وه‌یه‌کی نامرۆڤانه دژ به‌م گه‌له ده‌ستیان نه‌پاراستووه. ده‌وڵه‌ته داگیرکاره‌کانی کوردستان سه‌ره‌ڕای به‌کارهێنانی یاسا دژه کوردییه‌کانیان بۆ قڕکردن و به‌لاڕێدابردنی لاوانی کورد، له ڕێگای جۆراوجۆر‌و به شێوه‌ی جیاواز ژنان و پیاوانی کوردیان گیرۆده‌و توشی سه‌رلێشێواوی کردووه، بڵاوکردنه‌وه‌و فرۆشتنی مادده‌هۆشبه‌ره‌کان، پێڕانه‌گه‌یشتن به بواری پاک وخاوێنی شارولادێکان و هه‌وڵدان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌یان نه‌خۆشی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی هه‌وڵێکی بێوچانی داگیرکه‌رانن بۆ تواندنه‌وه‌و له‌ناوبردنی به کۆمه‌ڵی گه‌لی کورد، بڵاوه‌پێکردنی میلله‌تی کورد له‌سه‌ر خاکی خۆی و سه‌فه‌ر بۆ شوێنه دووره ده‌سته‌کانی ده‌وڵه‌ته داگیرکاره‌کان بۆ په‌یداکردنی کار؛ به‌شێکی تره له سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌و قاڵکردنهوهیان له‌ناو نه‌ته‌وه غه‌یره کورده‌کان دا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای خۆشحاڵی و سه‌ربه‌رزی گه‌لی کورده ئه‌وه‌یه که ئافره‌تی کورد ئه‌گه‌ر له کوردستان و ناوچه‌که‌شی دوور بوبێت؛ که‌چی هه‌وڵی به‌رده‌وامی ئه‌وه بووه که له فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ریتی کوردی لانه‌دات و وه‌ک ئه‌مانه‌تێکی گرنگ پارێزگاری لێبکات، پۆشینی جل و به‌رگی کوردی و ئاخاوتن به زمانی دایکیی به‌شێکی گرنگ بووه له هه‌ڵوێستی کوردانه‌ی ژنانی کوردستان. وه‌ک ئاشکرایه که قه‌ده‌غه‌کردنی خوێندن و نوسین به زمانی کوردی چه‌کێکی کاریگه‌ری نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانه که به دژی کورد به‌کاری دێنن و ده‌خوازن له‌م ڕێگایه‌وه کورد بتوێننه‌وه، به‌ڵام کورد توانیویه‌تی له زۆربه‌ی بواره‌کاندا له ته‌ڵه‌ی داگیرکه‌ران نه‌که‌وێت و گه‌ڵاڵه داڕێژراوه‌کانیان بکات به بڵقی سه‌ر ئاو، پاراستنی فه‌رهه‌نگ و کولتوری ڕه‌سه‌نی کوردی، به‌کار هێنان و زیندوو هێشتنه‌وه‌ی جل وبه‌رگی کورده‌واری، داب و نه‌ریته کۆنه‌کانی کوردستان به به‌شێکی مه‌زن له ده‌ستکه‌وته‌کانی کورد و تێکشکانی داگیرکه‌ران ده‌ژمێردرێ. په‌ره‌دان به نوسین و خوێندنه‌وه به دزی و به ئاشکرایی زمانی کوردی و ئاخاوتن به‌م زمانه له ده‌رو ژوور دا به‌ڵگه‌ی زیندوو مانه‌وه‌ی گه‌لی کورده له گۆڕه‌پانی ململانێ له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران دا، ده‌توانرێ بگوترێت که زیندوو مانه‌وه‌و په‌ره‌دان به زمانی کوردی به‌شێکی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لێهاتوویی و خۆشه‌ویستی ئافره‌تی کورد بۆ زمانی شیرینی کوردی.
کۆئه‌نجامی ئه‌م ووتاره مرۆڤ دێنێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که بێژێت ئافره‌تی کورد هاوڕێ له‌گه‌ڵ پیاوان له زۆربه‌ی بواره‌کاندا به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی هه‌ڵساوه‌و له هه‌موو ڕێگایه‌که‌وه هه‌وڵی داوه بۆ وه‌ده‌ست خستنی مافه وه‌دینه‌هاتووه‌کانی. ئه‌مه له‌کاتێکدا بووه که ئاینی ئیسلام له زۆر ڕێگاوه به‌ربه‌ستی خستووه‌ته سه‌ر ڕێگای ژن له کۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا به‌گشتی و کوردیش وه‌ک میلله‌تێکی موسوڵمان له‌م نێوه‌دا. فه‌رهه‌نگی ده‌سه‌ڵاتدارانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستانیش نه‌ک نه‌یتوانیوه ده‌سه‌ڵاتی کولتوری و فه‌رهه‌نگی خۆی به‌سه‌ر میلله‌تی کورد دا بسه‌پێنێت، به‌ڵکوو ده‌توانرێ بگوترێ که فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردی ڕۆژ به ڕۆژ له په‌ره‌سه‌ندن و بوژانه‌وه دایه، جێگای خۆیه‌تی بگوترێ زمان و کولتوری ڕه‌سه‌نی کوردی له لای ئافره‌ت به گشتی و دایکان به‌تایبه‌تی وه‌ک ئه‌مانه‌تێکی مێژوویی پیرۆز پارێزراوه.
هه‌ر له‌م ڕووه‌وه پێویسته بگوترێ که ژن له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا به به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆر له نه‌ته‌وه‌کانی تری خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت نه‌ک مافی پێشێل نه‌کراوه به‌ڵکوو زۆر ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆتر ژیاوه‌و ده‌ژی، وه‌ک له سه‌ره‌تادا باسکرا پیاوی کورد له زۆربه‌ی بواره‌کاندا هاوکاری مێینه بووه بۆ وه‌ده‌ست هێنانی زیاتری مافه‌کانی. جێگای خۆیه‌تی ئاماژه به‌وه بکرێت که پیاوی کورد سه‌ره‌ڕای ژێرده‌سته‌یی و نه‌بوونی ئازادی له ووڵاته‌که‌یدا، که‌چی مافی زیاتری داوه به ژنان له به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆر له ووڵاته ئیسلامییه‌کان دا. بۆ سه‌لماندنی ڕاستی و دروستی بابه‌ته‌که ده‌کرێ به‌راوردێک له نێوان ژنانی دانیشتووی هه‌رێمی کوردستانی باشوور و زۆر له ووڵاته ئیسلامییه‌کان بکرێ؛ ئه‌وکاته ڕاستیی ئه‌م نوسراوه‌یه به ته‌واوی ده‌رده‌که‌وێت.
[email protected] 25.04.2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست