کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاگاداربن! گۆشتی که‌ر ئه‌ده‌ن به‌ ماسییه‌کان، به‌ قاچیش گۆشتی که‌باب ئه‌شێلن

Tuesday, 23/11/2010, 12:00


زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌که‌ لێیداو هاوڕێ پزیشکه‌که‌م پێیی وتم: چی تر گۆشتی که‌بابخانه‌ به‌ ناوبانگه‌که‌ی... شاره‌ حه‌یاته‌که‌و گۆشتی ماسی به‌خێوکراو ی کێڵگه‌کان مه‌خۆ.. که‌ پێم وت بۆچی؟ ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا وتی: بۆ هه‌ردووکیان به‌ڵگه‌ی به‌هێزم هه‌یه‌ و من له‌ دڵسۆزیدا پێت ده‌ڵێم ئیتر تۆ که‌یفی خۆته‌.

کاتێك ئه‌و په‌ڕی نامۆڕاڵی مرۆڤ له‌ کۆمه‌ڵگدا ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی، که‌ هه‌موو بنه‌مایه‌کی ئاکاریی واز لێبهێنن ته‌نیا به‌ مه‌به‌ستی خۆ ده‌وڵه‌نه‌مه‌ند کردن، ئه‌گه‌ر زیانیش به‌ ته‌ندروستی گشتی بگه‌یه‌نن هیچ لایان گرنگ نییه‌، چونکه‌ سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی ئه‌و که‌مه‌ مرۆڤدۆستییه‌ی له‌ ناو میلله‌ته‌که‌ماندا مابوو ئه‌ویشیان له‌ ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵکه‌ند، یان به‌ پاره‌ یان به‌ زۆرداریی له‌ناویان برد، ئاکاری مرۆڤ و پێنووسی ڕۆشنبیرانیشیان دزیی.

نزیکه‌ی 2 ساڵ له‌مه‌وپێش ئه‌وه‌مان بینی، که‌ چۆن به‌رنامه‌ی زووم ئین ئه‌و که‌سانه‌ی پێشان دا که‌ له‌ ڕیی دهۆك له‌ چێشتخانه‌یه‌ك که‌ریان سه‌رده‌بڕی و که‌بابیان لێ دروست ده‌کرد و ماوه‌یه‌کی زۆریش خه‌ریکی ئه‌و کاره‌ بوون تا ئاشکرا بوون.

باسی ئه‌مڕۆمان له‌وه‌ش تێپه‌ڕیوه‌، که‌ هه‌ر ڕاسته‌وخۆ گۆشتی که‌ر بفرۆشێت،کار گه‌یشتۆته‌ ‌ته‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ که‌سێکی نزیکی ئه‌و هاوڕێمه‌وه‌ بیستراوه‌، که‌ کێڵگه‌ی به‌خێوکردنی ماسییان هه‌یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی زوو قه‌ڵه‌و بن و زوو بیانفرۆشن هه‌رزانترین خواردنیان ده‌ده‌نێ، ئه‌ویش به‌داخه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ گۆشتی که‌ر! بۆ به‌سه‌رهاتی دووهه‌میش هاوڕێکه‌م که‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ کار ده‌کات گوتی کاتێك بنی پێی شاگردێکی که‌بابخانه‌ی...مان دووریه‌وه‌ بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ له‌ناو گۆشتی که‌ببه‌که‌دا که‌ ئه‌م به‌ پێ شێلا بووی ئێسقانێکی تێدا بوو پێیان نه‌زانیبوو که‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌و جۆره‌ بنی پێی بریندار بکات.

ئه‌مه‌ دوبه‌یه‌که‌ی جه‌لال و مه‌سعوده‌، ئاوی به‌لوعه‌ پڕه‌ له‌ جڕ و جانه‌وه‌ر، ئه‌وه‌ی بیخواته‌وه‌ تووشی ده‌رد و په‌تا ئه‌بێت، ده‌یان حاڵه‌تی ژه‌هراویی بوون و خواردنی ئێکسپایه‌ر و مردنی له‌ناکا و ڕۆژانه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌کان تۆمار ده‌کرێت، که‌چی ده‌سه‌لات هه‌ر خه‌می کورسی و ئیمتیازاته‌کانی خۆیانه‌، بۆ سه‌رکوت کردنی خه‌ڵکی ئازادیخواز زۆر ئازان و بۆ خزمه‌تکردن ڕێوی گه‌ڕن، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ شوانی میلله‌ت بن، که‌ به‌ هیچ جۆرێك که‌ڵکی خاوه‌ندارێتی کردنی نه‌ك شارێك، به‌ڵکو گه‌ڕه‌ك و ته‌نانه‌ت ماڵێکیشیان نایه‌ن‌، زۆر سه‌یره‌، نازانم چۆن ملیۆنه‌ها خه‌ڵکی کوردی به‌سته‌زمان ئه‌و ناحه‌قی و که‌ربازاڕیی و حوکمی قه‌ره‌قۆشه‌ قبوڵ ده‌که‌ن؟ به‌داخه‌وه‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و به‌ناو ڕۆشنبیرانی ئینتیهازیش ده‌کۆشن و کۆشکی سته‌مییان ئه‌ڕازێننه‌وه‌و بچوکایه‌تییان ئه‌که‌ن تاکو له‌و دۆلاره‌ دزراوانه‌ ئه‌وانیش به‌شدار بکه‌ن، به‌ داخه‌وه‌ زۆربه‌ی شته‌کان له‌ کوردستان بێزه‌وه‌ر بوون، جوانییه‌کان ژاکاون ، متمانه‌ بوونی نه‌ماوه‌، هه‌مووکه‌سێك ده‌رگاکه‌ی خۆی قایم ده‌به‌ستێ تا دز نه‌چێته‌ سه‌ر ماڵیان، دز پۆلیس ده‌گرێت، دادوه‌ر تاوانکار ئازاد ده‌کات، ئه‌مه‌ چ ڕۆژێکه‌ تێی که‌وتووین هاوڕێـم: سه‌د خۆزگه‌مان به‌ کفن دزیی پێشوو..چه‌مکه‌کان تیایدا پێچه‌وانه‌ بوونه‌ته‌وه‌! باشه‌ ده‌بێت که‌سانێکی دڵسۆز له‌ ئارادا نه‌بن بیر له‌ مه‌ترسی ئه‌نجامی ئه‌م خزانه‌ گشتگیریه‌ی کۆمه‌ڵگا بکه‌نه‌وه‌و به‌ربه‌ستێکی بۆ دابنێن تا چی تر کار له‌ کار نه‌ترازێ و گورگه‌کان که‌ له‌ پێستی مرۆڤدا خۆیان ده‌نوێنن لای هه‌مووان ده‌مامکه‌کانیان ئاشکرا بکرێت، کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌مووی ده‌ڵێت: ده‌ست به‌ کڵاوه‌که‌ی خۆته‌وه‌ بگره‌ تا با نه‌یبات.


 تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌ته‌که‌وه‌ نییه‌، واته‌ گومان له‌م به‌ڕێزه‌ ناکرێت که‌ ماسییه‌که‌ی به‌ گۆشتی که‌ر په‌روه‌رده‌ و گه‌وره‌ کردبێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە