کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەتەنەكردنى كچان، منیش وەك یەكێك لە قوربانیەكانى

Saturday, 24/01/2009, 12:00


لەسەرەتاوە ئەمەوێ ئاماژە بەوە بەم كەلەئێستادا زۆر رۆژنامەى ئەهلى باس و خواسى خەتەنەكردنى كچانیان كردۆتە بابەتێك لەكۆكردنەوەى خوێنەر لەخۆیان پاش ئەوەى بەپێى بڕیارى نوێى رۆژنامەنوسى هەرێم ئەو دەرفەتەى جارانیان نەما بۆ بڵاوكردنەوەى هەندێ بابەتى سەرنج راكێش لەسەر بەرپرسە گەندەڵەكانى هەردوو حزبەكەى كوردستان، هەوڵى تەواوى ئەو رۆژنامە بەناو ئەهلیانەى باشورى كوردستان بازرگانیكردنە بەهەر بابەتێكى سەرنجڕاكێشەوە، تەنانەت خۆشیان ئەو راستیە ئەزانن كەكارى ئەوان بەتاڵكردنەوەى رقوكینەو كەفوكوڵى جەماوەرە، وەك بەڕێز ئاسۆس هەردى لەگەرمەى بڕیاردانى یەكەمجارى پەرلەمان لەسەر یاساى رۆژنامەنوسى ئاماژەى بەوەدا كەهەڵەیەكى گەورەیە ئەگەر پەرلەمان ئەو نیمچە ئازادییە لەرۆژنامە ئەهلیەكان بسەنێتەوە چونكە بەڕاى بەڕێزى ئەوان جەماوەر بەتاڵئەكەنەوە لەهەر رقوكینەو دژایەتیەك كەبۆ سەرانى دەسەڵاتیان هەبێت. ئەگینا كوا ئەو رۆڵە راستەقینەیەى ئەوان گێڕاویانە، زۆر لەسەر فرۆكەوانە هەڵاتووەكە یان بەرەڵاكراوەكەى ئاسایشى سڵامانى نوسرا بەڵام كوا ئەو هەموو خۆپیشاندان و مانگرتن و رێپێوانانەى لەكوردستانا بۆى سازكرا، یان چۆن رۆژنامەى هاوڵاتى دەقى دانپێدانانەكانى ئەو فرۆكەوانەى دەست كەوت و بلاوى كردەوە، كەهەر كەسێك تۆزێ ئەقڵى هەبێت، ئەزانێ ئەوە سیناریۆیەك بوو بۆ بەتاڵكردنەوەى رقى جەماوەر ئەگینا ئەگەر ئەوە دانپێنانى ئەو فرۆكەوانە بووایە رەوانەى هەندەران نەئەكرا، بەهەرحالأ ئەو مەسەلەیە زۆر لەوە قووڵترەو ئەوەى كەپیشانى جەماوەر ئەدرێ تەنیا بۆ خۆڵكردنەچاو و هەڵخەڵەتاندنى هەموو ئەوانەیە كەبەداخن بۆ كوژراوانى ئەو كیمیابارانەى هەڵەبجە كەحیزبە ناسیۆنالیستەكان رۆڵى سەرەكیان تیا گێڕاو ئەى هەموو خەڵكى هەڵەبجە ئاگادارى ئەوە نین كەئەگەر چەكدارەكانى یەكێتى رێگر نەبوونایە لەبەردەم ئەو خەڵكەى كە هەڵئەهات ئەو ژمارە زۆرەیان لێ نەئەكوژرا، ئەوەى ئەو دەم یەكێتى كردى هەر لەوە ئەچێ كەلەم ماوەیەدا بزوتنەوەى تیرۆریستى حەماس بەخەڵكى بێدەسەڵاتى غەزەى كرد، بەرنامەى زۆربەى ئەو حزبە رەگەز فاشیانە خوڵقاندنى كارەساتە واتە چەند زۆر لەخەڵك بكوژژرێت باشترە، هەڵەبجەو ئەنفال و هەموو كارەساتەكانى كورد دەستى بزووتنەوەى ناسیۆنالیستى كوردى تیا هەبووە، چوون تۆ كەبزانیت بەشەڕ هیچت پێ ناكرێ بۆ ئەبیتە مایەى كوشتنى ئەو خەڵكەى كەوەك چەتە خاك و گوند و مالأ و زیدیان ئەكەیتە مۆڵگەى شەڕ، وێڕاى ئەوەى ئەم هەموو ساڵە لەشەڕ و شۆڕى ناسیۆنالیستەكان بۆ ئەوە بوو بەشكڵێكى جیاوازتر پەرلەمانە كارتۆنیەكەى بەعس دابنێتەوەو ئاڵاى ناشرینى عێراق لەكوردستان هەڵبكەیتەوەو هەر رۆژەى تەنازولێكى تازە بخەیتە پالأ تەنازولەكانت، كورد لەسایەى هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكەو هەموو حزبەكانى ترەوە بوو بەگاڵتەجاڕى دنیا، شەرم نیە تۆ هیچت نەكردبێ بۆ خەڵكى كوردو سەرجەمى كوردستان بكەیتە كۆمپانیاو خاكى كوردستان بەم كۆمپانیاو ئەو كۆمپانیا ببەخشیت، خۆ تازە ئێوەش نەمێنن ئەو پارچە خاكانە كەپێشكەشتان كردوون بوونەتە موڵكى ئەوان، ئەى باشە مەشهەدانیەك كەگەورەترین دژایەتى كوردى كرد لەپەرلەمانى عێراقى جێگەى پرسیار نیە یەكێتى ڤێلاى لەدوكان بۆ دروست كردبێ.
بۆئەوەى لەباسەكە لانەیەم دێمەوە سەرباسى خەتەنەكردن نەك وەك بابەتێك بۆ ئیستیهلاك وەك ئەیبینین بەڵكو وەك بابەتێكى راستەقینە كەخۆم یەكێكم لەقوربانیەكانى.. بەڵام چون دژ بەخەتەنكردنى كچانم ئاواش دژ بەخەتەنكردنى كوڕانم، چونكە خەتەنەكردن لەڕاستیدا و پێش هەموو شتێك بۆ چاوترسێنى ئەو منداڵە كوڕ و كچانەیە كەهێشتاكە نازانن چى چاوەڕێیان ئەكات، من دژ بەهەموو سونەت و كولتور و ئاین و خوایەكم كەبەئەشكەنجەدانمان بوونى خۆیمان بیر بخاتەوە، ئیتر ئێمە یەك خوامان نیە خوا هەموو كەسێكى هەبووە، هەموو كەسێكى دەسەڵاتدارە، راستیەكەى خوا دەسەلاتەو دەسەلاتیش خوایە، كەواتە هەموو چەشنەكانى دەسەڵات چ ئاینى بێت یان دەوڵەتى یان حزبى یان لەهەر شوێنێكى ترەوە سەرچاوە بگرێ هەر ئەو دەسەلاتەیە كەتواناو هێزى خۆى لەتێكشكاندنى تاكەكانەوە بەدەست ئەهێنێت. ئێمەى تاكین كەهەر لەرۆژى لەدایكبوونمانەوە وابەستەى ئەو هەموو یاسا و رێسا و دابونەریتە ناشرینەین كەهەزاران جار پەشیمانمان ئەكەنەوە لەو رۆژەى تیا لەدایك بووین. خەتەنەكردنى كچ و كوڕ بەشێكە لەو ناشرینیەى كەلەنێو كۆمەڵگەدا هەیە، وەك وتم هیچ جیاوازیەك لەنێوان خەتەنەكردنى نێر و مێدا نابینمەوە چونكە ئەو مندڵانەى كەخەتەنە ئەكرێن نێر بن یان مێ پێش ئەوەى هیچ بیركردنەوەیەكى سێكسیان هەبێت و ان ئەقڵیان بەلاى ئەندامى زاوزێیانا چووبێت ئەتك ئەكرێن، وەك ئەو نوكتەیەى لەرشتەى مرواریا هاتووە سەبارەت بەوەى كاتێك كوڕەكان خەتەنە ئەكرێن كچەكانیش ئەگرین كەپێیان ئەڵێن بۆ ئەگرین، لەوەڵاما ئەڵێن بۆ ئێمەى تیژ ئەكەنەوە بۆیە ئەگرین، ئەمە هەرچەند وەك توكتە بكەوێتە بەرچاو بەڵام نوكتەیەكە گوزارشت لەواقیعێكى تالأ و ناشرین ئەكات، نوكتەیەكە رەنگدانەوەى تێڕوانینى كۆمەڵە بۆ ئاسایى كردنەوەى ئەو كارە وەحشیگەراییەى كەئەكرێ، ئەگینا لەتواناى هیچ مناڵێكى سادەو ساكارا نیە خەیاڵى بۆ ئەو مەسەلەیە بچێ، ئەوە كۆمەڵە خۆشەى ئەكاو لەرووى باشبوونى بۆ سێكس نێرو مێ چەواشە ئەكا، سەلمێنراوە لەرووى زانستیەوە كەخەتەنەكردنى نێرینەش كارێكى باشنیەو ئەبێتە هۆكارى چەپاندنى سێكسى و دەیان كێشەى دەروونى تر، چونكە تۆ وەرە شوێنێكت هەر لەسەرەتاوە ببڕن بەبێ ئەوەى هیچ وەڵامێكت لابێ، كێشەى خەتەنەكردنى ئافرەتیش سەربارى ئەو لێكچوونەى بەڵام زۆر لەوە زیاتر كێشەى لێ دروست ئەبێ، چوون یەكسەر شوێنى چێژبینینى مێینە لەكاتى سێكسا ئەبرێ، من خۆم تائێستا دوو جار شووم كردووەو لەهیچ جارێكیاناو لەهیچ كاتێكا چێژى سێكسیم نەبینیەوە، شتێكە تەنیا بەبیركردنەوە خوێندنەوە مەگەر بزانم شتێكى وا هەیە واتە وەك ئەوەیە باسى چێژى جۆرە خواردنێكت بۆ بكەن كەچى نەتوانى خۆت چێژى بكەیت.
هەر ئەمەشە وام لێئەكات بێزار بم لەو هەموو بابەتانەى بەناوى ئەو مەسەلەیەوەو بەتایبەتیش بۆ ئیسارەكردن لەرۆژنامە ئەهلیەكانا بڵاوئەكرێتەوە، بێ ئامانج هەموو ژمارەیەكى ئەو رۆژنامانە ئەو بابەتانەى تیایە، ئیتر ئەمەیان كردووە بەبنێشتە خۆشكەو حەقایەت. بێهوودە لەبارەیەوە ئەنوسرێت، تازە پەرلەمانە جوانەكەى كوردستانى نێرسالار بڕیارى فرەژنى دا، كەواتە ژن وەك ئاژەلأ و كاڵایە، پیاداهەڵدانیشى تەنیا بۆ رابواردن و بەكارهێنانێتى، هەموو حیزبەكان و دوو حیزبە باڵادەستەكەش بەتایبەت توانیان باشترین پرۆژەى بەسۆزانى كردنى كچ و ژنى كورد بەئەنجام بگەیەنن و چەندین رێكخراوى ژنانن و مەدەنى و تاد.. خرانە خزمەت ئەو پرۆژەیە، بەڵێ بەناوى ئازادكردنى ژنانەوە زۆرترین ئافرەتى كوردستان خرانە ژێر مەسئولەكان كەبەداخەوە ئەوانەى ئەم كارەیان لەسەرەتادا دەست پێكردو ئێستاش بەردەوامن خودى بەرپرسى رێكخراوەكانى ژنان و ئافرەتانە، ئیتر بڵاوكردنەوەى چەنە حەنێى بەرپرسى ئەم رێكخراوى ژنان و ئافرەتانە چ مانایەكى هەیە، كام ناڕەزاییە باسى لێوەئەكەن، كام گۆڤار و رۆژنامەو كتێب و گۆڤارە ئەمانە دەرى ئەكەن، هەر هەمووى كارى چەواشەكارانەیەو كچانى نەگبەتى كوردى بێهەڵئەخەڵتێنن، لەوەتەى ئەم رێكخراوانەى ژنان لەپاش راپەڕینەوە دەست بەكار بوون، ژمارە ئافرەتە سوتاوەكان، كوژراوەكان، سۆزانیەكان لەزۆر بووندایە، لەكاتێكا خۆیان سەرچاوەى فەساد و بەسۆزانیكردنى ژنانن هەر خۆشیانن گوایە دژ بەپیاو سالارى قسەئەكەن. رەنگە ئەو خانمانەى كەرێكخراوەكانى ژنان بەڕێوە ئەبەن ئەوە نەزانن كەئازادى ژنان بەڕەڵایى نییە، سێكسى ئازاد و مافى هەڵبژاردنى ئەو كەسەى كەسێسكى لەگەلأ ئەكەى، ئەو كارە نیە ئەوان بۆخاترى مەسئولەكان و بەناوى دامەزراندن و پارەو شتى لەو بابەتە كچانى بێتاوان بەرەو ژوورى ترسناكى بەرپرسان ئەبەن و بەربووكیان بۆ ئەكەن، ئەوەى لەمڕۆشدا سەرنجم رائەكێشى نوسین و گفتوگۆى زۆر لەو ژنان و ئافرەتانەیە كەپێشتر سەر رێكخراوەكانى ژنانى یەكێتى بوون و پاش گەیشتنە هەندەرانیان وەك داكۆكیكەرى ژنان ئەخەنەڕوو، لەكاتێكت هەر یەك لەوانەى كەئێستا دەمیان گەرمەو هەیانە ئەڵێ ژن خاوەنى لەشى خۆى نیەو هەیانە پێى وایە رۆژنامەنوس ئەبێ موخابەرات بێ ئەگینا ئەگەر موخابەرات نەبێ قەڵەمەكەى بشكێنێ باشترە و زۆر قسەى حەلەق و بەلەقى لەم جۆرەو بەداخیشەوە رۆژنامەو گۆڤارەكان هەر بۆ پڕكردنەوەى لاپەڕەكانیان دیمانەو بابەتەكانى ئەم جۆرە توخمانەى ژنان بڵاوئەكەنەوە كەخۆیان یەكەمین تاوانبارن، چونكە كەس مافى ئەوەى نیە گاڵتە بەلایەنە سێكسیەكانى ئافرەتان بكات و گەوادى پێوە بكاو ببێتە فرۆشیارى لەشى ئافرەتى ترى بێئاگا، ئەو ئافرەتانەى لەو رێكخراوانەدا كاریان كردووەو كار ئەكەن، وەك بەرپەرسى حیزبەكانیان تاوانبارن و ئەبێت بدرێنە دادگا.
داواكارم لەمەو دوا مەسەلەى خەتەكردنى ئافرەتان نەبێتە بابەتێكى تەنیا لەبەر زۆرى خوێنەرانى بڵاوبكرێتەوە، بەڵكو كاتى ئەوە نەك هاتووە بەڵكو بەسەریش چووە بڵێین پێویستە چى بكەین و چۆن دژ بەهەموو ناحەقیەكانى دژ بەئافرەتان بوەستینەوە هەر لەفرەژنیەوە تا خەتەنەكردن و هەموو ناحەقیەكانى تر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە