ئەم خوێنی کوردە، کەوەکو خوێنی سیا وەحشە خوێنی نەسێنرێ، هەڵدەقوڵێ دائیما گەشە*

Sunday, 09/05/2010, 12:00


جارێکی تر خوێنێکی گەش ڕژا بەسەر بەسەر خاکی نیشتماندا، خاکی ئەم کوردستانە ئەوەندەی خوێنی ڕۆڵەکانی بەسەردا ڕژاوە بەئاواتی ووشکە ساڵێکەوەیە، داگیرکەرلە دوای داگیرکار بواری هەناسەی بە خاکی ئەم کوردستانە نەداوە، ئەم میللەتە ئەوەندە ناخۆشی دیوە لە ڕووداوە خۆشەکانیشدا سەرمان دەسوڕمێت لە باتی ئەوەی پێبکەنین!

چەند داگیرکەران بزماریان بە جەستەماندا داکوتاوە ئەوەندەش خۆمان جەستەی خۆمانمان بزمار ڕێژ کردووە.

گەر لە کاتی ئەنفالەکاندا سەدامیەکان پێیان بوتینایە ئێوە ڕۆژێک دێت کۆلکە حکومەتێکی خۆتان دەبێت جا ئەوکاتەش هەر ئەکوژرێن و دەمتان دەبەسترێت، هەر ئەنفال دەکرێن بەڵام تەنها شێوەکەی دەگۆڕێت، بێگوومان شێت دەبووین و داوامان ئەکرد با هەموو بمرین و ئەو ڕۆژە ڕەشە نەبینین!

ئەوانەی ئێستا لە سەر کورسی دەستەڵات دانیشتوون بیریان چۆتەوە کێ هێنانی و چۆن ئەو جێگەیەیان گرتووە بە خوێنی کوڕی کێ ئێوە ڕۆژێک لە ڕۆژان جەماوەریتیان پەیداکرد و کردمانن بە سەرۆک بەسەر خۆمانەوە، خۆ خوێنی کوڕەکانتان نەبوو! ئازارەکانی ئێمەی میللەت بوو ئێوە کردتان بە پەیژەو بەسەریدا سەرکەوتن، بیرتان چۆتەوە کە ئەم میللتە خۆڕاگرە تەنها بۆ ئەوەی نەچێتەوە باوەشی سەدامیەکانەوە لە دوای ڕاپەڕین خەڵک چ برسیەتیەک و بێ مەعاشییەکی نۆشی و هەر چەپڵەشی بۆ لێدەدان... جا ئێوە چیتان لە بیر ماوە!



لە هەموو ئەو ووڵاتانەی کە مرۆڤ نرخی هەیە چینی گەنجان یەکێکن لە گرنگترین چینەکان کە دەزگاکانی دەوڵەت خەمیان دەخۆن بە گرنگیەوە گوێان لێ دەگرن، پرۆژەی بەرز کردنەوە و پەرەپێدانیان بۆ دادەنێن. بەڵام لەم کۆلکە ووڵاتەی ئێمەدا خۆێنیان ئەڕێژرێت و هەوڵی دەمکوت کردنیان دەدرێت. دیارە ئێوە لێمان بوونەتە زووحاک پێویستیتان بە خۆێنی سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت وگەنجەکانمانە بۆ ئەوەی بژین. بەڵام بەداخەوە ئێمە میللەتێکین ڕووداوەکان زوو ئەمان هەژێنێت و هەر زووش لە بیریان دەکەین. گەر ڕووداوەکان ڕاستەوخۆ کار لە خێزانەکانمان نەکات هەڵچونەکانمان کاتی دەبێت خۆ ئەگەر یەکێک لە دەستەڵات ناخۆشحاڵی خۆیمان پێڕاگەیەنێت ئەوە دوای خەڵاتی دەکەین و بیرمان دەچێت یان لەبیری خۆمانی دەبەینەوە کە هەتا ئێستا یەکێکیان نەهاتووە داوای لێبووردن لە میللەتەکەمان بکات بۆ ئەو هەموو نەهامەتیانەی کە بەسەر میللەتیان هێناوە یان ڕۆژێک لە ڕۆژان دان بە هەڵەیەک لە هەڵاکانیان بنێن ،بەڵام ئەبێ باش بیزانین کە ئەمان کێشەی میللەتێکە و لە دەرگای هەمو ماڵێک دەدات بەکەم و بەزۆر ، هەژار و دەوڵەمەند، خۆ سەدام کە کەوتە خەڵک کوشتن بە نزیکەکانی خۆی دەستی پێکرد، کە دکتاتۆرێکیش دەڕوات بەتەنها ناڕوات.

نەگبەتیەکە لێرەدا ئەوەیە کە زۆرلە تاکی سەر شەقامی کوردی لە سیاسەت و سیفەتەکانی سەرکردەی ویستراو لە لایان میللەتەوە زیاتر دەزانن وەک لە دانیشتوانی ناوچەی دەستەڵات...!

ئەی کوان ئەوانەی خەڵاتی ئاشتیان وەرگرت لە کوردستان ،بۆ نەهاتن بچنە پێشەوەی خۆپیشاندەرەکان دژی خەڵک کوژی، بۆ دەنگی ناڕەزاییان بەرز نەکردەوە، بۆ نەیان ووت ئەمە سنگی ئێمە و ئەوە ش گوللەی ئێوە بابەس بێت نەمام هەڵکێشاندن، کوا شیرکۆ بێکەس کە بە جارێ دوو خەڵاتی وەرگرت ، دەبا یەک لەسەر سەدی بێکەسی باوک (کە هەمیشە نەمرە) هەڵوێستی هەبێت،هەزارەها هۆنراوەی مرۆڤی وا وەک بڵقی سەر ئاوی لێدێت گەر ئاگای لە خۆت نەبێت و خۆی نەکڕیتەوە بۆ میللەت چونکە تەنها چەند هۆنراوەیەکی شەهید مەلا عەلی بەسە بۆمان هەتا فێری منداڵەکانمانی بکەین، ئەی ئەو مەسئوولەی خەڵاتی سۆرانی مامە حەمەی وەرگرت کوا هاتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ ئاشکراکردنی پلانی کوشتنی نەوە تازە پێگەیشتووە کانمان، مەخابن... ئەم جارەش مەخابن بۆ (لڤین و ئاوێنە و هاوڵاتی) کە خەڵات ئەدەن بە شاعیری بێ هەڵوێست و مەسئولی دەستەڵات، تۆبڵەی سۆرانی مامە حەمە ئەیەوێت خەڵاتێك بە ناوی ئەو مرۆڤە خۆبەخشەوە بێت ئاوا هەرزەکارانە دابەشبکرێت، کوردستان پۆستیش پێمان دەڵیت کاتی نەبوو گرنگی بدات بە نامەی پەیامنایرەکەیان (سەردەشتی شەهید) ....ئەمە چ نەگبەتیەکە ... چ خەم ساردیەکە ....چ سەرلێشێواندنێکە بۆمان لڤین بکڕین یان ئاوێنە، کوردستان پۆست بخوێنینەوە یان ئێمەش مان بگرین لە هەموو سەرلێشیواندنێک.

گەر ئێمە خۆمان پشتیخۆمان نەگرین کێ بە هانای سۆران و سەردەشتەکانەوە دێت ،کی خۆی دەکات بە خاوەنی خەمەکانمان!




*هۆنراوەی شیوەنی شەهیدانی کوردی نەمر(پیرەمێرد)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە