ئایا هەڵبژاردن بۆ ئێمە گەمەیە کی کاتیە؟
Tuesday, 06/04/2010, 12:00
لە دوای تەواو بوونی هەلبژاردن ئەرکەکانی تاکی کورد ائەبێ چیبێت؟ ئا یا ئەرکی ئێمە لە دوای چوون بۆ سندوقەکانی دەنگ دان تەواو دەبێت؟
لەڕاستیدا هەر مرۆڤێکی کورد کە چوو بێت بۆ هەڵبژاردن و بە هەر مەبەستێک دەنگی دابێت، تەنانەت ئەوانەش کە نەچون و باوەڕیان بەم هەڵبژاردنە نەبووە ئەرکی قورسترو گرنگتری هەیە لە ئێستاوە. لە هە مو کۆمەڵگایەکی دیموکراتیا دەنگدەرەکان چاویان لە سەر هەڵبژێراوەکانیانە ،ئەوکەسانەی کەمتمانەی خۆیان پێدابون و گەیاندیاننە کورسی پەرلەمان، چونکە زۆر گرنگە توانا ، بوێری، دڵسۆزی ئەندام پەرلەمانەکان تاقی ببێتەوە بۆمان. زۆر گرنگە بزانین کە ئایا ئەم ئەندام پەرلەمانانەمان نوێنەری ڕاستەقینە ئێمەی میللەتن.
پێویستە ئێمە بروامان بەگەورەی نرخی خۆمان هەبێت، کە ئێمە میللەتێکین ئەهێنین نوێنەری دڵسۆز بوێرمان هەبێت،ئەهێنین نوێنەری نیشتمان پەروەرمان هەبێت.هەر بۆیە ئەبێت بەدواداچونیبەردەوام بۆ نوێنەرەکانی پەرلەمانمان بکەین، راسپاردنی بڕوامان بەوان و دوای پشتیلێبکەینەوە بە ناوی ئەوەی ئەوان کەسانێکی نمونەین بۆ داواکانمان چونکە هەڵمان بژاردونە هەڵەیەکی گەورە. بەڕێزینە ئەندام پەرلەمانەکان ئێمە هەڵمان بژاردون وئەبێ بڕواشمان هەبێت کەهەرئێمەش ئەبێ بڕیار دەربین بە مانەوەیان یان نەو.
ئەی ئایا ئەرکی پەرلەمانتارەکانمان ئەبێ چی بێت ؟ چە پڵە و هەلهەلە بێت بۆ وەڵام دانەوەی پێشنیارێک یان بابە تێکی وروژێنراو؟ ئەبێ پەرلەمانتانەکانمان نیستمان پەروەربن، هەتا ئێسقان باوەڕیان بەڕەوایی دیموکراتیەت هەبێت نەک تەنها بۆ ئەندامانی پەرلەمان بەڵکو بۆ هەموو میللەت، بڕوایان بەخۆیان هەبێت کە ئەتوانن بیربکەنەوە دەست هەڵبڕن بۆ ىڕیاڕێک کە خزمەت بە کۆمەڵگاکەمان دەگەیەنێت، بابچنە قوڵای کۆڵانەپشتگوێ خراوەکانی تاکی کوردەوە نەک وەک قەرزاردارێکی بێتوانا بەرامبەر پارتەکانیان چاوەڕوانی برۆ بەرزکردنەوەیەک بن ئینجا ئەمانیش دەستی ڕازی بوون بەرز بکەنەوە.
ئێمە میللەتێکی هیلاکین، دوژمنەکانمان زۆریان پێکردوین وهەر بەردەوامیشن بەڵام خۆمان چیمان بەخۆمان کردووە وچیمان بۆ خۆشمان کردووە؟بەداخەوە زۆرمان بەخۆمان کردوە و کەممان بۆ خۆمان کردوە. ئایا لاوازکردنی تاکی کورد، شکاندنی کەسێتی و بێنرخ کردنی سوودمەندە بۆ کێ؟ بۆ ئەندام پەرلەمانەکانمان یان بۆ دەستەڵاتی کوردی، یان ساڕێژکردنی ئەوبرینە کراوەیەیە کە لە مێژە لە جەستەی میللەتەکەماندایە وهەرخوێنی لێ دەروات.
میللەتی ئێمە بەدرێژای مێژووە دوورەکەی مرۆڤی زانا و زیرەک وئازای تێدا هەڵکەوتووە کە تەنانەت خزمەتیان بە دوژمنەکانیش گەیاندووە، کاتێ میللەتی عەرەب(بتی) بەدەستەکانی خۆی درووست دەکرد وئەیکرد بەخوای خۆی ئینجاکڕنووشی بۆ دەبرد و لێیدەترسا ئالە و کاتەدا ئێمە ئاینێکی پڕفەلسەفەمان هەبووە، باوەڕمان بە خودایەک هەبووە کە تاک بووە و دروستکراوی دەستی مرۆڤ نەبووە* کەچی لەم سەردەمەدا خۆمان دوای چەند مرۆڤێک دەکەوین و دەیان کەین بە سەرکردەی پارتەکانمان، ڕێکخراوەکانمان، یان ڕێبەرەکانمان ، قبوڵی رەخنەمان نیە لێیان، شێتانە ئەچین بە گژ یەکێکدا کەڕەخنەیەک بگرێت ،هەمیشە دەڵێین ئەمە دەستێکی لەپشتەوەیە چونکە ئەمانە هەڵەناکەن و پاساویش بۆ هەڵە بچووک وگەورەکانیان ئەهێنینەوە هەتا دەیان کەین بە خوا لە خۆمان. ئێمە هەڵس وکەووتی مرۆڤ بۆ مرۆڤ ناکەین لەگەڵ سەرکردەکانمان بەڵکو مرۆڤ بۆخوا چونکە ئەو شتەی کە هەڵە ناکات و لەهەموو لایەنێکەوە تەواوە تەنها خوایە. لەدویدا دەبن بە دێوەزمە و لێیان دەترسین.
بە زمانێکی زۆر سادە و دوور لە فەنتازیای یاریکردن بە ووشە ئەمەوێت بڵیم دادپەروەری هێزە، توانایە، چەکێکە میللەت و سەرکردەش بەهێز دەکات، دەرگا فراوان و سەربەرزەکانی مێژووش کراوەیە بۆ دادپەروەران.
تاکڕەوی سەرکردە لاواز دەکات، میللەت بێنرخ دەکات و برسی دەکات بۆ نرخی خۆی. کوردینە با جارێکیتر فێری بیرکردنەوە ببین، با دەنگمان هەبێت، با چاومان لەسەر هەلبژێراوەکانمان بێت، با دڵسۆزیمان بۆ میللەتەکەمان زۆر بەرز تر وزیاتربێت لە سۆزمان بۆ پارت و ڕێخراوەکانمان. هاموو کاتێک کاتی رەخنەیە هەرگیز بابە وە هەلنەخەڵەتێین کە دەڵێن پێمان ئێستا کاتی ڕەخنەنیە و دوژمنمان زۆرە چونکە گەورەترین دوژمنی میللەت نەبوونی داد پەروەریە لە کۆمەڵگاگەیدا.
*فەلسەفە ورامانی یارسانی لە فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردیدا(جەمال نەبەز)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست