دەزگای پاراستن هونەرمەندەكەی رۆژهەڵاتی تیرۆر كردووە
Tuesday, 25/08/2020, 17:57
هونەرمەندی راپەری بەناوبانگی كوردستانی رۆژهەلات (سامان بەهفەر) كە بە چەند گۆرانیەك بۆ مەینەتیەكانی گەلی كورد لە ئێران، ئاوارەی كوردستانی باشور ببوو رۆژی 12ی ئاب واتا دوو هەفتە لەمەوپێش بەهۆی تەقەكردنەوە گیانی لەدەست دا بەپێی سەرچاوەیەكی زانیاری ئەم هونەرمەندە تیرۆر كراوە.
من وەک سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رووداوەکە رایدەگەینم، کە: سامان بەهفەر ناسراو بە سامان جرجیس كە خاوەنی كۆمەڵێك گۆرانیە بەناوەكانی من كوردم نیشانەی غیرەتە چەند جارێك لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دەستگیر كراوە و میدیا كوردیەكانی ئێران هەواڵەكەیان بڵاوكردەوە:
http://asoyroj.com/farsi/detail.aspx?=hewal&jmara=13668&Jor=1
دوای ئاوارەبوونی بۆ كوردستانی باشور، ماوەی چەند مانگێكە لە شاری هەولێر سەرقاڵی ئامادەكردنی ئاهەنگێك بوو بەهۆی كۆرۆناوە كارەكانی راگیرا، بەڵام رۆژی 12ی ئاب بە كڵاشینكۆف كوژراوە و تەرمەكەشیان بەبیانوی نەخۆشی كۆرۆناوە تەسلیمی كەسوكاری نەكردۆتەوە میدیا سێبەرەكانی پارتی بۆ داپۆشینی ئەو تیرۆرەش رایانگەیاند كە خۆیكوشتووە ئەمەش بۆ داپۆشینی تیرۆرەكەیە. كەسوكاری ئەم هونەرمەندە لە تۆڕەكانی ئینستاگرام و تێلێگرام سەرەرای دەربرینی گومانی خۆیان لەو كارەساتە، داوایان لە بەرپرسانی پۆلیسی هەولێر كردوە رون كردنەوەی زیاتر سەبارەت بەو تیرۆرە بخەنەرو، تا ئێستاش وەڵامیان نەدراوەتەوە.
لێرەوە داواكارین لە پەرلەمانی كوردستان بەزوترین كات بەدواداچون بۆ ئەو تیرۆرە بكەن تا كوردستان هیچی تر نەبێتە مەیدانی تیرۆر كردنی كوردی پارچەكانی تر، بێ دەنگی پەرلەمانیش لەبەرامبەر ئەو تیرۆرەش گومانەكان زیاتر ئەكەن و مەترسییەكی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و ئارامی كوردی پارچەكانی تر لە كوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بە تایبەت.
کارمەندێک
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست