بانگەوازێك بۆ گشت كوردستانیانی هەرێم بە گشتی و كوردستانیانی شاری هەڵمەت و قوربانی بە تایبەت

Wednesday, 23/06/2010, 12:00


گۆران هەریری - هەولێر بەڕێزان ... هاوشاری و هاوخاكی كوردپەروەری خۆشەویست

ماوەیەكە كۆماری نائیسلامی ئێران بەشێوەیەكی زۆر درندانە هەڵساوە بە بۆردومانكردنی ئاواییەكانی نێو خاكی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیشە لەم كارە شەڕانگێزییەی خۆی ، سەڕەراِی چەندین هەڵوێستی سیاسی و ڕەسمی و ناڕەسمی و رێكخراوەیی و هاوڵاتیانی كوردپەروەر كە هەموویان كۆك بوون لەسەر پێویستی وەستاندنی ئەم هێرشە درندانەیەی حكومەتی نائیسلامی ئێران و لەگەڵ ئەوەی چەندین پاداشتنامەی ناڕەزایی كە پێشكەش بە نوێنەری ئاخووەندەكانی تاران و قوم كران ، بەڵام پێدەچێت ئەم بەڕێزانە لە گوێی گادا نوستوون و كاردانەوەكانیش (لای ئەوان) هیچ نرخێكی بۆ دانەنراوە ..

بەڕێزان .. هاوڵاتیانی شاری هەڵمەت و قوربانی ، خەڵكی ڕۆژانی تەنگانە و كوردپەروەرانی ڕاستەقینەی بەئەمەك ، وەك لە دەزگاكانی هەواڵ بیستوومە و خوێندومەتەوە ، سەڕەڕای ئەم هەموو دەستدرێژییەی حكومەتی ئاخووەندەكان وا خەریكن لە شاری سلێمانی پیشانگا بۆ بەهەرمێن كردنی كاڵاكانی كارگەكانی خۆیان دەكەنەوە و بەیانی رَێككەوتی 23ی جونی 2010 وادەی كرانەوەی فەرمی ئەم پیشانگایەیە ... هەڵوێست وەرگرتن دژ بە چالاكیەكانی ئەم پیشانگایە چاكترین و باشترین وەڵامە بۆ حكومەتی تاران بەوەی ئێمەی كورد دركی بە سیاسەتی دووڕوانەی حكومەتی ئاخووەندەكانمان كردووە ..

ئایا دەزانن بە كڕینی هەر شتێك گەر نرخەكەی زۆر كەمیش بێت و تەنانەت 1000 دیناریش بێت دەبین بە هۆكارێك بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووری وڵاتەكەی ئەحمەدی نەژادی دیكتاتۆر ؟!

ئەی بازرگانی كوردی دڵسۆز .. بۆت ڕوونە كە كاری تۆ بە ئیمزاكردنی كونتراكتێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئێرانی دەبیت بە هاوكارێك بۆ لەگۆڕنانی چەندین كچە كوردی هەرزەكاری هاوشێوەی قوربانیانی ئەم بۆمبارانەی دوایی ناوچەی باڵەكایەتی؟!

بەرپرسانی هەرێم و دكتۆر بەرهەمی سەرۆك وەزیران كە تاوەكو ئێستا ورتەیەكی لەدەم نەهاتۆتە دەر دژ بە كردەوە شەڕانگێزیانەی حكومەتی ئاخووەندەكان .. ئایا دەزانیت قەبارەی پارەی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان ئێمە و ئێران زیاتر لە 4 8 ملیار دۆلار لە ساڵێك دەبێت ؟ ئایا چی ڕوودەدات گەر بێتو هاوشێوەی وڵاتە عەرەبییەكان لەسەروبەندی هەڵمەتی پشتیوانی كردن لە پەیامبەری ئیسلام گشت كاڵایەكی دانیماركیان ڕەت دەكردەوە و حكومەتی دانیماركیان ناچار كرد داوای لێبوردن بكات .. ئێمەیش وابكەین و پشت لە هەر كاڵایەكی ئێرانی بكەین و بەمەش پاڵەپەستۆیەكی ترسناك بخەینە سەر ئابووری ئێران و ناچاری بكەین بە پاشگەزبوونەوە لە كردارە شەڕانگێزیەكانی .

بەڕێزان عەلی باپیر و ێلاح الدین محمد بهاو الدین ... چۆن كادیران و هەوادارنی حزبەكانی خۆتان هان دەدا لە ڕۆژانی هەلمەتی پشتیوانی كردن لە پەیمابەر بەوەی دژ بە كاڵاكانی وڵاتی دانیمارك هەڵوێست وەرگرن و نەیانكڕن و گشت دزگا ڕاگەیاندنەكانی خۆتان بۆ ئەم كارە تەرخان كردبوو ... خۆ ئێمەیش موسڵمانین و لە پەیڕەوكارانی ئەم ئاینەیەن كە پەیامبەری مەزنی ئیسلام بانگەشەی بۆ كردووە بەر لە 1400 ساڵ .. باشە بۆ هاوشێوەی ئەم هەڵمەتەی پشتیوانی كردن لە پەیامبەر داوا لە خەڵك و هاوادارانی خۆتان ناكەن بۆ ئەوەی نەچن بەلای هەرچ كاڵایەكی ئێرانی كە بوونی هەیە لە بازاڕەكانی كوردستان ؟! یان دیارە ئێوەش ناتوانن دڵی ئاغاكانی تاران و قوم بڕەنجێنن لەسەرتان؟

جارێكی تر دێمەوە لای خەڵكی بەشەرەفی شاری هەڵمەت و قوربانی ... شاری شێخ موحمودی نەمر .. داواكارم لە ئێوەی كوردپەروەر و دڵسۆز بە خاكی كوردان .. هەڵوێست وەرگرن و نەچن بۆ ئەم پیشەنگایە و هەر پیشەنگایەكی تری حكومەتی نائیسلامی ئێران گەر بێتو لە داهاتووش دا بیكاتەوە تا ئەو كاتەی ئاخووەندەكانی تاران داوای لێبوردن لەگەلی كورد دەكەنەوە و قەرەبووی زیانەكانی خەڵكی سڤیلی ئەم دەڤەرەی خۆمان دەكەنەوە ..

داواكارم لە ئێوەی بەڕێز ... لە بازرگانانی شاری سلێمانی نەچن بە پیر ئەم پیشانگایە و هەر پیشانگایەی تری ئەوان و كۆنتراكت مەكەن لەگەڵیان .. داوا دەكەم لە ئێوەی بەڕێز كاڵا نەهێنن لە وڵاتی ئاخووەندەكان و پشت لە كاڵاكانیان بكەن ..

ڕووی ئەم داوایەشم نەك تەنها بۆ شاری هەڵمەت و قوربانی بێت بە تەنها ، بەڵكو بۆ گشت شارەكانی تری هەرێمەكەمانە .. لەهەر كوێیەك بن دژ بە چالاكییە بازرگانیەكانی حكومەتی نائیسلامی ئێران هەڵوێست وەربگرن و كاڵای ئێرانی لە بازارەكانی هەرێم كڕین و فرۆشتنی پێنەكەن ... ئینجا با بزانین چەكی ئابووری گرنگیەكەی خۆی دەردەخات یان نا .


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە