کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


چوار مانگ به‌ر له‌ ئێستا سه‌رده‌شت له‌ تاریکیدا تیرۆر کرا ئه‌مڕۆ به‌ ڕووناکی و به‌ ئاشکرا که‌سایه‌تی سه‌رده‌شتی برام تیرۆر ئه‌کرێ

Thursday, 16/09/2010, 12:00


ئه‌مڕۆ ڕاگه‌یاندنێکی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ که‌یسی سه‌رده‌شت بڵاوکرایه‌وه‌ و تیایدا چیرۆکێکی بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شتی برام هۆنراوه‌ته‌وه‌ که‌ هێج عه‌قڵێکی سه‌لیم قبوڵی ناکات. ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ نه‌ک هه‌ر هیچ وه‌ڵامێک به‌ ده‌یان پرسیارو گومان که‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا سه‌باره‌ت به‌و تاوانی کوشتنه‌ وروژێنراوه‌ ناداته‌وه‌، به‌ڵکو به‌ مه‌به‌سته‌وه‌ تۆمه‌تی تیرۆریست بوون و هاوکاری له‌گه‌ڵ گروپی ئه‌نسارولئیسلام ده‌داته‌ پاڵ سه‌رده‌شت.
ماوه‌ی چه‌ند مانگه‌ دایک و باوکم و ته‌واوی ئه‌ندامی خێزانه‌که‌مان چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێک و زانیاریه‌کن که‌ هۆکاری چاره‌نووسی تراجیدی براکه‌ممان بۆ ئاشکرا بکات، سه‌رداوێکی ئه‌و پیلانه‌ ڕه‌شه‌مان بۆ ئاشکرا بکات‌ و ئه‌و ده‌سته‌ به‌دکارو تاوانکاره‌مان پێ بناسێنێت که‌ به‌و په‌ڕی دڵڕه‌قیه‌وه‌ مۆمێک‌و تروسکاییه‌کی ژیانی دایک و باوکمی کوژانده‌وه‌، که‌چی ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی ناوبراو به‌م تۆمه‌ته‌ بێبناغه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ برینی دڵی هه‌موومانی هه‌ڵکه‌نده‌وه‌ و ئازارێکی جه‌رگ بڕی تری به‌ دیاری پێ داین.
بۆ هه‌ر که‌سێک له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌رده‌شتی ناسیبێت، یا چه‌ند دێرێک له‌ نوسینه‌کانی سه‌رده‌شتی خوێندبێته‌وه‌ یان تەنانەت دوراودووریش سه‌رده‌شتی ناسیبێت، ئه‌وه‌ ڕوونه‌ که‌ سه‌رده‌شت که‌سێکی خۆشه‌ویستی ده‌وروبه‌ره‌که‌ی و مه‌ده‌نی و عه‌لمانی بوو. به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بە تاڵه‌ موویه‌کیش ئه‌و به‌ند نابێته‌وه‌ به‌بیروباوه‌ڕی تیرۆرستیه‌وه‌، ئه‌و تۆمه‌ته‌ بێبناغه‌یەو دوره‌ له‌ ڕاستی. ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رده‌شت ڕۆژنامه‌نووس بوو و له‌سه‌ر کاری رۆژنامه‌وانی و نوسین و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ناعەدا‌له‌تی کۆمه‌ڵگای کوردستان تیرۆرکرا.
من لێره‌دا وه‌ک برای سه‌رده‌شت عوسمان به‌ ڕاشکاوی ڕایده‌گه‌یه‌نم که‌ نه‌ک هه‌ر ڕاستی‌و دروستی ئه‌و ئه‌نجامی به‌ ناو لێکۆڵینه‌وانه‌ ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه‌، به‌ڵکو به‌و په‌ڕی بێزاریه‌وه‌ ئیدانه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌ بێ ئاکامه‌ بۆ به‌تیرۆریست ناساندنی براکه‌م و تاوانبارکردنی به‌ هاوکاریکردنی گروپی تیرۆریستی ئه‌نسارولئیسلام ده‌کەم. ئه‌م ئیدیعا بێ بناغه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌، بیانووی په‌لامارو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایش‌و ژیانی ئه‌ندامانی تری خێزانه‌که‌م و له‌م بابه‌ته‌وه‌ بانگه‌وازی هه‌موو ئازادیخوازان و لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ ده‌که‌م که‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ ئاشکرایه‌دا پشت‌و په‌نامان بن.
من له‌ ڕابردوودا ڕوونکردنه‌وه‌ی ترم له‌سه‌ر یه‌که‌مین ڕوونکردنه‌وه‌ی لێژنه‌ی ناوبراو بوو که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ چه‌ندین شتی ناراست و ته‌مومژاوی له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ بڵاوکرده‌وه‌. چه‌ندین جار ڕامگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ هیچی بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ که‌یستی تیرۆری سه‌رده‌شت نه‌کردووه‌ و ناکات‌و لیژنه‌یه‌کی ته‌واو ئه‌منی توانای په‌رده‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر تاوانێک نییه‌ که‌ به‌ربه‌رچاوی خۆی و له‌ بن ده‌ستی خۆیدا ئه‌نجام دراوه‌. من وه‌ک له‌ چه‌ند ڕاگه‌یاندن‌و بۆنه‌ی تریش له‌ ڕابردوودا داوام کردووه‌، جارێکی تر ئه‌م خواسته‌ دووباره‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ پێویسته‌ لیژنه‌یه‌کی پسپۆڕی بێلایه‌ن له‌و که‌یسه‌ بکۆڵێته‌وه‌‌و ڕاستیه‌کان ئاشکرا بکات. لیژنه‌یه‌ک که‌ پێک هاتبێت له‌ نوێنه‌رانی ڕێکخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان‌و ڕۆژنامه‌نووسان‌و نوێنه‌رانی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان که‌ له‌ لیژنه‌یه‌کی واشدا نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ وه‌ک خێزانی سه‌رده‌شت مانا‌و جێگای ده‌بێت.
به‌کر عوسمان "ئارام عه‌لی"
برای سه‌رده‌شت عوسمان
0046762640455
[email protected]
‏2010‏-09‏-15

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە