ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، گوتارێکی هەڵخەڵەتێنەر و ساویلکانەی بارزانی!
Tuesday, 17/06/2014, 12:00
ناخۆشبەختانە، ژمارەی ئەوانەی بەو گوتارە هەڵخەڵەتێنەرە، ساویلکانە، پفدراوە، سواوەی (ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان)ی پارتی و بارزانی کەوتوونەتە سەما، لە ڕۆژگاری ئێستادا، ڕوو لە زیادبوونە. ئەمن ناحەقی کەسێکی حزبی، سوودمەند، و چەواشەکراوی دەستی حزبی کوردی بە گشتی و هی پارتی بەتایبەتی ناگرم، کە هەمیشە بۆ خۆشکردنی بازاڕی هەڕاجی سیاسیی و دانەخۆرەکردنی دەنگدەری کورد لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکان، ئەو گوتارە سواوەی بارزانی دووبارە دەکەنەوە. گلەییم لە ئەندامانی ژێرەوەی حزبەکان بەگشتی و هی پارتیش بەتایبەتی نییە، کە وەکو پێخۆری سیاسی، هەمیشە کەرەسەتەیەکی شیاوی گوتنەوەی گوتارەکانی بارزانین. ڕێزیش لەوانە دەگرم، کە هێندە نیشتمان پەروەرن، لە نیشتمانپەروەری خۆیانەوە، ئامادەن چەپڵە بۆ هەر کەسێک لێ بدەن، کە ئەو هیوایەیان بە واقیع دەکا. ئەوەی لە کنەمن سەیرە، گوتارە پفدراوە، سواوە، بێبڕستەکەی بارزانی دەیان کەسانی ڕۆشنفکرو خوێندەواری ڕاماڵی. ئەوانەی کە لە کنیان وایە، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، لە ئانوساتی دایە، ڕەنگە سبەی یان دووسبەی، بەپەلە بارزانی لەسەری ڕەشەوە، جاڕی بدا، هێندە ساویلکەن، ئەوپەڕی بێ ئاگایی وان دەدینم، کە سەتبارەکردنەوەی قسە بە باقوبریقەکانی بارزانی، مەستی کردوون. ئەوەی تەماشای ڕابردووی خەباتی سیاسیی پارتی بە تایبەتی و زۆربەی حزبەکانی دیکەی کوردستانی باشوور بکا، بەرئەنجامگیری ئەوەی پێ دەکرێ، کە نەک هەر بارزانی لەباریدا نییە دەوڵەتی کوردستان ڕابگەیەنێ، بەڵکو گەورەترین بەربەست لەبەردەم درووسبوونی دەوڵەتی کوردی، خودی بارزانییە. پلانی درووستنەکردن و لەباربردنی خەونی دەوڵەتی کوردستان، کە لە ستراتیژی ناسیۆنالیستی تورکیا، ئێران، و عارەبی هاوێر ناکرێ، بەوپەڕی دڵنیایییەوە بە بارزانی جێ بەجێی دەکەن. ئەوەی ئێستا نەیارانی کورد بە بارزانی جێبەجێی دەکەن، هەرگیز ئەوان وەها دووشەشیان بۆ نەهاتووە. بارزانی نەک هەر ناتوانێ کار لەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵتی کوردی بکا، بەڵکو هەوڵوتەقەڵای ئەو هەر بۆ ئەوەیە، کە لە هیچ کونجوکەلەبەرێکی کوردستان، ئەو خەونەیە دزە نەکا و لە دەستی دەرنەچێ، نەبادا کەسانێکی هەڵپەرست بێن، دژی ویستەکانی ناسیۆنالیستی تورکی، عارەبی، و فارسی، کاری وەها نامەعقول بکەن، بستێکی خاکی کوردستان ئازاد بکەن و پەرچەمی کوردستانی لەسەر هەڵبدەن! بۆیێ، بیرکردنەوە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان پێش نەمانی بارزانییەکان، خەیاڵکردنێکی ساویلکانەیە. ئەگەر پێمان وایە، ئەو بارگۆڕانە سیاسییە جوگرافییەی لە سێگۆشەی سونەیی عێراق، هەلی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورستان، زیاد دەکا، تا ئەو خاڵە ئەو دەرفەتە دەقوزرێتەوە، کە دەسەڵاتی ئێستای کوردستان لە بن دەستی بارزانی و حزبە هاوپەیمانەکانی دا نەبێ. تا کوردستان بڕیار و چارەنووسی لە مەکتەب سیاسییەکان، لەویش تەنها لە بن دەستی کەسە یەکەمییەکانی حزبەکان بێ، تا کوردستان نەبێتە خاوەنی دامەزراوەی نیشتمانیی بەدەسەڵات و دوا قسەبەدەست، چاوەڕێی ئەوە نابین، کە دەرفەتی وەها، مەندانە لێی بێینە دەست و بیقۆزینەوە. ئەو هەڕوگیفانە، سەنگ و بڕستی بڕکردنیان، لە کەفی دەریایش کەم تەمەنترە. لەکاتێکدا کە بارزانی تێکشکێنەرێکی سەرەکیی شانۆگەری درووستکردنی دەوڵەتی کوردی بێ، ئەوا لەسەردەمی خۆیدا، جەلال تاڵەبانیش ڕۆڵی سەرەکی ئەو کارەکتەرەی دیتووە. خۆهەڵخەڵاتاندنە، ئەگەر بکەوێنە ناو ئەو شایییەی، کە دەسرۆکەکەی لەدەستی پارتییە و بەرەو کەندەرانی نادیار و کوردستانفرۆشیمان دەبا. ئەگەر لە نوێوە، بزووتنەوەیەکی سیاسی لە کوردستان درووست بێ، ئاسۆی هیوایەکانی ڕۆشنتر دەبێ، وەک لەوەی کە ئێستا هەمانە، کە ئەو حزبە پارەپەرستە، دژبەکوردانە ئیدارەی دەکەن. هەر فرە ناتێگەیشتووین، ئەگەر هیوا لەسەر ئەو گوتارە سواوانە بنیات بنێین، کە ئەو ناسیۆنالیستە درووسکراوەی ئێستای بارزانی، هەمیشە پێمانی دەفرۆشێتەوە. دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە ئاسانی درووست دەبێ، ئەگەر کەسانێک ئیدارەی بکەن، کە نە کڕدرابن، نەیش ئەوەندە خۆپەرست بن، کە بەتەنێ بیر لە بەرژەوەندی خۆیان بکەنەوە. ئەگەر ئەو کەسە حەماسییە سادانەی کە باسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکەن، دەسەڵاتیان هەبێ، هومێدی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانمان زێتر دەبێ، وەک لەوەی کە بارزانی سەرۆکێکی داگیرکەر و کارتوونی کوردستان بێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست