دیوی ڕاستەقینەی وتارەکەی ڕێبوار کەرێمی پارتی
Wednesday, 13/08/2014, 12:00
پاش بڵاوکردنەوەی وتارەکەی ڕێبوار کەریم، کە یەکێکە لەوانەی کە پارتی بەکاریان دەهێنن بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی، زۆر لێرە و لەوێ قسەی لەسەر کرا. هەر یەک لە ڕێبین هەردی و کامیار سابیر وتارێکیان لەسەر نووسی. هەر یەکەیان هەوڵی دا، دیوی دووەم و پێشهاتەکانی خیانەتی دادێی پارتی، ئاشكرا بکەن. ئەوان و دەیان کەسی دیکە، بیریان بۆ ئەوە چوو، کە ئەو وتارەی ڕێبوار کەریم، پێشدەستیدانە، بۆ ئەوەی پارتی ئامادەکاری بکا بۆ خیانەتێکی دیکەی نیشتیمانی. بەڵام، ئەوەی گرنگ بوو ئاماژەی پێنەکرا. لە ڕاستیدا ئامانجی سەرەکی ئەو وتارەی ڕێبوار کەریم بۆ ئەوە بوو، کە ئەو دەنگۆ و ڕا و بیروبۆچوون و ڕاستییانە دووربخاتەوە، کە هەمووان لەسەر ئەوە کۆک بوون، کە پارتی لەبەرەی ئەو پلانە نەگریسەی تورکیایە، کە داعشیان درووستکرد و پلانیان دانا بۆ لێدانی ئەزموونی کوردانی ڕۆژئاوا. واتا، ئەوە ئاشکرابوو، کە پارتی دەستی لەو پلانە هەیە، کە تورکیا داعشی بەکار هێنا، بۆ لێدان لە گەریلا، یەپەگە، پەکەکە، و ئەزموونی ڕۆژئاوا. ئەو وتارەی ڕێبوار کەریم، بە ڕێنمایی پاراستی پارتی نووسراوە. ئامانجیان ئەوە بوو، کە بەخەڵک بڵێن نەک هەر پارتی دەستی لەو پلانە نییە، کە داعش بەگژ کوردانی ڕۆژئاوا وەدەنێن، بەڵکو ئەوە هەمووی پلانە دژی پارتی و بارزانی. لە ڕێگەی ئەو واتارەی ڕێبوار کەرێم، کە پاراستن ناوەڕۆکەکەی داڕشتووە، ئامانجیان ئەوەیە، کە کەس بیری بۆ ئەوە نەچێ، کە پارتی بە بەرنامە، هاوتا و تەریب و دۆست لەگەڵ تورکیا، شنگالیان ڕادەستی داعش کرد. یاخود ئەوە پارتی لە هیچ یەک لە سەنگەر و میحوەرەکانی خۆی شەڕی نەکرد. بەڵکو وتارەکە دەیەوێ وەها فریومان بدا، ئەوە هەمووی پلانی ئێران و ئەمریکا و یەکێتی و پەکەکەیە دژی پارتی و هەیمەنەت و سومعە و پڕۆژە پف دراوەکەی دەوڵەتی سەربەخۆی پارتی و بارزانی. بەکورتی پارتی و پاراستن لە ڕێگەی ئەو وتارە دوو ئامانجیان پێکا. یەکەم، لە بڕی ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە کە پارتی دەستی هەیە لە درووستکردنی داعش لەگەڵ تورکیا دژی کوردانی ڕۆژئاوا، بەڵکو ئەوە پلانە دژی پارتی. دووەم، لەبڕی ئەوە بیرمان بۆ ئەوە بچێ، کە پارتی دەستی هەیە لەو پلانەی تورکیا، بەڵکو ئەوە پلانی نەیارەکانی پارتییە دژی پارتی و بارزانی. دەنا، لە ئێستا پڕۆژەی هیچ خیانەتێک لە ئارادا نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست