کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


لە نەخۆشخانەى فریاكەوتنى رۆژئاواى هەولێر چ باسە؟

Monday, 30/04/2012, 12:00




نەخۆشخانەى فریاكەوتنى رۆژئاوا لەساڵى 2010 دروستكراوە تاهەنوكە خزمەتێكى باشی پێشكەش كردوە، بەڵام ئەوەى لەنزیكەوە سەردانى ئەو نەخۆشخانەیە بكات و گوێ لە كەموكوڕى و گەندەڵەكانى نێو ئەو نەخۆشخانەیە بگرێت ئەوسا دەزانێت چۆن حیزب دەستى خستۆتە ناو یەكە بەیەكە بەشەكانى ئەو نەخۆشخانەیە، تەنانەت لە چونە ژوورەوەى میوان بۆ سەردانى نەخۆش جیاوازییەكى زۆر دەكرێت و كەسێكى حیزبیان لەو نەخۆشخانەیە داناوە وەكو جاسوسێك بە ئارەزووى حیزب یارى بە عەقڵى خەڵك و فەمانبەرەكانى ئەو نەخۆشخانەیە دەكات.
ئەوەى لەگەڵ داب و نەریتى كۆمەڵگاى كوردى ناگونجێت ئەوەیە كە سیستەمێكیان لەو نەخۆشخانەیە داناوە كە لە یەك كەس زیاتر بۆى نیە لەگەڵ نەخۆش بچێتە ژوورەوە، ئەمەو لەكاتێك زۆر هاوڵاتی هەیە بریندارە یاخود سوتاوە پێویستى بە خزم و كەسى خۆى دەبێت كەچى فەرمانبەرێك بەناوى (موتەلیب سلێمان) لە بەشی پێشوازى پیاوان دانراوە گوایە ئەو كەسێكى حیزبییەو كەس بۆى نیە لە قسەى ئەو دەربچێت هەركەسێك ئەو نەناسێت چونە ژوورەوەى مەحاڵە.
دیارە لەناو هەرێمى زەرد هیچ وەزارەت و بەرێوەبەرایەتى و هیچ فەرمانگەیەك نیە كە كەسی حیزبی لێ دانەنرابێت و جاسوسی بۆ پارتى و لق و ناوچەكان نەكات؟!. ئاخر نەخۆشخانە چ پێویستى بەوە هەیە كەسێكى حیزبی بێ شەهادە بەرێوەى ببات، ئەى بەرێوەبەرى نەخۆشخانە كە (دكتۆر سامان بەرزنجی)یە تۆ بڵێی پیشەى چى بێت؟! ئایا ئەو ئاگادارى هەلسوكەوتە ناشرینەكانى (موتەلیب سلێمان)ە كە چۆن بە ئارەزووى خۆى مامەڵەى ناشیرین لەگەڵ خەڵك و فەرمانبەرانى نەخۆشخانەكە دەكات، تۆ بڵێ ئەویش دەستى لەگەڵ نەبێت و بەهەردوكیان مەبەستیان رازى كردنى حیزب بێت!.
پێمخۆشە لێرە زۆر بە كورتى باس لەچەند گەندەڵیی و كەموكورییەكى ئەو نەخۆشخانەیە بكەم، یەكەمیان مامەڵەى فەرمانبەر (موتەلیب سلێمان)ە كە بە كەسێكى قێزەون و ناشرین ناسراوە كە سیماى ئەو نەخۆشخانەیە و تەواوى فەرمانبەرانى ناشرین كردووە، لەماوەى رابردووش بڕێكى زۆرى پارەى لە گیرفانى نەخۆشێك دەرهێناوەو تائێستا كەسێك لێپرسینەوەى لەگەڵ دا نەكردووە، ئەمە جگە لە قسەى ناشرین و مامەلەى خراپ لەگەڵ فەرمانبەرانى ناو نەخۆشخانە بەجۆرێك باش و خراپ جیاوازى ناكرێت ئەوەى بەلاى موتەلیب دابێت ئەوا رێزى لێدەگیرێت و كەم دەوام دەكات و پاداشتیش وەردەگرێت.
سەبارەت بە چونە ژوورەوەو سەردانى كردنى نەخۆش پێویستە ئەو نەخۆشخانەیە چاو بەو سیستەمە دابخشێنێتەوە رێگە بە كەس و كارى نەخۆش بدرێت هەرچ نەبێت دوو كەس لەگەڵ نەخۆش بچێتە ژوورەوە نەوەك بەدەیان هاوڵاتى لەبەردەم نەخۆشخانە رەشمال و خێمە هەڵَبدەن ئایا ناكرێت هۆلێك بۆ چاوەروانى میوانەكان دابین بكرێت ئاخر كۆمەڵگەى كوردى هێشتا لەو ئاستەدایە كە كە پەیوەندیە كۆمەلایەتیەكان جیاوازى هەیە لەگەڵ كۆمەڵگاى دیكە، ئایا كەسێكى وەكو مەتەلیب ئەگەر كەسێكى نزیكى خۆى نەخۆش بكەوێت و بریندار بێت رێگە بەوە دەكرێت كە تەنها كەسێك بچێتە ژوورەوە یانیش وەكو ئێستا بە دەیان خزم و كەسی خۆى دەباتە ژوورەوە.
جیاوازى كردن لەچونە ژوورەوەى میوان بۆ لاى نەخۆش زۆر بە زەقى هەستى پێدەكرێت بەتایبەت كەسانى بەرپرس و كەسانى حیزبی بە ئارەزووى خۆیان لەناو نەخۆشخانە دەسوڕێنەوە، تۆ بڵێى وەزارەتى تەندروستى ئاگادارى ئەو بەزمانە نەبێت یان كەسێكى وەكو دكتۆر سامان چۆن ئەو جیاوازى كردنە قەبول دەكات لەكاتێك ئەو دكتۆرەو دەیەوێ چارەسەرى نەخۆش و كۆمەڵگا بكات، ئایا بەو جۆرە جیاوازى كردنە چ چارەسەرێكى نەخۆش و ئەو كۆمەڵگایە دەكات؟!!.
لە كۆتایی دەڵێم لە كوێی ئەو جیهانە فەرمانبەرێك هەیە دەسەلاتى لەسەرووى هەمو كەسێكەوە بێت و بەئارەزووى خۆى یارى بە عەقڵى خەڵك و فەرمانبەرانى دیكە بكات تەنها لەبەر ئەوەى بەقسەى خۆى لەلایەن حیزبەوە دانراوەو جاسوسی بۆ لق و ناوچەكان دەكات تۆ بڵێی حیزبێكى وەكو پارتى كە پاشكۆى دیموكراتى لە خۆى ناوە ئەوە عەقڵیەتى بێت كە جاسوس و موخابەرات لەناو سەرجەم وەزارەت و بەرێوبەرایەتى و فەرمانگەكان دابنێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە