کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


که‌ی سنوورێک دیاری ده‌کرێ بۆ ئه‌و تاوانه‌ مه‌زنانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ گۆرانی و موزیکی کوردی ئه‌نجام ده‌درێ ..

Monday, 16/03/2009, 12:00


زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ له‌ناو ده‌ریای هونه‌ردا ئامێرکم ده‌ستداوه‌تێ و هه‌ر گیز گوێم نه‌داوه‌ته‌ هه‌ورازو نشێوه‌کان هه‌ر له‌ تیپی پاشی گه‌وره‌ و خوێندن له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌کان بگره‌ تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵ دابێت له‌ شه‌پۆله‌ سه‌خته‌کانی ئه‌و ده‌ریایه‌دا هه‌موو هه‌وڵێکم بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ تۆزێ زانستیانه‌ و ئه‌کادیمنیانه‌ په‌یامێکی ڕاسته‌قینه‌ و ڕه‌سه‌ن له‌ که‌ناردا نزیک بکه‌مه‌وه‌ بۆ گه‌له‌ چه‌وساوه‌ و داگیرکراوه‌که‌م ئه‌مڕۆش که‌ خۆم به‌ دڵسۆزی هونه‌ری گه‌له‌که‌م ده‌زانم بۆیه‌ ئه‌و مافه‌ به‌خۆم ده‌ده‌م که‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک بکه‌م ده‌نگی خۆم بده‌مه‌ پاڵ ده‌نگی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزانه‌ی که‌ ‌له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کاندا ڕۆژانه ناڕه‌زایی و توڕه‌یی خۆیان ده‌رده‌بڕن به‌رامبه‌ر به‌و دیارده‌ دزێوه‌ و دژواره‌ی (هه‌ڵکه‌وت زاهیر) به‌ناوی هونه‌ر و پێشکه‌وتنه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمانی ده‌فرۆشێت زۆر ده‌مێک بوو ده‌مویست ئه‌و دیارده‌یه‌ بابه‌تیانه‌ و زانستیانه‌ هه‌ڵسه‌نگێنم له‌روی هونه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی ئه‌مڕۆ و دواڕۆژی هونه‌ری کوردی به‌تایبه‌تی دوا ڕۆژی مناڵان و لاوانی کورد که‌ به‌ یه‌کێ له‌ پرۆسه‌ هه‌ره‌ ترسناکه‌کانی مێژووی مۆسیقا و گۆرانی کوردی ده‌بینم ئه‌و ڕۆژه‌م له‌ بیر ناچێ له‌ پرۆگرامی (رۆژباش کوردستان) یه‌کێ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ ڕه‌سه‌نه‌کان ڕووی له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کرد و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی هه‌ڵکه‌وت زاهیری به‌ ئه‌نفال و کیمیا باران وه‌سف کرد و ووتی زیاتر له‌ 20 ساڵ له‌ دژ سه‌دامی خوێنمژ له‌سه‌نگه‌ر دابوویمه‌ و ئاماده‌م هه‌تا دوارۆژی ژیانیشم له‌سه‌نگه‌ر دابم بۆ بن بڕ کردنی ئه‌و دیارده‌ دزێو خه‌ته‌رناکه‌.
ئه‌م شێوازه‌ (ستایل)ه‌ی کاکه‌ هه‌ڵکه‌وت ڕاپێچی ناو هونه‌رو مۆزیکی کوردی کردووه‌ ، هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ هونه‌ری کوردیه‌وه‌ نیه‌و وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانی ناوی تازه‌گه‌ری ونوێکاری لێ بنێیت ، ئه‌وه‌ شێوازێکی عه‌ره‌بی میسری کۆنه‌و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک دوور و نزیک خزمه‌ت به‌ مۆزیک و گۆرانی میلله‌ته‌که‌ی ئێمه‌ ناگه‌یه‌نێت له‌ زیان زیاتر .
وه‌ک ئاماژه‌م پێی دا زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندو نوسه‌رو ڕۆشه‌نبیرو هونه‌ردۆستان له‌ میدیاو ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیکترۆنیه‌کان و گۆڤارو ڕۆژنامه‌ کوردیه‌کان باس له‌و شاڵاوه‌ ترسناکه‌ی هه‌ڵکه‌وت زاهیر ده‌که‌ن که‌ڕاپێچی ناو هونه‌ری گۆرانی و موزیکی کوردی کردووه‌ ، هه‌یه‌ به‌خیانه‌ت ، هه‌یه‌ به‌ ئه‌نفال ، هه‌یه‌ به‌خزمه‌تکردنی هونه‌ری بێگانه‌ پۆلێنی (وه‌سف) ده‌‌که‌ن ، وه‌ هه‌یه‌ به‌ شتێکی کاتی دائه‌نێت و ده‌ڵی بڵقی سه‌ر ئاوه‌ پاش ماوه‌یه‌ک ڕه‌واجی نامێنێت و کۆتایان پێ دێت .
که‌چی له‌ هه‌موو شتێ سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵکه‌وت زاهیرو دارو ده‌سته‌که‌ی ئه‌م ستایله‌ به‌ شێوازێکی نوێ و تازه‌گه‌ری دائه‌نێن و پێیان وایه‌ خزمه‌ت به‌ هونه‌ری کوردی ئه‌که‌ن.
ویژدانتان هه‌بێت ئا ئه‌مه‌یه‌ هونه‌ری کوردی ؟.....که‌ی له‌ره‌وت و نه‌ریتی کورده‌واری ((ده‌گورقس))که‌لتورمان بووه ‌؟...له‌وه‌ته‌ی له‌بیرمه‌ مناڵانی کورد به‌ ئه‌ی ڕه‌قیب په‌روه‌رده‌کراون که‌چی له‌ پیلانی ئه‌و تازه‌گه‌رانه‌دا بوو ئه‌و سرووده‌ش بگۆڕن بیکه‌ن به‌ یه‌كێ له‌و سروودانه‌ نموونه‌ی (القدس لنا) .
کاکه‌ هه‌ڵکه‌وت ئه‌و شێوازه‌ی تۆ که‌ ناوت ناوه‌ تازه‌گه‌ری وه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ ده‌نگی ده‌هۆڵه‌که‌ی تۆش هه‌ڵئه‌په‌ڕن له‌ووڵاتی خۆیان دا زۆر چاک ده‌زانن ئه‌و شێوازه‌ زۆر له‌مێژه‌ سواوه‌ و به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت و که‌م که‌س گوێی لێ ئه‌گرێ ، که‌چی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ماددی و مه‌به‌ستی گڵاویان به‌ تۆی ده‌فرۆشن و تۆش به‌نه‌وه‌ی ئه‌و گه‌له‌ چه‌وساوه‌یه‌ی کورد ئه‌فرۆشیته‌وه‌ هه‌ر بۆ‌ که‌مکردنه‌وه‌ی کورد تا ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی ‌ میسر وێردی سه‌رزاریانه‌ (بتستکردنی) له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌وداسه‌ریه‌ش تۆ له‌ ژێر په‌رده‌ی تازه‌گه‌ری و نوێکاری به‌ خزمه‌تی هونه‌ری کوردی ده‌زانی ؟ . کاکه‌ گیان بڵێ من حه‌زو نیازو ئاره‌زوه‌کانی هه‌رزه‌کاری خۆم به‌جێئه‌گه‌یه‌نم وحه‌زم له‌و شێوازه‌ سواوه‌ی‌ عه‌ره‌بی میسریه‌ یه‌ ئه‌وسا که‌س گله‌ییت لێناکات و که‌سیش ڕه‌خنه‌ت لێ ناگرێت ، به‌ڵام به‌ مه‌رجێ تێکسته‌که‌شی هه‌ر عه‌ره‌بی بێت .ئه‌گه‌ر نا من بۆ ڕای گشتی کوردی یه‌که‌ به ‌یه‌که‌ی کاره‌کانت ‌ نۆت ده‌که‌م و ناوی ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ی عه‌ره‌بیش ده‌نووسم که‌ هه‌مان ئاوازیان ووتوه بۆیه‌ هه‌ندێ هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن له‌ کوردستان سه‌ریان سوڕماوه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌ڵێن هه‌ڵکه‌وت کارگه‌ی ئاوازدانانی هه‌یه‌‌‌ دڵنیابه‌ ته‌قه‌ به‌ تاریکیه‌وه‌ نانێن و مانگیش که‌ بوو به‌ چوارده‌ نه‌فامیه‌ په‌نجه‌ی بۆ درێژ بکرێت ، دڵم به‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌سووتێ که‌ ئێستا له‌به‌ر بژێوی ژیانیان هاوکاری تۆ ده‌که‌ن وه‌ک ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌مانی ڕژێمی گۆڕبه‌گۆڕ دێنه‌ به‌رچاوم که‌ له‌ ترسان و له‌ برسان سروودێ یان گۆرانیه‌کیان به‌شانوباڵی دیکتاتۆر هه‌ڵده‌دا گومانیش له‌وه‌ دانیه‌ که‌ له‌ناو هه‌موو گه‌لێک هه‌لپه‌رست هه‌ر هه‌بووه‌ و ده‌شبێ .
زووربه‌ی زۆری خه‌ڵک ئه‌وه‌ی من بناسێ ده‌زانێت که‌ ته‌مه‌نێکه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌م و له‌گه‌ل زووربه‌ی هه‌ره‌ زۆری هونه‌رمه‌ندان موزیکژه‌ن و گۆرانیبێژ کارم کردووه‌ که‌چی هه‌ڵکه‌وت زاهیر تا پۆستی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانی وه‌رنه‌گرت،که‌س نه‌یده‌ناسی وله‌هیچ کۆڕو کۆبونه‌وه‌یوکی هونه‌ری وئاهه‌نگ و بۆنه‌ میللیه‌کاندا دیار نه‌بوو وه‌ هیچ کاتێ خولیای گۆرانی و موزیکی کوردی نه‌بووه‌ . ئه‌و هه‌ر خه‌ریکی گوێگرتن بوو له‌(نجاە سه‌غیره،سعاد حسنی،ام کلسوم،میاده‌ حناوی..هتد). من بڕواناکه‌م یه‌کێ وه‌ک هه‌لکه‌وت زاهیر که‌ ئه‌و هه‌مو ئاوازه‌ عه‌ره‌بییه‌ی لێ ئه‌بارێت هه‌ستی کوردایه‌تی هه‌بێ و بۆ یه‌ک چرکه‌ش دڵی بۆ میله‌ته‌که‌ی لێ بدات.
تێکدان وله‌ناو بردنی که‌لتورو گۆرانی و موزیکی کوردی هیچ جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ تۆ زمانی میله‌تێک له‌ناو به‌ری ، که‌ زمان یه‌کێکه‌ له‌ مه‌رجه‌کانی بوون به‌ ده‌وڵه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌سه‌ بکرێت، بگره پشتگیریشی لی ئه‌کرێت و ڕۆژ به‌دوای ڕۆژ جێ پێی خۆی گه‌وره‌ترو به‌هێزتر ده‌کات.
باس نه‌کردن وگوێ نه‌دان به‌ ته‌عریب کردنی گۆرانی و موزیکی کوردی زۆر سامناک و ترسناک تره‌ له‌ ته‌عریب کردنی که‌رکوک وناوچه‌ دابراوه‌کانی کوردستان ، به‌عس توانی تا ڕاده‌یه‌ک چه‌ند شوێنێکی کوردستان ته‌عریب بکات و ویژدانی چه‌ند که‌سێکی کورد بکڕێت و دژبه‌مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای میله‌ته‌که‌ی خۆیان بوه‌ستن وه‌ خیانه‌ت ده‌رحه‌ق به‌ میله‌ته‌که‌ی خۆیان بکه‌ن ، به‌ڵام نه‌یتوانی زه‌فه‌ر به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی وکه‌لتوروو هونه‌ری کوردی ببات به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئستا له‌ناو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی ڕۆشه‌نبیری وهه‌ولێری پایته‌ختی کوردستان هه‌ڵکه‌وت زاهیر ته‌عریبی گۆرانی و موزیکی کوردی ئه‌کات . ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش ڕوونبکه‌مه‌وه‌ که‌ من وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک و دڵسۆزی هونه‌ری گه‌له‌که‌م زیاتر هانی دام ئه‌و بابه‌ته‌ بوڕووژێنم ئه‌گینا به‌ دڵنیایه‌وه‌ ده‌ڵێم نه‌ من و نه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ی که‌ که‌وتوونه‌ته‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ هه‌ڵکه‌وت خوا نه‌خواسته‌ کێشه‌ی شه‌خسیمان له‌گه‌ڵی هه‌بێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ش به‌و هیوایه‌ بووین که‌ یه‌کێ له‌و ئازادیه‌ی ئه‌مڕۆ ڕاسگۆیانه‌ خزمه‌تی به‌ هونه‌ری گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ بکردبا هه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێم کێشه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ که‌ وا به‌ئاسانی له‌ میدیاکان وسایته‌ کوردییه‌کان باسی لێوه‌ ده‌که‌ن ، ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و بگره‌ هه‌تا له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌ باسی لێوه‌ بکرێت ، چونکه‌ ئه‌وان له‌ هه‌مو که‌سێ زیاتر به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر به‌م گه‌ره‌لاوژێیه‌ی به‌ ناوی تازه‌گه‌ری و نوێخوازی که‌ئستا له‌ناو هونه‌ری گۆرانی و موزیکی کوردی داهاتۆته‌ ئاراوه‌ ..‌‌‌



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە