کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەندەڵی خۆرەی کۆمەڵگا

Thursday, 31/03/2022, 11:54


گەندەڵی بریتییە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتی بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتی تایبەتی ، کردارێکی ناپاکی پڕ فێڵ و ساختەیە ، لە لایەن کەسانێکەوە ئەنجامدەدرێت ، کە پلە و پایە و پۆستی باڵا و گرنگییان لە دەسەڵات و حیزبە سیاسییەکاندا هەیە ، کە بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆیان نەبەستۆتەوە بە نیشتمانەوە و لە هەموو هەستێکی نەتەوایەتی شۆراونەتەوە و کۆ لە هیچ ناپاکییەک ناکەن . هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیان ، تەنها دەستکەوت وبەرژەوەندی تایبەتی خۆیانە ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی زیانە زۆرەکانی لەسەر کۆمەڵگا ، وەک : نووسان بە کورسییەوە تا مردن و دوای مردنیش بۆ نەوەکانییان . وەرگرتنی دیاری و بەرتیلی گرانبەها . دزی و ساختە و فێڵ و تەڵەکە و زوڵم و زۆر و ستەم . مامەڵەی سیاسی نایاسایی . خزمایەتی و دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردن و سپیکردنەوە و ناردنەدەرەوەی  پارە و ... هتد . بێگومان گەندەڵی گەورەترین بەربەستە لە ڕووی بوژاندنەوە و پێشکەوتندا ، یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە کوشندەکان ، کە ڕاستەوخۆ ژەهرەکەی بە ناو جەستەی شەکەت و ماندووی کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە و تووشی نەبوونی و نائومێدی و بێ مافی و ئاژاوەی دەکاتەوە ، ڕاستەوخۆش کاردانەوەی زۆر خراپی لەسەر کەرتی گشتی و تایبەت دەبێت ، بە گشتیش  نیشانەکان و جۆرەکانی گەندەڵی لە ناو کۆمەڵگادا بریتیین لە : 
١ –  یەکگرتن و بەهێزبوونی پەیوەندی توند و تۆڵی نێوان گەندەڵکاران و بڵاوبوونەوەیان بە شێوەیەکی ئێجگار فراوان لە هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا ، وازنەهێنان لە پۆست و پایە و دەسەڵات .            
٢ -  نەبوونی ئازادی ، جێبەجێ نەکردنی یاسا ، هەڵکشانی ڕێژەی بەرەڵایی و تاوان ، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بە شێوەی ستوونی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە بۆ وەزارەت و دەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەت و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی خواری خوارەوە  .
٣ –  بەخشینەوەی پارەی تاڵانی بۆ حیزبی سیاسی سواڵکەر ، کە نۆکەر و وابەستەی دەسەڵاتن و دەبن بە دارشەقی ژێر باڵیان ، لە پێناوی بەرژەوندییەکی دیاریکراوی گەندەڵکاراندا ، وەک : هاوکاری دەسەڵات لە خیانەتی نیشتمانیدا و لە قازانجی وڵاتی بێگانەدا . ملکەچکردن و لە خشتەبردنی هاوڵاتییان بۆ سەپاندن و جێبەجێکردنی یاسا و زوڵم و ستەمی دەسەڵاتداران بە سەریاندا ، کە لە بنەڕەتدا دژی خواست و بەرژەوەندی هاوڵاتییانن . ئەمانەش جۆرێکن لە گەندەڵی سیاسیی .
 ٤ -  بەکارهێنانی داهاتی گشتی بۆ پاراستنی خۆیان و دەستکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و کڕینی ویژدانی کەسانی لاواز و هەلپەرست .
٥ –  سپیکردنەوە و بردنەدرەوەی پارە و شاردنەوەی سەرچاوەکەی ، لە ڕێگای بەکارهێنانی ناوی ئەو پڕۆژانەی دیار و بەناوبانگ و ناسراون .
٦ –  هەڕەشە و دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵ و سامانی خەڵکی ، لە ڕێگای بەکارهێنانی هێز و ترس و تۆقاندن و دەستدرێژیکردنە سەریان .
٧ –  دەستبەسەراگرتن و قۆرخکردنی موڵکی گشتی دەوڵەت  بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ، بەبێ هەق و دوور لە چاوی یاسا . 
٨ –  زیادکردنی باج و  نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیان و مافی هاوڵاتییانەوە هەیە .
٩ –  خزمایەتی و پێدانی پلە و پۆست بە خزم و کەسوکار و ناسیاوەکانیان ، بەبێ ڕەچاوکردنی توانا و توانست و بڕوانامەیان .  
١٠ –  ڕێگرتن لە کەسانی شارەزای دەستپاکی بەشەرەف ، لە وەرگرتنی پۆست و دانان و جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی کورت و درێژخایان ، بۆ بوژاندنەوە و پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا . 
١١ –  بڵاوبوونەوەی بەرەڵڵایی و بەدڕەوشتی وشەرواڵ پیسی و هەڵسوکەوتی نامۆ و ناچیزە ، دوور لە ڕەوشت و بەها جوانەکانی باوباپیران . ئەمەش یەکیکە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی هەڵتاکاندنی پایە دێرینەکانی کۆمەڵگا . 
١٢ -  پیسبوونی ژینگە بەهۆی بڵاوبوونەوەی بڕی زۆری گازی ژەهراوی
لە هەوادا ، بەهۆی جەنگ و بەکارهێنانی چەکی مەترسیدارەوە ، یان بڕی گازاتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی ئوتوومووبیلی زۆر و  چەرە دووکەڵی کارگەکان و مولیدەکانی ناو شارەکانەوە ، کە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی زۆر خراپییان لەسەر ژینگە و چینی ئۆزۆن بەجێدەهێڵن و دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین پەتا و دەرد و نەخۆشی .
ئەوەی شایانی باسە سەرهەڵدان و بەردەوامی گەندەڵیش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە ، کە دەکرێت لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ هەندێکییان بکەین :
١ –  چاوبرسێتی لە ڕادەبەری کەسی گەندەڵ ، بۆ دەسەڵات و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان ، بێ گوێدانە ڕەوشت و شەرەف و ئابڕوی خۆی و خێزانی. 
٢ –  نەبوونی هەستی نیشتمانپەروەری ، جا بەهۆی کەمی ئاستی خوێندەوارییەوە بێ ، یان پەروەردەکردنێکی خراپەوە ، کە دەسەڵاتدارەکەی پیێ گۆشکراوە .
٣ –  نەبوونی یاسای بەهێز و لاوازی سەروەری یاسا ، یارمەتیدەرێکی بەهێزن بۆ بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی گەندەڵیی بە شێوەیەکی فراوان . 
٤ –  کەمیی مووچەی کارمەندان و بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان و هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری و نەداری . 
٥ –  لاوازی و سستی کەرتی وەبەرهێنان و کۆچی سەرمایەداران بۆ دەرەوەی وڵات و نە بوونی هەلی کار .
٦ –  بەخشینی ئازادی و دەسەڵاتی ڕەهای بێ سنور بە لێپرسراوانی دەوڵەت بەبێ چاودێری ، بەم ڕێگایەش دەتوانن بەرتیل لە کۆمپانییەکانی کەرتی تایبەت و هاوڵاتییان وەربگرن ، بەرامبەر بە هەندێک ئاسانکاری .
٧ –  وێران بوون و هەرەسی پڕۆسەی خوێندن و نەمانی ڕۆڵی پەروەردە ، چ لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا و چ لە ناو خێزاندا .
٨ –  لە هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوەش گرنگتر ، خۆشباوەڕی و ئاستی نزمی هوشیاری کۆمەڵگا و نەبوونی بوێری و ئازایەتییە ، بۆ بەرەنگاربوونەوە و ئاشکراکردنی گەندەڵی . بێگومان لە زوربەی زۆری کۆمەڵگا دواکەوتووکاندا ، یان خۆیان کەڕ و کوێر و نەبان دەکەن ، یان دەبنە بندیوار و قوڕوقەپی لێدەکەن ، لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا دەنگییان پێدەدەن و پشتگیریی و کۆمەکیان دەکەن . بێگومان ئەمەش یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ گەندەڵکاران ، تا باشتر ڕەگ دابکوتن و کۆ لە هیچ ترسێک نەکەن و گەرمتر و باشتر لەسەر گەندەڵی خۆیان بێ خەم کاوێژ بکەن .
لە دواجاریشدا ئەوەی ماوە بڵێم : ئەو کۆمەڵگایەی چاوکراوە و ئازایە و بێ پەروا بە دوای ڕاستیدا دەگەڕێ و داکۆکی لێ دەکات ، نە کەس دەتوانێ سواری کۆڵەی سینگی بـێ ، نــە هەرگیزیش زیانی تووش دەبێ . پەندێکی کوردیشمان هەیە دەڵێ : گورگ تا کەڵبەی نەشکێ مەڕ دەخــوات .

تێبینی : بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە