بیرکردنەوە بە عەقڵی خۆمان
Tuesday, 02/11/2021, 21:54
بیرکردنەوە پێشکەوتووترین و ناوازەترین کردارە ، کە مێشکی مرۆڤ پێی هەڵدەستێت ، بە مەبەستی تێگەیشتن لە جیهان و ئەو دەورووبەرەی تێیدا دەژی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو ، بۆ کیشەکانی و گەیشتن بە هیوا و ئامانجەکانی . دیارە تا مرۆڤیش بە ئاگا و زیندووبێت ، ئەم کردارەش لە مێشکدا بەردەوامی هەیە و کۆتایی نایە . بێگومان بە پێی جموجۆڵەکانی مێشکیش ، بیرکردنەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە . پاشان بیرکردنەوەی ڕەخنەییش ( التفکیر الناقد ) ، بیرکردنەوەیەکی ژیرانەی بەکارهێنانی عەقڵە ، دوور لە سۆز و باوەڕ و بۆچوونی کەسانی تر . بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری ورد ، دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو ، کە لەبەر ڕۆشنایی عەقڵی خۆماندا ، ڕەخنەگرانە سەیری دەکەین ، تا بگەین بە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە . ئەمەش فیرمان دەکات ، کوێرانە هیچ شتێک لە ژێر کاریگەری سۆز و بۆچوونی بێ بنەما و باوەڕی کۆن و نەگۆڕی کەسانی تردا پەسەند نەکەین و نەکەوینە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگا و پڕوپاگەندە و قسەی زلی ئەو سیاسییە تەپۆ و تەمبەڵانەی توانای بیرکردنەوەیان نییە ، یان لە پێناوی دەستکەوت و بەرژەوەندی تایبەتییدا عەقڵی خۆیان سڕکردووە . هەروەها فێرمان دەکات چۆن بۆ چارەسەرکردنی کیشە و گرفتەکانی ئەمڕۆمان سوود لە مێژووی کارەساتەکانی ڕابووردوومان وەربگرین . پاشان ڕزگاربوونە لە کۆیلایەتی و دوورکەوتنەوەیە لەو بیروباوەڕە باو و بڵاوانەی ، کە بەرهەمێکییان نەبووە و نەیانتوانیوە گۆڕانکاری بکەن و یەک بکەن بە دوو . واتە پەسندکردنی باش و ڕەتکردنەوەی خراپ . تا لە ئەنجامدا بگەین بە بڕیارێکی ڕاست و دروست . لەم باریەوە زانای گەورەی کورد مامۆستا مەسعود محەمەد دەفەرموێت : ( مرۆڤ نابێ جڵەوی عەقڵی خۆی بداتە دەست عەقڵ و ئارەزووی کەسانی تر ) . هەر بۆیە پێویستە خۆمان لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ڕابهێنیین و بەردەوام پەرەی پێبدەین ، تا بتوانیین ئەوەی تەنها بە چاوی خۆمان دەیبینیین و بە گوێجکەکانی خۆمان دەیبیستیین بخەینە ژێر پرسیار و وردبینی عەقڵی خۆمانەوە ، نەک وردبینی و بۆچوونی کۆمەڵگا و کەسانی زۆرزانی هەلپەرست و ئەوانەی توانای بیرکردنەوەیان نییە . چونکە بیرکردنەوەی ڕاست ، دەمانگەیەنێتە سەرکەوتن و بیرکردنەوەی چەوتیش ، ڕووبەڕووی ئاکامێکی خراپی بێ ئەنجامی وەک ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردیمان دەکاتەوە . بێگومان بیرکردنەوەی هەڵەش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە ، کە بە گشتی بریتین لە : ١ - زاڵبوونی سۆز بەسەر عەقڵدا . ٢ - باوڕهێنانی خێرا بە بانگاشە و درۆ و خرافات و ئەو باسانەی پێمان دەگات ، بەبێ ئەوەی ڕەخنەی لێبگرین و وردبوونەوەی تەواویان بۆ بکەین . ٣ - پێداگرتن بۆ تەنها باوەڕێک ، یان لایەنگریی بۆ تەنها لایەنێک و ڕەتکردنەوەی هەموو باوەڕ و بۆچوونی لایەنەکانی تر ، کە دیارە ئاکامی ئەمجۆرە پێداگرییە کوێرایەنەیەش بە خراپ بە سەر خۆمان و کەسانی تر و کۆمەڵگادا دەشکێنەوە . ٤ - گرنگی نەدان بە بابەت و کێشەی چارەنوسساز . وەک کێشەی ناوچە داگیرکراوەکان و دواڕۆژی وڵات و میللەتەکەمان ، لە ژێر کاریگەریی و هەژموونی داگیرکەراندا ، کە هەمیشە سەرکردەکانییان دەست و دەم بەستکردووە .
ئەوەی شایانی باسە بە گشتی کۆمەڵگای کوردی و بە تایبەتیش سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان ، بە درێژایی مێژوو وەک پێویست گرنگییان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی نەداوە و لەسەری ڕانەهاتوون ، بەڵکو گیرۆدەی دوو بیرکردنەوەی سەقەتی جیاواز بوون ، کە هۆکاری سەرەکی هەموو نسکۆ و شکست و بە فیڕۆدانی خەبات و خوێنی هەزاران هەزار شەهید و سەدان ساڵیشە ئێسقانی کـورد دەهاڕێت . یەکەمیان : بیرکردنەوەی ڕابەر و سەرۆکە خۆسەپێنەرەکانە ، کە تەنها خولیای گرتنە دەستی دەسەڵات و مانەوەی خۆیان و نەوەکانیان بوون ، ڕێگایان نەداوە کەسێک جیگایان بگرێتەوە ، توانیویانە زۆر زیرەکانە بە فیڵ و درۆ و پارە و دروشمی کوردایەتی ، هەوادارانی خۆیان چاوبەست بکەن . بەر لە مردنیشییان نەوەیەکی خۆیان بۆ جێگاکانییان ئامادەبکەن .. دووەمیشیان بیرکردنەوەی ئەندام و لایەنگران و سەرکردایەتی ئەو حیزبانەیە ، کە لە ژێر کاریگەریی سۆزی کوێرانە ، یان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا سەرۆکیان وەک سەرۆکێکی زانا و زیرەک و تاقانەی بێ هاوتا زانیوە ، ئەگەر چیش بەردێکی نە خستبێتە سەر بەردێک ، یان هۆکاری دەیان کارەساتی وەک ئاشبەتاڵیش بووبێت . بەڵام لە هەموو هەنگاوێکدا هاوکار و پاڵپشتی بوون ، دوای مردنیشی نەوەیەکی ، ئەگەر ئەزموون و خەبات و پاشخانێکی فیکری ئەوتۆشی نەبووبێت ، یان دڵۆپێک ئارەقی بۆ نیشتمانەکەشی نەڕشتبێت ، زۆر بە ئاسانی ڕێگایان بۆ چۆڵکردووە و لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دایان ناوە و عەقڵ و خەبات و ڕیشی سپی خۆیانیان داوەتە دەستی و یاریان بە چارەنووسی ئەو میللەتە کڵۆڵە کردووە . ئەمەش ڕێک وەک ئەوە وایە جنۆکە هاتبێ و دەستی لەو هەموو سیاسییە زرکانە وەشاندبێ و بە تەواوی عەقڵیانی جام کردبێ . ئاخر ئەوەی سەرکردەی ڕاگرتووە و حیزبی کردووە بە حیزبێکی میراتی ، دەنگی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەیە ، خۆ ئەگەر ئەوان بە چەپڵە و هاتوهاوارەوە نەیکەنەوە بە سەرۆک ، بە ناچاری خۆی و نەوەکانی واز لە تەخت و بەختییان دەهێنن ، چونکە بە تەنها هیچیان بۆ ناکرێت . ئەوەتا هەر دوێنی بوو لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عیراقدا ، گۆڕانخوازە دڵسۆزەکان بە عەقڵی خۆیان بیریانکردەوە و دەنگیان بە کاندیدەکانی گۆڕان نەدا و گۆڕانیش نەیتوانی ببێت بە خاوەنی تەنها کورسییەک . لە ژێر زەبری گەورە و گرانی ئەو دۆڕانەدا ، سەرکردەکانی گۆڕانی ناچارکرد بە کۆمەڵ دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە ، بەبێ ئەوەی یادگارێکی جوان لە دوای خۆیانەوە بەجێ بهێڵن . چونکە دەنگ نەدان بە پاڵێوراوەکانی گۆڕان ، ڕاستەوخۆ نیشانەی لەبیرچوونەوە و لەبیرنەمانی نەوشیروان مستەفا و دەنگ نەدان بوو بە رێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندنەکەیان ، کە جڵەو و ڕیشی خۆیان دابووە دەستی کوڕە ملیونەرەکانی نەوشیروان و بەردەوام وەک مڵە لەسەر حسێبی ڕەنج و خەباتی خەڵکی ، هەموو خەون و خولیا و سیاسەتێکیان تەنها وەرگرتنی پلە و پۆست بوو ، بەمەش هەزارانییان ڕەنج بە خەسارکرد . هەر بۆیە ئەگەر ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانە ، بە عەقڵی خۆیان بیربکەنەوە ، دەتوانن هەموو دیکتاتۆر و سەرکردەیەکی تاقانەی خۆسەپێنەر ، بە ناچاری تووشی ئاشبەتاڵ بکەن و بیانکەن بە بەشێک لە ڕابوردوو ... لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵیم : هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عیراق و دابەزینی دەنگی هەموو حیزبەکان ، ئەوەی بۆ دەرخستیین ، لە کۆمەڵگاکەماندا ، توێژێکی زیرەک و دڵسۆزی نیشتمان پەروەر پەیدابوون ، کە ڕەخنەگرانە بیردەکەنەوە و کوێرانە و سۆزەکی دوای کەس ناکەون و هەموو هەنگاوێک لەبەر ڕۆشنایی عەقڵی ڕووناکی خۆیاندا دەنێین ، ئەمەش دیاردەیەکی هیوا بەخشە و تۆوی بڕوا لە دڵدا دەچێنێ و سەرەتای گۆڕانکارییەکی ئێجگار گــەورەیـــە .
********
تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست