وەڵامەكەى ئاسایشى گەرمیان بۆ پەردەپۆشكردنى تاوانەكانە
Thursday, 01/03/2012, 12:00
ڕۆژى 29/2/2012 دواى مانگێك لە مت بوون و ئاشكرا نەكردنى باندە تەزویرەكەى كەلار ، لە وەڵام بە بەیاننامەى ناڕەزاییماندا ئاسایشى گەرمیان ڕوونكردنەوەیەكى لاوازى بڵاوكردۆتەوە كە ئامانج لێى پەردەپۆشكردنى تاوانەكان و باندە تەزویرچییەكەیە و داواى زانیارى لە سەر ئەو باندە لە خەڵكى تر ئەكات هەربۆیە سەبارەت بە وەڵامەكەى ئاسایش ئەم 4 خاڵە وەڵامى ئێمەیە:
1_ سەبارەت بە پاراستنى سەروماڵى هاوڵاتیان و ماڵ و موڵكى گشتى لە لایەن ئاسایشەوە ئەڵێین ، ماوەى دووساڵە نیوەى بەشە سوتەمەنى خەڵكى گەرمیان بە هەدەر درا و بە تەزویر ئاودیو كرا ئاسایشى گەرمیان لە ماوەى ئەم دووساڵەدا لە كوێ بوو ؟تەنیا لەم مانگەدا سێ حاڵەتى كوشتن و سێ ڕووداوى سوتانى ئۆتۆمبیل و چەندین دزى و دەستدرێژى بۆ سەر موڵكى گشتى هەبووە بەڕێوبەرایەتیە ماندوونەناسەكەى ئاسایش لە كوێ بوو ؟!!
2_ لە بەیاننامەكەى ئاسایشدا كە هەوڵێكە بۆ پەردەپۆشكردنى تاوانەكانى ئەو باندە تەزویرچییە دەقێكى یاسایى كردووەتە سەرەتاى پەردەپۆشكردنى تاوانەكە بەوەى ئەو كەسانە تۆمەتەكەیان لە سەر ساغنەبۆتەوە ، سەیر ئەوەیە ئاسایش ئەوە لە خەڵكى ئەشارێتەوە كە یەكێك لە دەستگیركراوەكان بە ناوى (أ .. ك)دانى بە تاوانەكەیدا ناوە و مۆرى تەزویر و چەندین بەڵگەنامەى تەزویرى تر لە ناو كۆمپیوتەرەكەیدا گیراوە هەر لە دان پێدانانەكانى دانى بەوەشدا ناوە چەندین پێناس و نوسراوى بۆ برایەكى خۆى بە ناوى (س .. ك) بە تەزویر كردووە ، ئاسایشى گەرمیان بۆ دادگاى لە دان پێدانانەكانى ئەو تۆمەتبارە ئاگادار نەكردەوە تا دادوەر فەرمانى دەستگیر كردن بۆ (س.. ك) دەربكات ، با ئاسایش پَمان بڵێت كێ فشارى لە سەر دروست كردن تا دۆسیەكەى (س .. ك) نەگاتە دەستى دادوەر ؟؟!!
3_ ئێمە لە ناو بەڕێوبەرایەتى ئاسایشى گەرمیانەوە زانیارى ووردمان لە سەر ئەم باندە و چەندین باندى تر دەستكەوتووە و ئاسایش بۆ خۆڵكردنە چاوى خەڵك داواى زانیارى لە ئێمە دەكات و ئەو هەندە زانیاریەش بڵاومانكردەوە تەنیا بۆ ئەوە بوو بە ئاسایش بڵێین ئێمە ئاگادارى وورد و درشتى دۆسیەكەین و پێویست بەوە ناكات خۆتان لە بابەتەكە بدزنەوە و باشتر وایە بەرلەئاشكراكردنى بەڵگەنامەى تر لە لایەن ئێمەوە خۆتان ڕاستیەكان ئاشكرا بكەن .
4_ لە هەمووى سەیرتر لەم بەیاننامەیەى ئاسایشدا تەنیا قسە لە سەر ئەو باندە تەزویرچییە كراوە بە بێ ئەوەى قسە لە سەر ئەو هەموو باندە مافیا و خەڵكە بكرێت كە تەعەدا لە موڵك و ماڵى گشتى ئەكەن ، ئاسایش بەم وەڵامەى ویستى دوو ئامانج بپێكێت یەكەم پەردەپۆشكردنى تاوانەكانى ئەو باندە بە بیانووى ساغنەبوونەوەى تاوانەكان لە سەریان لە كاتێكدا ئێمە هاوڵاتیان دڵنیا ئەكەینەوە هەموو شتێك لە سەر ئەو باندە ساغبۆتەوە ، دووەم ئەیانەوێ بەم وەڵامە پەردەپۆشى هەموو خراپەكارى و تاوانەكانى گەرمیان بكەن و لەم باندە تەزویر چیەدا كورتى بكەنەوە .
لە كۆتاییدا هیوادارین ئەو هەموو وەسف و پیاهەڵدانەى ئاسایش بۆ خۆى نوسیونى ببێتە واقیع و ئاسایش ببێتە ئەو دەزگا خەمخۆرەى هاوڵاتیان و شەونخونییان بۆ پاراستنى دەسەڵاتى گەندەڵ و مافیاى بنەماڵە نەبێت بەڵكو كارەكانیان خزمەتكردنى هاوڵاتیان و بەرژەوەندى گشتى بێت .
ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و چالاكى كۆمەڵگەى مەدەنى
1/ ئازارى 20012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست