کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئه‌نجومه‌نی كاتی‌ سه‌را؛ داوای‌ ده‌سبه‌جێ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په

Monday, 04/04/2011, 12:00


نه‌خشه‌ رێگای‌ چاره‌سه‌ری‌ ریشه‌یی‌ قه‌یرانی‌ سیاسی‌ و حوكمڕانی‌ له‌ كوردستان..
دیباجه‌:
خۆپیشاندانه‌كانی‌ چل و پێنج رۆژی‌ رابردوی‌ شار و شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان كه‌ ئه‌زمونێكی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ نوێیه‌ و مامه‌ڵه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ به‌ هه‌ر سێ‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌كاندا ئاشنایان كردین به‌ چه‌ندین راستیه‌ك له‌وانه‌:

یه‌كه‌م: ئێمه‌ی‌ هاونیشتمانیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌رسام بوین له‌ ئاست ئه‌م هه‌مو تاوان و بێڕێزیه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤ و هاونیشتمانیان ده‌كرێت. ئێمه‌ به‌هۆی‌ نا عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و به‌ هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ هه‌رێم و پابه‌ند نه‌بونی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ یاسا كارپێكراوه‌كانه‌وه‌، بڕیارمانداوه‌ چیدی‌ رازی‌ نه‌بین له‌ ژێر سایه‌ی‌ ئه‌م شێوازی‌ حوكمڕانێتیه‌ نا عادل و نا دیموكراته‌ درێژه‌ به‌ ژیانی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیمان بده‌ین.
دوه‌م: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌ نه‌ك ئیراده‌یه‌كی‌ نیه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ داواكاریه‌ ره‌واكانی‌ هاونیشتمانیان و خۆپیشانده‌ران، به‌ڵكو به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشێلكردنی‌ یاساو داڵده‌دانی‌ تاوانباران و درێژه‌دان به‌ په‌یڕه‌وكردن له‌ سیاسه‌تی‌ ترس و تۆقاندن و چه‌واشه‌كاری‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ لێپرسراوێتی‌ یاسایی‌ و سیاسی‌ و ئه‌خلاقی‌. به‌مه‌ش هیچ ئه‌گه‌رێكی‌ له‌ مه‌ڕ جێبه‌جێكردنی‌ داواكاریه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران نه‌هێشته‌وه‌.
سێیه‌م: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ شه‌رعیه‌تی‌ یاسایی‌ و نوێنه‌رایه‌تی‌ و دیموكراتی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ ئه‌وكاته‌ له‌ ده‌ستدا كه‌ هاوڵاتیانی‌ له‌ سه‌ر ساده‌ترین مافی‌ یاسایی‌ خۆیان كه‌ خۆپیشاندانه‌، خه‌ڵتانی‌ خوێن كرد.
چواره‌م: ئه‌و راستیه‌ بۆ هه‌مو لایه‌ك ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ دوره‌ له‌ بونی‌ ویستێكی‌ راسته‌قینه‌ بۆ چونه‌ پای‌ سه‌روه‌ر راگرتنی‌ یاسا، فه‌راهه‌مكردنی‌ پێكه‌وه‌ ژیانێكی‌ ئاشتیانه‌و مه‌ده‌نیانه‌، دوره‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنی‌ راسته‌قینه‌ی‌ سه‌رجه‌می‌ هاونیشتمانیانی‌ كوردستان، له‌ جیاتی‌ ئه‌مه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ هێزێك ده‌كات كه‌ سه‌ر له‌ به‌ری‌ گشت كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسی‌ و ئابوریه‌كانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی‌ داگیركردوه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ حیزبیه‌ ته‌نها به‌ زمانی‌ هێز قسه‌ ده‌كات نه‌ك زمانی‌ عه‌قڵ و دایه‌لۆگ.
پێنجه‌م: به‌ ته‌نگه‌وه‌ نه‌هاتنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ داواكاریه‌كانی‌ هاونیشتمانیان وه‌ ده‌رك نه‌كردن به‌ سه‌ختی‌ قه‌یرانی‌ حوكمڕانی‌ سیاسی‌ له‌ كوردستان و پێشێلكردنی‌ یاساو پابه‌ند نه‌بون به‌ پرنسیپه‌ ئه‌خلاقیه‌ گه‌ردونیه‌كان له‌ داكۆكیكردن له‌ عه‌داله‌ت و ئازادی‌ و یه‌كسانكردنی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ خۆپیشاندان ده‌كات به‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ خۆپیشانده‌ر ده‌كوژێت، گه‌یاندینیه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ غیابی‌ سه‌رۆكێكی‌ خاوه‌ن لێپرسراوێتیدا ژیان ده‌به‌ینه‌ سه‌ر.
شه‌شه‌م: په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م 45 رۆژه‌دا نه‌یتوانیوه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن ناچار بكات به‌ جێبه‌جێكردنی‌ حوكمی‌ یاسا و راپێچكردنی‌ وه‌زیره‌ تێوه‌گلاوه‌كان به‌ تاوانی‌ كوشتن و برینداركردن و گرتنی‌ هاوڵاتیان بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان به‌ مه‌به‌ستی‌ لێپێچینه‌وه‌ لێیان، و بێده‌سه‌ڵاتی‌ په‌رله‌مان له‌ ئاست جێبه‌جێنه‌كردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ خودی‌ په‌رله‌مان.
حه‌وته‌م: له‌ په‌یوه‌ند به‌ حكومه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ رێگای‌ به‌كارهێنانی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و هێزه‌ چه‌كداره‌ ده‌مامكداره‌كانیه‌وه‌ بۆ سه‌ركوتكردنی‌ هاونیشتمانیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ و گوێنه‌گرتن له‌ داواكاریه‌ ره‌واكانی‌ هاونیشتیمانیان، سه‌لماندی‌ كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ئامرازه‌ به‌ ده‌ست حیزبه‌وه‌ نه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ. بۆ ئێمه‌ی‌ هاونیشتمانیان حكومه‌ت ئه‌و كاته‌ شه‌رعیه‌تی‌ له‌ ده‌ستدا كه‌ په‌یوه‌ست نه‌بو به‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ دادگا له‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ی‌ دادگا فه‌رمانی‌ گرتنیانی‌ ده‌ركردبو.
هه‌شته‌م: ئه‌و راستیه‌ ئاشكرابو كه‌ حوكمڕانێتی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌ دور له‌ بونی‌ په‌یمانێكی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ته‌نها قۆرخكردنی‌ ده‌سه‌ڵات و حوكمی‌ بنه‌ماڵه‌و شه‌ڕی‌ ناوخۆ به‌رهه‌م دێنێت. بونی‌ په‌یمانێكی‌ له‌و جۆره‌ سه‌ره‌تای‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ نیشتمانی‌ ده‌بێت كه‌ سه‌رجه‌م هاونیشتمانیان و هێزه‌ سیاسیه‌كان له‌ سه‌ر خوانی‌ كۆمه‌ڵێك پرنسیپی‌ دیموكراتی‌ و مرۆڤدۆستی‌ و ژیاندۆستی‌ كۆده‌كاته‌وه‌.
هه‌مو ئه‌م راستیانه‌ قه‌ناعه‌تێكی‌ نوێی‌ لای‌ ئێمه‌ی‌ خۆپیشانده‌ر دروستكرد كه‌ پێویسته‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ نا توندوتیژانه‌مان پێبنێته‌ قۆناغێكی‌ نوێوه‌ ئه‌ویش له‌ سه‌ر دو ئاست:
1- سور بون له‌ سه‌ر داواكاریه‌ ره‌واكانمان كه‌ له‌ راگه‌یاندنی‌ "داواكاریه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ناڕازی‌ كوردستان" كه‌ له‌ 28/02/2011 خراونه‌ته‌ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌.
2- به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ داخوازیه‌كانمان بۆ ئاستێكی‌ باڵاتر ئه‌ویش به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ دروشمی‌:

یه‌كه‌م:- ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بێ‌ قه‌ید و شه‌رتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان .
دوه‌م:- ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بێ‌قه‌یدو شه‌رتی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم.
سێهه‌م:- ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بێ‌ قه‌ید و شه‌رتی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان.

ڕه‌شنوسی‌ ئه‌م نه‌خشه‌ رێگایه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ دیباجه‌كه‌یه‌تی‌، ئاماده‌یه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا ده‌خرێته‌ به‌رده‌م رای‌ گشتی‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆشاییه‌ سیاسیه‌ی‌ دروستده‌بێت و له‌ پێناو چاره‌سه‌ری‌ ریشه‌یی‌ گشت قه‌یرانه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
تا ئه‌م كاره‌ ده‌كرێت داواكارین له‌ هاونیشتمانیانی‌ ئاشتیخواز و ناڕازی‌ كوردستان به‌رده‌وامبن له‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ سیناریۆ نا نیشتمانپه‌روه‌ره‌، نا یاساییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ و درێژه‌ به‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیان بده‌ن، هه‌روه‌ها داواكارین له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كه‌ چیدی‌ نه‌بنه‌ ئامرازی‌ سه‌ركوتكردنی‌ گه‌نجانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌. سه‌ركه‌وتن نزیكه‌...

ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌
4/4/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە