بارزانى، پێنچ رۆژیتری دەوێ بۆ بیر كردنەوە
Saturday, 26/02/2011, 12:00
دواى رووداوە خوێناوییەكەى 17ى 2ى بەردەم لقى4ى پارتى لەسلێمانى، وەكو هەڵوێستە هەمیشەییەكانى رابردووى، مەسعود بارزانى بەسیفەتى سەرۆكى هەرێم بەزمانى حزبانە و هەڕەشەئامێزانە، بەیانێكى دەركرد و ئیدانەى هەڵكوتانە سەر لقى4ى حزبەكەى كرد.
ئەوەى جێی سەرنج بوو بارزانى لەو بەیانەدا ئیدانەى تەقەكردنە و كوشتن و برینداركردنى جەماوەرى خۆپیشاندەرى نەكرد، كە لەلایەن حزبەكەوە ئەنجامدراوە. تەنانەت ئاماژەى بە سوتانى بارەگەى بزوتنەوەى گۆڕانیش نەكرد كە لەلایەن حزبەكەیەوە سوتێنراوون.
ئێمەى جەماوەرى كوردستان چاوەڕێ بوین سەرۆك بەناوى سەرۆكى پارتییەوە داواى لێبوردن لە جەماوەر و كەس و كارى شەهیدەكان و بریندارەكان بكات و بڕیار بدات دەستەبەجێ لەسەر ئەركى پارتى بریندارەكان بگوازرێنەوە بۆ باشترین نەخۆشخانەى ئەوروپا، كەچی بەداخەوە جەنابی سەرۆك لەچاوەڕوانیدا مایەوە تاوەكو ژمارەى كوژراوەكان گەشتنە 3شەهید و 130 بریندار. ئەمەش هەر واى لەسەرۆك نەكرد كە بیر بكاتەوە و دوبارە بەزمانێكى نوێ بێتەوە سەرخەت، یاخود دەستبەجێ لە ئەورپاوە واز لە سەفرە وگەشتەكەى بێنێت و بێتەوە كوردستان.
كاتێك دكتۆر بەرهەم و عیماد ئەحمەد و پارێزگارى سلێمانى كە سەر بەیەكێتین، سەردانى باوكى رێژوانى شەهیدیان كرد و هاوخەمیان راگەیاند، ئەمە واى لەسەرۆك كرد پاشی (5) پێنچ رۆژ (21\2) بیر بكاتەوە و لەژێر فشارى جەماوەردا نوێنەرى خۆی بنێرێتە لاى باوكى شەهید رێژوان و دواتر بەتەلەفون قسەى لەگەڵدا بكات.
دواى ئەو هەموو گرژى و شەهید و بریندارە، كەچی هێشتا جەنابیان ئامادەبوون و نین كە ئیدانەى تەقەكردن و كوشتن بكات و برینداران رەوانەى دەرەوەى وڵات بكات (یان چاوەڕێیە یەك بە یەكیان بمرن)، و داواى لێبوردن لەو جەماوەرە بكات كە بەرپرسانى حزبەكەیی و راگەیاندنەكەى بە گێڕەشێوێن و ئاژاوەچی وەسفیان دەكات.
دیارە جەنابیان هێشتا پێنج رۆژیتریان پێویستە بۆ بیركردنەوە تا لە مەفهوم و ئامانجى خۆپیشاندەران و خۆپیشاندان تێدەگات و تەقەبوڵى راستى ودروستى رووداوەكەى بەردەم بارەگەى حزبەكەى دەكات. ئەوكات دووبارە دێتەوە سەرخەت و بەجۆرێكى تر خۆییمان پێنیشان دەدات، بەس دەبێ تا كاتێكى نادیار چاوەڕێ بین و خۆپیشاندان و كوشتن و تەقەكردنیش بەردەوام بێت!
*مامۆستاى زانكۆ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست