راگەیاندنى پارتى بەرەو كوێ؟!!
Friday, 19/08/2011, 12:00
بێگومان ئەمە یەكەم بابەتى رەخنەیى نیە لەسەر راگەیاندنى پارتى بڵاودەكرێتەوە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئەو حزبە تەنانەت ئامادەنیە لا لە بەرژەوەندى خۆیشى بكاتەوە، چونكە بە دواداچوون و چارەسەركردنى رەخنەكان لە ئەنجامدا بە قازانجى خودى پارتى تەواو دەبن، لە كاتێكدا كۆڕایەكى بەرفراوان هەیە لەسەر پاشەكشەى راگەیاندنى پارتى و زۆران واى بۆ دەچن كە ئیستا راگەیاندنى ئەو حزبە بە لاوازترین قۆناغەكانیدا گوزەر دەكات. ئێمەى راگەیاندنكار گەر پارتى بین یان نا و هەر بیروبۆچونێكى سیاسى جیاوازمان هەبیت، بەڵام مافى خۆمانە قسە لەسەر ئەم پرسە بكەین بەو پێیەى پارتى حزبێكى دەسەڵاتدارەو ئەداى كارەكانى كاریگەریى لەسەر كۆى كاروبارو كێشەكان دەبێت و رۆڵى لە ئاراستەى رووداوەكان هەیە، هەربۆیەش ئێستا كە لە رووى راگەیاندن و بوارى میدیاییەوە ئەو حزبە لە قەیران و بۆچوونى بەرتەسكدایە ئەمە كاریگەرى نیگەتیڤى خۆى هەبووەو دەبێت لەسەر رەوشى میداو پرۆسەى ئازادی بیروڕا. كەواتە پارتى بۆ بێدەنگە لەم كێشەیە، ئایا سوودى پارتى لە چیدایە كە راگەیاندنێكى لاوازى هەبێت و تەنانەت نەتوانێ بەرگرى لە بەرژەوەندیە حزبیەكانى خودى پارتیش بكات و بە رادەیەكى زەق خودى پارتیەكان لە راگەیاندنەكانیان رازى نەبن جگە لەوانەى كە دەستیان بەسەریدا گرتووەو دەیماشێننەوە؟! ئایا قازانجى پارتى لە چیدایە كاتێ كۆمەڵێ مشەخۆر راگەیاندنەكانى هەڵدەسوڕێنن و سەدان كادرى دڵسۆزو بە توانایان پەراوێز خراون یان هەر دوور خراونەتەوە؟! ئاخۆ بۆ پارتى ئیمكانیاتێكى خەیاڵى بۆ راگەیاندنەكانى سەرف دەكات كەچى هەر لاوازەو لە فیڕۆچوونى ئەو هەموو پارەیە ناپرسێتەوە؟! ئایا لە ناو پارتیدا كەسێكى شیاوتر لە مەحمود محمد نەبوو تا بیكاتە بەپرس یان سەرپەرشتكارى راگەیاندنەكەى؟ لە كاتێكدا هەمووان دەزانیین ئەو زاتە یەكێك لە فاشلترین و گەندەڵترین بەرپرسەكانى پارتیەو لەمەش كارەساتتر هیچ لە راگەیاندن نازانێ و تەنانەت ئەوانەى دەوروبەریشى كەسانێكى خوێندەوارى وا نین تا كارەكانى بۆ رایى بكەن!!!!
پارتى ئەگەر هەرچى زووە بە خۆیدا نەچێتەوەو بە تایبەتى قەیرانى میدیایى خۆى چارەسەر نەكات ئەوە بە دڵنیاییەوە لە هەموو روویەكەوە توشى شكستى گەورە دەبێت، چونكە ئێستا پارتى بێ راگەیاندنێكى كاراى خۆیەتى، زمانحاڵەكەى كە رۆژنامەى خەباتە ئەگەر ئیشتراكاتى دامودەزگا حزبی و حكومیەكانى سەر بە پارتى نەبێت باوەڕناكەم لە هەموو كوردستان 1000 كەس بیخوێنێتەوە، ئەوە حاڵى كەناڵە ئاسمانیەكانى هەر زۆر خراپتر بە تایبەتى كوردستان تیڤى لە خاڵى سفردایە و زاگرۆسیش تەنها خەڵكانێكى هەرزەكار سەیرى دەكەن و هەر باسى رادیۆكەیان ناكرێت كە ناوى دەنگى كوردستانەو هیچترین رادیۆیە لە كوردستان.
بڕوا ناكەم پارتى بە تەواوى ئاگاى لە ناو دەزگا راگەیاندنەكانى هەبێت بۆیە وا بێباكە، ئێستا لە سایەى ئەو كۆمەڵە كەسەى راگەیاندنەكانى پارتیان قۆرخ كردووە هەر بە نەزمى بەڕێكردن كار دەكەن هیچ جدیەت و پاكى و دڵسۆزییەكیان بۆ حزبەكەیان نیە و ئەو بەرنامەو ئامانجەى كارى لەسەر دەكرێت تەنها گیرفان و كۆكردنەوەى هەرچى زیاتر پارەیە و بوونەتە هۆكارێكى بەرفراوانى دوور كەوتنەوەى پارتى و جەماوەر لە یەكترى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست