فەنتەلۆسەكەى كۆیە
Monday, 27/12/2010, 12:00
گەنجە كۆییەك
پێویست ناكا بەسەر كۆیەدا هەڵبدەم ، چونكە ڕاگەیاندن وبەرپرسە كۆیی ى و نیمچە كۆییەكان ئەوەندەیان بەسەردا هەڵداوە ، وەك وابێت كۆیە بەرزكرابێتەوە بۆ ئاسمانى حەوتەم و فڕێ درابێتە خوارەوە و وێران بووبێت، چونكە تا ئێستاش لەماوەى ئەم چەند ساڵەى ڕابردوو ، واتە لە سەردەمى (كوردۆ)ى قایمقام و ئێستاش لەسەردەمی (م. چاپوك) هیچ پڕۆژەیەكى بە تەواوى و بە سەدا هەشتایش تەواو نەكراوە لەوانە :
1. جووت سایدەكەى هەرمۆتە بەیتەریە یان باشتر بڵێین جووت سایدەكەى بەردەم خانووى د.فوئاد و د.خدر، دواى إفتتاح كردنى بە كەمتر لەمانگێك دەست بە پینەى كرا ، تا ئێستاش قۆلتى ئەوهاى تێدایە كە سیارە لەبەرى ئەزیڕێنێ ، تەنها سایدێكیان 83 پینەى نوێ و كۆنى تێدایە ، بەخوا بە 20 پینەى تریش هەر نابێت بە جادە.
2. تونێڵەكەى هەیبەت سوڵتان ، ئەو توونێڵە پڕۆژەیەكى %100 ستراتیژی بوو ، لە ئاو پێویست تربوو بۆ خەڵكى كۆیە و دەوروبەرى، كەس هەر ناشزانێ بۆ تەواو نەكرا و كێ پارەكەى لووش كرد.
3. مەلەوانگە داخراوەكەى ناو مەلعەب ، لە سەرەتاوە بە ئیهمالى و دوور لە زانستى درووست كرا ، كاتى خۆى كە(عمر فتاح) هات بۆ ئیفتتاح كردنى پڕیان ئاو كرد و مادەیەكى ڕەنگ شینیان تێكرد تا بنی دیار نەبێ ، چوونكە پڕ شووشەى خواردنەوە و پیسى بوو ، هەروەها سۆندەیەكى ئاویشیان بۆ ترهیم كرد چونكە ئاوى لێدەچوو تا كەم نەكات، ئێستاش كۆلیچى پەروەردەى وەرزشى كۆیە بۆ مەلەوانى ئەچن بۆ هەولێر ، چوونكە ئەوەى كۆیە ووشكى كردووە.
4. جووت سایدە خارجیەكەى حاجى قادر ئازادى ، سەرەڕای ئەوەى خەت خاریجیە ، چەند مواسەفاتێكى تێدایە ، وەك : زۆری تاسە ، و لۆفەى زۆر زۆر ترسناك ، كە هەر لە (سكەتولمەوت) ئەچێ نەك جووت ساید.
5. شەقامی هەیبەت سوڵتان چنارۆك ، هەرچەندە ڕێگەیەكى یەك سایدە ، بەڵام یەكێكە لە دەمارە سەرەكیەكانى كۆیە ئەگەر یەكێ بیەوێ بەو ڕێگەیەدا بڕوات ئەبێت جانتایەك لەگەڵ خۆی ببات بۆ خڕ كردنەوەى بورغی ئۆتۆمبیلەكەى ، لەبەر زۆرى تاسە و قۆڵت ، سەرەڕاى ترسى گەورەى بەرد بەربوونەوە ، بەتایبەت لە وەرزى باران ، لەمەش ترسناكتر رێگاى كۆیە-هەولێر ە ، یار باشتر بڵێن (ڕێگاى مەرگ)ە .
6. لەبەر ئەوەى ئەم شارە كەوتۆتە نێوان هەولێر و سلێمانى (پارتى و یەكێتى) كەس لە خۆى ناگرێت ، لەڕووى ئیداریەوە كۆیە هەولێریە و لە ڕووى داراییەوە كۆیە سلێمانییە ، ئەمەش هەر لە (نق و جق)ى دیوانى گۆرانى شاعیر دەچێ.
ئەمانە و دەیەها و سەدەها شتى تر ، ئەگەر بەنووسین بینووسم ، نەك بەبابەتێك ، بەڵكو بە دە بابەت تەواو نابێ ، من ئەپرسم : ئایە ئەگەر ئەم شارە شارى سەرۆك كۆمار و شارى ئەی ڕەقیب و تایەر تۆفیق و شارى كۆسرەت و خەزوراوەى سەرۆك حكومەت و شارى پڕ نەوت و .......هتد بێت ، تخوا ئەوە دەبێ حاڵى بێت؟؟؟؟ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست