کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆژنامەى رووداو لە رووداوی تیرۆری سەردەشتدا؛ رووی راستەقینەی خۆی دەرخست

Monday, 24/05/2010, 12:00


ئەگەر ویستت بزانیت دەزگاى پاراستن چى دەڵێنو رای چیە لەسەر مەسەلە سیاسیەكانى هەرێمى كوردستان دەبێت رۆژنامەى روداو بخوێنیتەوە.
جارێك سیاسیەكى عاقڵ پێی وتم كە ئەوان زۆر بە گرنگیەوە رەێدی رۆژنامەى روداو دەكەن، چونكە زیاتر وەك رۆژنامەیەكى ئەمنى سەیرى دەكەنو پێیان وایە پارتىو دەزگاى پاراستن قسەى دڵى خۆیانو ئەوەى كە نایەنەوێت لە میدیا رەسمیەكانى خۆیان خۆیەوە بیجوڵێنێت ئەوا لە رۆژنامەى روداوەوە دەیوروژێنێت یان دزەى پێدەكات بۆ ئەو رۆژنامەیە.
ئەمە شتێكى سەیر نیە بۆ رۆژنامەى روداو، چونكە یاسایەك هەیە كە دەڵێت (ئەو كەسەى پارە دەدات فەرمانیش دەكات).
رۆژنامەى روداو، چونكە لەسەرەتاى دروستبوونیەوە هەتا ئێستا مانگانە (106) ملیۆن دینارى بۆ بڕاوەتەوە لە بودجەى حكومەتى هەرێم لەلایەن سەرۆكى حكومەتى پێشوو بەڕێز نێچیرڤان بارزانیەوەو بەڕێز دكتۆر بەرهەم ساڵحیش لەبەر رێككەوتننامەى ستراتیژى ئەو پارەیەى رۆژنامەى روداوى نەبڕیوەو وەكو خۆی هێشتویەتیەوە.
ئایا رۆژنامەى روداو ئەو پارەیە بە خۆڕایی وەردەگرێت؟ ئەگەر حكومەت ئەوەندە سەخیەو یارمەتى میدیاى بێلایەن دەدات بۆچى یارمەتى رۆژنامەكانى هاوڵاتىو ئاوێنەو گۆڤارى لڤین نادات كە هەریەكەیان تیراژى سێ ئەوەندەى روداو دەبێت.
هەروەها ئەو پارەیەى كە مانگانە روداو وەریدەگرێت ئەوە بودجەى دەزگاى ئیعلامى نیە، چونكە ئەوە زۆر زیاترە لە نەسریەى مانگانەى (30) كۆلیژى زانكۆ بەسەریەكەوە كە كۆلیژى وا هەیە نەسریەكەى دوو ملیۆن دینارە.
كەواتە حیكمەت لەمەدا چیە كە حكومەت بەرامبەر زانكۆكانى دەست نوقاوەو بەرامبەر ئەم رۆژنامەیەش هێندە دەستكراوەیە.
هەروەها ئەم پارەیە ئەگەر بدرێت بە خێزانى شەهیدانو ئەنفالكراوەكان ئەوا دەتوانرا بەو پارە 500 خێزانى شەهیدو ئەنفالكراو مانگانە بڕی 500 هەزار دیناریان بۆ ببڕدرێتەوە.
ئایا دەرچوونى رۆژنامەى روداو گرنگترە بۆ حكومەت یان دابینكردنى ژیانى 500 خێزانى ئەنفالكراو.
روداو نابێت ئەوەى لەبیربچێت لە تەمەنى كابینەكەى حكومەتى بەڕێز نێچیرڤان بارزانیدا وەك رۆژنامەى سێبەرى حكومەت كاری كردووەو حیسابی بۆ كراوە. زیاتر لەمەش رۆژنامەى روداو تەنیا دەزگایە لەناو هەموو پارتیدا كە توانیبێتى لەیەك كاتدا سوود لە هەردوو جەمسەرەكەى پارتى نێچیرڤان بارزانىو مەسرور بارزانى وەربگرێتو لەم روەشەوە یارییەكى زیرەكانەى كردووە.
ئێمە هیچ گلەیمان لە تەلەفزیۆنى زاگرۆسو رۆژنامەى هەولێرو گۆڤارى گوڵانو تەلەفزیۆنى كوردستانو زوڕناژەنەكانى ناوى نییە كە ساڵانێكە نانى جنێو دەخۆنو بەپێی ئەو لیستەى گۆڤارى لڤین بڵاویكردۆتەوە لەكاتى خۆیدا ئەم دەزگایانە بەشێكى زۆریان بریتى بوون لە دەزگا سەرەكیەكانى هەڵگیرسانى شەڕی ناوخۆ لە هەرێمى كوردستاندا.
ئەمانە ئەگەر شیاوبێت ناوێكیان لێ بنرێت دەبێت پێیان بوترێت وەستاى جنێو، روداو هەقى خۆیەتى چۆن سیاسەتى رۆژنامەوانى خۆی دادەڕێژێتو سیاسەتى تەحریرى خۆى رێكدەخات.
ئەوە بۆ ئێمە گرنگ نیە كە لەماوەى هەشت ساڵى حكومەتى بەڕێز كاك نێچیرڤاندا تەنیا مانشێتێكى نەبوو لەسەر كێشەكانى ناو ئەو كابینەیە.
ئەوە بۆ ئێمە گرنگ نیە روداو بارەگاكەى لە هەولێرەو لەسەر حیسابی پارتى پارە لە حكومەت وەردەگرێت كەچى زۆربەى مانشێتەكانى لەسەر سلێمانییە.
بەڵام دەبێت بزانێت دەستى ئەو رۆژنامەیە كەشفە لەرووى تەحریرەوە، ئەگەر وانیە بۆچى لە بەیاننامەى مەكتەبی راگەیاندنى یەكێتى ناوى هاتووە وەكو یەكێك لەو بڵاوكراوانەى كە نزیكن لە پارتیەوە.
روداو هەقى خۆیەتى پارە لە كێ وەردەگرێت بەباڵایدا هەڵبدات، بەڵام بۆى نیە وەك جنێو فرۆشەكانى دیكەى راگەیاندنى پارتى تۆمەتى سەر بەم لاولا بداتە پاڵ لڤینو لەم روەشەوە لڤین وەك مافى خۆى داواى یاسایی لەسەر نوسەرى بابەتەكەو رۆژنامەكەس تۆماردەكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە