راپۆرتی هیوا عەبدوڵا بۆ کۆبوونەوەی پارلمانی بەلجیکا تایبەت بە تۆپبارانەکانی هەرێمی کوردستان
Thursday, 08/09/2011, 12:00
هەروەکو ساڵانی ڕابردو، ئەمساڵیش سوپای تورکیا و ئێران سنوری باشوری کوردستان بۆمباباران ئەکەن. زۆر ئاشکرایە ئەو دوو وڵاتە دوابەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ واتە ٢٠ ساڵە هێرش ئەکەنە سەر ئەو هەرێمە. پێشتر بیانوی ئێران بۆ ئەو هێرشانە جێگیربوون و هەبوونی حیزبە ڕکەبەرەکانی کوردەکانی دژ بە ئێران وەک (کۆمەڵەو دیموکرات) بوون، ئێستاش پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)ە. بیانوی تورکیاش هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا هەبونی پارتی کرێکارانی کوردستان بوە لە سنورەکانی باشوری کوردستان.
ئەو دوو وڵاتە بانگەشە ئەکەن گوایە PKK و PJAKلە سنورەکانی باشوری کوردستانەوە هێرش ئەکەنە سەریان. لە ڕاستیدا ناتوانن ئەو بانگەشەیەی خۆیان بسەلمێنن چونکە پکک لە ٥٠٠ کیلۆمەتر قوڵایی جوگرافیای تورکیادا چالاکی تۆڵەسەندنەوە یان مافی بەرگی لەخۆکردن ئەکات. بەڕێزان بە ڕای من چەند خاڵێک هەیە پێویستە بیریان لێ بکەینەوە؛ ئایا بۆ ئەو دوو ولاتە تەنانەت ئەو ناوچانەش بۆمباباران ئەکەن کە هیچ کاتێک گەریلاکانی PJAK و PKK ڕویان تێنەکردوە؟ بەڕای من هۆکاری ئەو هێرشانەی تورکیا و ئێران بەتەنیا پەیوەندی بەو دوو ڕێکخراوە نەیارانەی ئەوانەوە نیە، بەڵکو هۆکاری دیکەش لە پاڵ ئەوە هەن؛ بۆ نمونە ڕێکنەکەوتنی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەندێک پرسی سیاسی و بازرگانی. ئێران هەوڵ ئەدا زیاتر خۆی لە شارەکانی وەک هەولێر و دهۆک باڵادەست بکات کە لە ژێر دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان دانو هاوکاریەکی باش لەگەڵ کۆمپانیا تورکیەکان ئەکەن. تورکیاش بە هەمان شێوە سیاسەتی خۆی لە سلێمانی هەیە کە لە ژێردەستەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دایەو هاوکاری کۆمپانیا ئێرانیەکان ئەکات.
ڕۆژانی ڕابردو گوێمان لە هەڵوێستی سەیرو سەمەرەی هەردوو پارتی دەستەڵاتدار بوون سەبارەت بەو هێرشانە. پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر هێرشەکانی ئێرانی مەحکوم ئەکرد و یەکێتی نیشتیمانیش زیاتر هێرشەکانی تورکیا. بەڕێزان کێشەی تۆپبارانەکانی سنور زیاتر لەوەدایە کە بەتەنیا خەڵکی هەژار و بێتاوان زیانیان پێ ئەگات کە دەستیان لە ناو ئەو گەمە سیاسیانەی لە سەرەوەدا باسمان کردن نیە. من لێرەدا حەز ئەکەم بە کورتی باسی زیانەکانی ئەو هێرشانەتان بۆ بکەم؛
تا ئێستا ١١ هاوڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە ٧یان بە هۆی هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر بەرزایی کورتەکی نزیک سەنگەسەر و ٤ هاوڵاتی دیکەش بەهۆی هێرشە هەڕەمەکیەکانی ئێران. ٣٢٤ هاوڵاتی لە گوندەکانی سەربە قەزای چۆمان، ٥٠٠ هاوڵاتی سەربە قەزای سیدەکان و هەر دوێنێ 4/9/2011 خەڵکی ١٤ لادێی دیکەی سەربە سیدەکان ئاوارەو بێ ماڵو حاڵ بون.
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە دوا ڕاپۆرتی خۆیدا ڕادەگەیەنێ؛ ''ئێران و تورکیا بەبێ جیاوازی کردن لەنێوان گروپە چەکدارەکان و هاوڵاتیانی سڤیل ناوچەکە بۆمباباران ئەکەن. لە چاو ساڵانی پێشو، تۆپبارانەکان توندتر بونە، تورکیا بە شیوەیەکی هەڕەمەکی ناوچەکە تۆپباران ئەکات ئەو ساڵەکەو بۆمبارانەکانیان کەمتر ئاراستەی ئامانجەکان ئەکەن." هەروەها ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لە دیدوبۆچونی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە ئەکات، کە پێیانوایە هێرشەکان بە ئەنقەست لە وەرزی دروێنەو کشتوکاڵدا ئەکرێن بۆ ئەوەی لادێیەکان نەتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن و زیانیان بەربکەوێ.
لە ڕۆژانی ڕابردودا بینیمان کە هەڵویستی پارتە دەستەڵاتدارە کوردیەکان بە شێوەی پێویست نەبو. حکومەت و پارلمانەکانی کوردستان و عێراق هیچ ناکەن جگە لە مەحکومکردنی ڕوداوەکە و تەماشای ڕەوشەکە ئەکەن. ئێران و تورکیا پێیان وایە ئەوان مافی خۆیانە ناوچەکە تۆپباران بکەن بۆ ئەوەی نەیارەکانیان لەناو ببەن. لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ٢١/٩/٢٠١١ جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا بەکر بۆزداغ ڕایگەیان هەر کاتێک پێویست بو بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بەردەوامیان ئەبێ. لە لێدوانێکی هاوشێوەدا بەرپرسی حکومەتی ئێرانی لە ویلایەتی ئازەربایجان واحید جەلالی زادە لە لێدوانێکیدا بۆ تەلفزیۆنی دەوڵەت لە ٦/٨ گوتی هێرشەکان دژ بە گەریلاکانی PJAK درێژەی ئەبێ تا سەرجەم ئەندامەکانیان ئەکوژرێن.
بەڕێزان من پێموایە ئێران و تورکیا بەو شێوازە ناتوانن هیچ ئەنجامێک تەنانەت دژ بە PKK و PJAK یش بەدەست بێنن. ئەوان بەو جۆرە هێرشانە بەتەنیا زیان بە خەڵکی سڤیل و بێتاوان ئەگەیەنن کە لە سنورەکاندا نیشتەجێن. ئەمریکا و هەندێک وڵاتانی ئەوروپا پێیان وایە تورکیا مافی بەرگریکردنی وڵاتەکەی دژ بە تێرۆر هەیە، لە ژێر ئەو هەڵوێستەیاندا بوێری بە تورکیا ئەدەن تاکو بە شێوەیەەکی هەڕەمەکیانە خاکی باشوری کوردستان و عێراق بۆمباباران بکات. چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا بینیمان کە چۆن حکومەتی تورکیا سەفیری ئیسرائیلی لە وڵاتەکەی خستە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی شەش مانگ لەمەوبەر لە هێرشێکدا ئیسرائیل ٧ هاوڵاتی تورکیای لە دەریای سپی ناوەڕاست کوشت کە خەریک بوون هاوکاریان بۆ کەرتی غەزە ئەنارد. کەچی هەر ئەو تورکیایەی ئێستا لە ڕۆژی ٢١/٨/٢٠١١ دا، ٧ هاوڵاتی سڤیلی کوردی لە بەرزاییەکانی کورتەکی سەربە سەنگەسەر کوشت و ئامادە نیە دان بە تاوانەکەیدا بنێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست