هونەر و هونەرمەندی سەلەفی لە کوردستان
Sunday, 07/12/2014, 12:00
پێس ئەوەی بێینە سەر باسەکەمان با بە کورتی باسی تابلۆی بەناوبانگی دولاکروا بە ناوی (ئازادی ڕێ پیشاندەری گەلە) بکەین ، کە لەساڵی 1830 دا کراوە، کە بۆتە ڕەمزی شۆڕشی فەرەنسا.
پاش چل ساڵ تێپەڕبوون بەسەر شۆڕشی فەرەنسیدا، کاتێک میراتگرەکانی لویسی شانزە ویستیان دەوری ئۆپۆزیسیۆن بخەنە لاوە، چەندەها قانونیان دەرکرد دژی ئازادی، خەڵکی پاریس بە ڕاپەڕینێکی گەورە دژی وەستانەوە.
کۆمەڵە خەڵکێک لەبەرەی گەل، بە سەر سەنگەرێکدا تێ دەپەرن، لە بەشی پێشەوەی تابلۆکەدا خشت و کۆلەکەی سەنگەرەکە تێک شکاوون و دووسەرباز کوژراون. کرێکارێک یان جوتیاریک کە وادەبیریت کە بریندارە و پەرۆیەکی بەسەرەوەیە لەناو سەنگەرەکەدا و ڕوی دەمی لە ئافرەتەکە دەکات کە ناوەراستی تابلۆکەی داگیرکردوە بە ئالایەکی فەرەنساوە، زۆرترین روناکی لەسەر ئەوە؛ پێ پەتی، پێست ئەستور و بەهێز دیارە، زیاتر لە ئافرەتیکی گەل دەچیت هەتاوەکو خانمێکی بۆرژوازی. چوار کەسی تر دەبینرێن لە چواردەوری ئەم ئافرەتەدا، کابرایەکی بۆرژوازی بە شەپقەیەکەوە پانتۆل و پشتێنی کرێکارێکی لەبەردایە، دووگەنج، یەکێکیان بێرێیەکی بەسەرەوەیە بە دوو دەمانچەوە، ئەوی تریان بە راکشانەوە کلاوی پۆلیسێکی بەسەرەوەیە بەخشتەکانەوە خۆی هەڵواسیوە، کەسێکی تر بە شمشێرێکەوە، لە جوتیاریک یان کریکارێک دەچێت، لە بەشی پشتەوەی تابلۆکە کەنیسەی نۆتردامی پاریس دەبینرێت لە ناو دوکەڵایە. وەک دەبینرێت هیچ شتێک لەم تابلۆیەدا بە لاوەکی نەکراوە و هونەرمەند هۆشمەندە چی کردوە و کەسەکان لە تەبلۆکەدا دەوری خۆیان پێدراوە.
یەکەم شت کە سەرنجمان رادەکێشێت، ئەو ئافرەتەیە کە ئالای فەرەنسای بەدەستەوەیەو ناوەڕستی تابلۆکەی داگیر کردوە، لەبەر ئەوەی زۆرترینی ڕوناکی بەرکەوتوە، چاوی بینەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. وادەبینرێت کە هەموو ڕوداوەکە بەدەوری ئەودا بسوڕێنەوە و باسەکە ئەوبێت.
ئەوسەردەمەی ئەم تابلۆیەی تیا کراوە، ئافرەت مافی دەنگدانی نەبوە، ئافرەت لە دوای شۆڕشی فەرەنساوە بۆی هەبوە پانتۆڵ لە پێ بکات، لە پەرلەمانیشا ئافرەتان بە تاک و تەرا دەرکەوتون، بەلام پیشاندانی ئافرەت بەم شێوەیە لای دولاکروا تیروانینیکی رۆمانتیکیە بۆ باسێکی مۆدیرن کە راپەرین و شۆڕشە.
هەمیشە ئافرەت پیشان دراوە وەک رەمزی ئازادی و شۆڕش،چونکێ لەو کاتەوەی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا شار دروست بو و پیاوان کەوتنە بازرگانی کردن و دەوری خواوەندی ئافرەت وەک پیرۆزیەک نەما، پیاوان سوڵتەیان گرتە دەست، ئیتر ئافرەت، یان مێینە چوە ژیێر دەستی پیاوە و ئەو دەورەی نەما، بوە کەرەسەیەکی چەوساندنەوە، لەو کاتەوە ئافرەت هەمیشە وەک ڕەمزی ئازادی لە هونەردا پیشان دراوە، بێگومان ئەمە ئەمڕۆ لەئەوروپا بەسەرچوە و ئافرەتان دەوریان گۆراوە بەڵام بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست هێشتا دەتوانریت ئەو دەورەی بدریێتێ لە تابلۆیەکدا .
دولاکروا دەڵێت: سەنگەرێکم هەلبژارد بۆ نیگارکێشی وەک باسێکی مۆدیرن ، ئەگەر بەشداریشم نەکردبێت، ئەوە بەم کارە بەشداردەبم.
کاتیک ئەم تابلۆیە پیشان دراوە، خەلکی دژی وەستاونەتەوە و وەک گالتەجاری بەشۆڕشەکەیان بینیویانە، وتویان کە گوایە دولاکروا شۆرشەکەی بۆ کردون بە قوڕاو و لیتاو. لە بەرئەوەی خەڵکە شۆڕشگێڕەکە لەو ڕاپەڕینەدا ئازار و ئەشکەنجەیان بینیوە، بەڵام دولاکروا ئامنج و هیوای ئەو شۆڕشەی پیشان داوە، تەنها ئەوەی نە بینیوە کە لەسەر جادەکان بینویەتی، بەڵکو جەوهەری شۆڕشەکەمان پیشان دەدات یان بەشێوەیەکی ڕۆمانتیکی داهاتویەکی پرشنگدارمان بۆ دەکێشیت، تێڕوانینی هونەرمەند قوڵتر و هۆشمەند ترە لە شۆڕشگێڕەکان، دولاکروا بەم تابلۆیەی دوو سەد سال دەمان باتە پێشەوە، شۆڕشێکی فکری ترمان پیشاندەدات، پێمان دەڵێت کە ئەم شۆڕشە بەرەو کوێ دەمان بات.
تابلۆی دووەم تابلۆی ئێدوارد مۆنێیە، ساڵی 1863 کراوە بە ناوی ژەمەخواردن لە دەشتا.
ئەو سەردەمەی ئەم تابلۆیەی تیاکراوە هێشتا ئافرەت مافی دەنگدانی نەبوە، بێگومان سەردەمی هونەری ئەمپریسیۆنیستە، سەدەی پیشەسازی و مۆدێرنیتێ، ئەو سەردەمەی کە هونەرمەندەکان چونە دەرەوەی ماڵەکانیان و لەبەردەم سروشتا ڕاستەو خۆ ڕەسمیان دەکرد.
دو پیاو بە جل و بەرگەوە قسەدەکەن و دوو ئافرەتیس یەکێکیان لە روبارەکەدا خۆی ئەشوات بە کراسێکەوە و ئەوی تریان بە رووتی لە ئاوەکە هاتۆتە دەرەوە و سەیری بینەر دەکات. هەرگیز ئەمە گوزارشت لە ژیانی راستی ئەو خەڵکانە ناکات لەو سەردەمەدا، هەرگیز نەبینراوە لەو سەردەمەدا ئافرەتان ئاوا بە رووتی لە دەشتا دانیشن، بەڵام ئەمە جۆرێکە لە خەباتکردن بەسەر بیرکردنەوەدا، چ سودێکی هەیە من بێم هەمان ئەو شتەی دەیبینم وێنەی بکێشمەوە ئەگەر خەو ئاواتێکی ڕۆحی خۆمی تیا نەهروژێنم.
کاتیک ئەم تبلۆیە پیشاندراوە، بوە بە ئابروچونێکی گەورە بۆ ئیدوار مۆنێ و خەلکی بەشتیکی زۆر ناشرینیان بینیوە کە ئافرەتیکی پیشان دراوە بە رووتی بە بی هیج جل و بەرگێک.
بێگومان نمونەی تر زۆرن بەڵام ئەم دوو نمونەیەم هێنایەوە لە میژووی فەرەنساو مئژووی هونەر، هەرچەندە ئەمانە بەرهەمی کەلچەری ولاتانی مەسیحین و ناتوانین بەراوردیان بکەین بە ڕۆژهەلاتی ئیسلامی بەلام دەبینرێت کە چۆن لە سەردەمانیکدا هونەرماندان نەترساون و هەوڵیان داوە تیروانینیکی رۆمانسیانە بۆ ژیانێکی داهاتو پیشان بدەن، چۆن بازیان بەسەر میژودا داوە و هانی خەلکیان داوە بە جۆریکی تر شتەکان ببینن، ئەگەریش لەسەردەمی خۆیاندا قبوڵ نەکرابیتن ئەوا بێ شک کەریگەریەکی بێ هاوتایان بوە لەسەر بیرکردنەوەی خەلکی و گۆڕانی تیروانینیان بۆ دەوروپشتیان.
ئینجا بابزانین هونەرمەندانی کوردستان دوای 184 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دولاکرواو شۆڕشی فەرەنسادا چۆن باسی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەن کە بۆتە نمونەی بەرخوردان و ئازادی لە هەموو جیهاندا.
بە بەراوردکردنی ئەم هونەرانە بە هونەرماندانی کوردستان، خێرا بۆمان دەردەکەوێت کەنەک هونەرمەندانی کوردستان وێنەی خەو و ئاواتی داهاتومان پیشان نادەن بگرە ئامادەش نین ئەو ڕاستیەی دەور و بەریان وەک خۆ ببیننەوە.
ئەمڕۆ کە سەیری بەرهەمی هونەرمەندەکانی کوردستان دەکەم کە بە ڕێکەوت جاروبار لەرۆژنامەکانی کوردستان و فەیسبوکدا دەیانبینمم وای دەبینم کە لە کوردستان هونەر نەک هێشتا لە سەرەتادایە بەڵکو بونی نیە.
بۆ نمونە با سەیری ئەم تەبلۆیە خوارەوە بکە ین.
دەتوانین بە چەند وشەیەک گوزارشت لەم تابلۆیە بکەین کۆمەڵە کچیک ئالای کوردستان دەدرونەوە، خۆئەگەر هەرقوماشێکی تریشیان بدوریاتەوە هیچی نەدەگۆری لەباسەکە. سیان لە ژنەکان، خەریکن بە درونەوە و سەریان دانەواندوە، دوانەکەی تریان ڕوی دەمیان لەیەکترە، وادیارە باسی یاپراخ پێچانەوە دەکەن، ئاڵایەکی شل و شۆر، لەوە دەچیت کە بێزار بێت لێیان. دەتوانین کە بیهینینە بەرچاوی خۆمان کە مێردەکانیان بەرپرس بن. ئەو کەسەی ئەم نیگارەی کێشاوە بەبێ ئەوەی هۆشمەند بێت، تابلۆکە ئاوێنەی بیرکردنەوەی ئەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە یەکەم کەس بێت دەنگ بدات بە یەکسانی ژن و پیاو.
بە هیج شیوەیەک زاراوەی هونەرمەند ناتوانرێت بەکار بهێنین بۆ ئەم شتە، چونکە هونەرمەند ئەو کەسەیە کە ئەوپەڕی هۆشمەندە بە کارە هونەریەکەی خۆی، ئیتر ئەوساکە دەتوانێت رەسمی داربەڕویەک یان گۆزەڵەیەکیشمان بۆبکات، گرنگ ئەوپەڕی هۆشمەندیە بەو شتەی دەیکەین. ئەم تابلۆیە لەم سەردەمەدا کراوە واتە دوای 184 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تابلۆکەی دولاکروادا ، ئەمە گەمژەیی و فیکری سەلەفیەتمان پیشا دەدات لەناو کۆمەلگای کوردیدا. کاکی نیگارکێش دەیەوێت بەم کارەی هەمو ئەو خەو و هیوایەی کەسانێکی کەم لەکۆمەلگای کوردیدا خوازیارین بۆی، هەتا هەتایە بیکوژێت، کارەساتەکەش ئەوەیە کەئەم کەسە خۆی بە هونەرمەند دەزانێت و خۆی دەخاتە چینی ڕۆشنبیرانەوە، لەوەش خراپتر ئەوە یە کە ئەم تابلۆیە لەلایەن خەلکی پێشکەوتوخوازەوە پێشوازی لێ کراوە وەک کاریکی جوان بەبێ ئەوەی بەوە هۆشمەند بن کە پیچەوانەی بیرکردنەوەی ئەوانە، ئەمەیە داماوی گەلێک یان رۆژهەلاتیەکی ئیسلامی کە برواناکەم هەرگیز رۆژ تیایا هەڵبێت.
خۆ ئەگەر کاکی نیگار کێش یان باشتر بڵێین کاکی شێلمفرۆش، سەیری چواردەوری خۆی بکردایەو کوێر نەبوایە و درۆزن نەبوایە، یان ئەگەریش بێ خەو و ئاواتیش بوایە، ئەوا پیویستی بەوە نەدەکرد خەویکی رۆمانتیکی ببینیت وەک دولاکروا، چونکە نمونەی کچانی رۆژئاوا لەسەنگەرەکاندا شایەتی ئەوە دەدەن کە تابلۆیەکی ئەوان وەک خۆی لەسەنگەرەکاندا بەس بوو.
هونەری فۆتۆگرافیەکی نایاب شەرەڤانەکانی یەپەگە
با سەیری شتی دووەم بکەین
وادەبینرێت کە بکەر لەم کارەیدا قەڵەمباێکی دابێت، بەڵام بە پێجەوانەوە، ئافرەتێکمان پیشان دەدات کە شیر دەدات بە مندالەکەی و کڵاشنیکۆفەکەی بەتەنیشتیەوە داناوە و چاوی بڕیوەتە کونجوڕێکی ژورەکە کە نازانین سەیری چی دەکات بەڵام وادەبینرێت خەیالی ڕۆشتبێت و خەو بە هاتنەوەی مێڕدەکەیەوە ببینێت، ڕوکەشی ئافرەتەکەی ڕوناک کردۆتەوە بە سەرچاوەیەکی روناکی، کە لە ئاسۆیەکی بەرزەوە نایەت و لە کونجوڕێکی کەلاوەکەوە دێت، کچێکی منداڵیش سەیری دایکی دەکات، تێناگەین لە دەوری ئەو کچە منداڵە لەویادا، وادەبینرێت کە دایکی بەجێ دێڵێت، بەڵام پەیوەندی نیە بە باسەکەوە، سەرپۆشێکی بەسەرەوەیەو سەیری دایکی دەکات، سەرپۆشەکەی زیاتر لەسەرپۆشێکی ئیسلامی دەچێت کەچی سەرپۆشەکەی دایکی بە پێچەوانەوە، نازانین مەبەست لەوە چیە، لە پشت دیوارێکدان کەنازانین ئەم دیوارە چیە و گوزارشت لە چی دەکات، زیاتر لە ماڵیکی بێ سەربان دەچیت بەڵام هیچ شوێنەواری داڕوخانەکە نابینین ، ئەوەی گرنگە ببینریت لەم تابلۆیەدا ئەوەیە کە هێشتا کاکی نیگار کێش نەیتوانیوە کڵاشنیکۆفەکە بداتە دەستی ئافرەتەکە. بەڵکو ئافرەتەکە هەر ئەرکی دایکی پێ سپێردراوە ئەویش بەخێو کردنی مندالە. بۆیەش مەمکی ڕوتە چونکە وەک دایکێک کە شیر دەدات بە منداڵەکەی.
پەیکەری هادی زیائەدینی بەناوی شێرە ژنانی کۆبان، دەلیم پەیکەرتاش و ناڵیم هەنەرمەند، چونکە هەرکەسێک توانی پەیکەرێک داتاشێت یان نیگارێک بکێشێت بەس نیە بۆئەوەی پێی بوتریت هونەرمەند، دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان دارتاش و هونەرمەندێکی پەیکەرتاشدا، لە نێوان بۆیاخچیەک و هونەرمەندیکی نیگارکێشدا. هونەرمەند بە واتای ئەوپەڕی هۆشمەندی دێت، هۆشمەندی بە مێژوی هونەر، بە هونەرەکەی، لێکدانەوەی ئەو ڕوداوانەی لەدەوروبەری رودەدەن، پاشان دەتوانێت بە زوانەک بۆامان بڕەخسێنێت و بەرەو ئاسۆیەک بمان بات، وەک گوڕنەتەڵە لەم دارستانەدا ڕێنشاندەرمانە، چونکێ هەمیشە مرۆڤ لە داهاتو ترساوە خۆی بەستۆتەوە بە بەهاکانی سەردەم و ڕابوردوەوە، ئەوە دەوری هونەرمەندە ئەو دەرگایەمان پیشان بدا و ڕامان بێنێت ئەگەر هەزار نەعلەت و بەردبارانیش بکرێت، بەڵام هونەرمەندانی کوردستان نەک نەیان توانیوە وێنەی ئاواتێکی داهاتومان پیشان بدەن بەڵکو نەشیان توانیوە ڕوداوەکان وەک خۆیان پیشان بدەن. هەر بۆیەس خیرا هێلی لۆڤ شێرە بەفرینەکەی خستە سەر کێکی ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوونی.
جامانەی سور، جامانەی ڕەش، جامانەی یەپەگە، کچە شەڕيڤانەکەنی کۆبانی، ڕیشی داعش، نەبونە هەوێنی هونەرێک. ئەم هەمو ئافرەتە لاقە دەکرێن، ئەکوژرێن، خوێناوی و خەتەنە دەکرێن، دەخرێنە تورەکەی ڕەشەوە، هونەرمەندێک نەیکرد بەباسێک، گوێزانێک یان چەقۆیەکمان نەبینی لە ناو گەڵی ئافرەتێکا لەسەر تابلۆیەک، بەڵام وادیارە تابلۆی لەو شێوەیە ناچنە ساڵۆنی بۆرژوازیە بێ کەڵچەرەکانەوە، ئەی کەواتە جیاوازی ئێوە و بازرگانەکانی نەوت چیە ؟ یان وادیارە هەستی خۆبەقوربانی کردن هەرنەماوە.
لێرەدا پەیکەری ئافرەتیک دەبینریت بە جلێکی پیاوانەوە لەسەر شێرێک قیت دانیشتوە وەک ئەوەی بۆ رەسم گرتن وەستابیت پۆز لێ بدات، و ناوی ناوە شێرە ژنی کۆبانی. هیچ پەیوەدیەکی ڕاستە و خۆ یان ناراستەوخۆ لە نێوان شیرەکەو ئافرەتەکەدا نیە، ئەوە نەبێت کە ئافرەتەکە شێرەکەی بەکار هێناوە وەک کورسیەک یان دۆشەکەڵەیەک بۆ دانیشتن، زیاتر لە یاری مندالان دەجیت بە بوکەڵەکانییانەوە؛ بوکەڵەیەک و شێرێکی پلاستیکم هەیە، شێرەکە دادەنێم و قاچی بوکەڵەکەم دە نوشتێنمەوە و دای دەنێم ەسەر شێرەکە، دەیان نوسێنم پێکەوە.
شیرێکی مردوو هیچ حەرەکەیەکی تیا نابیرێت، ئافرەتێک بەجلی پیاوانەوە، جونکە ناتوانێت ببێت بە شیر ئەگەر جلی ژنانەی لەبەردا بێت، وەک چۆن کە منداڵ بوین رۆژانی جەژن پۆزمان لی دەدا لەبەردەم ئەسپە کارتۆنەکەی بەردەرکی سەراو ڕەسمان دەگرت بە شانازیەوە، هەر لەوە دەچێت. بۆچی ئەگەر ئافرەتێک لەسەر شێرێک دانیشێت دەبێتە شێرە ژن ؟ بۆچی ئەگەر ئافرەتێک شێرەژن بێت ئەبێت شیرێک پیشان بدەین ؟ شێرەکە ئاراستەی بینینی بۆلایەک دەچیت و ئافرەتەکە بۆ لایەکی تر، ئەمە لاوازی و داماوی بیرکردنەوەمان پیشان دەدات نەک هونەر، ئەم کارە لەهیج ئاستیکی هونەریدا نیەو بەهیج جۆریک باسی ئازادی یان گەورەیی ئافرەتێک ناکات، کاریکی مردوە، زیاتر لەو ئافرەتانە دچیت کەدەچنە بەرەی شەڕو بۆ خۆدەرخستن ڕەسم لەگەل پێشمەرگەیەکدا دەگرن.
کاکی دارتاش ڕستەیەکی بۆ هێناوین کە بریتیە لە شێرە ژنانی کۆبانی، دەیەوێت ئەم ڕستەیەمان بۆ بکات بە پەیکەرێک، وشەی شێر دەکات بە بە شێرێک و ژنیش دەکات بە ژنێک و لەسەر شێرەکە دای ئەنێت. سەرنج بدەن چەند فکرەیەکی سەرەتاییە و پێویست بە هیچ لێکۆڵینەوەیەک ناکات و بەهیج جۆرێک فکر نا هروژێنێت، خۆ ئەگەر ئافرەتێکی بۆ بکردیننایە بە سەری شێرێکەوە هەر ڕێی تێدەچو یان ئافرەتێک بە جلی کوردیەوە، بە چەکەکەیەوە و لە ژێر پێیا سەلەفیەکی ڕیشدار.
کاتێک باسی ئەم کارە هونەریانە دەکەم کە لەسەر فەیسبوک و ڕۆژنامەکانی کوردستان بەرچاووم دەکەون، کە هیچ بەهایەکی هونەریان نیە، واتە ناچنە ناو مێژووی هونەرەوە چونکێ بکەرەکانیان هۆشمەند نین بەو کارەی دەیکەن و زانیاریان لەسەر مێژووی هونەر نیە، بەڵام خۆ دەتوانین وەک کارێک هونەری پۆپیولەر یان هونەرێکی سۆسیالیستی سەیریان بکەین و هەڵیان سەنگێنین، بەڵام هەر هێشتا ناگەنە ئەو ئاستە، چونکی هەڵقوڵاوی بیرکردنەوەیەکی ڕاستگۆ نین. هەڵقڵاقوڵای زمانێکی هونەری نین، لە بیرکردنەوەیکی ئازادەوە هەڵنەگۆزراون و هیچ ئاواتێکان تیا بەدی ناکرێت.
ئەگەر ئەم کارانە کاری هومەرمەندێکی خاوەن توانا نەبن و ئاگادار نەبن لە مێژووی هونەر ئەوا ئەوکەسانەشی کە لە ئەوروپا خوێندویانە لەوان زیاتر نین.
لێرەدا نمونەی کاریکی مامۆستا لالە عەبدە دەهێنمەوە.
سندوقی بۆراق لە شکڵی میتۆلۆژی سۆمەری و بابل وەرگیراوە پاشان کەسانی پۆپیولەر بە شیوەیەکی ساکاری کردویانەتەوە، لالە عەبدە جارێکی تر نیگاری کێشاوەتەوە بەشێوەیەک کە هیچ داهێنانێکی تیا بەدی ناکرێت، پاشان لەم لاولای ئەسپەکەشدا لە جیاتی ئەو دو گوڵدانەی کەدەبیرێن، دوو کچی داناوە کە لە دوو خوشک دەچن، وەک دوو ئینجانە بە خشڵی سۆمەریەوە بۆ رازانەوە.
کە دوو ئافرەتمان دانا لە تابلۆیەکدا تەنها دەوریان رازاندنەوە بێت، وەک دوو بوکەڵە، ئەمەش وەک کارێکی هونەری، ئەوا بێ شک ئەو کەسەی ئەو کارەی کردوە لە مالا سەلەفیەکان بیرکردنەوەی قوڵتر نیە، یان ئەوەیە کەسێکی بێ ئگایە و هۆشمەند نیە بەو کارەی کە دەیکات.
کارەساتەکەش لەوەدایە کە ئەم کارانە لەلایەن کەسانی رۆشبیر و ئازادی خوازەوە پێشوازی لێدەکرێت و لەسەر پەیجەکانیان بە شانازیەوە باسی دەکەن، ئەو کەسانەش وەک لالە عەبدە لەگەل بریارەکانی یەکسانی رۆژئاوادان، بەلام هیج هۆشمەندیەکیان نیە بەوەی کە ئەمە پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئەوانە.
بەم جۆرە هونەرە دەلێن هونەری سالۆن، واتە بۆرجوازیە بێ کەڵچەرەکان لە ساڵۆنەکانیانا هەڵی دەواسن بەمەرجێک کە بگونجێت لە گەڵ دیکۆری ماڵەکە و ڕەنگی پەردە و دیواری ژورەکەدا.
هونەرمەند، نیگارکێشی جوانی نیە بەڵکو دەگەرێت بەدوای جوانیدا و دەیدۆزێتە لە ناخمانا، جوانیەک هەڵەئێنجێنێ لە قولایی ناخمانا کە خۆمان پێی هۆشمەند نین بەڵام بەرەو ڕوی دەڕۆین، بۆیە وەک تابلۆکەی دولاکروا بە ناشرینی دەزانین لەسەرەتاوە، لەبەرئەوەی داهاتو هەمیشە مەترسیدارە، نەناسراوە، غەریبین پێی، ئەوە کاری هونەرمەندە کە ئەو ترسەمان بشکێنێت، ڕامان بهێنێت لەگەڵیا، بەڵام ئەم نیگارکێشانەی کوردستان جوانیەکمان پیشان دەدەن کە خۆمان تێیدا گیرمان خواردوە، جوانیەکی ماکیاج کراو، جوانیەکی بێ ئاسۆ، چەق بەستو، تیایا خنکاوین.
لالە عەبدە ئەو کەسەی دژی شەری ناوخۆ خەباتی دەکرد، کۆتری ئاشتی لەسەر بەردەکانی نێوان هەولێر و سلێمنی دەکرد هەتاوەک و بەرپرسەکان بیبینن ، هۆشمەند نیە بەوەی کە هونەرەکەی لە شەڕی براکوژی کاردانەوەی خراپتر دەبێت لەسەر سایکۆلۆژی تاکی کوردا، هۆشمەند نیە بەوەی کە بەم کارەی خزمەتی سەلەفیەت دەکات، جونکی ئەگەر بکەر و بینەریش هۆشمەند نەبن بەو ڕەسمە ئەوا کاریگەریەکی بێ هاوتای دەبێت لەسەر تاکی کورد. قسەی سەلەفیەکان بەدەم باوە ژەڕۆن و لەبیرمان دەچنەوە بەڵام ئەم وێنانە هەتا هەتایە دەمێننەوە و نەوەی داهاتو لاساییان دەکاتەوە.
هیج شتیک وەک وێنە نیە، وێنە جادوگەرێکە دەچێتە قولایی رۆحەوە، بەبی ئەوەی بەخۆت بزانیت، جونکی ئەوکەسەی سەیری دەکات پێویستی بە کات یان بە زانیاری نیە بۆ سەیرکردنی، بەپیجەوانەی نوسینیکی ئەدەبی ڕۆمانیک یان ئۆپێرایەک کە پیویستت بە کاتیکی دیاری کراوە و لەهەمان کاتا بە ئاستیکی کەلچەری بۆتیگەیشتنی، بۆ نمونە مندالیکی ساوا راستە کە گویی لەدەنگی نا، بڤە، برسیمە.....تاد دەبیت، بەلام ئەوەی کە فێری دەبێت و بەشداری دەکات لە پەروەردەی، ئەو شتانەن کە بە وێنە هەمو رۆژیک دەیان بینێت و لاساییان دەکاتەوە، بەهەمان شێوە پەرەسەندنی مرۆڤیش بە لاسایی کردنەوەی ئەو شتانە بوە کە مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەیدا بینیویەتی، لەدەرور و بەریا، کەسێکیش کاتێک تابلۆیەک دەبینیت ئەگەریش لێی تێ نەگات ئەوا چەسپ دەبیت لە سایکۆلۆژیدا.
لە پێشانگاکەیدا لە لوبنان، لالە عەبدە ئاوا لەسەر کارەکانی دەدوێ:
کارەکانم گوزارشت لە جوانی کورداستان دەکات، دەمامکەکان باسی ئەو جەنگانە دەکەن کە رویان داوە لە کوردستان، کارەکانی ترم لەسەر ماسی و باڵندەو ئافرەتە.
ئەگەر هونەرمەندێک ئاوا لەسەر کارەکەی بدوێت، ئێمەش دەتوانین پێی بڵیین ئەرێ لالۆ کیلۆی ماسی و ئافرەت بەچەندن ؟
هونەرمەند دو ڕیگەی سەرەکی لەبەردەمدایە: یان ئەوەتا ئەو شتانەی ڕودەدەن و دەیبیێت لە کۆماڵگادا پیشانمان دەداتەوە بە زمانێکی هونەری، یان لە دەرئەنجامی ڕودوەکاندا ئاسۆیەک بەدی دەکات و توڕمان دەداتە داهاتوەوە، هەتاوەکو لەم جەنگەڵەدا ڕێ پیشادەرمان بێت، بۆ ئەمەش دەبێت ئەو کەسە بەلایەنی کەمەوە شارەزایەکی هەبێت لەسەر بزوتنەوە سەرەکیەکانی مێژوی هونەر، بەبێ ئەمە مەحاڵە زمانی هونەر فێرببین. بەڵام وادیارە لە هونەرەجوانەکان فێری ئەوە دەبن چۆن داربەڕویەک ڕسم بکەن، باشتر وایە فێریان بکەن بۆچی داربەڕویەک، کە هۆکارمان زانی ئەوسا دەتووانین هەموونیگارێک بکێشین.
یەکێک لەو کۆلەکانەی کە ئەوروپای کرد بەم ئەوروپایەی ئەمڕۆ گەیاندوە هونەرە، فۆتۆگرافی، ڕەسم، مۆسیقا، سینەما، شانۆ، دیزاین، ئارشیتاکتور، دانس و سەما.....تاد، لە هەموو سەردەمێکدا ئەبێت ڕەنگادەنەوەی شارستانیەکەی لە هونەردا خۆی بیبینێتەوە دەنا نەزۆک دەبت و ناتوانێت بەردەوام بێت، ئەگەریش ئەو هونەرە ئەوە نەبێت، کە چاوەڕوانی دەکەین، بەڵام هەتا مرۆڤبوونی هەبێتم هیواش بەتەنیشتیەوەیە، ئەمیش مانای تێروانینێکی نوێ، ئەوەش هونەرە کە پیشانمان دەدات. پێشکەوتنی وڵاتێک بەسراوەتەوە بە پیشکەوتنی لە بواری هونەردا. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا گرنگی بەو بوارە نادرێت وادەزانریت ئەمە تەنها دیکۆرو کار بەسەربردنە. هیچ قەومێک بەبێ هونەر داهاتویەکی پرشنگداری نابێت ئەگەریش خاوەنی گەورەترین سامانی سروشتی بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست