با ئیتر دوعای خێر بۆ نەخۆشەکانمان بکەین....

Wednesday, 12/09/2012, 12:00

1624 بینراوە




 

لە سایەی سەری بازرگانی بێویژدان و ڕاگەیاندنی لە هەموو شت خۆ هەڵقورتێنەری لە هیچ شت نەزانەوە خەریکە ناچار ئەبین کە بچینە سەر ڕێگەکەی کابراو بە دوعا هەوڵی چارەسەری مایەسیری بدەین و ڕەشکەو هەنگوین بۆ فتق بنوسین ,,, خەریکە وامان لێیەت کە نەوێرین هیچ دەرمانێک بۆ هیچ نەخۆشێک بنوسین , ئاخرئەگەر یەکێک لە زیانە لابەلاکانی ئەو دەرمانە دەرکەوت چی ڕودەدات ؟؟؟
یەکسەر (NRT) ڕاپۆرتێکی زۆر عەشایەرانەی لەسەر ئەکات , پێش هەموو شتێک دکتۆرەکە دەکات بە پیاوکوژ, کارمەندەکەش تاوانبار دەکات بەوەی کە ئەویش هاوکار بوە لە جەریمەی قەتڵەکەدا ,,
بە ڕاپۆرتێکی دوو دەقەیی دکتۆرت بۆ ئەکات بە پەند و هەموو خزمەت و شەونوخونی و هیلاکیەکەت گڕ پێوە ئەنێت هەر وەک ئەو شەوەی گڕیاننا بە خۆیەوە !
هەر لە دوو دەقەیەدا خزمەتی چەند ساڵەی "کلافۆڕان و سیفتریاکزونت" بۆ زەڕبی سفر دەکات و وای دەگەیەنێت بە خەڵک کە ئەم دوو ناشەریفە دەرمانی مشکن و ئەم دکتۆرە پیاوکوژە ویستویەتی ئەم هاوڵاتیە لەناوبەرێت ,, ئیتر خۆ خوا هەڵناگرێت هیچ ڕاگەیاندنێک کات و تاقەتی ئەوەی نیە شتێک لەسەر ئەم دەرمانە بخوێنێتەوە یان هیچ نەبێت پرس بە شارەزایەک بکات و تێبگەن کە هەموو دەرمانێک ئەگونجێت زیانی لاوەکی و نەخوازراوی هەبێت ,,
دوای ئەوە هەرچی بینەری ئازیزە بە جەنابی دکتۆر و هەرچی دکتۆری کوردستاندا هەیە یەنە خوارەو و .. ئەه.. تەنانەت ئەو نەخۆشەش کەکاتژمێر چواری بەیانی ئازاری وورگ لەخەوی ڕادەپەڕێنێت و بە پەلە دەگاتە لات و بەو بەریبەیانە لەبەردەمتا و بە جلەکانتا دەڕشێتەوە , دوای ئەوەی چارەسەری بۆ دەکەیت و دەڕواتە ماڵ , بۆ عەسرەکەی لە بەرنامە ڕاستەوخۆکەی کەناڵە ئازیزەکەدا سێ بەسێ تەڵاق دەخوات کە لەم وڵاتەدا دکتۆرهەر نیەو هیچ نەخۆشێک چارەناکەن !!
پاشان ڕەنگە شکاتت لێبکەن , دەچیتە دادگاو لەوێ بۆ جەنابی حاکمی دەسەلمێنیت کە بەپێی زانست ئەم دەرمانە خوا بڕیوە جار جار ئەم ئیشە قۆڕانەش ئەکات ! کە دادگاش بێتاوانیتی سەلماند ڕەنگە بەشێوەی عەشایەری ڕوبەڕوت ببنەوە ! ئەم بەزمەیان خۆشە!!!

جا وەرە ئیتر خۆت توشی ئەم بەزمە بکە ,, ناچار ئەبێت شێوازی چارەسەرمان بگۆڕین, ئەگەر زانیمان نەخۆشەکە توشی هەوکردنبوە ... کۆڵێک دوعای خێری بۆ ئەکەین و ئەبیت هەوڵ بدەین بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەگەڵ بەکتریاکان بکەوینە گفتوگۆ و تکاو ڕجایان لێبکەین و بە قسەی خۆش پێیان بڵیین پیاوی چاکبن لە کەلی شەیتان وەرنە خوارەوەو لە لەشی ئەو بەندەی خوایە وەرنە دەرەوە با ئێمەش توشی بەزمێک نەبین ! چونکە هەندێک مرۆڤ حەساسیەتی بە هەندێک دەرمان هەیەو هەموو ڕاگەیاندنێکیش حەساسیەتی بە هەموو دکتۆرێک هەیە !
ئەگەر نەخۆشەکە ئازاری هەبوو بیشێلین و ئەگەر ئاوساوی هەبوو جەوەنەی گەرمی بۆ بنوسین و ئەگەر برینداری هەبوو بنێشتەتاڵی بۆ دابنێین,, هەرچەندە دڵنیام ئەگەر واش بکەین هەر دەکەوینە بەر هێرش و پێمان دەڵێن دکتۆرەکانی ئەم ووڵاتە هەر دکتۆر نین چونکە دوعاکانیان گیرا نابێت , وە شەڕی خراپی جەوەنەو بنێشتەتاڵەکەش هەر بە دکتۆر دەگێڕن وەک ئەوەی ئێمە دروستمانکردبێت هەر وەک ئەو شەڕەی بۆ خراپی دەرمانەکان بە ئێمەی دەگێڕن !!!
ڕۆژگارێک تێکەوتوین هەرچی ئەکەیت هەر وەیە ! دەرزی ئەنوسیت هەر وەی و ناینوسیت هەر وەی , جەوەنە ئەنوسیت هەروەی و ناینوسیت هەر وەیە ,نەشتەرگەری ئەکەیت هەر وەی و نایکەیت هەر وەیە ! دارێکمان بەدەستەوەیە هەردوو سەری (NRT) یە......


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە