توركیا دوای ڕیفراندۆم
Friday, 17/09/2010, 12:00
زۆرجار لە توركیادا باس لە بن بەست بوونی سیاسەت دەكرا ئەوا ئۆباڵى ئەمانەش دەخرایە پاڵ سوپاو ژەنەڕاڵەكانەوە، ئەمە بۆ خۆی ڕاستی یەكە كە نكۆڵى لێ ناكرێ، چونكە سوپا كەلەپچەی خستبووە دەستی هەموو پارتو ئۆپۆزسیۆنەكانی نێو توركیاوە، بەڵام ئەوەی كە ئەمڕۆ باس لە ڕیفراندۆمو گۆڕانكاریو چاكسازی نێو توركیا دەكات ئۆردوگانو پارتەكەیەتی. بەڵام چ ریفراندۆم و گۆرانكارییەك، ئایا بۆ بەرژەوەندى گەلان، برایەتى و پێكەوە ژیان، هەبوونى ناسنامەو گەل و ئەتنیكى تر یاخود بەرژەوەندى تەسكى خۆى و پارتەكەى؟ ئەوەش دەركەوت كە ئەم ڕیفراندۆمەش تەنیا بۆ هێشتنەوەو درێژەپێدانی دەسەڵاتی ئەردۆگانەو هیچی تر یاخود پەردەپۆشی هەمان ئەو سیاسەتەیە گەر بە شێوەیەكی تر بڵێین شێوازێكی باریكە لە پەسەندكردنی هەمان سیاسەتی سوپادا، نموونەی بەرچاو گەر كودەتا دەستێوەردانی سەربازی بێ، ئەوا ئەمڕۆ پەرلەمان كە زۆرینەیان ئەندامی پارتەكەی ئەردۆگانن خاوەنی هەمان لەشكر كێشی بوون، وەك بۆردومان، گرتنی ئەندامی پارتە كوردی یەكان، بكەری نادیار، ئۆپراسیۆن، سنووری باشور بەزاندنی كوردستان بگرە ژەهرخواركردنی سەرۆكی كوردان واتە (عبدالله ئۆجەلان)، كەواتە لێرەدا دەبێت پرسیار بكەین كام گۆڕانكاری گەورە لە مێژووی توركیادا ڕوویداوە وا هێندە بە شانو باڵیا هەڵدەدەن، ڕیفراندۆمێك دەسەڵاتی عەسكەری كەم كاتەوەو تیایدا هەمان پارتی دەسەڵاتدار پارتەكەی ئەردۆگان بێ دەبێ جیاوازیان چی بێت، ڕاستە گۆڕانكاری كردن یاخود هەمواركردنی دەستور لە ئێسادا هەنگاوێكی گرنگە بۆ توركیای ئەمڕۆ كە خاوەن دەستورێكی كۆنەو لەگەڵ هەزارەی ئێستادا كاری پێ ناكرێتو ناگونجێت نەدەبوو تەنیا (26 خاڵ) لەخۆ بگرێت دەبوو بە كۆی گشتی ئەو دەستورە تەعدیلاتی تیا بكرایە بە تایبەتی بۆ گەلێكی (30 ملیۆن)ی وەك كورد كە تورك پەراوێزی خستووە چونكە كورد وەك نەتەوە تا ئێستاش لە توركیادا وەك تورك مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن هەروەها لە ڕووی زمانیشەوە زمانی كوردی لە دەستووری توركیادا ڕەشنووسی بۆ نەكراوە وە بە ڕەسمی نەناسراوە، چونكە توركیا ئەمانە هەر كێشەی ئالۆزو سەختی ئەو وڵاتەنو تا ئێستاش ڕێگە چارەسەرییەكی گونجاوی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
لە هەموار كردنی دەستووری ئێستای توركیادا مافی ئافرەت، سیستەمی دادوەری، سیستەمی دادگایی دەستووری، ئەمانەو هەندێ شتی تر خراونەتە ڕوو كە هێندە ئەوانە بەقەدەر كێشە ڕەواكەی نەتەوەی كورد گرنگ نین ئەگەر گرنگیش بن تەنیا لە ڕووی كۆمەڵایەتی یەوە سوودی خۆی دەبێت، ئەگەر چی ئەم هەمواركردنی دەستوورە دەسەڵاتی سوپا كەم دەكاتەوە تاوەكو كودەتاچییەكان یاخود ژەنەڕاڵەكان بە سەرۆكی پەرلەمانیشەوە دادگایی بكەن لە ئاییندەداو وە بەزەیی نەیانگرێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەوڵەتی توركیا هەرە كێشە گەورەكەی نێو خۆی ئەگەر ئەوانەش بن كێشەی ئایینو ئایننزاكانی ترو نەتەوەیەكی وەك كوردی هەیە، كە نكۆڵی لە ناسنامەیان دەكات، كەواتە ئەردۆگان لە دوای ڕیفراندۆمەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ گەلێكی (30 ملیۆن)ی دەكات كە بیەوێو نەیەوێ بۆ خۆی خاوەن پرسێكی جودایەو خاوەن جوگرافیایەكی خۆیەتی ئەوە پێویستە حكومەتی ئێستای توركیا بە هەر شێوەیەك بێت هەنگاوی بۆ بنێت وە خوێندنەوەیەك بۆ سەركەوتنەكانی پارتی ئاشتیو دیموكراتی واتە (بەدەپە) بكات كە سەلماندی پاڵەوانی بایكۆت بوو لە گشت شارە كوردیەكاندا وەك (وان، ئامەد، جوڵەمێرگ، دەرسیم، شەمزینان،.......... هتد) كەوابوو پێویستە ئەردۆگانو پارتەكەی لەمەوبەدوا چاوێك بە سیاسەتەكانیاندا بخشێننەوە، چونكە بە سەركەوتنی ڕیفراندۆمیش ئەردۆگان ئەبێت ئەوە باش بزانێت كە هێشتا ململانێی كوردو پارتەكەی هەروەك خۆیەتیو كرانەوەیەكی تیا بەدی نەهاتووە، سوپای توركیاش كە لە چەندین دەیەی ڕابردوودا باڵادەستترین هێزی توركیا بوو ڕێگەی نەدەدا بە هیچ بەرپرسێك لە پارتەكانی توركیادا هەردەم دژ بە سیستەمی عیلمانیەتی توركیا بووە هاوكات دژایەتی سەختی گەلی باكوورو دۆزە ڕەواكەشی كردووە كەواتە دادگایی كردنی ژەنەڕاڵەكانی سوپا لە دوای ڕیفراندۆمەوە تا دەگاتە (كەنعان ئیفرین) كە سەرۆكی كودەتای ئەوكات بوو كە دەتوانن ڕایكێشنە نێو دادگاو دۆزی بۆ بكەنەوە ئایا ئەردۆگان بەوە چی دەڵێت كە (ئیلیكەرباشبوخ) سەرۆكی هێزی سوپا بووە لە حكومڕانی ئەودا وە چەندین تاوانی دژە مرۆڤایەتی كردوە تەنانەت باس لەوەش دەكرێ كە چەكی كیمیاویان دژ بە گەریلاكانی پارتی كرێكاران بەكارهێنابێ، ئایا ئەو دادگاییەش ئەو پیاوە تاوانبارە دەگرێتەوە كە دوژمنی هەرە سەخسەختی تەڤگەری ئازادی خوازی گەلی كورد بووە، یاخود وە دیوێكی نەدیو سەیری دەكەن. هەرچۆن گەلی كوردیان لە دەستوردا پەراوێز خستووەو تا ئێستاش وەك نەدیو سەیری دەكەن.
بەراى چاودێرە كاسەلێسەكانى لاى خۆشمانەوە كە پەردەپۆشى هەندێ شت دەكەن ئەوەشمان لەبیر نەچێ ئەو پارتەى كە كلكى پارتى دیموكراتى لاى خۆمانە لەم راپرسیەدا بەڵێى كرد بۆ ریفراندۆم و شارە كوردییەكان دەگەڕان و دژ بە بەدەپە لێدوانیان دەدا.
لەم چەند رۆژەدا لە تەلەفزیۆنى سپێدە كە زمانحاڵى یەكگرتووى ئیسلامییە لە بەرنامەیەكى تایبەتدا زۆر بە راشكاوانە دەیانگوت و ئەو كەسانەى بە تەلەفۆنیش بەشداریان دەكرد دەیانگوت بیرۆزبایى لە ئەردۆگان دەكەین بۆ ئەم سەركەوتنە تاكو ئێستاش دەسەلاتى كوردى و خودى كاسە لێسە بەناو سیاسەتمەدارەكانیش وا دەزانن ئەردۆگان و سوپا دووشتى لێك جیاوازن. بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێ ئەو دەنگەى كە بەدەپە هێناوێتى لەم ریفراندۆمەدا گەر بەربەستى بەردەم ئەنجومەنى نوێنەران هەڵبگیرێت ئەوا ژمارەى پەرلەمانتارەكانى لە 21 ئەندام پەرلەمانەوە دەچێتەوە 57 ئەندام پەرلەمان كە بەم ریفراندۆم و دەنگى جەماوەرە سەلماندى.
كەواتە ئەم حەوت جار ئاگربەستەى پەكەكە لەم مانگى رەمەزانەدا ئەركێكى ئەخلاقى بوو ئەوا بەرەو تەواوبوون دەچێت كوا بزانین ئەردۆگان و پارتەكەى و كاسەلێسەكانى لاى خۆمان چى بۆ كورد دەكەن و وەلامى پەكەكەو گەلى كورد چۆن دەدەنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست