فەلسەفەی شەق شەقێن
Friday, 11/12/2020, 8:16
ھەر کاتێک سەراپای ھەرێم و سەرۆک و سەرکردەی حیزب، خاڵی بوون لە گوتاری سیاسی و فەلسەی سیاسی، بژاردە و بەناو ڕۆشنبیرانی، خاڵی بوون لە دیسکورسی عەقڵانی و دیبەیتی فکریی؛ ئیتر ( شەق )، وەک میتۆدێک وەک ئەنجامگیرییەکی سیاسی و ھۆشیاریی لە سزایەکی کۆمەڵایەتی و تاوانکارییەوە، خۆی ئەخزێنێتە ناو بارەگای حیزبی سیاسی و سەرۆکی سیاسی، و ئەم ڕۆژەی لێ ئەسازێت، کە سازراوە.
شەق، ئەو سزا فیزیایی و بەدەنییەیەکە لە خاڵی دەستپێکی پێ و پێڵاودا بە ئاستی پشت و سمتدا ئەوەشێنرێت، لە قاچەوە بۆ قنگ، لە لاقەوە بۆ لنگ، لە سمەوە بۆ سمت، لە کەوشەوە بۆ کۆڵ، ئەبزوێنرێت و ئەوەشێنرێت و تێھەڵئەدرێت.
نزیکەی سەد ساڵە، لە بری مەنتەلیتایتی گوتار و کردار، کوالیتایتی شەق و شەقاوە، لە دونیای سیاسەتکردن و حیزبی سیاسییدا ئەخوڵقێنرێت و پەیڕەو ئەکرێت.
ئەوانەی لەم سەد ساڵەی سەرزەمینی کوردەواردا، چ وەک گروپ و ڕێکخراوی سیاسی و چ وەک دەسەڵاتداری سیاسی، ھەر ئەم سەنگ و پێوانەیان ( شەق )- یان، بەکارھێناوە.
ئایا ھەر ئەم مامەڵە زەبروزەنگ و شەڕانگێزییەی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵدایە، گواستراوەتەوە بۆ سات و سەدای نێوان مرۆڤەکان؟، یان تەنھا ئەم کۆمەڵە حیزبەی ئێمە ئەگرێتەوە، کە گومانی زۆری لەسەرە کە سازدراوی نەیارانی کوردەوارن.
ئەمەی ئەمڕۆ و دوێنێ بینمان لە ژیانی سیاسەت و دەسەڵاتداری حیزبە بنەماڵەیی و ڕەشۆکییەکاندا، کە میتۆدی شەقیان وەک ھەڕەشە و سزا بەکار ھێناوە، ئایا ھەمان شەقی گەل و خەڵک نییە بەرامبەر خودی خۆیان؟ ھەمان کار و کاردانەوە نییە لە نێوان حیزب و خەڵکدا؟
شەقی دەسەڵات بۆ بێدەنگکردن و ترساندن و سزادانی خەڵک بەکار دێت، بەڵام شەقی خەڵک بۆ ڕیسوا کردن و ڕوخاندنی دەسەڵات بەکار دێت.
ئەو شەقەی دەسەڵات بۆ میللەت، زرمەیەک و ڕەنگێکی نادادپەروەری و دیکتاتۆری دەسەڵاتە، بەڵام شەقی میللەت بۆ دەسەڵات، ڕیسوایی و شکۆ شکاندنی دەسەلاتە،. کەواتە لە ھەردوو حاڵەتدا، ھەر دەسەڵات بێ بەھا و بێ مۆراڵ و تاوانبار ئەبێت، نەک میللەت.
لەم ھەرێمەدا ئەو کەسانەی بە دەست میللەتەوە شەق ئەخۆن و شەرواڵیان ئەخرێتە خوار پایان، بە شیرینیی تامی دیداری سەرۆک خەنی ئەبن، واتە تا شەق نەخۆی، شەوقی دیداری سەرۆک نابینیت.
ھەر جارێک سەرۆک شەقی دەرەکی ئەخوات، حەزی بە دیداری شەق تێھەڵدراوی ناوخۆییە.
ئیتر لە جیھانی حز و حاکمی بە پەن بووندا، لە دیداری شەقخواردووی ھەندەرانی و شەقتێھەڵدراوی ھوندوریدا، ھەر ئەو پەندی لێ ھەڵئەتۆقێت؛ نە تەعدا ئەکەین و نە تەعداش قبوڵ ئەکەین، کە دەرھاوێشتەکەی ئەبێت بەوەی کە ھەم شەق ئەخۆین، ھەم شەق ئەوەشێنین.
ئاخر ئەمە کەی جیھانی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتداریی کوردییەتە، یان ئەمە جەستەیەکی نامۆیە و نەیارانە لە ناومدا چاندوویانە؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست