با لە پایتەختی نەکەویت
Saturday, 03/02/2018, 22:49
ئەوە بۆ دوو هەفتە ئەچێت، بە فەرمی دووەم دەوڵەتی بەهێزی ناتۆ، لەگەڵ هەزاران چەکداری کرێگرتە و ئیسلامیی دەمارگیر و کۆنە قاعیدە و داعش، و لە هەمووی ئابڕوبەرتر ( ئەنەکەسە کەی هەڤاڵان) بە هەموو چەکێکی سوک و سەنگین، بە هەموو ئامرازێکی جەنگێکی جیهانی کە لە نێوان دوو دەوڵەتدا بە کاربێت، بەکار دێت؛ پەلاماری کانتۆنێکی باکوری سوریا ئەدەن. بەڵام نەیانتوانیوە سێ کیلۆمەتریش پێشڕەوی بکەن!.
کانتۆنی عەفرین سێیەم کانتۆنە کە هێزی سوریای دیموکراسی، بەڕێوەی ئەبات. پەیکەرەی ئەم هێزە، بە زۆری بریتیە لە کورد و عەرب و ئاشوری و کلدانی، پاشان بە ئاستێکی بەرچاو، ئەرمەنی و تورکمان و شەرکەسی و شیشانیشی تێدایە، وە ئامانجیان، دامەزراندنی سوریایەکی دیموکراسی و سیکولار و فیدراڵە.
ئەردۆگانێک کە نەخۆشی گەڕانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەربەلکی توشبووە، تاکە شتێک کە خەوی لێ زەوتکردووە، کوردە، ئیتر لە هەر کوێیەک بن، گرنگ ئەوەیە بە ناوی تۆمەتبارکردنی کورد بە تیرۆریست، ڕەوایەتی بە خۆی ئەدات پەلەماری هەر شوێنێک بدات.
کورد، تاکە فۆبیای ئەردۆگان و تورکە، چ جا بەوەی کە هێزیکی فرە ئەتنیکی دمەزراندبێت و کوردانی موتربەکراوی ئایدیاکانی ئاپۆ سەرپەرشتی بکات. لەمەدا لەوانەیە پەکەکەی زۆر بە ئاسانی پێ هەرس بکرێت، لە چاو ئەم هێزە مۆدێرنە و تۆکمەیە، کە سنووری مەنتیلیتایتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی تێپەڕاندووە. لە کاتێکدا ئەمریکا و ئەوروپا و دنیای سیکولار و یەکێتی کریستیانی جیهان، بە شێوازی جیاواز یان پشتگیرییان کردوە و یان لە کاتی خۆیدا ئەیکەن... .
ئەم عەقڵییەتە تازە ، ئەم میتۆدی کارکردنە، ئەم تێپەڕاندنی سنوورە دروستکراوەی بیرکردنەوەی دنیای عەرەب و ئیسلام و خۆرهەڵاتی ناوین، مێشکی تۆرانییەکان و ئەردۆگان و هاوبیرەکانی تێکداوە. ئەوەی ئەوان بۆ ماوەی 600 ساڵ خەڵکیان کردە کۆیلەی خۆیان و بە ناوی ئایینەوە، تورکییەتی خۆیان بە دزی و فزی، پێ دروستکرد. تا ئێستاش خەو بە گەڕانەوەی دەوڵەتی عوسمانی ئەبینن،،. ئەمان هەڵیان وەشاندوە و وەک تاکە هێزێک بەڕەی لە ژێر پێی ئەردۆگان و خەیاڵە پوچەکانی دەرهینا. یەپەگە و هەسەدە ، چ لە تیئوریدا و چ لە پراکتیکدا، سەلماندیان کە چەند مەترسین بۆ سوڵتان، ئەگینا ئەنقەرە تۆ لە کوێ و عەفرین تۆ لەکوێ؟.
لەم کاتەدا لە ناو ماڵی کورددا. بەم دوو ئایدیا و دید و عەقڵییەتە جیاوازەوە، جەنگێکی نایەکسانی دروست بووە،، ئایا ئەبێت هەولێر چی بکات؟.
ئایا ئەوەیە پەرلەمانتارێکی تورکمان لە ڕوداو، بە ئاشکرا بڵی من وەک هەولێرییەک پشتگیری هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەرفرین ئەکەم؟. ئایا ئەمە دەنگی ڕەسەنی هەولێرە؟ یا ئەوەی کە بە قەد هەڵەبجەیەکی دوورە دەست نەتوانن بڕژێنە سەر جادە؟. یا ئەوەتا هەولێر خەڵکە پاک و کوردپەرەوەرەکەی چی دی خاوەنی ئەو شارە نییە، و پارتی و سیاسەتە پرۆ تورکیایەکەی خاوەنی ئەو شارەیە ، یا ئەبێت وەک ئەوەی کە بووە بە پایتەختی یەکەمین حکومەتی هەرێم لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان ئەبێت، بە ئەرکی مرۆیی و کوردانەی خۆی هەستێت..
تۆ بڵێی بە قەد ئامستردامی لێنەیەت ، کە گەورەترین خۆپیشاندن و ڕیپێوانی تێدا کرا، کە بە پێی ڕاپۆرتی هۆڵەندییەکان خۆیان لە ماوەی پەنجا ساڵدا، گەورەترین خۆپیشاندان لەم شارادە بەڕێوەچووە کە بۆ پشتگیری عەفرین کراوە، وە قەد چاوەڕێی ئەو ژمارە زۆرە نەبوون.
ئەمە جگە لەو هەموو پایتەخت و شارانەی ئەوروپا، لە ئەمریکای لایتینیش ئەو بزاڤە جەماوەرییە بۆ عەرفرین سازکرا.
باشە لە پایتەختی بێگانەیەک کە کوردەکان تیایدا پەنابەر و کرێکارن، ئەوا بکرێت، ئەی خێرە لە هەوڵیر ناکریت؟. ئەی بۆ لە سلێمانی کرا؟. ئاخر پایتەخت بوون، ئەرک و مافی خۆی هەیە، تەنیا تەلار بەرزکردنەوە نییە، و لە تەڕ بخۆیت و لە وشک بنویت. ئەوەی لە ناوچەکە ڕوو ئەدات، هەر وا ڕاگوزەر نابێت، هەر ئەوەنە نازانرێت، شەڕەکە کەوتوەتە بەر ماڵی هەر یەکێکمان. باسی ئەم کڵاوە دڕاوەی کە با، با نەیبات، گوزەشت. لە سەردەمی نوێدا، لە سیستەمی دەسەڵاتداریی کورددا، پایتەخت ئەرکی کوردانە و سیاسی و ئابوری و مرۆڤانەی خۆی لە ئەستۆدایە، هەر وەک هەموو پایتەختێکی جیهان.
بۆ گێرۆدەبوونی کەرکوک، هیچ نەکرا و نەوترا، بەڵام ئەگەر بۆ عەفرین و ئەو سیاسیە پرۆ تۆرکیا و پرۆ نەوتە چەپەڵەی کە کلیل بەدەستانی هەوڵیر بەڕێوەی ئەبەن. هێج نەکرێت و نەوترێت و هەولێر نەگەڕێننەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکەی خۆی، تورک و ئۆردگان، گورگانخواردی ئەکەن.
ئەردۆگان ئەڵێت: دوای عەفرین، سەرەی شەنگاڵە!. ئیتر بۆ مەخمور و هەولێریش بیانوی خۆی هەیە. ئاخر پێش ئەوەی پەلاماری عەفرین بدات، بە هاوبەشە کوردەکانی، کەرکوکی خستەوە باوەشی بەغدا و هەولێریشی کپکرد، هەر بۆێە وا بێ ترس لە ڕۆژئاوا و پاشان باشوور، هێرشی دەست پێکردووە.
دوا پیشبینیم ؛ ئەگەر عەفرین بکەوێت، یانی هەوڵیریش خۆتان خۆش.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست