کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تێڕوانینێك بۆ ئازادى و دادپەروەرى .

Saturday, 25/07/2009, 12:00


عبدالرحمن رسول *....مێژووى كۆمەڵگا تاڕادەیەكى زۆر مێژووى بەر بەرەكانى یە,بۆ جێگیر كردنى ئازادى و دادپەروەرى مرۆڤەكان.ئەم ڕێچكەیە لە تێۆشان و  بەرخودانە ئامانجیان ئەوەیە كە مرۆڤەكان بە ئاشتى ودوورلە جەنگ و كوشتن و...و...هیتد بە ئاسوودەیى بە پشت بەستن بە فەلسەفەیەكى  ئینسانى كە پڕ بێت لە خۆشەویستى و تەبابوون,بۆ ئەوەى بەپشت بەستن بە هەماهەنگى مرۆڤەكان بۆ بەختیار كردنى مرۆڤەكان هەنگاو بنێن و لە هیچ بەرگێكى تردا جگە لە بەرگى مرۆڤ بووندا نەبێت نە ژین.هابرماس باوەرى وایە كە دروستە شارستانییە بە واتایى گەشە سەندن و بەرەو پێشەوەیە جیهان بەڵام وەك پێویست ئەوەیە كە بەردەوام لە گەڵ حەق و دادپەروەرى دا بیت.بۆیە پێویستە لە هەرقۆناغێك  كە مرۆڤەكان تێیدا دەژین,بە وردى تەماشاى چۆنیەتى پەراوەى دەسەڵات بكەن لاى فەرمانڕەوا,گرینگە لە میكانیزمى ڕاڤەى پنتە  جیاوازەكانى دەسەڵات بكۆڵینەوە,بەشێوەیكى گشتى تواناى بەرهەمهێنانى سیستەمى پێكەوە ژیانى هەیە یاخود بە پێچەوانەوە پێكەوە ژیان و تەبابوون و ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى یەكانى ترى مرۆڤ و چەسپاندنى دادپەروەرى كۆمەڵایەتى ڕەد دەكاتەوە .لە ڕاستى دا تێگەیشتن لەم ڕەهەندە لە سیستەمى دەسەڵات پێویستى بە گەشەى ڕەوتى هۆشیارى و ڕۆشەنگەرى هەیە,لەگەڵ شان بشانى دروست بوونى ئیرادەى گۆرانكارىیەكى گشتگیر كە لەلایەن هەرتاكە كەسێكەوە بخوڵقێت .ئەفلاتۆن دەڵێت (لە ووڵاتێك كە تێیدا كەسانى دەكەن بە كۆیلە,ئەو ووڵاتە لە چارەسەر كردنى كێشەكانى دا تووشى دۆشداماویى دەبێت بەڵام ووڵاتێك باشە كە تێیدا مرۆڤە باشەكان دەسەڵاتدارى دەكەن) بێگومان فەرمانڕەوایى كردنى ووڵات لەلایەن مرۆڤە باشەكان لە كاتێكدا دەبێت كە لە كۆمەڵگەدا گەشە بە ڕەوتى مەعریفى و عەقڵى مرۆڤ و,ڕۆڵى  ئازادى لە گەشەپێدانى فەلسەفەى مرۆڤ پەروەرى بدرێت.سەرەتا دەبێت جەخت لە سەر ئەو خاڵە بكەین كە ئازادى خۆى لە خۆى دا وەك ئامانج گرینگە لە دەرەوەى ئەو ئامانجانەى دیكە كە خزمەتیان دەكات,واتە لە دەرەوەى هەلومەرج و مەبەست و نیازە فیكرى و سیاسى و
كولتورییەكان دەشێ وەك ئامانجێك لێى بڕوانین و كۆششى بۆ بكەین .ئامارتیاسن دەڵێت (پەرەپێدانى ئازادى یەكان,گەورەترین و لە هەمان كاتدا باشترین ئامرازە بۆ كامڵبوونى مرۆڤەكان پێویستە,كۆتایى بە شێوازە جۆراوجۆرەكانى دیلى و سنووردار كرندابێت.كامڵبوون ,تەنیاو تەنیا لە ڕێگەى زاڵبوون بەسەر كۆت و بەند و سنووردار كردندا دێتەدى.پەرەپێدانى ئازادى هەم ئامانجە و هەم ئامراز.) بەڕاى ئامارتیاسن:
كامڵبوون,خوازیارى لە ناو بردنى ئەو ئامراز و هۆكارانەى دیل بوون و هەموو ئەو هۆكارانەیە كە لە دژى ئازادى بن.وەك:هەژارى,نەدارى , نایەكسانى و نابەرابەرى كۆمەڵایەتى و چەوسانەوە,بەربەستە ئابوورى یەكان,كەمى رێكخراوە مەدەنى و ڕۆشنبیرى یەكان ,نەبوونى زانیارى  راى گشتى,نەبوونى خۆراگرى و هەروەها زاڵبوونى كۆنەپارێزى و تاریكستانى سیاسى .هۆبز دەڵێت (ئازادى چیترنى یە جگە لە نەبوونى
هەر شتێك كە ڕیگا لە جوڵە بگرێت لە بەرئەوەى,ئەو ئاوەى كە لە ناو دەفرێكدا بەند و قەتیسە,ئاوێكى ئازادنى یە,دەفرەكە ڕێگاى ڕۆشتنى لێدەگریت ,بە پێچەوانەى ئەمەوە ئەو كاتە ئاوەكە ئازاد دەبێت كە دەفرەكە تێك دەشكێت.) لە ڕاستى دا نكۆڵى كردن لە ئازادى تاكێك, نكۆڵى كردنە لە شوناسى مرۆیى و ماف و ئەركە مرۆییەكانیشى .بۆ كەسێك كەنكۆڵى لە هەموو شتێك دەكات هیچ قەرەبوویەكى شیاو لە ئارادانى یە.نكۆڵیەكى ئەو تۆ لە گەڵ ماهییەتى مرۆڤ دا ناسازگارە ,چونكە لە ناوبردنى هەموو ئازادییەك لەویستى دا,لە ناوبردنى هەموو جۆرە ئەخلاقێكە لە كردەوەكانیدا.هابرماس دەڵێت (قسەمەیلى بەرەو ئازادى هەیە) و دواجار وتەمەیلى بەرەو ئازادى هەیە,قسەى خەوشدار ڕەنگە و تەنانەت ئێستا باڵادەستە,بەڵام كاتێ قسەو لۆژیك و پەیڤ لە بەندى دەسەڵات و سەرمایە ڕزگار بكەین ئەو كات هەلى قسەى ئازاد دێتە گۆڕێ.

ئازادى :
بەپێى زانستە فەلسەفى یەكان دیموكراسى پارێزەرى ئازادى یە سەرەتاییەكانە.ناكرێ و وتوێژى ئازاد وەك میتۆدێك بۆ دەربڕین و چارەسەر  كردنى كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەبێ هەبوونى ئەو ئازادییانە بە دیبێت كەلە یاساى مافە مەدەنى و ڕۆشنبیرى و سیاسى یەكاندا ڕەچاو دەكرێت.ئەم مافانە بیتین لە :تاكە كەس و ئازادى سەفەر و كۆچ كردن,ئازادى بیرو ڕاو بیركردنەوە,ئازادى سیاسى و ڕێكخراو و حیزبى بوون, چالاكى فەرهەنگى و ڕۆشنبیرى ,ئازادى داواكردن و لێپرسینەوە و دروستكردنى فشار و داكۆكیكردن و خۆپیشاندان و ڕێپێوان و مانگرتن , ئازادى دروستكردنى گروپى فەرهەنگى و رۆشنبیرى و سیاسى و ئابوورى و....و...هیتد چونكە هەبوونى ئەوانە بۆ پاراستن و مانەوەى  دیموكراسى زۆر پێویستە.بە كورتى ئازادى بە پلەى یەكەم و پێش هەرشتێكى تر,نەبوونى ڕێگرو بەربەستە.یاساى ئازادى لە سەر بنەماى  پارێزگاریى دامەزراوە,لە كاتێكدا كە كۆمەڵ بەردەوام دەگۆڕێت.ئەگەر ئامانجى هەرە بەرزى ئازادى بریتیبێت لە ئیمكانى گەیشتن بەژیانێكى  نەوعى و یەكسان بۆ هەمووان,ئەوە ئەركى بنەمایى كۆمەڵگا دەبێتە ئەوەى كە ئەو جۆرو شێوەى ژیانە بۆ ئەندامەكانى دەستە بەربكا.واتە  دەسەڵات لە ڕێگەى دامەزراوەكانى یەوە ئەو شێوەى ژیانە پەرەپێبدات كە زۆرترین ئازادى بداتە هاو وڵاتیان و لێرەشەوە بە زۆرترین شێوە  خۆشبەختیان بكات.مۆنتسكۆ دەڵێت (ئەوەى دیكتاتۆریەت دروست دەكات و دەیهێڵێتەوە,ترسە.ئەگەر ئازادى بریتیبێت:لە ڕیگر دروست  نەكردن,ئەوە دەبێت بەپلەى یەكەم ڕێگرى دەروونى ترسى لە ناو بچێت و ڕێگە لە پەرەسەندنى هەر جۆرە ڕێگریەكى تر بگیرێت.لە كۆتایى سەدەى (18)دا ئیمانوێل كانت لە بەرهەمەكانیدا هەوڵیدا بە توێژینەوە كردن لە سەر هزررەكانى سەردەم,گەشەى بە تیۆرى ئەقڵانیەتى 
ڕادیكاڵ,وەك باشترین ئامراز لە پێناسە كردن و وەدیهێنانى ئازادى جیهانیدا بدات.كانت لەو باوەڕەدابوو كە بە جیهانیبوونى ئەقڵانیەت یەكسانە لەگەڵ بە جیهانیبوونى ئازادى دا,كانت لە فكرو فەلسەفەى دا پێكهێنانى فیدراسیۆنێكى جیهانى لە نەتەوەكاندا دێنێتە گۆڕێ, كە ئامانجەكەى گەیشتن بە ئاشتییەكى ئەقڵانییە.بەبۆچوونى هیگڵ ئازادى لە دەوڵەتێكى سەر بەخۆدا وەدیدێت كە نوێنەرى بەهاكان وباوەڕەكانى ئەقڵى هاوڵاتیانى بێت.هیگڵ بە مەبەستى بە هێز كردنى واتاى ئازادى نەتەوەیى هێرش دەكاتە سەر پێشگریمانە بنەماییەكانى كانت ,كە ئاشتى بە دیاردەیەكى لە قەڵەم دەدەن لە و ێوە كە كۆمەڵگەكان تێڕوانینى ئەقڵانى خۆیان بۆ ئازادى دیارى دەكەن و جیا دەكەنەوە. پێویستە هەموو تێ كۆشانەكانى مرۆڤەكان بۆ ئازادى و گەیشتنیان بە یەكسانى و دادى كۆمەڵایەتى بێت.هەر بۆیە لە هەر شوێنێك ئینسانەكان بێ نرخ بن لە باهاكانى مرۆڤ بوون دا بماڵدرێن وخەوشدار بكرێن و مرۆڤ لە پلەى مرۆڤ بوون دا ببڕدرێت,لە ژێر هەر ناونیشانێكدابێت و ڕێگرى لە گەشەى زانستى و ئەقڵى داهێنەرانەى بگیرێت ,....,...هیتد لێرەوە ئازادى یەكانى ئینسان فەرامۆش دەكرێن قۆناغى سەر كوت و چەوسانەوە دەست پێدەكات لەلایەن دەسەڵاتەوە هەر جۆرە دەسەڵاتیك بێت و لە ژیر هەر ناونیشانێكدابێت,قۆناغى بەرخودان و تێ كۆشان بۆ ئازادى و یەكسانى وعەدالەتخوازى پێویست دەكات.

ستەمكارى :
واتە پێشل كردنى مافەكانى ئینسان و بەرتەسككردنەوەى ئازادى یەكان و نوقم كردنى یەكسانى و دادپەروەرى كۆمەڵایەتى لەناو  فەرهەنگى جەهل و خورافە و كۆنەپەرستى و زاڵبوونى بەرژەوەندى خۆپەرستى لە ڕوانگەى ماددى و مەعنەوى بۆ ئەوانەى دەستیان لە  گەشەدانى جیاوازى یەكاندا هەیە لە ڕووى ئابوورى وڕەگەزى وفەرهەنگى و چینایەتى و....و...هیتد هەیە .ستەمكارى بە ماناى بەڕێوە چوونى دەسەڵاتى زەبر و زەنگ و سەركوت و ئیستبداد.وونكردنى هەموو ئازادى یەكان و زیندە بەچاڵ كردنى گشت مافە سەرەتایى یەكانى ئینسان .ستەمكارى بە شێوەیەكى مەدروس دەكەوێتە جێبەجێكردنى دسپلین و كۆنترۆڵ و سزاو چاودێرى كردن,ئا لەم فەزایەدا مرۆڤەكان لە 
فەزیلەتى مرۆڤ بووندا پەكدەخرێن,ئیدى چەمكەكانى هیومانیتارى و مرۆڤ پەروەرى و تولێرانس و دادپەروەرى وەك هەڵمى ئاو بە ئاسماندا  وون دەبن.ئەمەیە ئەو ڕووبەرە ترسناكەى تێدا بێ مافى و بەشدارى نەكردن لە سیاسەتدا ڕێگە خۆش دەكات بۆ دەسەڵاتى ستەمكارى تا  ئارەزووە دژە بەشەرى و نا مرۆڤایەتى یەكانى جێ بەجێ بكات.بە درێژایى مێژوویى مرۆڤایەتى سەلمێندراوە كە كۆمەڵگاى سیاسى ستەمكارانە 
لە سەر بنەماى ترس و زۆرەملێ دامەزراوە.كۆمەڵگاى ئازاد و دیموكراتیك پێویستە بنچینەكەى فەزیلەت بێ و بەدەر لەم حاڵەتە خۆى  دادەڕمێنێ.یەكسانیش ستەمكارى بەرهەم دێنێ.ئەو كۆمەڵگا سیاسییە ى كە بۆ بەرز كردنەوەى ئازادى و هاوسەنگ كردنى یەكسانى باش بێ  كۆمڵگایەكە كە تێیدا دەسەڵاتى یاسا دانان,جێ بەجێ كردن و دادوەرى حكومەت بە جۆرێ لە یەكتر جیا بۆتەوە كە دەتوانین مافى مەدەنى بە پێى نیازى هەموو توێژەكانى كۆمەڵگا دابین بكەن .ئاتین دۆلابۆتى :دەڵێت (خەڵكى كۆنترۆڵى ستەمكاران بە سادەیى دەبنە كەسى ترسنۆك و  باڵادەستى قبوڵ دەكەن.) 
عەدالەت: بریتى یە لە ڕاست بێژى و دانەوەى ماڵى خەڵك.ئەفلاتۆن جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە گەیشتن بە پێناسەى عەدالەت لە  زێڕ بە نرخ ترە و نابێ ساویلكانە و لە ڕووى ناچارییەوە هەر پێناسەیەك پەسەند بكەین,بەڵكو دەبێ بۆ دۆزینەوەى حەقیقەت هەموو هەوڵى  خۆمان بخەینە گەڕ.عادلبوون بۆ مرۆڤەكان كارێكى پێویستە نەك شتێك بێت لە ئیرادەوە بكرێ و لە بیر كردنەوەى ئازادنەوە سەر چاوەى  گرتبێ.بە مرۆڤێك دەگوترێت عەدالەتخواز كە بەرژەوەندى سیاسى وماددى و...و..هیتد خودى زاڵ نەبێت بە سەر بەرژەوەندى یەكانى گشتى دا  ,ئەگەر نابەرابەرى و ناعەدالەتى بینى لە دژى بوەستێت بە هەر چەشنێك كە بۆى دەكرێ.
یەكسانى نێوان ژن و پیاو:
واتە یەكسانى نێوان ژن و پیاو لە دابین كردنى تەواوى مافە ئینسانى یەكاندا بە شێوەیەكى ئازادانە و بەبێ هیچ سانسۆر و فشارێكى دەروونى  و جەستەیى و ...و..هیتد لە نێوایاندا پێویستە.هەر دوو ڕەگەز لە بەرامبەر یاسادا بۆ جێ بە جێ كردنى یەكسان بن.ئارنست پاركەر دەڵێت: (هیچ جیاوازیەك نەما لە ڕووى جۆرەوە لە نێوان ژن و پیاودا,وەزیفەى سێكسى تاكە جیاوازییە لە نێوانیاندا,بەڵام لە هەموو وەزیفەكانى ترى  ژیاندا,ئەوە ژنیش وەكو پیاوێكى لاواز وایە لە ڕووى جەستەییەوە بەڵام هەمان توانا و هێزى پیاوى نى یە.) لیكۆرگۆس گوتویەتى :(ئەگەر  ئافرەت لە هەموو هەستێكى ناسكى و لاوازى دابماڵێت,ئافرەت لە هەمووتایبەتمەندییەكانى مێینەیى دابماڵرێت وەكو هەست كردن بە شەرم  لە ڕووتبوونەوە لە بەردەم پیاوان و هەست كردن بە خۆشەویستنى پیاوێكى دیارى كراو یا هەستى دایكایەتى لە ئاست منداڵەكانیدا و ...تاد, ئەوە هیچ جیاوازییەكى لە گەڵ پیاودا نى یە,تەنیا ئەوە نەبێت كە پیاو منداڵ دروست دەكات و ئافرەتیش بەرهەمى دێنێت.ئەفلاتۆن دەڵێت:
(كەڕێوە بردنى ماڵ,وڵات و شتەكانى تر بەبێ بەڕێوە چوونى عەدالەت بێ ئەگەرە و ژنان و پیاوان بۆ ئەوەى ئولگۆى ژنانى چاك و پیاوانى  چاك بن دەبێ عادل بن و تایبەت مەندییەكانى گەورێتیان تێدا بێت.لە بە دەستهێنانى سەروەت و سەرمایەش دەبێ بە پێى عەدالەت بێت.)
كلۆدلیڤى شتراوس دەڵێت :(سوقرات لەكاتى سەلماندنى یەكسانى نێوان هەر دوو ڕەگەزدا ئەو جیاوازییانەى بەلاوە ناوە كە تایبەتن بە كردەى منداڵبوون.ئەوەش لە هەمان كاتدا ماناى بەلاوەنانى جیاوازییە جەستەییە جەوهەرییەكانى نێوان ڕەگەزى مرۆڤایەتى یە,واتا بە لاوەنانى  جەستە تا ئەو پەڕ بە شێوەیەك چارەسەرى جیاوازى یەكانى نێوان ژن و پیاو دەكات.) ئەنگلس پێى وایە دەبێ وایە دەبێ خێزان پێشبكەوێ بۆ  شێوەیەكى باڵاتر كە چەوسانوەى ئافرەتى تێدا نەمێنێ:بە گوێرەى ئەوەى كە خێزانى تاكە ژنى پێشكەوت هەر لە سەرەتاى سەردەمى  شارەستانییەتەوە,بەتایبەتیش سەردەمى نوێ ,بەوپێیە بەلایەنى كەمەوە دەتوانێ بڵێین لە توانادایە لە ئایندەدا باڵاتربێ تا یەكسانى  بەدى بێت لەنێوان ژن و پیاودا . 
دادپەروەرى:
چەمكى دادپەروەرى وەك هەر چەمكێكى تر پێناسە كردنى كەمێك گرانە,ئەم چەمكە پەیوەندى ووردى بە كۆمەڵێك چەمكى ترەوە هەیە لەوانە ,ماف و ئازادى و یەكسانى ....ڕاستیەكەى لە ڕووى فەلسەفیەوە ئەم چەمكە خاوەنى میراتێكى گەورە و دەوڵەمەندە,بیرمەند و فەیلەسوفێك نا  دۆزینەوە كۆى فەلسەفەكەى بە ناوى ئەم چەمكەدا تێنەپەڕێنێت,دروست دادپەروەرى چەندین ڕەهەندى ئەخلاقى و ئیستاتیكى و مرۆڤ  دۆستانەى هەیە,بەشێك لەم ڕەهەندانە لە ناوفەلەكى سیاسەتدا بۆ وەرگێڕانە راستەقینەكەى دەگەڕێ,بەشێكى تریشى پەیوەندى زیندووى  بەكایەى كۆمەڵایەتیەوە هەیە.بەشێوەیەكى گشتى دەتوانین بڵێین دادپەروەرى لە سەر حسابى ئاواوبونى ستەمكارى كۆتایى دێت.هەروەك  پێچەوانەكەشى ڕاستە هەموو ستەمكارییەك بەرهەمى وێران بوون و پارچەپارچەبوونى پایەكانى دادپەروەرییە,دروست پەیوەندیى نێوان  ئەو دووچەمكە لەم ئاستەدا ڕاناوەستێ,هەندێك كات هەردوو چەمكەكە پێكەوە لە یەك سیستەمدا دەردەكەون,بەڵام یەكێك لەو دوو چەمكە  دەبێتە قوربانى ئەوى تریان.ئەوەمان لە بیر نەچێت دەرئەنجامى هەموو بێدەنگیەك لە بەرامبەر ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى و ئابوورى یاسا  كانى دیكتاتۆرى دروست دەكات و زۆرترین زەبرو زەنگ و ستەمكارى بەرهەم دەهێنێت.دادپەروەرى بریتى یە لە بەرابەرى,ئەرەستۆ ماناى  بەرابەرى لە دوولایەنى ڕەها ڕیژەییەوە لە بەرچاو ئەگرێت .هاوسەنگى نێوان بەرژەوەندى و خواستەكان ژێرخانى بەرابەرى دروست ئەكەن,كە 
لە رێگەى فۆرمە كۆمەڵایەتیەكانەوە دیارى ئەكرێن و ئەم خاڵى هاوسنگى یە,دادپەروەرى پێدەوترێت.لە راستى دا كەسێك كە دادپەروەرانە  ڕەفتار نەكات,لەلایەن هیچ كەسەوە پێى ناوترێت دادپەروەر.لە دیدگاى كارڵ پۆپەرەوە تێگەیشتنى مرۆییانە بۆ دادپەروەرى ئەوەیە كە  یەكسانى لەنێوان مرۆڤەكاندا جێگیر بكرێت,خەسڵەتە (سروشتییەكان) بسڕدرێتەوە و تاكیەت بپارێزێ و لە ئەنجامدا پارێزگاریكردن لە ئازادى هاوشاریان بە ئەركى دەوڵەت و دەسەڵات بزاندرێ.ئەفلاتۆن دەڵێت (ئەو شارەى بۆ تەندروستى لەش باشە بەختەوەرە لە بەر ئەوەى  دادپەروەرە,دادپەروەریشە لە بەر ئەوەى بەختەوەرە,دادپەروەرى لەم شارەدا ساكارە و چیژدارە و لە هەموو ئەو ڕوحانە دەربازبووە كە قوربانیدانى بەجەستە دەدات.).
تێ كۆشان بۆ چەسپاندنى ئازادى و دادى كۆمەڵایەتى :
لە سەردەمى ئەمڕۆى گەشەى زانست و تكنۆلۆجیا و....و...هیتد بە هۆى زیاتر بە كاڵا كردنى مرۆڤەكان و بوونى چەوسانەوە و ئاوارەیى و  هەژاریى و سەركوت و ئیستبداد و زیندان وكوشتن و...و...هیتد لە سەر بیروباوەرى جیاوازوئایینى جیاوازونەتەوەیى جیاوازوحزبى جیاواز..و.
هیتد لە هەناوى یاساكانى كە پیتاڵیزم و دەسەڵاتى ئایینەكاندا بەبێ بەزەییانە ئینسانەكان لووشدەدات ولە بەرامبەریەكترى دا مرۆڤەكان  دەكرێن بە دوژمن وسوكایەتى بەیەكترى دەكەن و بە چەشنى سەدەكانى ناوەڕاست وسەدە تاریكەكانى مێژوو لە سەر بیروباوەڕ وفكرو ئایین و نەتەوە و...و...هیتد ورگى یەكترى هەڵدەدڕن.بە هۆى وڵام نەدانەوەى فەلسەفەى سەرمایەدارى بەكێشە ئابوورى وكێشەكانى دابین نەبوونى  مافەكانى مرۆڤ وكێشە نەتەوەیى وچینایەتى و ئایینى وفەرهەنگى وكەلتورى و...و..هیتد ,و پێداویستى یەكانى خەڵك لە بەشێك لە  وڵاتانى سەرمایەدار وئیمپریالیزم بەشێوەیەكى پراكتیكى تووشى بنبەست وقەیرانى جۆراوجۆرى ئابوورى وسیاسى بووە,كە بە ملیۆنان لە  خەڵكى بێكار كردووە و توشى كێشەى جۆراوجۆرى كردووە .ئەم كێشانەى ئەمرۆ لەجیهان دەگوزەرێت بەتایبەت لەڕوانگەى قەیرانى ئابوورى و سیاسى یەوە نیشانى دەدات كە فەلسەفەى سەرمایەدارى لەڕووى چارەسەرى كێشە ئینسانى یەكانەوە تووشى قەیران وبە چۆك داهاتووە .
ئەمەش وای كردووە كە لەلایەن بەشێك لە ئابووریناسان بگەڕێنێتەوە بۆ ئاوەڕدانەوە و چاوخشاندنەوە بە فەلسەفە جۆراوجۆرەكانى ترلەوانە فەلسەفەى ماركسیزم(كۆمۆنیزم) كەلە ڕوانگەى ئابوورى یەوە چۆن چارەسەرەكان دەخاتە ڕوو. فەلسەفە وتیۆرى وەك كۆمۆنیزم,لە مرۆڤ  داوادەكەن كە لە سەر بنەماى باوەڕ و بەرپرسیار یە ئەخلاقیەكانى خۆیان دادوەرى بكەن كە ئایا بە تەنیا هەوڵ و چالاكى ئەو یان چالاكى 
هاوبەش ئەو(تاكەكەس) لە گەڵ كەسانى تردا,لە پێناو دامەزراندنى كۆمەڵگایەكى كراوە و ئازاد دا یان كۆمەڵگایەكى سۆسیالیستى دا, باشترین دۆخى هاتنەدى چاكە و بەختەوەرى هەمووان دەستەبەر بكات.فەلسەفەى كۆمونیزم بەپشت بەستن بە مێژووى گۆرانكارى یەكانى  كۆمەڵى مرۆڤایەتى لە ڕووى قۆناغ بەندێ وە جەخت لەوە دەكاتەوە كە دابین كردنى ئازادى ویەكسانى و دادى كۆمەڵایەتى لە كۆمەڵگایەكدا دێتەدى دەبێت ڕەگ و ڕیشاڵى یاساكانى نزامى سەرمایەدارى دەربهێندرێت لە جێگادا یاساكانى حكومەتى سۆسیالیستى و یان دەسەلاتى  سۆسیالیزم دابمەزرێت.باشترین ڕێگاش شۆڕش و ئاڵوگۆڕى ڕیشەیى یە لەو كۆمەڵگایاندا كە چەوسانەوە و نابەرابەرى تێدایە.لە ژیانى  ڕۆژانەشدا تووڕە بوون و هەڵچوون ئەو دوو دۆخەن كە مرۆڤ بەخۆى نامۆ دەكەن و لە سەر سكەى مرۆڤێكى سرووشتى و خاوەن كەسێتى  هەڵدەخلیسكێت.ئەم تێگەیشتنە لە ئازادى بە پێى تێپەڕینى ژیان و كات,هەرتەنیا قۆناغێك نى یە كە دێت و تێپەردەبِێت,بەڵكو ئەركێكە لە سەرشانى مرۆڤ كە پێویستە لەمیانەى ژیانى خۆیدا جێ بەجێى بكات.ئەم تێگەیشتنە لە چەمكى ئازادى كە ئاراستەى فكرى فەلسەفى تێیاندا
هابەش: لە وانە ئایدیالیزمى ئەڵمانى ,بەتایبەتیش هیگڵ,ماركسیزم وئێكزیستیانتالیزم.لەم نەریتە فەلسەفیانە دا جەوهەرى مرۆڤ بە 
(ئازادى) پێناسە دەكرێت.هەروەك ئینگلس دەڵێت (كۆمەڵ ناتوانێت خۆى ڕزگاربكات تا یەكە یەكە تاكەكانى ڕزگار و ئازاد نەبن) .سۆشیال 
دیموكراتەكان هەموو هێزە سیاسى و ڕۆشنبیرى یەكانیان لەو پنتەدا كۆدەكەنەوە كە سنوورێك بۆ نا دادپەروەرى یەكانى نیزام و سیستەمى 
سەرمایەدارى بكێشن,ئەوان كە باوەڕیان بە بازاڕى ئازاد هەیە,لە هەمانكاتدا بیر لە كۆنترۆڵیشى دەكەنەوە تا سنورەكانى بازاڕ مرۆڤ نەكاتە 
كاڵا,كە بیر لە ئازادى دەكەنەوە بە شوێن ئەو باڵانسە سۆسیۆلۆژیانەشدا دەگەڕێن كەلە نێوان ڕەگەزە جیاوازەكاندا پێویستە بپارێزریێت.بۆ 
ئەوەى كۆمەڵگا دووربێت لە هەر چەشنە نابەرابەرى و نا ئازادى یەك پێویستە مرۆڤەكان تێ كۆشان و بەرخودان بكەن بە ڕێگاى جۆراوجۆر بۆ 
گەیشتنى مرۆڤەكان بە بەختەوەرى كە لە هەناوى ئازاد بوون و دادپەروەرى دا خۆى مەڵاسداوە.ئەركى دەسەڵاتى سیاسییە كە هەردەم سەروەرى 
یاسا مەدەنى یەكان و سكۆلارى یەكان كە كۆمەڵگا ئاراستە ئەكات بەرەو ئازادى و دادى كۆمەڵاتى تەواو بپارێزێت وهەموو هێزە كۆمەڵایەتى و 
یەكە پێكهێنەرەكانى تێبگەیەنێت,كە ئەم یاسایانە شتێك نى یە لە دژى ئەوان و ناكرێت بە میزاجى ئەوانیش بێت,بەڵكو هۆكارێكە بە دەست 
حكومەتەوە بۆ یەكسانسازى و عەدالەتى گشتى.بێگومان بۆ ئەوەى تاكەكان بتوانن پەیوەندى خۆیان بە كۆمەڵگاى خۆیانەوە پتەو بكەن,
پێویستە فەزایەكى ئازادانە و بە دوور لە هەر پاڵە پەستۆیەك ,بۆ ئەوەى ژیانێكى باشترو خۆشگوزەرانتر و ڕۆشەنتر بۆ تاكەكانى كۆمەڵ 
فەراهم بكرێت.هموو لایەك ئەزانین لەم سەدەى ئێستادا كە سەردەمى فرە دەنگى سیاسى یە ,ئەو مۆرەى بە هۆى ئەو رەفتارانەى دەوڵەتەوە لە 
ناو چاوانى هاوڵاتیەك دەدرێت , ئەو هاوڵاتیە و خێزانە كەشى لە بەر چاوى خەڵكى دەكاتە كۆمەڵێك كەسى یاخى و دەبێتە هۆى ئەوەى 
دراوسێكان و هاورێكانیان پشت لەو خێزانە بكەن لە ئەنجامى باوەڕبوون بە فەلسەفەیەك یان ئا ینێك یان بەرنامەو تیۆرى حیزبێكى سیاسى 
و...و...هیتد كە پێچەوانەى فەلسەفەى حكومدارى وڵاتە (لە كۆمەڵگەى كوردەوارى دا هەتا ڕۆژگارى ئەمڕۆش بوم نەفسە كۆنە پارێزێ یە 
ململانێى حزبى و سیاسى و ئایینى و كەلتوورى و ڕۆشنبیرى و...و...هیتد گەشەى پێدەدەن.) لەراستى دا ئەركى بنەڕەتى دەوڵەت وحوكمەت و 
دەسەڵاتدار ئەركێكى پەروەردەیى یە و سیستمى فەرمانڕەوایەتى چاك ئەو سیستمەیە كە چاوى نەبڕیوەتە تێر كردنى گەدەى دەستەو تا قمێك
یاخود تێر نەكردنى گەدەى هاونیشتمانیان هەروەها چاویشى نەبڕیوەتە شكۆو شەرەفمەندیى دەستەو تاقمێك یاخود شكۆو شەرفمەندیى و 
ناو بانگى هاونیشتمانیان,بەڵكو هەموو كەسێك لە وڵاتدا بە ئاراستەیەك پەروەردە بكرێت كە هەمووان یەكترییان خۆش بوێ و ئامانجیان 
پەرەپێدانى دادپەروەریى و ئازادى بێت لە وڵاتدا بەبێ جیاوازى.لە كۆتایى دا ماوەتەوە بگوترێت كە مرۆڤ لە هیچدا یەكسان نەبن لەوەدا
یەكسنن كە هەموویان خوازیارى ژیانێكى نەوعیى پر بەهاو نرخن,بۆیە پێویستە هەنگاوەكانى داهاتوى مرۆڤەكان رۆشەنترو ئاوێتەتربێت بە
فەلسەفەى ئینسانى بوون و فەلسەفەى مرۆڤ پەروەرى و مرۆڤ دۆستى ......
تێ بى نى: كۆتایى هات
سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە: 
1-نەتەوەوحەكایەت-رێبوار سیوەیلى عبدالرحمن رسول
2-عەقڵ و ئازادى-وەرگێرانى :ئیدریس شێخ شەرەفى 24 / 7 / 2009 
3-ئەفلاتۆن و ئافرەت وەرگێرانى:ئەژین عبدولخالق 
4-دەسەڵاتى كوشندە لە كۆمەڵگەى دیكتاتۆرەبچوكەكاندا-ئاسۆ جەبار
5-فرۆید و سروستى مرۆڤ وەرگێرانى:حەدنان عەبدولرحیم و كەمال فارۆق 
6-گۆڤارى ڕۆشەنگەرى ژمارە (23-24)
7-گۆڤارى سەردەم ژمارە (52,53)
8-گۆڤارى مەدەنیەت ژمارە (20-21)
9- ڕۆژنامەى هەولێر ژمارە (380)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە