کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاكەى هەڵوێستى ڕاشكاوانە نەبێ؟!

Tuesday, 23/08/2011, 12:00


لە بەروارى 21/8/2011 لە سەر ڕێگاى كورتەك لە ناوچەى پشدەر بە هۆى هێرشى فرۆكەكانى توركیاوە بۆ سەر گوندەكانى بنارى قەندیل لە ئەنجامدا (8) هەشت هاوڵاتى كە ژن و پیاو و مناڵ بون یەكێك لەو مناڵانە تەمەنى (10) دە مانگ بوو كوژران و شەهید بوون ,ئەم هێرشانە ماوەى چەند ڕۆژێكە دەستى پێكردووە ,گەرچى ماوەى چەند هەفتەش دەبێ ئەم هێرشانە لەلایەن ڕژێمى ئیسلامى ئێرانە وە بەردەوام بەڕێوەدەچێت , چەندین گوند و ڕەزوباغ و پاوانى سووتاندووە و چەندین ماڵە شوانكارە و گوندنیشنیش ئاوارە بوون بە هۆى ئەم هێرشانەوە . ساڵانە ئەم هێرش و تۆپباران و سنووربەزاندنانە بە پلان و نەخشەى بۆ كێشراو, لەلایەن هەر دوو ڕژێمى دژى ئازادى و دژ مافەكانى مرۆڤ ڕژێمى كۆنەپەرستى ئیسلامى ئێران و ڕژێمى فاشى و ڕەگەزپەرستى توركیا بۆ سەر سنوورەكانى هەرێمى كوردستان ئەنجامدەدرێت دەوڵەتى عێراقیش بێ دەنگەى لێ دەكات.بە درێژایى دەسەڵاتى ئەو دوو ڕژێمە بەردەوام بوون لە دژایەتى كردنى بە دیهێنانى مافە سەرەتاییەكانى كورد زمان لە ناو هەر دوو دەوڵەتدا و تەنانەت لە دەرەوەى سنوورەكانى ئەو دوو دەوڵەتدا پلانى ژەهراوى بۆ دژایەتى جوڵانەوەى ئازادیخوازى كوردییان بەڕێكخستووە .تەنانەت بە درێژایى مێژوو فەرمانرەوایەتییان وێڕاى ئەوەى لە ناوخۆى وڵاتى ئێران و توركیادا زیندانەكان پرن لە خەڵكى ئازادیخواز و یەكسانیخوازى ئێرانى و توركى بەڵام خەڵكى كورد زمان لە ڕێژەكەى لە سەرووى هەموویانەوەیە ,ڕۆژانە خەڵك ئەشكەنجە و لە سێدارە دەدرێت لە زیندانەكانیاندا لە سەر تۆمەتى دروستكراوى دەسەڵات كە بۆ یانى دروست كردووە ,ئامانجى هەردوو دەسەڵاتى ئێرانى و توركى تێكشكانى ئیرادەو هێزى بڕوا بەخۆبوونى گەنجان و لاوانى كوردە ,تێكشكانى هێزى بە دەستهێنانى مافەكانە.هەر بۆیە دەبێ بزانین كە ئەم هێرش و تۆپبارانانە بۆ سەر سنوورى پاراستنى هەرێمى میدیا و گوندەكانى ناوچە سنوورەكان بە نەخشە و پلانى گەلەكۆمەكى چەند دەوڵەتێك بە ڕێوە دەچێت ,درێژ كراوەى هەناوى جێبەجێكارى هەمان نەخشەو پلانى چەندین ساڵانى ڕابردووە كە لە نێوان دەوڵەتانى دراوسێ دا كۆبونەوەى نهێنى لە سەر بەستراوە كراوەتە بەڵێننامەى نێوان ئەو دەوڵەتانەى كە كوردى تێدا نیشتەجێن ,بۆیە ئەوەى ئەمرۆ ڕوودەدات تازە نییە لە دژایەتى كردنى هەر ڕەوتێكى ئازادیخوازى و یەكسانیخوازى كورد .بە چەندین سەر كردەى دیارى كورد لە ژێر ناوى ڕێكەوتنى ئاشتى و سازكردنى گفتوگۆدا تیرۆركران لە وانەش دكتۆر عبدالرحمن قاسملو و هەڤاڵەكانى لە كاتى گفتوگۆدا بە پلانى ڕژێمى فاشى ئێران تیرۆر كران هەروەها تیرۆر كردنى دكتۆر ێادق شەرەف كەندى و هەڤاڵەكانى بە هەمان شێوەى بە پلانى ڕژێمى ئێران ئەنجامدرا ,بە چەندین سەركردە و كادرى پێشكەوتوى كۆمۆنیستەكان و پارتەسیاسییەكانى ترى ئۆپۆزیسیۆنى ئیرانى لە باشوورى كوردستان یاخود لە وڵاتانى تر بەپلانى ڕژێمى ئێران تیرۆر كران ,ئێستاش لە سایەى ئەم ڕژێمدا ڕۆژنە خەڵكى بەنەخۆشى ئایدز و موادى موغەدر وتریاك ........و بەرەو مەرگ دەڕۆن یاخود سەرگەردان لە شەقام و شوێنەگشتى یەكاندا بەرچاو دەكەون ,ئاستى ڕێژەى بێكارى لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو بەرزبونەوە و هەڵكشان دەچێت لە جیاتى چارەسەر بۆ كۆتایى هێنانى بێكارى ,هەژارى و فەلاكەتبارى و چەوساندنەوەى لە ڕادە بەدەر ,بەدەیان دەرد و نەهامەتى تر كە هێنان و هاتنەكایەوە لە لایەن مەكینەى دەسەڵاتى ئیرانەوە پەرەى پێدەدرێت و پلانى بەردەوامى بۆ داندراوە بۆ شاردنەوەى هەموو ئەمانە دێت شەڕێكى تر بەرپا دەكات بەناهەق خەڵك ئاوارە و سەرگەردان دەكات وبەبێ هۆدەكوژێت لە سەر سنوورەكان بەناوى پاراستنى ئاسایشى سنوورەكانەوە .بارودۆخى خەڵكى كورد زمان لە توركیاش لە ئێران باشترنییە بەڵكو زۆر خەراپترە لە جیاتى گەشەدان بە یاساكانى دیموكراتى و ئازادى ڕادەربڕین دەوڵەتى توركیا دێت پێچەوانەكەى گەشە پێدەدات ,دەسەڵاتدارانى دەوڵەت, وڵات بەرەو دكتاتۆرى و فاشى و خوڵقاندنى شەڕ و زیاتر قۆرغ كردنى دەسەڵات لە پێناو بەرژەوەندییە ڕەگەز پەرستەكانیان بە كاردێنن هەر بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ وڵات سیماى سەربازى و كاركردن بۆ چەسپاندنى یاساكانى دارەستان كە ئەوەى بە لایانەوە گرنگ نییە ئینسانە گەشە پێدەدەن .لە جیاتى هێنانە كایەوەى پرۆژەى پێشكەوتوى ئاشتیانە بۆ چەسپاندنى مافەكانى مرۆڤ و گەشەدان بە ئازادى یەكان و چارەسەر كردنى كێشە سیاسى و ئابوورى و .........هیتد بە پێچەوانەوە بە هۆى خوڵقاندنى شەڕ و داگیركارى, وڵاتى توركیا زیاتر بەرەو ئاڵۆزبوونى كێشە سیاسى و ئابوورى و ......هیتد دەچێت ,ئەم كێشانە زیاتر دەكرێن بە هۆى چاسەر نەكردنیان دەبێتە هۆى خوڵقاندنى قەیران و پاشان كارەساتى جۆراوجۆرى مرۆیى لە گەڵ خۆیدا دێنێت .خەڵكى كورد زمان لە توركیا و ئێران داواى شتى زیادى نەكردوو تەنها دەیەوێت ئازاد و سەربەست ژیان بگوزەرێنێت ,ڕزگارى بێت لە ژیانى كۆیلەیەتى لە ژێر هەر ناوێكدابێت.بۆیە پێویستە خەڵكى ئازادیخواز و یەكسانیخوازى كورد بۆ كۆتایهێنانى ئەم ڕەوشە نالەبار و نەخواستراوەى كە بە سەریدا سەپێندراوە بە یەك دەنگ و بە یەكگرتویى و هەنگاونان بۆ زیاتر دروست كردنى یەكێتێكى بە هێز لە نێوان سەرجەم ئەو هێزە سیاسییانەى كە پڕوپاگەندەى ئۆپۆزیسیۆن بوون دەكەن ,شان بەشانى ئەم یەكێتى یە لە نێوان چین و توێژە ناڕازییەكانى خەڵكى هەردوو وڵات گەشە بە هەبوونى یەكێتى و یەكبونى جەماوەرى بدرێت ,نموونەش ئەگەر ئێستا لە یەك ڕۆژدا لە هەر دوو وڵاتدا و بە هاوشان بە هەرێمى كوردستان خەڵك لە دژى ئەم شەڕە بڵى نا بۆ شەڕ بەڵى بۆ ئاشتى و ئازادى و یەكسانى ,نەچێتە بازار دوو كانەكان دابخات دڵنیام هەر دوو دەوڵەت لەم مل هوڕى یە پاشەكشە دەكەن و ئەگەر واز لە سەركێشى نەش هێنن ئەوا زیاتر بەرەو هەڵدێر و كۆتاییان مل دەنێن .بۆیە چارەسەرى كێشەكان بەندە بە هاو هەڵوێستى و جۆرى بە هێزى یەكێتى ئازادیخوازان و یەكسانیخوازان .ناكرێت چیتر بێ دەنگبین و چاوەڕوانى هەڵوێستى شەرمننانەى ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت بین كە زۆر جار لە ڕاگەیاندنەكاندا یاخود لە ڕووكەشدا وا خۆیان دەرخستووە كە دەیانەوێت پشتگیرى لە چارەسەرى كێشەكان بكەن و هاوكارن بۆ بەدیهێنانى مافەكان بە ڕێگاى ئاشتییانە ,بەڵام لە ژێرەوە خەنجەرى ژەهراویان لە كورد داوە .ئایا بۆ دەبێ لە یەك كاتدا هەر دوو دەوڵەتى ئێران و توركیا سنوور ببەزێنن و تۆپباران و شەڕ بەرپابكەن لە دژى كورد بە ناوى پاراستنى سنوورەكانەوە ئەگەرچى دوورە لە ڕاستێ وە ئەو هێزانەى ئەوان بە مەترسى خۆیانى دەزانن لە قوڵایى خاكى هەر دوو وڵاتدا چالاكى سیاسى و چەكدارى ئەنجام دەدەن .لە گەڵ ئەمانەدا لە عێراقدا لە و شوێنانەى كە كەوتۆتە سەر سنوورى نێوان هەرێمى كوردستان و دەوڵەتى عیراق یاخود ناسێندراون بە ناوچە دابڕێندراوەكان كێشە و گرفت بۆ خەڵكى كورد زمان دروست دەكەن , لە ژێر ناوى جۆراوجۆرەوە هەرەشە لە خەڵكى كورد زمان دەكرێت و فشاریان بۆ دێنن بۆ ئەوەى شوێنەكانیان چۆل بكەن و ناوچەكەى خۆیان جێبهێڵن .ئەگەر ئەمانە نیشانەى پلان و نەخشەى بۆ كێشراوى هەر سێ دەوڵەتى ئێران و توركیا و عێراق نەبێ بۆ دژایەتى كردنى مافەكانى خەڵكى كورد زمان هیچى تر لەگەڵ خۆیدا ئاوێتە ناكات.بۆیە پێویستە هەموو كوردێكى ئازادیخواز و یەكسانیخواز بە ووشیارى هەنگاو بۆ داهاتوو بنێت.هەموو هەنگاوەكان بۆ بە هێز كردنى هاوهەڵوێستى و گەشەدان بە یەكێتى نەتەوەیى ڕاشكاوانە لە مەیدانى پراكتیكى و كردارى نێوان هێز و پارتە سیاسى یە كان چربكرێتەوە ئەمەش لە پێناوى هێنانەدى ئامانجەكاندا كەرەستەیەكى مرۆیى بەهێز و كاریگەر دەبێت بۆ داهاتوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە