ئایا سەردەشت تیرۆرست بوو؟؟!!
Saturday, 02/10/2010, 12:00
... بەخشینى هەر ناوێک بە هەر کەسێک پیویستە لە گەڵ ئاکار و هەڵسورانى ناوەرۆکى ئەو کەسە بگونجێت ،جگە لەوەى خستنە ڕووى تۆمەت
لە دژى هەر کەسێک کارێکى ئەوەندە سادەو ساکارنى یە بەڵام ئەوەى کە بۆسەردەشت عوسمان لە ئەنجامى لێکۆڵینەوەکەى خرایە پاڵى داندرا
وێڕاى تۆمەتێکى گەورە و بێ هیچ ناوەڕۆک و هیچ بەڵگەیەکى یاسایى یە کە گوایە سەردەشت بۆیە تیرۆر کراوە چونکە بەڵێنى بە ئەنسارو ئیسلام داوە
کە هاوکاریان بکات ئەمە واتاى ئەوە کە سەردەشت هەڵگرى فکرو ئایدیایەکى توندڕەوانەو تیرۆرستى یە و باوەڕى بە جۆرێک لە بیرو باوەرى دینى و
ئیسلامى توندڕەوانە هەبووە و سەردەشت دووربووە لە هەر جۆرە کەلتورو فەرهەنگ و بیرو باوەڕى ئازادیخوازى و یەکسانیخوازى و سیکۆلارى،بەڵام
بە پێى ئەو نوسینانەى کە سەردەشت دەینوسى و ئەو جلو بەرگانەى کە لە وێنەى ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوبۆتەوە و هەروەها خستنە ڕووى سەرنج و
بۆچونەکانى هاوڕێ یانى کچ و کوڕى ناو زانکۆ و هاو پۆلەکانى و هاوڕێ یانى دەرەوەى خوێندنگا بە تایبەت ڕۆژنامەنوس و ئەندامانى
خێزانى سەردەشت کە ئازادانە بەبێ ئەوەى هیچ پاداشت و ئیمتیازێک کە بۆ ڕاى گشتى خستویانەتە ڕوو سەردەشت نەک مرۆڤێکى توندڕەوى
ئیسلامى بووە بەڵکو مرۆڤێک بووە باوەڕى تەواوى بە ئازادى و یەکسانى و دادى کۆمەڵایەتى هەبووە هەمیشە بۆ چونەکانى بۆ خزمەتى خەڵکى
ستەم لێکراو دەربڕیوە هەروەها ئاشقى دەسەڵاتێکى مەدەنى و سیکۆلاربووە نەفرەتى لە نابەرابەرى و سەرکوتو ئیستبداد کردووە چەندین وێنەى لە
گەڵ کچانى هاو پۆلەکانى خۆى بڵاو بۆتەوە .لەگەڵ هەموو ئەمانە روونکردنەوەى ئەنسارئیسلامیش کەلەلایەن بەرپرسانى ئەو هێزەوە بڵاوکرایەوە
بە ئاراستەیەک بوو کە خۆیان بێ بەرى کرد لە کوشتنى سەردەشت عوسمان و خستیانە ئەستۆى پارتى .بێگومانئەگەر ئەم تۆمەتانە بەو جۆرەى
ڕووبەڕوو سەردەشت کرایەوە لە هەر وەڵاتێکى ئازاد و سیکۆلاردابایە بە ئاسانى لە دەست دادگاى کردن ڕزگاریان نە دەبوو بە پێى یاسا بە سزاى
خۆیان دەگەیشتن لە سەر خستنە ڕووى ئەو جۆرە تۆمەتانە بەڵام لە وڵاتێکدا کە مترین ئازادى نەبێت بۆ نوسین ڕەخنە گرتن کە لە سەر نوسین
لە سائیتێکدا یاخود رۆژنامەیەکدا مرۆڤ بڕفێندرێت و پاشان بکوژرێت بێگومان ئەگەر بزووتنەوەى ئازادیخوازى و یەکسانیخوازى بە خۆى دانەچێتەوە
زۆر یەکگرتوانە تر لەوەى کە هەیە نەیەتەمەیدانى هەڵسوڕان بۆ بە هێز کردنى فەرهەنگ و کەلتورى سیکۆلار و ئازادیخوازى ئەوا لە داهاتوودا دەبێ
چاوەڕوانى زۆر لەوەش زیاتر بکەین کە ڕووبەرووى هەر یەکێکمان دەبێتەوە ،بۆ تەنها تێ کۆشان و هەڵسوڕانى مەدەنى ئازادیخوازى یە کە هەر
مەلەلێک لە کۆمەڵگادا نەهێڵێت .ئەوەى کە لیژنەى لێکۆڵینەوە کە لەلایەن مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمەوە ڕاست پێردراوە بۆ بە دواداچونى
کەیسى سەردەشت عوسمان ،کە ئەگەر ئەم تاوانە ئەنسار ئیسلام کردبێتى و راستبێ ئەو بۆچونەى لیژنەى لێکۆلینەوە لە تاوانى سەردەشت
ئەوا پایتەختى کوردستان بۆتە مەیدانى تیرۆرستان و هیچ ئەمنێت و ئاسایشێکى تێدانى یە.چونکە ئەم رفاندنە لە بەردەم زانکۆ و پۆلیسى
زانکۆى سەلاحەدین کراوە بە ئاشکراو بە ڕۆژ ئەنجامدراوە بە سلامەتى ئەرکەکانیان ئەنجامداوە .نەک بۆ ڕۆژنامەنووسان بەڵکو بۆ سەرجەم
بەرپرسە حیزبى و حکومى و نوێنەرانى وڵاتانى ئەو رووپى و ناوچەیى دەبێ هەولێرو کوردستان زۆر نائەمین بێت هیچ فەرقى نەبێ لەگەڵ فلوجە
و ناوچەکانى ترى باشورى عیراق بەتایبەت ئەوشوێنانەى کە مۆڵگەى چالاکى ترۆرستانە.کەواتە ئەمە پێچەوانەى لێدوانەکانى بەرپرسانى پارتى
و یەکێتى و حکومەتى هەرێمە کە زۆر جار هەولێر بە دوبە و وڵاتانى ترى پێشکەوتو بەرورد دەکەن .چونکە ئەگەر بەو هەموو پۆلیس و ئاسایش
و پێشمەرگەى کوردستان ناتوانن ئاسایشى شارێکى وەکو هەولێر کە بەحیسابى هەموو لایەک پەیتەختى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بپارێزن و
ژیانى مرۆڤێکى خوێندکارو ڕۆژنامەنووس بپارێزن ئەى بۆچى پروپاگەندەى وا دەکەن بۆ کوردستان کە دەڵێن ئاسایشى خەڵک پارێزراوە و بە شەو بە
رۆژ خەڵک دەتوانێت بە ئازادان هاتوچۆبکات چ لە شارەکان وچ لە سەیرانگاکان ؟؟!!.چونکە پاراستنى ئەمنێتى ئەو خەڵکانەى کە لە
دەرەوەى کوردستانەوە دێن قورسترە لە پاراستنى ژیانى مرۆڤێکى خوێندکار و رۆژنامەنوس.بۆیە دەرخستنى ئەم سیناریۆیە لەلایەن حکومەتەوە
زۆر ئاشکرا دیارە کە ساختەکارى یە و هەڵبەستراوە و دوورە لە ڕاستێوە ، ئامانجیش لەم سیناریۆیە لێڵ کردنى قەناعەتێکى ڕاستگۆیانەى
راى گشتى خەڵکى ئازادیخوازى کوردستانە سەبارەت بە تیرۆر .ئەم هەنگاوەى حکومەتى هەرێم لە بەرامبەر کەیسى سەردەشت عوسماندا تەواوکەرى
ئەو هێرشانەیە کە بۆ سەر ئازادى رادەبڕین و ئازادى ڕێکخراوبون و ئازادى هەڵسورانى سیاسى و ئازادى ڕاگەیاندن و سەرجەم ئازادى یەکان کە
خواستى مرۆڤى سەردەمە کە بە درێژایى دەسەڵاتى پارتى ویەکێتى لە حکومەتدا هەنگاویان بۆناوە بە شێوازى جۆراوجۆر.بۆئەوەى
داهاتوى هەریەکێکمان کۆتایى نەیەت بەم ناوناتۆرانە یاخودناوناتۆرى تر کە لە بەرژەوەندى زیاترمانەوەى ئەم جۆرە دەسەڵات و حکومەتەدابێ
کە هەموومان دەڵێین گەندەڵ و نابەرابەرە .پێویستە ئەوە بە بیر خۆمان بێنینەوە کە سەردەمانێک رژێمى بەعس هەر هەڵسوراوێکى سیاسى و حیزبى
و یاخود هەڵسوراوێکى ئازادیخوازى زیندانى کردبایە تۆمەتێکى دەخستەپاڵ وەکو ئەمە سەر بە فڵان وڵاتەیە یاخود هەر کاتێک ئافرەتێکى
هەڵسوراوى ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە مەیداندا هەڵسوڕابا و بیندرابا یان رژێم هەستى بە چالاکى یەکانى کردبا باندێک لە پیاوانى ڕژێم پێک دەهات
ئەم ئافرەتەیان دەگرت و دەیان گوت ئەمە لەش فرۆشى دەکات لە بەردەم خەڵکدا بە سوکایەتى پێ کردن و ئازاردان و ئەشکەنجەدان
دەیان کوشت...هید بۆ ئەوەى لە بەردەم خەڵک مێژووەکەى ناشیرن بێ و چۆک بە رەوتى ئازادیخوازى و یەکسانیخوازى دا بدات بەڵام
خۆش بەختانە مرۆڤەکان گەرمکتر و چالاکتر ئەو ڕێبازەیان درێژەپێدەدات .هەر بۆیە پێویستە بۆ ئەوەى داهاتومان لە ئەمرۆ باشتربێ ،بۆ
ئەوەى داهاتومان پرخۆش بەختى بێت پێویستە تێ کۆشانى سەردەشت عوسمان بەرز ڕاگرین و مێژووى تێ کۆشانى رۆژنامەنووسى بەم بۆچونانە
کە دوورە لە راستى کە دەگوترێت بەڵێنى کارکردنى بە (ئەنسار ئیسلام) داوە ڵێڵ نەکەین بەڵکو درێژە پێدەرى ڕێبازى شارەستانى و
سکۆلارو ئازادیخوازى ویەکسانیخوازى و ئینسان دۆستى سەردەشت بین .
عبدالرحمن رسول
[email protected]07701957589-07501144907
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست