یاسا چى یە؟ و گرنگى چى یە؟؟!
Saturday, 30/07/2011, 12:00
یاسا چى یە؟:
............یاسا بۆ هەموو كۆمەڵگەیەك گرنگى خۆى هەیە پێویستە هەموو تاكەكان بەباشى ئاشنایەتى لەگەڵ زانستى یاسادا بكات و كاربكات بۆ بەرزكردنەوەى هۆشیارى یاسایى بە هەر جۆرێك كە بۆى دەكرێت.چونكە چەند شارەزایى لە یاساكان بە دەست بهێنین ئەوەندە بە ئاگایى بە دەست دەهێنین لە سەر جۆر و چەندێتى ماف و ئەركەكانمان گومان لەوەدانى یە بەشێكى زۆر ئەم ئەركى ووشیار كردنەوە بۆ شارەزابوون لە تەواوى یاساكان ئەكەوێتە ئەستۆى حكومەت و دەسەڵات ,بەڵام هەڵنەستاون بە ئەنجامدانى ئەم ئەركە ئەمەش دەچێتە پاڵ كەم تەرخەمێكانى ترى حكومە ت و بەرپرسانى وڵات .لە داهات و پارەزۆرەى كە لە بەردەستیان بە شێكى كەم تەرخان ناكان بۆ ئەم ئەركە .نابێت هاوڵاتیش بە دوور بگرین لە كەم تەرخى بە تایبەت گەنجان و لاوان ,پێویستە كات بۆ ووشیاربونەوە و بەرز كردنەوەى ئاستى زانستى گشتى و زانستى یاسایى تەرخان بكەن بۆ ئەوەى بە ووشیارى و ئاگاى زیاتر پەنجە لە سەر ئەو یاسا یانە دابندرێت كە پارێزگارى لە چەوسانەوە دەكەن و ناشایەستەن بە مرۆڤەكانى سەردەم و كار بۆ گۆرانكارى و چاكسازییان بكرێت لەو یاسایانە كە ڕێگا دەگرن لە پێشكەوتن و نوبونەوە و چەسپاندنى عەدالەتى كۆمەڵایەتى و یەكسانى نێوان ژنان و پیاوان و گەشەى ئازادى و چەسپاندنى ئاشتى كۆمەڵایەتى...."هۆى هەبوونى ژیان و ئازادى و موڵك ئەوەنیە كە مرۆڤ یاساى دانەوە,بەپێچەوانەوە, ڕاستییەكەى ئەوەیە كە ژیان و ئازادى و موڵك,پێشوەخت هەبوون و ئەوان بوونەتە هۆى ئەوەى ئادەمیزاد بیر لە دانانى یاساكان بكاتەوە".1 لە هەمان كاتدا قۆناغ بەقۆناغى ئاڵوگۆرەكان كە هاتۆتە پێش و لە داهاتووشدا ڕو بە ڕوویان دەبینەوە ناچارین یاساكان هەموار بكەین و چاكسازى و گۆرانكارییان تێدا بكەین بە پێى سەردەم بە پێچەوانەوە نە ووڵات بەرەوپێش دەچێت نە یاساكانیش سەروەر دەبن و جێبەجێ دەكرێن لە لایەن مرۆڤەكانەوە بەڵكو بە چەقبەستنى یاساكان دەكەونە بەر شاڵاوى فەرامۆش كردن وچەوسانەوەى مرۆڤەكان بە دەستى یەكترى .لەهەمان كاتیشدا بە دیوێكى تردا قۆناغى ململانێ كردن بەرە و باش كردنى یاساكان و هەمواركردن و چاكسازى كردن هەنگاوەكانى دەست پێ دەكات.كەواتە هەموو ئەوانەى كە دەیانەوێت ئەمڕۆیان لە دوێنێ و ڕابردووى پر نەهامەتى و چەوسانەوە و نابەرابەرى و كۆیلەیەتى و ئاوارەیى و دواكەوتویى و هەژارى و ..........هیتد جیاوازتر و باشتربێ و,بەیانى و داهاتویی تاكەكانى كۆمەڵگە باشتر و بەرەو پێشكەوتوتر لە ئەمڕۆ هەنگاو بنێت بە شێوەى كردارى و ڕەنگدانەوەى هەبێت لە ئاكار و ڕەوشتى ڕۆژانە و فەرهەنگى ئینسانى كە هاندەرى بەیەكەوە ژیان و چەسپاندنى ئاشتى كۆمەڵایەتى بێت ,پێویستە پرۆژەكانى چاكسازى بۆ گۆڕینى یاساكان لە قۆناغى پێشنیار دەرچن و بەرپرسیارانە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێت, هیچى تر تەنها پێشنیار و نوسین و خوێندنەوە نەبێ ,شێوازى بێ لایەنى لە خۆنەگرێت ,كە بەشێك بێت لە دووركەوتنەوە لە چارەسەرى كێشەكان و,وە دوور كەوتنەوە لەو هەوڵانەى بۆ دەر كردنى ئەو یاسایانەى كەپێویست دەكات بگۆڕدرێن هیچى تر.لەو تێ كۆشانە كلاسیكێ دەرچن كە تەنها نەزەریات و بۆ چون بخرێنە ڕووو ,خەڵكى كوردستان زیاتر لە ژێر چاوەڕوانى دا بمێنێتەوە و بەبێ ئەوەى كەمترین هەنگاو بندرێت لە لایەن ئەوانەى كە بە حیساب خاوەن پرۆژەى چاكسازین .باتەنها خۆ دەرخستن و حیزب دەرخستن نەبێتە ئامانجى ڕۆژانەى شارەزایان و یاسا ناسان و ڕۆشنبیران و هەموو ئەوانەى بە پەرۆشن بۆ ئاڵوگۆڕى باشتر و پێشكەوتوتر كە شایەستە بە ئینسانەكانى ئەمرۆیى جیهانى تازەگەرى و جیهانى پێشكەوتوبێت لە كوردستاندا,بۆیە زەروورە لە پێناو گێڕانەوەى متمانەى خەڵك بە دەسەڵات و حكومەت زیاتر گرینگى بە گشەى كردارى باشتر بدرێت نەك تەنها بە قسە و نوسین و فەلسەفەى بریقەدار ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفیزیۆن و ڕاگەیاندنەكانى پێبڕازێندرێتەوە بەڵكو بە پێى هەنگاوى كردارى بۆچونەكان و پێشنیاراتەكان بخرێتە ڕوو .
كەواتە یاساچى یە؟
...یاسا ڕێكخستنى دەستەمییانەى مافەكانى تاكە ,تا بتوانێت داكۆكییەكى یاساییانە لە خۆى بكات."هەر یەك لە ئێمە مافێكى سروشتى (لە یەزدانەوە) پێبەخشراوە بۆ داكۆكیكردن لە خودى خۆى,ئازادى خۆى ,موڵكى خۆى.ئەمانە سێ پێداویستى بنچینەیى ژیانن,پارێزگارییكردن لە هەر یەكێكیان بە تەواویى پشت بە پاراستنى دوانەكەى دى دەبەستێت.توانستەكانى ئێمە چین جگە لە بەرینكردنەوەى تاكایەتى خۆمان؟ موڵك چیە جگە لە بەرینكردنەوەى توانستەكانمان؟ هەموو كەسێك مافى ئەوەى هەیە بۆ داكۆكیكردن لە خودى خۆى,ئازادى خۆى,موڵكى خۆى2" ,تێ كۆشان بكات بۆ ئایندە و ژیانێكى باشتر .با بە شێوەیەكى گشتى سەیرى چەسپاندنى یاسا بكەین لە كوردستان ,چەندین پرسیار لە خۆمان بكەین ئایا یاساكان بە درێژایى بەڕیوەبردنى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە كوردستان وەكو خۆیى جێبەجێ كراوە ؟یاخود ئەم یاسایانە بۆ هەموولایەك چ بەرپرس ,بەر پرسى حیزبى بێت یاحكومى ,مامۆستابێت یا دكتۆر ,هاوڵاتى بێت یا ........هیتد تواندراوە ئەم یاسایانە جێبەجێ بكرێت و بە سەریاندا بچەسپێندرێت ؟؟.ئایا تەنها بە سەر هاوڵاتیانى هەژاردا چەسپاوە ؟؟!!ئایا چەندە بەرپرسى باڵا لە حیزبەكان و حكومەت لە سەر ئەنجامدانى تاوان و سەرپێچى یاساكان سزا و حكوم دراون ؟!! یاخود هەتا ئێستا پاش بیست ساڵ لە دەسەڵاتى حكومەتى هەرێم و بەڕێوەبردنى دەسەڵات لەلایەن حیزبەكان هیچ تاوانێك و سەرپێچى یاسایى لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجام نەدراوە بەڵكوتەنها بەرگریان لە چەسپاندنى سەروەرى یاساكان كردووە,زۆر عەدالەت خوازبوون لە چەسپاندنى یاساكاندا ئەوەى رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوە و ڕاگەیاندنەكان بوختانیان بۆ دەكەن و درۆیان بۆ هەڵدەبەستن ؟!!!وڵامى ئەم پرسیارانە لەلایەن بەشێكى زۆر لە خەڵكى ئاشكراو ڕوون بۆتەوە .بێگومان لە كوردستاندا ئەگەرچى زۆرێك لە سەركردەو بەرپرسە باڵاكان لێدوانى جۆراو جۆر دەدەن لە سەر چەسپاندنى یاساكان.جارى وایە قسەى خەیاڵاویى زۆر دەكەن بۆ چەسپاندنى یاساكان و سەروەرى یاساكان بۆ هەموو لایەك,بەڵام بەداخەوە كە رۆژبۆوە یاخود هەمان ڕۆژ و ئەو سەعاتەى كە ئەم بەڕێزانەى لێدوان و قسە لە سەر سەروەرى یاساكان دەكەن ,لە هەمان شار و ناوچەو وڵاتەدا تەنها هاوڵاتیانى هەژار و هەوڵاتیانى بێ پشت و پەناى حیزبى و حكومى یاساكانى بەسەردا دەچەسپێت .ئەگەر قسە لە سەروەرى یاساكان دەكرێت دەبێت بۆ هەموان جێبەجێ بكرێت و بە سەرى دا بچەسپێت لە كاتى سەرپێچى دا ,چ بۆ ئەنجامدانى سەرپێچى یاسایى هاتوچۆبێت یاخود ئەنجامدانى تاوانى كوشتن بێت یاخود هەر سەرپێچێكى یاسایى بێت.هەتا كو ئەم كەلتور و فەرهەنگە كە داكۆكى لەم جیاوازى گەراییە دەكات نەشونەمابكات و لە ناو حكومەت و دەسەڵات و كۆمەڵگاى كوردى دا هەبێت و كار بۆ بنەبڕ كردنى نەكرێت مەحاڵە هیچ جۆرە چاكسازێك بكرێت لە ناو یاساكان و حكومەتى كوردى دا .بەبێ ئەم هەنگاوە ,دروستكردنى و هاندانى جارێكى ترى خۆش باوەڕى و بێمتمانەییە بۆ تاكى كورد بەڵام خەتەرناكتر لە ڕابردوو.دەبێت پێش چاكسازى و ڕیفۆرم هەریەكێك لەوانەى كە پرۆژە دەخەنە ڕوو ,چ ئەوانەى حكومەت بەڕێوەدەبەن یان بەشدارن یان هاوپەیمانى حیزبەكانى دەسەڵاتن یاخود ئەوانەى پرۆژەیان هەیە ئۆپۆزیسیۆنن ,مەبەستم هەموو هێزە سیاسى یەكان و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى كە بە پرۆشەوەن بۆ ئاڵگۆڕى باشتر و دەیانەوێت وەڵامى خواستەكانى خەڵكى كوردستان بدەنەوە,پێویستە لە خۆیانەوە دەست پێ بكەن بۆ كۆتایى یاخود كەم كردنەوەى ئەم جیاوازییە گەراییە لە چەسپاندنى یاساكان .زۆر كەس بۆیە پێى خۆشە خزمەكەى یان كەسە نزیكەكانى ببنە بەرپرس چاوەڕوانى ئەوەى لێ دەكات كە بە هەر شێوەیەك بێت چاو پۆشى لێبكات لە كاتى ئەنجامدانى سەرپێچى یاسایى یاخود هاوكارى بێت بۆ ڕاهى كردنى كارەكانى بە هەر جۆرێك كە پێویست دەكات ئەم فەرهەنگ و كەلتورە باڵیكێشاوە بەسەر سەرجەم ئەندام و كادر و هەوادارانى حیزبەكانى كە لە ناو حكومەتدان و كارو بارى كارگێڕى بەڕێوەدەبن ,بەپێى یاسا هەرچى زەوى كوردستان بوو دابەشكرا بەسەر بەرپرس و كادر و ئەندامانى حیزبەكانى كوردستان بە تایبەت هەردوو حیزبى یەكێتى نیشتمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان یاخود ئەو حیزبانەى كە خۆیان بە دۆست و هاوپەیمانى یەكێك یان هەر دوو حیزبى دەسەڵاتدار دەزانن ,زۆر گوتویانە ئێمە هاوپەیمانى فڵان حیزبین بەڵام هیچمان بۆ نەكراوە لە بارەى وەرگرتنى زەوى و ئیمتییازى جۆراوجۆرى تر, ئەم بۆ چونە سەرجەم حیزبەكانى ناوەوەى كوردستان بە گەورەو بچوكەوە دەگرێتەوە,گەورەترین ڕەخنە و گلێیان بەرامبەر دەسەڵات ئیمتیاز و پۆست و پلە و دەسەڵات بەروان نەكەوتو و نەیاندراوەتێ ,هەر گیز پێش بەرژەوەندى حیزبەكان نەیان گوتووە خەڵكى كوردستان بەگشتى و گەنجان و لاوان پێویستییان بە زەوى یە و پێویستییان بە ئیمتیاز و پاراستنى بەرژەوندییەكانى خەڵكە . ئێستا دەنگۆى قەدەغە كردنى ئۆتۆمبیلى جام ڕەش لە ئارادایە لە كوردستان بەڵام ئەم یاسا لە هەموو شارەكان و بەسەر هەموو كەسدا جێبەجێ ناكرێت ,جیاوازى دەكرێ لە نێوان ئەم و ئەو ,ئەوە كارەساتەكە و قەیرانەكەیە كە ناتواندرێت بە یەك چاو سەیرى تاكەكانى وڵات بكرێت ,با ڕوونتر لە سەرى بدوێین , نموونە پێدانى بەرتیل و ڕیشوە تەنها ئەوەى وەرى دەگرێت بەرپرسیارنیە بەڵكو ئەوەى بەرتیلەكەش دەدات بەرپرسیارە .زۆر جار بیندراوە كەسانێك سەرى زمان بنى زمانیان دژى گەندەڵى و بەرتیل دان بووە بەڵام كاتێك لە تەرایف لایتیك سەرپێچى یاسایى هاتو چۆ دەكەن یان لە هەر بوارێكى تر وادێتە پێش دوا دەكەون بۆ ئەنجامدانى كەرەكەیان بە هەر هۆیەكەوەبێت,یاخود خزمێكیان یان دۆستێكیان تاوانێك ئەنجام دەدات یا سەرپێچى یاسایى دەكات ,یاخود لە بەشەكانى خوێندن چ لە زانكۆ یا پەیمانگا یان بۆ ناردنە دەرەوە شمول ناكات و بە پێى ڕێنمایەكان و یاساكانى ئەو وەزارەت و ئەو زانكۆیە و پەیمانگایە ناتوانێت وەربگیرێت و بەشداربێت لە پرۆسەى ئەو قۆناغەى خوێندن ,یاخود بۆ ناردنەدەرەوەى خوێندكاربێت بۆ وڵاتانى تر ,ئەوا لە ناو خەڵك دەبیندرێت پەنا بۆ دۆزینەوەى ڕێگایەك دەبەن بۆ خۆ دەرباز كردن و نەچەسپاندنى یاساكان بە سەریاندا ,دەكەونە تەلەفۆن كارى و واسیتەكارى بە هەر ڕێگایەك بێت.ئەمە بۆتە كەلتورێك وجودى هەیە لە هەر شار و هەر ناوچەیەك و لە ناو هەر حیزبێكدا چ ئەوانەى لە دەسەڵاتدان لێوان لێوە لەو بەزمە چ ئەوانەى لە دەرەوەى دەسەڵاتن و ئۆپۆزیسیۆنن ئەم كەلتور و فەرهەنگە نەشونمادەكات, كەواتە پێویستە ئەلێرەوە دەست پێ بكەین بە گۆرانكارى وەكو تاك چ هاوڵاتى یاخود بەر پرس ئەم وڵاتە بە ئیى خۆمانى بزانین ,هاوڵاتیانى كۆمەڵگا بە خزمو هاوڕێى خۆمانیان بزانین .لە ئەمرۆ وە دەست پێ بكەین لە كاتێكدا لە دەچین بۆ لاى دكتۆر با سەرەى خۆمان بگرین ,با لە سەرە گرتندا جیاوازى نەكەین .بۆ نان كرین بێت یان دكتۆر ,یا ئەنجامدانى كاروبارى ئیدارى لە فەرمانگە حكومێكاندا بە پێى نۆرەى خۆمان بچینە ژورەوە .با لەململانێ زانستى یەكاندا بۆ بەشدارى كردن لە قۆناغەكاندا یاخود بۆ دامەزراندن لە فەرمانگە حكومى یەكان با یاساكان و ڕێنمایەكان بە كردار بچەسپێت بەبێ هەر جیاوازێك كە هەبێت.ئەگەر دەمانەوێت وڵات پێشبكەوێت ئەمە باشترین ڕێگایە و سەرەتا ڕیگایە ,چونكە ئەگەر باوەڕمان بە چەسپاندنى ئەم كەلتورو فەرهەنگە نەبێت ئەوا بە هیچ شێوەیەك چاكسازى ناكرێت وڵاتیش بەرەو عەدالەتى كۆمەڵایەتى هەنگاونانێت و چەوساندنەوەش بنەبڕناكرێت و كەم ناكرێتەوە.ئەگەر هەر یەكە لە هاوڵاتیانیش پرۆژەى خۆشیان هەبێ چاو لە حیزبەكان بكەن تەنها وڵاتەكەمان دەبێتە پرۆژەخانەى بێ بەرهەم و بۆ چەندین ساڵى تریش دەبێ بیبەر و تەماتە و گڵۆپى كارەبا و مەمكەمژەى منداڵان و كەلوپەلە سەرەتایەكانى تر هەر لە وڵاتانى تر بهێندرێت. كڕنۆش بۆ بێگانەكان دەبەن لە چارەسەرى كێشەكان و قەیرانەكان كە دە خوڵقێت چونكە لە سەرەتادا ئیهمالیان دەكەن كێشە بچوكەكان و پاشان گەورەدەبن بە كێشەى گەورەتر دوایش دەبێت بە قەیران كە چارەسەرى ئاسان نابێت .
ووشەى قانون لە بنەڕەتدا:
.........نوسەرەكان دەربارەى دیاریكردنى بنچینەى قانون جیاوازن,"بە جۆرێك كە ڕاى زۆرینە دەڵێت لە بنەڕەتدا وشەیەكى عەرەبى نییە و هاتۆتە ناو زمانى عەرەبى وە,هەندێكى تر دەڵێن لە بنەڕەتدا لە ڕووى ماددە و شێوە وشەیەكى عەرەبییە.لە ڕووى ماددە ووشەكە لە بنەڕەتدا لە (قن) هاتوە, واتا بە دواداچوونى هەواڵى شتێك بە مەبەستى گرینگیدان بە شارەزابوونى بەڵام لەڕووى شێوە لە دەستەواژەى (فاعول)ى عەرەبى هاتووە كە بە واتاى تەواو بوون و ئەو پەڕى هەوڵدان دێت.زۆر بەى نوسەران دەڵێن لە وشەى (kanon) هاتووە واتا ڕێسا یان ڕێكخستن.بریتییە لە وشەیەكى لاتینى كە فەرەنسییەكان لە وشەى (canon) یان وەرگرتووە,كە مەبەستیان بر ِیارەكانى كۆڕبەندەكانى كەنیسەیە,و ئینگلیزەكانیش وەریانگرتووە بە یاساى كە نیسەیان دەگوت (canonlaw) و جگە لەوانە نوسەرانى تر بنچینەیەكى ترى بۆ دادەنێت كە دەڵێن:وشەكە لە بنەڕەتدا ڕۆمییە و گوتراوە كە لە بنەڕەتدا فارسییە,و هەندێكى تر دەیدەنە پاڵ زمانى سریانى و هەروەها هەندێكى تر دەیگەڕێننەوە بۆ زمانى عیبرى,هەر چینێك بەڵگەیەكى هەیە بۆ پاڵپشتیكردنى بۆ چوونەكەى ,لە ڕاستیدا ئەو جیاوازییە دەربارەى بنەڕەتى ئەو وشەیە سوودێكى زانستى نییە. ".3 تەنها ئەوەى كە بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایین و ڕەگەزە جیاوازەكان زۆر پر بەیاغ و گرینگبێت جۆر و ناوەرۆكى یاساكانە كە چەندە لە بەرژەوەندى داهاتوویى سەرجەم مرۆڤەكانە بۆ ئەوەى دوور لە نەهامەتى و چەوسانەوە ,هەمیشە بەختەوەر ژیان بگوزەرێنن.
پێناسەیەك بۆ یاسا:
......."یاسا بریتییە لە گرینگترین سەرچاوەكانى ڕێسا یاساییەكانى پەیوەست بە بنەماكانى دادگاییكردن چ لە ڕووى ژمارەى ئەو ڕێسایانە یان لە ڕووى كۆكردنەوەیان لەیەك یاساى سەربەخۆ,چونكە گشت دەوڵەتێك یاسایەكى دیاریكراوى بنەماكانى دادگاییكردنى هەیە,بەڵام واتاى ئەوەنییە كە تەنها یاساى بنەماكانى دادگاییكردن رێساكانى تایبەت بە بنەماكانى دادگاییكردنى لە خۆ دەگرێت,بەڵكو چەندین یاساى تر هەن چەند رێسایەكى لەو بابەتە لە خۆ دەگرن,وەك یاساى سزاكان و یاساى داواكارى گشتى و چەندین یاساى تایبەت".4 بە چەندین پێناسەى جیاجیا پێناسە كراوە ,و ئەو پێناسانە هەر چەند لە دەربرین جیاوازبن بەڵام لە واتادا هاوشێوەن و لە ئامانجداكۆكن,چونكە گشت پێناسەكان دان بە بوونى چەندین بنەماى بنچینەیى و بۆ چوونى سەرەكى دادەنێن كە گشت یاساكانى نەتەوە جیاجیاكان تیایاندا هاوبەشن, و ئەركى دەرخستنى ئەو بنەماو بۆ چوونانە بەسەر توێژەر دەسەپێنێت بەمەبەستى گەیشتن بە تیۆرێكى گشتى بۆ یاساكە ڕوونكردنەوەكان لە خۆ بگرێت و لە كاتى ناوەرۆكى بنەماكان دەوەستێت,و لە بەرئەوە دەرچوون لەو پێناسە تەقلیدیانە زیانی نییە بە مەبەستى دانانى چەند پێناسەیەك بۆ زانستى بنەماكانى یاسا كە لە دەربرین جیاوازبن و لە واتادا هاوشێوەبن.بەم شێوەیەش "پێناسە دەكرێت: بریتییە لە زانستێك كە بابەتەكەى لە یاسادا وەردەگرێت و باس لە بنەما گشتییەكان و تیۆرە هاوبەشەكانى نێوان یاساكانى نەتەوەكان دەكات."5
یاسا گرینگى چی یە ؟:
...یاسا دادە.لە سایەى یاساى دادپەروەریشدا,لە سایەى باڵا دەستى مافدا,لە ژێر كاریگەرى ئازادى,ئاسایش,سەقامگیریى و بەرپرسیارێتیدا....هەموو تاكێك دەگاتە شایستەیى راستەقینەى خۆى و مەزنیى راستەقینەى بوونى خۆى.بە تەنها لە سایەى ئەم یاساى دادپەروەرییەدا كە مرۆڤ نەخشەكەى خودا بۆ پێشكەوتنى ئاشتییانەى مرۆڤایەتى بە ئەنجام دەگەیەنێت,بێشك هیواش هێواش بەڵام بە دڵنیایى.پێموایە ئەمە لە ڕووى تیورییەوە راستە,چونكە هەر پرسیارێك بخرێتە بەر لێكۆڵینەوە....چ ئاینى,فەلسەفى,سیاسى,یان ئابووریى بێت,چ ئەگەر سەبارەت بە خۆشگوزەرانى بێت یان ئاكارێتى,یەكسانى,ماف,داد,دارایى,یان حكومەت بێت.لە هەر خاڵێكى ئاسۆى گونجاودا دەگەمە یەك دەرەنجام ,چارەسەرى گرفتى پەیوەندییە مرۆییەكان لە ئازادیدا دەدۆزیتەوە. گومان لەوەشدانیە لە گەڵ چەسپاندن و گەشەى ئازادى زیاتر پێویستە هەمیشە یاسا پێشكەوتووەكان كە بەرژەوەندییەكانى مرۆڤیان پاراستووە دەبێت هاوتابێت بۆ سەروەرى و پێشكەوتنى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى دەنا بە پێچەوانەوە كۆمەڵگا نەخرۆدەبێت لە ناو جەهل و نەزانى و دواكەوتویى و چەوسانەوە و كۆیلەیەتى بە شێوازى جۆراوجۆر .گرینگى ئەو زانستە لە ناوەرۆكەى دەردەكەوێت كە ئاماژەى پێكراوە بۆ ئەو كەسەى كە شارەزایە ,هەروەها بۆگشت رۆشنبیرێك گرینگە.كەواتە گرینگى ئەو زانستە بۆ هەر كەسێك روون و ئاشكرایە كە لە سەرەتاى ناسینى یاسادایە,چونكە بە یارمەتى ئەو زانستە دەتوانێت زانیارییەكى گشتى لە رووى واتاو تایبەتمەندى و سروشت و سەرچاوە و لقەكانى یاسا و جۆرەكانى رێسا یاساییەكان وەربگیرێت."لە ڕێگەى ئەو زانستە چەندین زانیارى دەست دەكەوێت كە تواناكانى بە هێز دەكەن و یارمەتى دەدەن لە خوێندنى لقە جۆراوجۆرەكانى ترى یاسا.لەبەرئەوەى لقەكانى یاسا لە كۆمەڵێك زانیارى سەرەتایى و دەستەواژەى هونەرى هاوبەشن و لە سەر چەند بنەماى هاوبەش دادەمەزرێن.بە یارمەتى ئەو زانستە دەتوانێت بۆ چوونەكانى سەرەكى فیكرەى یاسایى دەربخات كە بە هۆیانەوە دەتوانێت بە شێوەیەكى زانستى بڕیار لە سەر شتەكان بدات."6 سوودى زانستى یاسا چەندین واتاى دەگرێتەوە چونكە بنەماكانى یاسا لە چوارچێوەى باسكردنى بنەماكانى هاوبەش لە نێوان یاساكانى دەستكردنى گرنگى بە باسكردنى چەندین شت دەدات كە گشت رۆشنبیرێك پێویستى پێییەتى..... زانستى یاسا بە جۆرێك كە باسى سروشتى یاسا و سروشتى ئەو پەیوەندییە یاساییە دەكات كە لە نێوان كەسەكان دروست دەبێت كەمافەكانى لێ دروست دەبێت و ئەركیشى لێدەكەوێتەوە و باسى رێگاكانى پاراستن و بەرگریكردن لەو مافانە دەكات,و لەبەرئەوە بۆ هەر كە سێك بە سوودە كە شارەزاى ئەو یاسایانە بێت كە بڕیارى لە سەر دەدەن هەرچەند لە پیاوانى یاسا نەبێت و ئاگادارى ئەو مافانەى بێت كە وەكو هاوڵاتى یان ئەندامێكى كۆمەڵگە یان لایەنێكى مامەڵە كردن هەیەتى و شارەزاى رێگاكانى داواكردن و ئامرازەكانى پاراستنى مافەكان بێت,كەواتە زانین و خوێندنى ئەو زانستە بۆ گشت كەسێك گرنگە و بە ڕەگەزێًكى رۆشنبیرى گشتى دادەنرێت. پێویستە مرۆڤ گەشە بە هۆشیارى یاسایى بدات ,سەرجەم ماف و ئەركەكانى خۆى وەكو تاك شارەزابێت .ئەمەش لە بەرئەوەى ئاگادرى ئەوەبین كە مافى بەرمبەر و كەسانى تر پێشێل نەكەین لە هەمان كاتدا بە ئاگابین بۆ ئەوەى مافى خۆمان بزانین و لە كاتى پێشێل كردندا بەدەنگ بێن و نەهێڵین مافمان بە ئاسانى بوخرێت و فێڵمان لێ بكرێت بە ئاسانى .كەواتە بەرزكردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرى گشتى بەبێ شارەزابون لە یاساكان نا كامڵى ڕۆشنبیرى گشتى دەردەخات بۆ هەر یەكێكمان .چونكە ئاشنا بوون بە زانستى یاسا ئاشنابوونى زیاترە بە ڕێكخستنى داهاتویى ژیانى تاك وەرچەرغانە بەرەو ئەنجام نەدانى سەرپێچى یاسایى و كرانەوەى دەرگاى بەختەرى یە بە مەرجێك لە فێبربونى زانستى یاسادا ویژدانى زیندووى و هەست كردن بە بەرپرسیارێتى و خۆشەویستنى مرۆڤەكان هاوتا و ئاوێتەى ئەو چەندێتێى گەشەى زانستەكەى یاساكان بێت.
دەرئەنجام:
.....دواى نووسینى ئەم بابەتە گەیشتمە ئەم ئەنجامانەى لاى خوارەوە:
1-مرۆڤ هەمیشە پێویستى بە خوێندنەوەو خۆ پەروەردە كردن هەیە بۆ ئەوەى شارەزایى زیاتر بێت لە سەر ماف و ئەركەكانى.
2-گەیشتمە ئەو ئەنجامەى كە بۆ چەسپاندنى یاساكان زۆر پێویستە مرۆڤەكان بەگشتى هۆشیارى یاسایى و بەشێك لە زانستى یاسا بە خۆیان ئاشنا بكەن.
3-زانستى یاسا بەشێكى گرنگە وەك هەر بەشەكانى ترى زانستى سەردەم.
4-بەبێ بوون و چەسپاندنى یاساكان, وڵات بەرەو دواكەوتوویى و نەزانین و نا بەرپرسیارێتى تاكەكان هەنگاو دەنێت.
5-دەكرێت لە ڕێگەى چەسپاندنى بنەما سەرەكییەكانى مافەكانى مرۆڤ و ئازادى تاك و چەسپاندنى حوكمى یاساوە ,كۆمەڵگاكان بەرەو كرانەوەى سیاسى هەنگاوبنێن و لە ڕووى ئابووریشەوە گەشە بكەن.
6 -ئەگەرچى لە كوردستاندا یاساكان بەپێى سەردەمى ئەمرۆ دانە ڕێژراون و بەمانایەكى تر بەشێكى زۆر لە یاساكان زۆر دواكەوتون بۆ سەردەمانێكى ڕابردوو داندراون وپێویستییان بە گۆرانكارى هەیە بەپێى سەردەم ,لەگەڵ ئەوەشدا تەنها بەسەر هەژاران و زەحمەتكێشان و كەسانێكدا دەچەسپَێت كە بێ پشتوو پەناى سیاسى و حكومیین لە ووڵاتدا.ئەوانیتر لە سەروویى یاساكانەوە لە كۆمەڵدا خۆیان نمایش دەكەن,ئەگەر بە پێویستیشیان زانى خۆیان هەموو كات دەكەن یاساناسى سەردەم و بە ناوى پارێزگارى لە یاساكاندا لە كۆڕو كۆبونەوە و ڕاگەیاندن و .............هیتد قسە دەكەن و خۆیان بە خەم خۆرى وڵات دەزانن .بۆیە پێویستە هەموولایەك تێ كۆشان بكات بۆ نەمانى كەلتور و فەرهەنگى نائینسانى ,كە هاندەربێت بۆ دروست بوونى گەندەڵى و جۆرەكانى فەسادى ,ئەمەش بە چەسپاندنى یاساكان دێتە مەیدانى كردارى خوڵقان كە بەیەكسانى, بێ هەر جیاوازێك كە وجودى هەبێت لە نێوان ئینسانەكاندا ,بۆ هەموولایەك ئەو جۆرە یاسایە بچەسپێت بەبێ هیچ جۆرە سڵكردنە وەیەك.
سەرچاوەكان :
1- فرێدریك باستیا,یاسا,لاپەرە,(14,85)
2- دانانى پرۆفیسۆر عبدالباقى البكرى و مامۆستا زاهیر البشیر,وەرگێرانى عبدالێمد خەیلانى,دەروازەیەك بۆ خوێندنى یاسا,لاپەرە(5-6 ,9-10)
3- -دانانى دكتۆر رزگار محمد قادر وەرگێرانى عبدالێمد محمد خەیلانى,
راڤەى یاساى بنەماكانى دادگاییكردنى سزایى,لاپەرە (13)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست