کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر نا تانەوێ بڕوخێ بۆ داواكان جێبەجێ ناكەن ؟؟؟!!!!

Monday, 28/03/2011, 12:00



......لە ساڵانى رابردوو بە درێژایى مێژوویى دەسەڵات لە عێراقدا و بە دۆزینەوەى پترۆڵ لە عێراق بەگشتى و كەركوك بەتایبەتى كەوتە ناو كێشەكانى لە وانە كێشە چینایەتى یەكان و نەتەوەیى یەكان و ئایینە جیاوازەكانى عێراق ,ئەمەش بە هەماهەنگى و كاریگەرى دەوڵەتانى زلهێز و سەرمایەدارى ئیمپریالیزم كە هەمیشە لە پێناوى پاراستنى بەرژەواەندى یە ئابوورى و سیاسى یەكانیان تەدەخولیان لە زۆر كردنى كێشەكانى كەركوك و عێراق دا كردووە لە جیاتى چارەسەرێكى بنەرەتى و ئینسانى بە پێچەوانەوە زیاتر ئاڵۆزیان كردووە ئەمەش بۆ ئەوە بووە كە لایەنى سەر كردەكانى دەسەڵاتدارى عێراق و بزووتنەوەى كوردى بە سەرجەم باڵ و لقەكانێوە داواى هاوكارى و یارمەتى لە دەوڵەتانى سەرمایەدارى ئمپریالیزم بكەن ,ئەوانیش بەپێى ئاستى ستراتیژو ئامانجە دژە مرۆڤایەتى یە كانیان یاریان بە خۆیان (ئەوانەى كە لە ساڵانى ڕابردوودا ئۆپۆزیسیۆن بوون و ئەمرۆ لە عێراق و كوردستان دەسەڵاتدارن و حكومەت بەڕێوەدەبەن) و كێشەكانى خەڵك كردووە بە پێى رۆژ بەرزو نزمیان بە كێشەى كوردو عێراق بەگشتى و كەركوك بەتایبەتى كردووە هەر بۆیە ئەنجامەكەى ئەوە دەرچووە كە لە رابردووە بووە و لە ئێستادا دەیبینین .لەگەڵ دامەزراندنى دەوڵەتى عێراق كێشە نەتەوەیى و چینایەتى یەكان كە پێشتر هەبوو لە جیاتى چارەسەر كردن بە جۆرێكى شارەستانیانەو لە چوارچێوەى ئەو بانگەشانەى كە خۆشیان بانگەشە یان بۆ دەكرد وەكو دابین كردنى مافى مرۆڤ و ئازادى و دیموكراسى و.....هید خەڵكى كوردستان بە گشتى و خەڵكى كەركوك بەتایبەتى لە جیاتى چارەسەرێكى ڕیشەیى و ئینسانى كە بە شێوازێكى ئازادانە بڕیار لە دیاریكردنى چارەنووسى داهاتوى خۆیان بدەن ,كێشە كانیان چارەسەر بكرێت بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو كات بە زۆرە ملێ و بەزەبرى چەك و سەربازى كەركوك و كوردستان لكێندرا بە دەوڵەتى عەرەبى عێراقەوە.لەم بە زۆر لكاندنەدا دەوڵەتانى ئیمپریالیزمى سەرمایەدارى جیهانى هاوكاربون دەنا ئەوسا زەڕیەك باوەڕیان بە مافى مرۆڤ و ئازادى هەبایە كورد نە دەگەیشتە ڕۆژانى ئەمرۆ بە زۆر مافى ئینسانى دەگەیشت .ئەنفال و كیمیاباران و كوشتن و ئاوارەیى و ماڵوێرانى بەو چەشنەى كە لە ڕابردوو لە سەر دەستى ڕژێمە فاشى و دیكتاتۆرەكان ڕوبەڕووى بۆوە بەرى پێ دەگیرا.ئەوەى كە كورد دەڵێ(چى بچێنیت هەر ئەوەش دەدرویەوە),هیزە ناسیۆنالستە كوردى یەكان ئەوسا كە تازە دەوڵەتى عێراق دامەزرا وەكو ئێستا بەرژەوەندى حیزبى و شەخێى یان خستە پێش بەرژەوەندى یەكانى چینى كرێكار و زەحمەتكێش و چینەچەوساوەكانى خەڵك بەگشتى و خۆشباوەڕ بوون بە هێزە دەرەكێ كان و دەوڵەتانى زلهێزى سەرمایەدار ,بۆیە بەم ڕۆژە گەیشتن جگە لە یارى كردن پێیان هیچى تر نەبوو .لەم یارى كردنەشدا تەنها خەڵكى كرێكار و زەحمەتكێش و ژنان و لاوان و گەنجانى ئەم ووڵاتە بونە قوربانى و زیانى زۆریان بەركەوت .لە عێراقدا بە چەندین دەسەڵات و حكومەت بەشكڵى گۆڕدرا بەڵام لە گۆڕانى جەوهەریدا لە هەر جۆرە حكومێكدا بەهەمان دەستوور و یاساكانى كۆن و ئیدارەى كۆن درێژەیان بە چەوساندنەوەى خەڵكى عێراق دا بە كورد و عەرەب و تورك و هەر جۆرە نەتەوە و مەزهەبێك و...و..هیتد لە ژێر فەلسەفەى ناسیۆنالیستى و نەتەوەیى و مەزهەبى درێژەیان بەو جۆرە دەسەڵاتە دژە بەشەرى یە دەدا,لە ئەنجامدا لە جیاتى كۆتایى هاتن بە كێشە چینایەتى و نەتەوەیەكان لە سەر بنمایەكى ئینسانى بەڵكو لە ئاكامدا كێشەكان زیاتر بوون چونكە لەلایەك دەسەڵات لە دەست هێزێكى ناسیۆنالیستى عەرەبى و تێكەڵكێش بە بیروباوەڕى مەزهەبى بوو,كە بە هیچ شێوەیەك باوەڕیان بە ئازادى و مافەكانى مرۆڤ نەبوو.بە درێژایى ئەو مێژووە كێشەكان لەگەڵ هەر گۆڕانێكى دەسەڵات بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.لە گەڵ ڕووخانى ڕژێمى بەعسى فاشى,دەسەڵات كەوتە دەست ئۆپۆزیسیۆنەكانى دوێنێ,كە بەشێكى زۆریان لە ژێر پەرچەم و هەیمەنە و هاوكارى ڕژێمى ئێران و دەوڵەتانى تر گەورەبوون,هێزێك نەبوون لە ناخى ناڕەزایەتى و كێشەكانى خەڵكى چەوساوە لە دایك بن ,بەڵكو لە دەرەوە هاتن بە هاوكارى ئەمریكا و هاوپەیمانەكان دەسەڵاتى تازەیان وەرگرت.ئەم حیزبانە بەهەمان فكر و ئایدۆلۆژیا و مەزهەبى دەسەڵاتى كۆن حكومەتى تازەیان ئیدامەدا ,ئەگەرچى بە شێوەى ڕووكەشانە هەڵبژاردنیش كرا لە نێوان حیزب و هێزەكان بەڵام لە ناوەرۆكدا دووربوو لە هەر هەڵبژاردنێكى ئازاد و مەدەنى و سیكۆلار.لە بەرئەوەى ئەو دەسەڵاتە دوورە لە دەسەڵاتێكى مەدەنى و شارەستانى و دەسەڵاتێكى ئازاد و شایەستە بە مرۆڤەكان,بۆیە لە ئەنجامدا خەڵكى كوردستان و عیراق بە سەرجەم نەتەوەكان و ئایینەكانەوە ڕووبەڕووى هەمان كێشەكانى ڕابردوو بەڵكو زۆرجار كێشەى زیاتریشیان بۆ خوڵقێندراوە لە سەر دەستى ئەم هێز و حیزبانەى كە ئەمرۆ لە دەسەڵاتدان و حكومەت بەڕێوە دەبەن,كە ئەمرۆ پروپاگەندەى پاراستنى مافەكانى مرۆڤ و دابینكردنى ئازادى و سەروەرى یاسا دەكەن .ئەوانەى دەسەڵات بەڕێوەدەبەن خۆشیان مافەكانى مرۆڤ پێشێل دەكەن و خەڵكى ناڕازى ئازار دەدەن و زیندانیان دەكەن لە سەر جیاوازى بیرو ڕاى جیاوازى سیاسى و مخالیف بە سیاسەت و فەرهەنگ و ئایدۆلۆژیا و فكرى خۆیان ,هەر ڕخنەیەك لەو دەسەڵات و سیستەمە بگرى وەكو ئەوە وایە چەقویان بە گردن دابكەیت هەندەیان پێناخۆشە ,لە ڕاگەیاندنەكانیشدا باسى ئازادى ڕادەربڕین دەكەن ,چەسپاندنى یاسا دەكەن كەچى هەر خۆشیان سەروەرى یاسا پێشێل دەكەن چونكە دەسەڵات نە لە عیراق و نە لە كوردستان باوەریان بە دەسەڵاتێكى مەدەنى و دیموكرات نى یە هەر بۆیە لە جیاتى چارەسەرى كێشەكان بكەن و مافەكانى خەڵكى ستەم لێكراو دابین بكەن و ووڵات لە دەست گەندەڵى و نابەرابەرى نا ئازادى رزگاربكەن بە پێچەوانەوە وەكو هیچ ڕووى نەدابێت و هیچ كێشەیەك لە ووڵاتدا نەبێت دەیانەوێت بە قسەى بریقەدار و ڕووكەشانە كات بەڕێ بكەن و وەڵامى ئەو خەڵكە ناڕازى یە نادەنەوە, كە لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانى عیراق و كوردستان دەنگى ناڕەزایەتى بە شێوازى جۆراوجۆر بەرز كردۆتەوە. لە جیاتى گوێگرتن لە نوێنەرانى خەڵك و نوێنەرانى خۆپیشاندان و بە دواداچوون بۆ چارەسەرى كێشەكان بە پێچەوانەوە پلانى درێژخایانى ڕێگرى دادەنێن و فشار بۆ خەڵكى ناڕازى دێنن بە شێوازى جۆراوجۆر هەر لە زیندانی كردن و هەتا هەرەشەى كوشتن.لە شارەكانى عێراقدا لە خۆپیشاندانەكاندا بەدەیا كەس كوژراوە و بەدەیان كەس بریندارە ,بە چەندین كەس زیندانى كراوە لە سەر بەشدارى كردن لە خۆپیشاندان ,لە كوردستان لە ژێر سایەى حكومەتى كوردى دا ,كە بۆزیاتر لە بیست ساڵە پروپاگەندەى دیموكراسى و ئازادى و دەكەن , ئەوەتا لە ڕۆژانى یەكەمى خۆپیشاندانە وە (17-2-2011) هەتا ئەمرۆ بە گوێرەى لێدوانى نەخۆشخانەكان تەنها لە سلیمانى دا (130) بریندار هەبووە و چەندین شەهیدیش هەبووە هەتا ئێستا ژمارەیان هەشت كەسە تەنانەت یەكێكیان منداڵە ,لەسلیمانى لەشەودا خێمەى خۆپیشاندەران دەسوتێندرێت و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنى نالیا (N R T) لە ناو سلیمانى دا دەسوتێندرێ و لە كەلار لە شەو دا ڕادیۆى دەنگ دەسوتێندرێ و لە هەلەَبجەى شەهید پۆلیس دەكوژرێ و بە چەندین هاوڵاتى بریندار دەبن و لە هەولیر و سۆران و دهۆك بارەگاكانى بزووتنەوەى گۆران دەسوتێندرێ و تاڵاندەكرێ و لە ئامێدى تەقە لە پەیامنێرى سپێدە دەكرێ لە گەرانەوەى خۆى و خێزانەى لە سەیرانى نەورۆزدا,لە ڕانیە بە تەلەفۆن هەرەشە لە ئەندامێكى ئەنجومەنى خۆپیشاندەران دەكرێ و هێرش دەكرێتە سەر پەیامنێرێ سپێدە و كامێرە و پێداویستى یەكانى رۆژنامەنووسى لێدەسندرێ ,لە هەڵەبجە هێرش دەكرێتە سەر تیمى تەلەفیزیۆنى KNN ,لە كۆیە خەڵك لە سەر خۆپیشاندان زیندانى دەكرێ,لە هەولێر و ئاكرێ و سۆران و دهۆك بەبیانوى جۆراوجۆر رێگرى لە خۆپیشاندان دەكرێ , لە هەولێر بە پێى بەشێك كە لە ڕاگەیاندنەكاندا بڵاوكراوەتەوە لە زینداندا گەنجێك بەهۆى ئازاردان و ئەشكەنجەدانەوە پێڵاوى كەسێك ماچ دەكا كە ئازارى دەدا ,لە ڕاستى دا ئەم دیمەن و ئەفكارانە تەنها لە دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكانى وەكو ڕژێمى بەعسى فاشى دوێنێ و ڕژێمى ئێران و توركیا و سووریاى ئەمرۆ دەوشێتەوە نەك دەسەڵاتێكى هەتا كەمێك دیموكرات و مەدەنى . بەپێى سەرچاوەى زۆرێك لە ڕاگەیاندنەكان لەم مانگەدا زۆرترین پێشێل كارى لە بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكرێ...و....هیتد بەكورتى دەسەڵاتداران چ لە عیراق چ لە كوردستاندا هەرچییان پێبكرێ دەى كەن بۆ ئەوەى كە تەنها یەك هاوڵاتیش نەیەتە سەر جادە و سەر شەقام هاوار نەكا بۆ ئازادى و بۆ یەكسانى و بۆ دابین كردنى مافەكانیان.چونكە گشت بەر پرسەكانى حكومەت باش دەزانن ئەگەر ئازادى و یەكسانى و شەفافیەت هەبێ لە بودجە و دارایى ووڵاتدا ئەوان بەم شێوەیەى ساڵانى ڕابردوو و ئێستا داهات و سەرمایەى ووڵات بۆخۆیان ناتوانن بە ئاشكرا و نهێنى كەڵكەبكەن بۆ خۆیانى گلدەنەوە لە ژێر ناونیشانى وەهمى دا .هەر بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا بە هەمولایەك گەشە بە فەلسەفە و بیروباوەڕى ئینسانى بدەین ,ئینسان بە پیرۆزتر بزانین لە حیزب و دەسەڵات و پلە و پایەى حیزبى و حكومى ,بە هەماهەنگى هەموو لایەك گەشە بە تیۆرى ئازادیخوازى و یەكسانیخوازى بدەین ,هەر بیروڕایەكى جیا با ئازادبێ لە دەربڕین و گەشە دان بەخۆى .ئەلێرەوە كۆمەڵگایەكى سیكۆلار و شارەستانى و ئازاد دروست دەبێ ,نەك بە ڕێگرى و چاو سووركردنەوە لە دەرنەبڕینى ڕاكان و فكر و بۆ چونەكان.دەسەڵاتداران ئەمرۆ ئەم نەفەسەى ئازادى قبوڵ بكەن زۆر باشترە لە داهاتویى ڕۆژانى تر چونكە ئەم كاتە كە بۆیان تێپەڕى و گەشەى ووشیارى زیاتر بوو بۆ بە دواداچونى مافەكان ئەوا خەڵك تەنها بە چاكسازى و هەندێ گۆرانكارى و دەركردنى هەندێ یاسا واز ناهێنێت بەڵكو داواى گۆڕینى سەرتاپایى سیستەم و دەسەڵات دەكات كە بەلایەوە گرینگ نابێت هەر باجێكیشى بۆ بدات ,نموونەش وەكو ئەبینین لە میێر و تونس تەواوى دەسەڵاتیان گۆڕى و ئێستاش لە ململانێى تردان بۆ ئەوەى ووڵاتەكەیان بەرەو ووڵاتێكى مەدەنى و ئازاد تر بچێت,لە لیبیا و یەمەن و بەحرین سووریا و توركیا,خەڵك سەرتاپا هاتۆتە مەیدان بۆ ئەوەى ئاڵوگۆر بە دەسەڵات بكرێ و كۆمەڵگا ئاراستە بكەن بەرەو كۆمەڵگەیەكى ئازاد و مەدەنى و باشتر ,هیچ هەرەشە و فشار هەندێ جار بەڵێن و پەیمانێكى دەسەڵات هەنگاوەكانیان ڕاناگرێ .هەر بۆیە پێویستە دەسەڵات لە كوردستان و عیراق بە زووترین كات وەڵامى داواكارى و خواستەكانى خۆپیشاندەران و خەڵكى كوردستان بداتەوە.بە هەنگاوى كردارى دەست پێبكات یەكە بەكەیان .لە هەمان كاتدا زۆربە جدى و كارایى ئەمنێت و ئاسائیشى خۆپیشاندەران بپارێزێت و دوور كەوێتەوە لە هەر هەنگاوێكى چاوسوور كردنەوە و فشار هێنان بۆ هاوڵاتیان لە سەر ئەوەى كە بەشدارى خۆپیشاندان دەكەن , ئەوانەى كە زیندانى كراون لە سەر بەشدارى كردن لە خۆپیشاندان فەورى ئازادییان بكات و فەورى دەست بكات بە دادگایى كردنى ئاشكراى ئەو تاوانبارانەى كە خەڵكیان كوشتووە ,هێزى چەكدار بە هەر ناونیشانێك كە لە ناو یاخود چواردەورى شار و شارۆچكەكان كۆكراوەتەوە پێویستە لاببردرێن و بگەڕێندرێنەوە شوێنى خۆیان و ئەلێرەوە بارودۆغ ئاسایى دەبێتەوە وخەڵك شەقامەكان چۆل دەكات و چاوەڕوانى هەنگاوەكانى ترى دەسەڵات دەكات . هەم لە كوردستان هەم لە عێراقدا مرۆڤەكان بۆ ئەوەى بە ختەوەر بژین و دوور لە هەر ململانێ یەكى كوشندەو نائینسانى كە مرۆڤەكان بە نارەوا بكرێنە قوربانى ,پێویستیان بە بەهیزبوونى ڕەوتى ئینسان دۆستى هەیە ,رەوتى ئازادیخوازى و دادپەروەرى هەیە ,چ كورد ,چ عەرەب,چ تورك ,چ ئیسلامى ,چ مەسیعى ,چ بێ دینى چ بە دینى هەموویان هەر ئینسانن ,ئەگەر ئینسان نەبێت ئەمانە چ نرخێكیان هەیە ؟؟ ئەتوانن لە وڵاتێكدابژین كە ئینسانیان لەلا بەنرخترین شت بێ ,هەروەكو كارل ماركس گووتویەتى (گەورەترین و بەنرخترین سەرمایە مرۆڤە) .با هەموو ئەوانەى كە دەیانەوێت كۆمەڵگا ڕزگاربێت لە دەست نابەرابەرى و بەربەرێت و گەندەڵى و فەسادى و نا ئازادى یەكگرتوانە تر بێنەمەیدان بۆ ئەوەى تەنها مرۆڤە كانیان لەلا گرینگ و بە نرخ بێت ئەمەش لە پێناوى گەڕانەوەى كەرامەت و بەهاكانى مرۆڤەكان هەروەها لە پێناوى باشتر بوونى ئایندەى ئینسانەكان و چەسپاندنى ئازادى و عەدالەت و سەروەرى یاسایە بۆ ئینسانەكان پێش هاوڵاتیان پێویستە بەرپرسەكانى حیزب و حكومەت لە خۆیانەوە دەست پێ بكەن دەنا قسە كردن لە هەر بەڵێن و بڕیارێك قسەیەكى هیچە بۆ چاكسازى و گۆڕانكارى باشتر لە وڵاتدا.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە