کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆنتراکت و پێشمەرگە

Friday, 04/09/2015, 21:23


بە چ هەقێک دەستەڵات پێشمەرگە دەنێرێت بۆ جەنگ؟
مافی پێشمەرگەیە بزانێت لە پێناوی چیدا بە کوشت دەچێت
پیاهەڵدان و ئیمتیاز رەوایی نادەن بە شەهیدبوون
هەموو بەرپرسیارین بەرامبەر بازرگانیی خوێن
پێویستە دەزگایەکی تایبەت هەبێت بۆ رەوایی و چاودێریی پرسی جەنگ
-------------------------------

کەناڵی تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستان رۆژی ٣٠/٠٨/٢٠١٥ باوکی شەهیدێکی پیشان دا کاتێک داوای لە کوڕەکەی کردووە بێتەوە لە سەر ماڵ و منداڵی خۆی دابنیشێت، کوڕەکەی لە وەڵامدا وتوویەتی: "چۆن دێمەوە دوایی پێم بڵێن جەبانە." کوڕەکەی فەرماندەیەکی سەربازیی بوو.
چەندەها جار کاتێک پرسیار لە پێشمەرگە کراوە کە ئەو هۆیە چییە وایان لێ دەکات بچن بۆ بەرەی جەنگ، ئەوان لە وەڵامدا وتوویانە: "ئەگەر نەچم دەڵێن لە ترسا نەهات."
ئەمە ئەوە دەردەخات کە ژمارەیەک پێشمەرگە لە ترسی توانج دەچن بۆ مەیدانی جەنگ.
پرسیارەکان لێرەدا ئەمانەن: ئایا ترسی توانج هۆکارە بۆ خۆبەکوشتدان؟ ئایا گەلێک لە کاتێکدا ئەندامانی بە کوشت دەچن لەترسی توانج، ئەم دەستەوسان رادەوەستێت؟ ئایا دەستەڵات بە فشاری توانج خەڵکیی دەنێرێت بۆ جەنگ؟ ئەگەرنا پێشمەرگە لە پێناوی چیدا بە کوشت دەچن؟ سەرکردەکانی چۆنی دەسەلمێنن کە ئەوان نوێنەری باوەڕپێکراوی ئەو پرەنسیپانەن کە ره‌وایه‌ پێشمەرگە لە پێناویاندا گیانی بەخت بکات؟
پەروەردەو ئەرکی پێشمەرگە
مرۆڤ بۆ ئەوەی نرخی خۆی بزانێت پێویستە لە پێگەی خۆی بە ئاگابێت. مرۆڤ لە سێ شێوە کۆنتراکتدا (گرێبەست) بەستراوە بە دنیاوە. یەکەم، مرۆڤ ئەرکێتی کە رێزی خۆی بگرێت وەکو بەشێک لە سروشت کە تیایدا دروست بووەو دەژی. دووەم، مرۆڤ بەرامبەر بە کۆمەڵگا کە ئەندامێکە تیایدا، قەرزاربارە کە شتێک نەکات بە زیانی خۆی و کۆمەڵگاکەی تەواو ببێت. سێیەم، مرۆڤ بەرامبەر بە خێزان و کەسوکار بەرپرسیارە کە یارمەتیدەربێت کارێک نەکات ببێتە مایەی زیان و ئازار بۆیان.
بە پێی ئەو پێوەرانەی سەرەوە پێشمەرگە ئازاد نییە لەوەی کە بێ حساب گیانی خۆی بەخت بکات. خۆبەکوشتدان لە ترسی توانج پێشمەرگە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە بێ ئاگایی پێشمەرگەو کۆمەڵگا نەبێت چۆن مرۆڤێک دەبێت لە ترسی توانج خۆی بە کوشت بدات؟ بە پێچەوانەوە، پێشمەرگە پێویستە بە شێوەیەک پەروەردە بکرێت کە بترسێت لەوەی لە ترسی توانج بچێت بۆ جەنگ. هەروەها پێشمەرگە دەبێت مافی ئەوەی هەبێت کە هۆکارێکی راست و قبوڵکراوی هه‌بێت بۆ خۆبەختکردنی. پێشمەرگە پێویستە هەڵگری موراڵێک بێت کە ئەگەر هۆیەکی رون و ره‌وای نەبێت بۆی نەبێت خۆی بدات بە کوشت.
دەزگای رەواییدان بە جەنگ
لە مێژووی کورددا دەستەڵات بە گوێرەی بەرژوەندیی خۆی لە کۆندا پەنای بردووە بۆ فتواو ئیسلام. دەستەڵات رووی داوە فتوای مەلای بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندیی دەستەڵات بۆ لێدانی کورد. شێخی نەمر بەرامبەر داگیرکاریی عوسمانییەکان وتوویەتی: "بە ناوی ئایینەوە وڵاتەکەیان داگیر کردووین." لە مێژووی سەردەمیشدا شەڕی نێوان کۆمەڵەو دیموکراتی ئێران، شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی جۆرەها بۆیاخی ئایدۆلۆجیی لێ دراوە. لە هەمان کاتدا جوڵانەوەی چەکداریی کورد لە ئاکام و راستییدا پیشانی داوە کە خوێنی پێشمەرگە بۆ بەرژەوەندیی وڵاتان رێژراوە.
بۆ ئەوەی خوێنی ئەندامانی میللەت بازرگانیی پێوە نەکرێت، "کۆنتراکت" بە پێویستی دەزانێت کە میللەت دەزگایەکی تایبەت و سەربەخۆی هەبێت بۆ رەواییدان بە جەنگ و چاودێریی ئەم پرسە بە گوێرەی پرەنسیپی زانستیی. ئایا بۆ نموونە لە چ حاڵەتێکدا رەوا بووە یان رەوایە مرۆڤ خۆی بدات بە کوشت؟
رەوایی خۆبەکوشتدان
شێخ مەحمودی نەمر ساڵی ١٩٢٢ لەسەر ئەو پرەنسیپە رۆشتووە کە وتویەتی: "خەڵک بەکوشتدان تەنها لە پێناوی میللەتدا رەوایە." بە پێی ئەم پرەنسیپەش رەتی کردەوە کە چەک هەڵبگرێت بۆ ئینگلیزو عێراق بۆ ئەوەی بچێت شەڕی دژی تورکیان بۆ بکات. چونکە ئینگلیزو عێراق ئامادە نەبوون دان بنێن بە مافی کورددا هەرچەندە تەماعی شەخسییان دایەبەر.
ئەمڕۆ پێشمەرگەو هەموو لایەنەکانی بەرەی گەل بەرامبەر بە لایەنی دەستەڵات قەرزاربارن بە وەی کە دەبێت داوای کۆنتراکتێکی سیاسیی بکەن بۆ ئەوەی زامنی پێشمەرگە بکات نەبێت بە کاڵای بازرگانیی. بۆ ئەم مەبەستەش بە لایەنی کەمەوە دەبێت دوو خاڵی سەرەکیی مەرجی پێشمەرگە و گەل بن بۆ ئەوەی که‌ پێشمەرگە پێشمەرگەبێت نەک کەرەسەی بازرگانیی خوێن:
یەکەم، ئەو ئامانجانە رون و رەوا لەبەر چاو بن کە پێشمەرگە لە پێناویاندا خۆی بە کوشت دەدات. لە ئێستادا دەستەڵات و میدیاکان بەگشتیی وا دەردەخەن کە ئەو ناوچانەی پێشمەرگە دەیانگرێتەوە دێنەوە سەر هەرێمی کوردستان. ئەمەش درۆیەکە لەگەڵ خەڵک دەکرێت. چونکە ئەو ناوچانە لە رێکەوتنی دروستبوونی عێراقدا سەرگردەکان وازیان لێ هێناون. ئێستا پێویستە دەستەڵاتی هەرێم بە رەسمیی ئەو رێکەوتنە هەڵوەشێنێتەوەو بڕیاری دیاریکردنی سنوری کوردستان بدات. بەڵام "کۆنتراکت" بە دوری دەگرێت دەستەڵاتی هەرێم کارێکی نیشتیمانیی لەم جۆرەی لە دەست بێت
دووەم، سەرکردەو دەستەڵاتدارەکان پێویستە نوێنەری باوەڕپێکراوی ئەو پرەنسیپ و شتانە بن کە پێشمەرگە لە پێناویاندا دەبن بە قوربانیی. بۆ نموونە ئەگەر پێشمەرگە لە پێناوی خاک و گەلدا خۆی بە کوشت ئەدات، ئایا بڕیاردەرو ئەو بەرپرسانەی گوڵ دەخەنە سەر تەرم و گۆڕی شەهیدان بۆ خاک و بەرژەوەندیی گەل خەبات دەکەن؟ ئەگەر نا ئەمە مانای ئەوەیە کە خۆبەکوشتدانی پێشمەرگە دەکەوێتە ژێر پرسیارو گومانەوە. پێشمەرگەیەک لە پێناوی خاک و بەرژەوەندیی گەلدا خۆی بەکوشت بدات بە هیچ شێوەیەک نابێت قبوڵی بکات دەستەڵاتداری پیسخۆرو بازرگان بڕیاری بەسەردا بدات. دەبێت کەسانێک نوێنەری بن کە لە ئاستی قوربانییەکەی ئەودا بن.
پێشەوا قازی محەمەد ساڵی 1947 پێش له‌ سێداره‌دانی دەنوسێت: "پێم وا نییه‌ هه‌قی خودا نه‌بێت، هه‌قی ترم له‌سه‌ر بێت" هەروەها پێشه‌وا ده‌ڵێت: "خودایه‌ تۆ خۆت شاهیدی که‌ من له‌ خزمه‌ت به‌و میلله‌تدا خۆم نه‌بوارد." پێشه‌وا ئەو پرەنسیپانەی دڵسۆزیی و دەستپاکیی بەجێ هێشتووە کە ئەگەر نەبرابن بۆ پێشەوە نابێت مەرج لەسەر دەستەڵاتداران لەوە کەمتر بێت. ئەرکی سەرشانی پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و هەموو ئەندامانی وڵاتپارێزی گەل ئەوەیە کە بە لایەنی کەمەوە ئەو مەرجە سیاسییەی شێخی نه‌مرو هەروەها مەرجەکانی دڵسۆزیی و دەستپاکیی پێشه‌وایان لەسەر دەستەڵات هەبن. دەستەڵاتێک ئەو مەرجانەی تیادا نەبێت رەوایی سیاسیی نییە. ئه‌و کاته‌ ئەرکی ئەندامانی وڵاتپارێزی گەلە دەستەڵاتێکی نوێ لە خۆی دروست بکاتەوە کە نوێنەری بەرژەوەندییان بێت.
مەترسیی یەکەم داعش نییە. مەترسیی یەکەم ئەوەیە کە یه‌که‌م، پێشمەرگە لە پێناوی خاکداو بۆ بەرژەوەندیی گەل بە کوشت نەچێت و دووه‌م، ئەوانەی سەرکردەو بڕیاردەری بن کەسانی دەستپاک و وڵاتپارێز نەبن.
بەخشینی گیان کە لەسەر کۆمەڵگاو کەسوکار قورس دەکەوێت، ناکرێت هەروا بە هەوانتە سەیر بکرێت. وێنه‌ گەورەکردن، پیاهەڵدان، یادکردنەوەو ئیمتیازدان بە کەسوکاری شەهیدان زۆر دورن لە رەواییدان بە شەهیدبوونی پێشمەرگەوە. ئەمە تەنها مەڕمیللەتە کە ئاوا بە ئاسانیی بۆ مەیدانی قەسابیی دەبرێت. ئەرکی سەرەکیی هەموو لایەکی وڵاتپارێزه‌ کە بە توندیی ئەم پرسە وەربگرێت. کاتێک که‌ پێشمه‌رگه‌ هیچ هه‌ڵوێستێکی تر له‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌ نه‌بینێت وای لێکده‌داته‌وه‌ که‌ خۆبه‌کوشتدانه‌که‌ی له‌ جێی خۆیه‌تی. بۆیه‌ له‌ پله‌ی یه‌که‌مدا ئه‌ندامانی وڵاتپارێزی گه‌ل به‌رپرسیارن له‌ به‌کوشتدانی سه‌ربازانی گەل بە خۆڕایی. ئه‌گینا ده‌سته‌ڵاتی بازرگان ده‌سته‌ڵات و پاره‌ی له‌ لا ئامانجه‌. خوێن و نه‌وت وه‌کو یه‌کن.
سەنتەری لێکۆلینەوەی کۆنتراکت
٢٠١٥/٠٨/٣١
ئێمە لە بەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە