کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ساڵێک تێپەڕی ھێشتا ئاگری ١٧ شوبات کڵپەی دێت

Wednesday, 15/02/2012, 12:00


 


ساڵێک بەسەر خۆپیشاندانی جەماوەری ١٧ شوباتدا تێپەڕ دەبێت، ١٧ شوبات روداوێکی دەگمەن بوو لە پێناو دانانی سنورێک بۆ ئەو گەندەڵییە سیاسی وئیداری وکۆمەڵایەتییەی دەسەڵاتی کوردی لەماوەی ٢٠ ساڵی خۆیدا ھێنابووییە دی، ساڵێک بەسەر خرۆشانی شارەکان وبەرزکردنەوەی خواستەکانو شەھید وقوربانیداندا تێپەڕ دەبێت..
ساڵێک لەمەوپێش، کۆی پێکھاتەی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە، شەقامەکانیان کردە ماڵی خۆیان و ئاپۆرەی ناڕەزایەتییان بۆ ماوەی ٦٢ رۆژ بووە سیمایەکی سەرەکی شارو شارۆچکەکان..
ئێستاش کە ساڵێک بەسەر ئەو خۆپیشاندانەدا تێپەڕ دەبێت، سەرباری ئەوەی کە بەھێزی چەک وبە سەرکوتکردن بڵاوەی پێکرا، بەڵام ھیچ یەک لە خواستە سەرەکییەکانی ئەو خۆپیشاندانە نەھاتۆتە دی وسەرجەم ئەو بڕیارو بانگەشەی چاکسازییانەی دەکرا، تەنیا وەک جۆرێک چاوبەستنی خەڵک بوون وکاتیان پێ کوژراوە. بەڵام داخوازیەکانی جەماوەری ستەمدیدە وەک ڕۆژی ڕووناک بەئاسمانی کوردستانەوە ئەدرەوشێتەوە .
لەبری جێبەجێکردنی خواستەکان و بەکردەوە دەستبردن بۆ چاکسازییە سیاسی و ئیدارییەکان، دەسەڵات زیاتر کەوتۆتە ناو، بێسەروبەرییەکی زیاتر، لەبری کەمکردنەوەی پاوانخوازی حزب بەسەر حکومەتدا، دەسەڵاتی لق و مەڵبەندەکان بەتەواوی شوێنی دەسەڵاتی ئیدارەکانیان گرتۆتەوە.. لەبری بە سزا گەیاندنی تاوانبارانێک کە بە رۆژی روون دەستڕێژیان کردە سەرھاوڵاتیانی بێ چەک، لەبری گرتن و زیندانی کردنی کۆمەڵێک لومپنی ھێزەکانی دەسەڵات کە بکوژی چەندان لاو و منداڵی ئەم شارە بوون، دەسەڵات و دادگاکان دەستکراوە بوون بۆ لێپرسینەوە لە قوربانییەکان و بێ دەسەڵات بوون لە لێپرسینەوە لە بکوژان وئەو تاوانبارانەی ھۆکاری سەرەکی ڕشتنی خوێنی ھاوڵاتیانی ئەم شارە .
ئێمە، وەک بەشێک لە خۆپیشاندەران، وەک بەشێک لەو ھەڵسوڕاوانەی بەشداریمان ھەبووە، وێڕای ئەوەی لەیەکەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکاندا، رێزو وەفاداریمان ئاراستەی کەسوکاری شەھید وقوربانییەکان دەکەین، ئەوا لە ھەمانکاتیشدا رایدەگەیەنین، کە ھێشتا گڕی ناڕەزایەتی خەڵک کۆتایی نەھاتووە وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش، ھەموو کات و ساتێک لەتوانایدا ھەیە ببێتە بورکانێکی بەرپێنەگیراو، چونکە دەسەڵات ھیچ رەوایەتییەکی بە خواستەکانی خەڵک نەداوە و سەرجەم ھەوڵ و تەقەلای بۆ ئەوە بووە خۆی لە لافاوی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە رزگار بکات.
ئەگەر ئەم ماوەیە و لەدوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، دەسەڵات توانیویەتی بەھۆی ترساندن و سەرکوت، بەھۆی دەستەمۆکردنی ئۆپۆزیسیۆنەوە، بێ منەت بێت لە ملدان بە خواستەکانی خەڵک، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەم کارە تا سەر بۆ کەس ناچێتە سەر و بە دڵنیاییەوە داواکارییەکانی خەڵک، خواستەکانی چاکسازی و داواکارییەکانی لە جۆری بە سزاگەیاندنی تاوانباران بە جۆرێک زیندوێتی خۆیان پاراستووە، کە ھەر کات و ساتێک دەتوانن خۆپیشاندانەکان بکەنەوە بە ئەمری واقیع.
ئێمە، جارێکی تر پشتیوانی خۆمان بۆ خواستەکانی خەڵک، بۆ خواستەکانی کەسوکاری شەھیدان، بۆ ویستی ئاڵوگۆڕو چاکسازی لە کوردستان رادەگەیەنین وجارێکی تر پشتیوانی خۆمان بۆ مافی خۆپیشاندان و مومارەسەکردنی ئەو مافە لەھەر کات و شوێنێکدا دووپات دەکەینەوە . بۆ ئێمە ١٧ شوبات تەنیا یادکردنەوەیەک نییە کە چوبێتە بیرەوەریمانەوە، بەڵکو رۆژێکی زیندووە و سەرچاوەیەکی بەھێزی ئیلھامبەخشی وەستانەوەیە بە رووی دەسەڵاتێک کە گەندەڵی و سەرکوت بووەتە بەشێکی جیا نەبوەوە لێی... ھەر بۆیە جارێکی تر پشتیوانی خۆمان بۆ ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییە دووپات دەکەینەوە کە دەیەوێت سنورێک بۆ پێشلێکردنی مافەکانی خەڵک دابنێت و پشتیوانییەکی بەکردەوەی خۆپیشاندان وکۆبوونەوە جەماوەرییەکان دەبین بۆ داخوازیی و مافە رەواکان...
..................
ئیمزاكان:
١. د. فایەق گوڵپی
٢. عەلی مولود
٣. سەلام مارف
٤. حاجی ئەنوەر
٥. ھەردی مەھدی
٦. عومەر شاوەری
٧. عەزیز رەووف
٨. مەجید ساڵح
٩. عومەر ئەمین
١٠. عومەر محەمەد
١١. محەمەد بەکر کەریم
١٢. خالید مەجید
١٣. ئوسامە گوڵپی
١٤. گۆران نزامەدین
١٥. محسین ئەدیب
١٦. د. محەمەد ئەمین
١٧. محمود شێخ نوری
١٨. زانا عەلە قازی
١٩. محەمەد پشدەری
٢٠. ناسح عبدالکریم
٢١. کەلسوم حسین عبدالکریم
٢٢. بەختیار حەمە سەعید
٢٣. حەسەن حسێن
٢٤. ساَلح مەلا
٢٥. حسین گەرمیانی
٢٦. ھونەر کەیم
٢٧. کاوە نادر


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە