نەوتەکەی کوردستان لۆ خۆمان، خەلکەکەشی لۆ کۆمپانیاکان
Monday, 02/07/2018, 21:25
بارزانیەک زۆری لە خۆی دەکرد هەتا بە سۆرانی قسە بکات، ئیتر ئەو ڕستەیەی سەرەوەی دەربڕی، شەریکە دزێکی بنەماڵەی تاڵەبانیش گوتی بە هەر دە پەنجە لۆت مۆر دەکەین ، شتێکیش بدە بە مە لەو نەفتەی.
کوردستانی باشووری ژێر دەسەڵاتی مافیاکانی بارزانی و تاڵەبانی پێنج ملیۆن دانیشتووانە، تەنها چارەگێکی موچەخۆرە، موچەش بەو دەردەی دەدرێت، هیشتا ٥ روبعە موچە نەدراوە، چارەگێکی تری دانیشتوانیش ئیشی ئازاد دەکەن و بەهەر ڕەزالەتێکیش بێت خۆیان دەژیەنن، نیوەشی بێ ئیشە.
کەچی ئەو دزانەی دەسەڵات دەیانەوێت هەموو داهاتی کوردستان بدزن و خەڵکەکەشی تەسلیمی کۆمپانیاکان بکەن، چەند ساڵەك پێش ئێستا کاتێك بەرمیلێك نەفت نزیکبووەوە لە ٢٠ دۆلار حوکمەتە قەیراناویە دژە میللەتەکەی نێچیر بڕیاری روبعە موچەیان راگەیاند، ئێستاش کە بەرمیلێك بووە بە نزیکەی ٨٠ دۆلار هەر روبعە موچەیە!
لە لایەکی تر ئەو دزانە هەر بەمانە نەوەستاون، داهاتی ناوخۆی وەك گومرگەکان و باجەکان و غەرامەو .......دەدزن و وردە وردە پەلاماری گیرفانی هاوڵاتیانیش دەدەن، داوا لە هاوڵاتی بێپارە دەکەن سەعاتی ئاو و ئامێری زیرەك بکڕن و ببەستن ئەگینا سەرانەیان لێدەستێنن، لەولاشەوە عەقدیان لەگەڵ ٣ کۆمپانیا کردووە و پارەیەکی زۆریان لێوەرگرتوون تا ئەوان سەرپشك بن پارەی ئاو (کە نییە، گەر هەشبێت بە ٣ رۆژ جارێك ٢ سەعات دەبێت) لە خەڵکی بەش مەینەت و نەبوو بستێنن و حەپەلوشی بکەن.. لە لایەکی تر بەو گەرمای هاوینە کە پلە ٤٥ ی سەدییە مەسحودی سەرۆکی دەوڵەتی کوردی هەر ٥ سەعات لە شەوڕۆژێکدا کارەبای نیشتمانی دەداتە هاوڵاتیان، ئیتر دەبێت هاوڵاتی هەژارو موحتاج مانگانە ٥٠ دۆلار بداتە کرێی کارەبای موەلیدە.. ئەمەیە دەسکەوتەکانی مەسحود لۆ گەلی کورد.
ئەمە هەنگاوێکی پڕ مەترسیە لە تەسلیمکردنی گیرفان و چارەنووسی میللەت بە کۆمپانیای سەرمایەداری و خۆشیان ملیارەها دۆلاری دزراوی نەفتی خاکی کوردستان لۆ خۆیان دەدزن و بە قاچاخچییەکانیان رەوانەی بانکەکانی دەرەوەی وڵاتی دەکەن.
ئەی هاوار میللەتێك ئەوەندە بێ خاوەن و ستەملێکراو بێت ئەم هەموو ناحەقییە قبوڵ بکات چاوەڕوانی چی لێدەکرێت، چۆن زەلیلی دەستی ٥٠ جەردەی هەردوو بنەماڵەی بودەڵە بووەو وردە وردەش وا دەفرۆشرێنەوە و تەسلیمی کۆمپانیای سەرمایەداری دەکرێن، تا وای لێدێت مافیاکانی بارزانی و تاڵەبانی هەوای کوردستانیش دەفرۆش و وەبەرهێنانی پێوەدەکەن وەکو پرۆژەیەکی بازرگانی (دەڵێن فورسەتە تا ئەسپمان سوارە با هەموو شتێك حەپەلوش بکەین- بە ژەقنەبووتیان بێت) ، ئیتر بزانین دوای ئەوە سەرەی چی تر دێت بیفرۆشن و تاڵانی بکەن بۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیای وەهمی؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست