کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بایەخی پەخشی ناوخۆیی كەناڵی KNN و هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردن

Sunday, 05/07/2009, 12:00


ئەزموونی كورد لە گەڵ پەخشی تەلەڤزیۆنی وەك نەتەوەكانی تر ئەزموونێكی زەمیینییە. بەو مانایەی یەكەم تیڤی كوردی كە دوای راپەڕینی 1991 دامەزرا پەخشەكەی بۆ ناوچەیەكی سنوردار و لۆكاڵ بووە و نەیتوانیوە جگە لە شارێك یان دەڤەرێكی زۆر سنوردار بەرنامە و پەیامەكەی بگاتە جوگرافیایێكی پان و پۆڕتر و بە لایەنی كەمەوە هەموو هەرێمی كوردستانی عیراق بگرێتەوە. هەربۆیە سروشتی بەرنامەكانی ئەو تیڤیانەش تا راددەیەكی زۆر لۆكاڵیەتیان پێوە دیاربووە، بەو مانایەی دەربڕ و گوزارشت بوون لە كێشە و كەموكوڕی و چالاكیەكانی رۆژانە و داب و كولتووری ئەو ناوچەیەی پەخشەكەی لێوە دەكرا و هەندێ لەو ناوچانەش پەخشەكەیان پێدەگەیشت.
بەمشێوەیە ئەزمونی سەیركردن و بینینی تیڤی كوردی لای بینەری ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی سنوردار و زۆر ناوەخۆییە. ئەم ئەزموونە بۆ بینەر هێندە پڕبایەخ بوو كە تا ئەمڕۆش بەشێكی گەورەی بینەری شاشە لە كوردستان دەستبەرداری ئەم شێوە بینین و ئەم جۆرە كەناڵ و تیڤیانە نەبووە.
ئەگەر تێبینی بكەین ئێستاشی لەگەڵ بێت كە خاوەن دەیان كەناڵی ئاسمانی كوردین بەڵام لە بەشێكی هەرە گەورەی ماڵەكانی كوردستان شانبەشانی (ئێڵ ئێم پی) و سێری سەتەلایتەكەیان، ئەنتێنێكی سادەشیان بۆ راكێشان و وەرگرتنی كەناڵە ناوخۆییەكان لە سەر سەربانەكانیان داناوە. ئەمە ئەگەر ئامێرێكی تەلەڤزیۆنی تایبەتیشیان بۆ ئەم شێوە كەناڵە لۆكاڵانە لە یەكێ لە ژوورەكان تایبەت نەكردبێت.
بەهای كاناڵە لۆكاڵەكان لای بەشێك لە ماڵەكانی ئێمە سنووری ماڵەكەی تێپەڕاندوە و بووە بە جێ سەرەنجی كەناڵە ئاسمانیە كوردیەكان كە پێشوتر خۆشیان لەو جۆرە كەناڵانە بوون. بۆیە دەبینین بەشێكی زۆری سەتەلایتە كوردیەكان لە پاڵ پەخشە ئاسمانی و نێودەوڵەتیەكەیان، هەوڵیانداوە پەخشەكەیان بۆ ئەو ماڵانەش بنێرێت كە سەتەلایتیان نییە یان بەلایانەوە پەخشی لۆكاڵ بۆ ناو خێزانەكانی ئێمە گونجاوترە و خۆیان لە سەیركردنی كەناڵەكانی سەتەلایت دەپارێزن.
دوابەدوای تێگەیشتن لە بایەخی تیڤی لۆكاڵ بۆ بینەری كوردی، ناكرێ بایەخی ئەو كەناڵە تەلەڤزیۆنییانە لە پرۆسەیەكی گرنكی وەك پرۆسەی هەڵبژاردن فەرامۆش بكەین كە هەرگیز لای قەوارە سیاسیەكان و لیستە پێشبڕكێكارەكان مایەی فەرامۆشكردن نیین. ئەمەش لەو روانگەیەوە كە كەناڵی تەلەڤزیۆنی وەك هەر كەناڵ و دەزگایێكی تری راگەیاندن بگرە زۆر كاریگەرتریش رۆڵی بەرچاوی هەیە لە ریكلامكردن و گەرمكردنی پروپاگەندەكانی هەڵبژاردن و بڕواپێهێنان و كۆكردنەوە و راكێشانی زۆرترین لایەنگر و دەنگدەر بۆ بەرژەوەندی لیستەكەیان و بردنەوەی گرەوی هەڵبژاردن لە ركابەرەكانیان.
بایەخێكی تری كەناڵی تەلەڤزیۆنی لە پرۆسەی هەڵبژاردن ئەوەیە كە قەوارە سیاسیەكان ئەتوانن لە رێگایەوە بەرگری لە خۆیان بكەن لە هەركاتێك پرۆپاگەندە و ناو ناتۆرەیان لە دژدا بڵاو دەكرێتەوە. یان پیشاندانی هەر شێوە پێشێلكردنێك كە لە لایەن قەوارە سیاسیە ركابەرەكانیانەوە دەكرێتە سەر یاسا و بنەماكانی هەڵبژاردن. بە تایبەتی كە سروشتی پەخشی تیڤی پشت بە وینەی جوڵاو دەبەستێت و سەرجەم تیۆرە سایكۆلۆژیەكان و سایكۆلۆژیای فێربوون ئەوە دەردەخەن كە كاریگەری بینراو (وێنە) زۆر زیاترە لە كاریگەری بیستراو یان نوسراو. ئەمە بە تایبەتی بۆ كۆمەڵگایەكی وەك كوردستان كە رێژەی نەخوێندەواری زۆرە راستترە.
ئەمڕۆ كە خەڵك و لایەنە سیاسیەكان سەرگەرمی كاركردنن بە ئاراستەی كێشكردنی دەنگدەر و بردنەوەی ململانێكانی هەڵبژاردن، جێی خۆیەتی كەناڵی (KNN) كە بڕیاریداوە پشتگیری لە لیستی گۆڕان بكات بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا، هەوڵبدات لە نزیكترین دەرفەت پەخشی زەمینی و ناوخۆیی خۆی دەستپێبكات و ئاراستەی هەموو ئەو ماڵانەی بكات كە بینەری سەتەلایت نیین و رەنگە هەرە بەشخوراوترین توێژ و چینی كۆمەڵگای ئێمە بن. بەتایبەتی كە لیستی گۆڕان بانگەشەی گۆڕان بە ئاراستەی ئەو خەڵكە بەشخوراوە دەكات.
دیارە وادەردەكەوێت بەشێكی زۆری ئەو خێزانانەی بینەری تیڤی لۆكاڵن و خۆیان لە بینینی سەتەلایت دەپارێزن، لە رووی ئابووریەوە كەمدەرامەت و لە رووی هۆشیاریەوە ئاستنزم و لە رووی ئایینیشەوە پابەندبن. یەكێك لە سیما و خەسەڵەتە هاوبەشەكانی ئەو خێزانانەش گیرۆدەبوونیانە بە سەختی بژێوی رۆژانە و تەنگوچەڵەمەكانی ژیان و تا راددەیەك دوورە پەرێزیان لە سیاسەتكردن.
بۆیە كاركردن لە سەر ئەم بەشەی كۆمەڵگا و دووان و ناردنی پەیام و گووتار بە زمانی سادەی ئەوان و ئامادە و پەخشكردنی بەرنامەی تایبەت بە پروپاگەندەی هەڵبژاردن و ئاراستەكردنی بۆ ئەو توێژە، یەكێك دەبێت لە فاكتەرە بەهێزەكانی راكێشانی ئەو دەنگانە بە ئاراستەی لیستی گۆڕان و لاوازتر كردنی لیستی ركابەر و نزیكبوونەوە لە بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان.


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە