کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌ر‌چاوه‌ی كه‌شفبوونی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان‌ دۆزرایه‌وه

Wednesday, 18/05/2016, 18:45


 (1) كورته‌ مێژوویه‌ك له‌ كه‌شفبوونی پرسیار 
له‌دوای راپه‌ڕینی 1991 گرفتێكی گه‌وره‌ رووبه‌ڕووی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ بۆوه‌ ئه‌ویش بریتی بوو له‌ كه‌شفبوونی پرسیاره‌كانی به‌كالۆریا، به‌تایبه‌تی هی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی، له‌ناوه‌ڕاستی ‌نه‌وه‌ده‌كاندا (یه‌ك ساڵ) پرسیاره‌كان به‌جۆرێك له‌ هه‌رێم ئاشكرابوون، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ناچاركرد به‌سه‌رله‌نوێ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌وه‌رزی هاوین دا، ئه‌م كێشه‌یه‌ درێژه‌ی كێشا تاوه‌كو په‌یدابوونی مۆبایل و ئینته‌رنێت و له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كان به‌ شێوازی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌نده‌ی تر  قۆپیه‌ی مۆدێرن و كه‌شفبوونی پرسیاره‌كان بره‌وی سه‌ند‌، تاوای لێهات له‌ساڵی 2015  وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ داوای له‌ مامۆستایان كرد پێشنیاربنووسن بۆ ئه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی خاوێن له‌كوردستان ئه‌نجام بدرێ دوور له‌ گزی و ئاشكرابوونی پرسیار، ئێمه‌ش ئه‌وكاته‌ به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمان هه‌ڵساین و چه‌ند خاڵێكمان خسته‌ڕوو.
(2) سێ ئه‌گه‌ری  ئاشكرابوونی پرسیار
زۆربه‌ی ساڵان پرسیاره‌كان كه‌شف ده‌بوون، به‌ڵام له‌ ئاستێكی ناوچه‌یی دا ده‌بوون، یان به‌ته‌واوی نه‌ده‌زانرا قه‌باره‌ی كه‌شفبوونه‌كه‌ چه‌نده‌، یان له‌ شێوه‌ی گوماندا ده‌مایه‌وه‌،  چونكه‌ به‌ڵگه‌ی پێویست ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت، ته‌نها ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان نه‌بێت كه‌ پرسیاره‌كان له‌ بازاڕ ده‌فرۆشران. له‌وكاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا سه‌رچاوه‌ی ئاشكرابوونی پرسیار به‌نهێنی ماوه‌ته‌وه‌و هاوكاتیش چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و به‌ڵكو كێشه‌كه‌ گه‌وره‌تربووه‌، چونكه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێكدا له‌ هه‌موو هه‌رێم بڵاوده‌بێته‌وه‌ له‌ رێی فایبه‌رو ته‌كنه‌لۆژیای نوێ، ئێمه‌ كه‌ به‌رده‌وام به‌دوای ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌یه‌ن له‌رابردوودا بۆچوون و گریمانه‌مان هه‌بووه‌و خستوومانه‌ته‌ روو، بۆچوونمان وابووه‌ كه‌ أـ پرسیار له‌ رێی مامۆستای پرسیار دانه‌ره‌وه‌ كه‌شف ده‌بێت، ئه‌م كه‌شفبوونه‌ زه‌ق نیه‌ و له‌ناوچه‌یش بچوكتره‌، ئه‌م كه‌شفبوونه‌ زیاتر له‌ رێی وانه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ كه‌شف ده‌بێت به‌وه‌ نا بوترێ ئه‌وه‌ پرسیاره‌كانه‌، نا، به‌ڵكو به‌ناوی شتی گرنگه‌وه كه‌شف ده‌بێت، ئه‌م كه‌شفبوونه‌ له‌ پرسیاری كلاسیك و  راڤه‌دا هه‌بوو، له‌گۆڕینی پرسیار به‌ شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌م كه‌شفبوونه‌ كه‌مبۆته‌وه‌و نه‌ماوه‌.  ب ـ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌ په‌روه‌رده‌ كاریان ده‌كرد و پرسیاریان ده‌خسته‌ ناو زه‌رفه‌وه‌، له‌ ڕێی ئه‌مانه‌وه‌ پرسیار گل ده‌درایه‌وه‌و كه‌شف ده‌بوون، ئه‌م رێگه‌یه‌ هه‌وڵدراوه‌ كۆنترۆڵ بكرێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا جێی مه‌ترسیه‌. ج ـ به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و ده‌توانێت پرسیاره‌كان ئاشكرا بكات بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی مه‌به‌ستێتی و دواتر بڵاو ده‌بێته‌وه‌، جا ئایا پێش تاقیكردنه‌وه‌ پرسیار ئاشكرا ده‌كرێت، یان سه‌ره‌تای تاقیكردنه‌وه‌ پرسیار دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ڕێی مۆبایله‌وه‌ وه‌ڵامه‌كان ده‌خوێنرێته‌وه‌ بۆ كه‌سی مه‌به‌ست له‌ هۆڵه‌كان.
(3) ئه‌زموونی یه‌كێكمان : (پرسیاری كه‌شفبووم به‌ چاوی خۆم دیوه‌) 
ساڵی خوێندنی 2014 ـ 2015  له‌خولی دووه‌م چه‌ند خویندنگه‌یه‌ك گه‌ڕام بۆ ئه‌وه‌ی بزانم له‌ نزیك خوێندنگه‌ چی هه‌یه‌و چی نیه‌؟ له‌یه‌كێك له‌ خوێندنگه‌كان به‌رامبه‌ری ریزه‌ دوكان و سۆپه‌ر ماركێت و شتی له‌م بابه‌ته‌ هه‌بوو، دیم كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێك له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌دا وه‌ستاون، هه‌ندێ پرسیاری هاكه‌زایم كرد له‌سه‌ر تاقیكردنه‌وه‌كان، نه‌یانده‌وێرا هیچ بڵێن وایان ده‌زانی به‌رپرسی په‌روه‌رده‌یم و بۆ ئیخباری ئه‌وان هاتووم، ورد ورد تێم گه‌یاندن هاوڵاتیه‌كی ئاسایم و بۆ شت كڕین هاتووم، ئیتر یه‌كێكیان مۆبایله‌كه‌ی ده‌رهێناو پرسیاره‌كانی ئه‌و رۆژه‌ی نیشان دام، شایه‌نی باسه‌ كاتژمێر 9 و شتێ بوو، واته‌ هه‌موو نیوسه‌عاتێك بوو تاقیكردنه‌وه‌ ده‌ستی پێكردبوو، دوای ئه‌وه‌ی به‌تاكتیك سوپاسم كرد وتم چۆن ده‌ستت كه‌وت؟ وتی: له‌ڕێی فایبه‌ره‌وه‌؟ وتم ئه‌زانم له‌ ڕێی فایبه‌ره‌وه‌؟ به‌س له‌ كێ و چۆن ده‌ستت كه‌وت؟ هیچی نه‌وت ترسا و گومانی لێم هه‌بوو، منیش به‌درۆوه‌ وتم: ئه‌وه‌ی راستی بێت بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانی تر پێویستم به‌ پرسیاره‌ بۆ خزمێكم چۆنم ده‌ستبكه‌وێت؟ وتی: ئه‌م پرسیاره‌ كه‌شفبووه‌ بۆ كوڕی به‌رپرسێك كڕدراوه‌ له‌ رانیه‌، من ئه‌م به‌یانیه‌ پرسیاره‌كه‌م له‌ رانیه‌وه‌ بۆ هاتووه‌. وتم ئه‌ی چۆن بۆ من بێت؟ وتی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت بێت زۆر ئاسانه‌. وتم ئاسان نیه‌ و چۆنم ده‌ستبكه‌وێت؟ لێی دا و به‌ خێرایی رۆیشت و له‌ چاو ون بوو. حه‌قی خۆی بوو گومانم لێ بكات، له‌ ئه‌و وایه‌ من به‌ گرتی ده‌ده‌م،به‌ڵام من كه‌س به‌ گرت ناده‌م، به‌ڵكو به‌دوای هۆكارو سه‌رچاوه‌دا ده‌گه‌ڕێم. 
(4) دوا جار په‌روه‌رده‌ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه‌ی ئاشكرا كرد
به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی ئه‌زمونه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ نوسراوێكدا به‌ناوی رێنمایی تایبه‌ت به‌ تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كان، چل و چوارخاڵی نوسیوه‌ كه‌ چل و سێ خاڵی دووباره‌و شتێكی ئه‌وتۆ نیه‌، ته‌نها یه‌ك خاڵی نه‌بێت كه‌ ته‌واو تازه‌یه‌، كه‌ بریتیه‌ له‌ خاڵی چواره‌م كه‌ ده‌ڵێ: (هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك له‌كاتی حه‌وت رۆژ ئه‌نجامدانی ئه‌زمونه‌كان ده‌بێت له‌ حه‌وت هۆڵی ئه‌زمونی كاره‌كه‌ ئه‌نجام بدات .. ) به‌كورتی مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ یه‌ك رۆژ له‌ یه‌ك خوێندنگه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵه‌، له‌ حه‌وت رۆژی تاقیكردنه‌وه‌دا ده‌بێت به‌ڕێوه‌به‌ری حه‌وت هۆڵی جیاواز بێت. ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ شتێكی ئێجگار تازه‌یه‌و ته‌جروبه‌یه‌كی زۆرباشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین پرسیار كه‌شف ده‌بێت یان نا؟ ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گومان له‌ هه‌ندێ ‌به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی كه‌شفبوونی پرسیار، به‌ڵام هاوكاتیش به‌هۆی ئه‌م كه‌مینه‌ی خراپه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ دڵسۆزه‌كان كه‌ زۆرینه‌ن نیگه‌ران ده‌بن و به‌چاوی هه‌مان كه‌مینه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێن، دووریش نیه‌ تاراده‌یه‌ك ساردیان بكاته‌وه‌ و بڵێن یه‌ك رۆژه‌و ئیتر ئه‌م هۆڵه‌ نابینه‌وه‌و چی ده‌بێت با ببێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م نیگه‌رانی و به‌هیلاك چوونه‌یاندا ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری خراپ یه‌كسانه‌ به‌ كه‌شفبوونی پرسیاره‌كان له‌ هه‌موو هه‌رێمدا.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە