كاتى بێده‌نگی به‌سه‌رچووـ كاری ئێوه‌ش ته‌واوبوو
Tuesday, 16/02/2016, 8:37
(1)
ئه‌مڕۆ كوردستان به‌دۆخێكی هه‌ستیاردا تیده‌په‌ڕێت، لایه‌نه سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان له‌وپه‌ڕی ناكۆكیدان، ژیان لای خه‌ڵكی كوردستان له كوله‌مه‌رگی ونه‌هامه‌تی تێپه‌ڕاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌بری چاكسازی راسته‌قینه‌و پیاچوونه‌وه به‌داهات و خه‌رجی، هات قوتی خه‌ڵكی بڕی، به‌رپرسێكیش زۆر بێباكانه وتی(پێویسته خه‌ڵك له‌م قۆناغه‌دا له‌وه‌زعی حكومه‌تی هه‌رێم تێبگه‌ن)، له راستیدا ئه‌وه خه‌ڵكی كوردستانه له‌وه‌زعه‌كه تێده‌گات و ئه‌وه‌ش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه له‌وه‌زعه‌كه تێناگات، خه‌ڵكی كوردستان كه ئه‌م بارودۆخه سه‌خته‌ی قبوڵ كردووه، ده‌زانێت هه‌ر درزێك بكه‌وێته هه‌رێمی كوردستانه‌وه، دوژمنانی كورد ئه‌وه‌نده زۆر‌و بێڕه‌حمن له‌هه‌لێك ده‌گه‌ڕێن ئه‌م ئه‌زمونه تێك و پێك بده‌ن و ئه‌وه‌شی چه‌ندین ساڵه بنیات نراوه له‌چاوتروكانێكدا وه‌ك رۆحی خه‌ڵكه‌كه‌ی خاپوور بكرێت.
(2)
ده‌وڵه‌تی كوردی و خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك
تۆ ئه‌ی به‌ناو سه‌ركرده ژیانت بۆ خۆت هه‌ڵبژاردووه‌و مردنیش بۆ خه‌ڵكی، ئه‌دی پێمان ناڵێیت ئه‌م شرینقه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردییه چه‌ند ساڵی حوكمڕانیت بۆ درێژ ده‌كاته‌وه؟ خه‌ڵكی زۆر باش له‌بیری ماوه له 1991 تا 2003 ئێوه چۆن شه‌ڕی ناوخۆتان كردوو میلله‌تی كوردتان داوه‌شان، كه‌چی له‌بری لێبوردن و قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی، ده‌تانووت به‌عس ماوه‌و ده‌بێت ته‌حه‌مولی وه‌زعه‌كه بكه‌ن.
له‌دوای 2003 و روخاندنی به‌عس له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه خێروبێر رووی تێكردن و به‌ناو رێكه‌وتنی ستراتیجیه‌وه پاره‌وداهاتی ئه‌م گه‌له‌تان ره‌وانه‌ی وڵاتانی تر كرد و مه‌سئول ده‌وڵه‌مه‌ندترو خه‌ڵكیش له شوێنی خۆی چه‌قی.
له ساڵی 2014 كه شه‌ڕی داعش رووی له هه‌رێم و ناوچه‌كه كرد، مه‌سئولی حیزبی وه‌كو خۆی مایه‌وه‌وده‌وڵه‌مه‌ندتریش بوو، كه‌چی خه‌ڵكی چوو به‌ناخی زه‌ویدا، كه‌واته قورسایی شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر شانی خه‌ڵكه‌و ئێوه‌ش نه‌باتان دیوه‌و نه‌باران.
كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌رده‌وام بێت ئه‌وا چاكترین زوڕنا بۆ شاردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه باسوخواستی ده‌وڵه‌تی كوردیه. له‌پێش راپه‌ڕین هه‌ستی كوردایه‌تی بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی له لوتكه‌دابوو، ئێوه ئه‌و هه‌سته‌تان دوای راپه‌ڕین كزكرد، له‌گه‌ڵ شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی ئه‌و تۆزه‌ی كه‌مابوو ئه‌ویشتان كوشت، حكومه‌تی به‌عس به‌و زه‌به‌لاحیه‌ی خۆیه‌وه نه‌یتوانی هه‌ستی كوردایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی له‌ناو به‌رێت، كه‌چی ئێوه وشكتان كرد و ئه‌وه‌ش به‌خه‌ڵك ده‌فرۆشنه‌وه كه له‌به‌ره‌ی ده‌وڵه‌تی كوردیدا نه‌بێت ئه‌وا له‌به‌ره‌ی دوژمنه. به‌ڵام رێك پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته ئه‌وانه‌ی خه‌مخۆری میلله‌ت نین له‌به‌ره‌ی دوژمنن.
(3)
دوو شاعیر‌و یه‌ك ئه‌زمون
پیره‌مێردی نه‌مر له ساڵی 1941 دا ده‌ڵێت:
به‌وه مه‌نازه وای له‌سه‌ره‌وه
وێرانه‌ی وه‌ته‌ن ئاوا كه‌ره‌وه
كه خه‌ڵكی زانی، بۆ ئه‌و هه‌وڵده‌ی
ئه‌ڵێ سه‌روماڵ، بۆ تۆ فه‌رموو ده‌ی
به‌ڵام كه‌زانی تۆ بۆخۆت ده‌وێ
ئه‌ڵێ بابڕوا به‌ڵای لێ كه‌وێ
زۆر خۆشه كه‌سێك كه پێشه‌وا بێ
بۆ قه‌ومه‌كه‌ی خۆی وه‌ك چاپوك وابێ
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و شیعره بده‌ین ده‌ڵێی رێك بۆ ئێستا وتراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه ئه‌وه‌یه كه نه‌ده‌بوو میلله‌تێك ئه‌نفال و كیمیاباران و شه‌ڕی داعش و شه‌نگالی به‌سه‌رهاتبێت، له‌ئه‌نجامدا حكومه‌ته‌كه‌ی ئاوه‌ها بێڕه‌حمانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات و ژیانێكی ئاسایی پێ ره‌وا نه‌بینێ.
دوای 70 ساڵ عه‌بدوڵا په‌شێوی شاعیر به‌م جۆره وه‌ڵامی پیره‌مێردی نه‌مر ده‌داته‌وه:
من ده‌ڵێم سه‌رداری ئێمه
چه‌ته‌و مافیا‌و گه‌ل فرۆشن
ده‌ڵێن نا نا ئه‌وان ماندوون
بۆ نانی گه‌ل تێده‌كۆشن
من ده‌ڵێم له‌بری شه‌راب
ئه‌وان خوێنی گه‌ل ده‌نۆشن
لێم په‌ست ده‌بن كۆیله‌و ده‌ربار
ئه‌وانه‌ی دایمه له‌كۆشن
ده تێبگه‌ن هه‌تا ئێوه
مه‌ڕن ، كه‌ڕن ، كه‌له بۆشن
ئه‌وان چاكتر ده‌ستیان رادێ
چاكتر ئه‌و گه‌له ده‌دۆشن.
جیاوازی نێوان عه‌بدوڵا په‌شێو و پیره‌مێردی نه‌مر له‌وه‌دایه كه‌لای په‌شێو یه‌كلایی بۆته‌وه كه سه‌ركرده‌كانی كورد چه‌ته‌و مافیا‌و گه‌ل فرۆشن، به‌ڵام لای پیره‌مێردی نه‌مر هێشتا بواری تیاماوه‌و له‌نێوان ئامۆژگاری و په‌نددا ده‌كرێت كه‌سانی به‌ده‌سه‌ڵات و سه‌ركرده، لایه‌نه باشه‌كه هه‌ڵبژێرن و بگه‌ڕێنه‌وه ریزی میلله‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای عه‌بدوڵا په‌شێو به‌ڵگه نه‌ویسته ئه‌وه‌یه كه هه‌موو نه‌هامه‌تی گه‌ل، سه‌ركرده نایخوڵقێنێ، ئه‌گه‌ر خوڵقاندیشی تاسه‌ر به‌رده‌وام نابێ، به‌ڵكو ئه‌وه مه‌ڕێتی و كه‌ڕێتی و كه‌له بۆشی میلله‌ته وا ده‌كات ئه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه ده‌به‌ن به‌رده‌وام بن، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مڕۆ ئه‌و ئاواته‌ی په‌شێو خه‌ریكه دێته دی و خه‌ریكه خه‌ڵكی له پێستی مه‌ڕێتی و كه‌ڕێتی و كه‌له‌بۆشی دێته‌ده‌رو بێده‌نگی ده‌شكێنێ و به‌ده‌سه‌ڵاتێكی فاشیل ده‌ڵێ كاری تۆ ته‌واوبوو، با درێژه‌ش به حكومڕانی خۆت بده‌یت له‌ڕێی ترساندنی خه‌ڵكی و زه‌برو زه‌نگه‌وه، به‌ڵام تۆ له رۆحی میلله‌تێكدا ئاوابوویت و ته‌نها ئه‌و كه‌سانه تۆیان ده‌وێت كه نانی گه‌نده‌ڵی و پیسخۆری ده‌خۆن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست